تورکیا، ئه‌ردۆغان ،له‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار 52,06 % ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست ده‌هێنێت

8/11/2014 11:57:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا ئه‌نجامدراو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بوو به‌دوانزه‌هه‌مین سه‌رۆک کۆمارى وڵات 

ئه‌نجامى کۆتایى هه‌ڵبژاردنه‌کان ، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌دا 52,06  ده‌نگه‌کانى به‌ده‌ستهێناوه‌ ، ئه‌کمه‌له‌ددین ئیحسانئۆغلو سه‌دا38,27  سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش سه‌دا 9,68 له‌ ده‌نگه‌کانیان به‌ ده‌ست
 
له‌لاى خۆیه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان که‌ وه‌ک دوانزه‌یه‌مین سه‌رکۆمارى تورکیا له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا، له‌به‌رده‌م ناوه‌ندى ئاکپارتى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و وتی: "نه‌ته‌نیا ده‌بمه‌ سه‌رکۆمارى ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێ داوم، به‌ڵکو ده‌بمه‌ سه‌رکۆمارى ٧٧ ملیۆن هاووڵاتى تورکیا و به‌ سۆز و خوشه‌ویستى باوه‌ش بۆ ٧٧ ملیۆن که‌س ده‌که‌مه‌وه‌، وه‌کو ئه‌وه‌ى که‌ له‌ ژیانى سیاسیمدا کردوومه‌ ده‌بمه‌ سه‌رکۆمارێک که‌ بۆ وڵات، ئاڵا و گه‌له‌که‌ى کار ده‌کا، رۆژ رۆژى له‌بیرکردنى ناخۆشییه‌کان و توڕه‌ بوون له‌ یه‌کتره‌، ئه‌مڕۆ له‌ جه‌ژنى دیموکراسیدا رۆژ رۆژى وه‌لاوه‌ نانى ناخۆشى و له‌یه‌ک تۆڕه‌بوونه‌، رۆژى رزگاربوون له‌ شک و گومان و به‌دبینییه‌کانى نێو مێشکمانه‌، رۆژ رۆژى بونیادنانى تورکیایه‌کى نوێ و سه‌ره‌تایه‌کى نوێیه‌، رۆژ رۆژى گه‌ڕان به‌دواى دۆزینه‌وه‌ى رێگایه‌کى نوێ بۆ پێکهاتنى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، جارێکى دیکه‌ بانگ له‌ خوشک و برایانى به‌رێزم له‌ نێو رێزه‌کانى ده‌وڵه‌تى شاراوه‌دا ده‌که‌م به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى نیازپاکن، با جارێکى دیکه‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و به‌دواداچوونێک بۆ ئه‌و شتانه‌ بکه‌ن که‌ فێریان کراون، له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ر پرسیارێک که‌ له‌ خۆیان بپرسن ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن و ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى له‌ نیازپاکى تێکۆشانى ئێمه‌ تێبگه‌ن. دۆزى ئێمه‌ دۆزێکى تاکه‌که‌سى نییه‌ به‌ڵکو دۆزى تورکیایه‌ کێ هه‌ڕه‌شه‌ بکاته‌ سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییمان ئه‌وا ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خۆى ده‌بینێته‌وه‌."

وتیشی: "بۆ پێکهاتنى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ تورکیا رۆژێکى نوێ ده‌ستى پێکردووه‌، ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان نه‌داوه‌ته‌ ئێمه‌ یا ئه‌وانه‌ى حه‌زیان له‌ ئێمه‌ نییه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شکه‌ستیان نه‌خواردووه‌. ئه‌مڕۆ ئه‌وانیش سه‌رکه‌وتوونه‌ پڕبه‌دڵ داوا ده‌که‌م وه‌رن با پێکه‌وه‌ رۆژێکى نوێ بۆ پێکهاتنى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ستپێبکه‌ین، با قسه‌ و گفتوگۆ کۆنه‌کان له‌ تورکیاى کۆن به‌جێ بهێڵین، با توڕه‌بوون،ئاڵۆزییه‌کان و ده‌مه‌قاڵێکان له‌ تورکیاى رابردوو به‌جێ بهێڵین، پێ‌ به‌دڵ ده‌ڵێم له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌دا که‌س شکه‌ستى نه‌خواردووه‌ و بۆ خه‌ڵکى ئێمه‌یش که‌س ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى له‌ده‌ست نه‌داوه‌، ئه‌وه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شکه‌ستى خواردووه‌ تورکیاى کۆنه‌، بێگۆمان کاریگه‌رى ده‌سه‌ڵات شکه‌ستێکى زۆر گه‌وره‌ى خواردووه‌، هاوکات سیاسه‌تى پیس و ناوه‌ندى سیاسه‌ته‌ پیسه‌کان زۆر به‌ خراپى تووشى شکه‌ست بوون، چونکه‌ خه‌ڵکى تورکیا بۆ خۆى راسته‌وخۆ ده‌ستى به‌ ده‌ستنیشانکردنى نه‌خشه‌ رێگاى تورکیا کردووه‌. ئه‌مڕۆ به‌ به‌راوه‌رد له‌گه‌ڵ دوێنێ زۆر زۆر باشه‌، بڕواتان هه‌بێ که‌ داهاتوو زۆر باشتر ده‌بێ چونکه‌ ئه‌مڕۆ تورکیا به‌هێز بووه‌، ئه‌مڕۆ زۆر نزیکى ئامانجه‌کانمان بۆ ساڵى ٢٠٢٣، ٢٠٥٣ و ٢٠٧١ بووینه‌وه‌.

ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها ئاماژه‌شى به‌وه‌دا: "ئێمه‌ خاوه‌ن یه‌ک شاره‌ستانیه‌تین و منداڵى مێژوویه‌کى هاوبه‌شین، ره‌نگه‌ بیرکردنه‌وه‌ى سیاسیمان جیاواز بێ، چۆنێتى ژیانمان جیاواز بێ، ئایین و بیروباوه‌ڕمان جیاوازبێ، ره‌نگه‌ نرخ و ره‌گ و ریشه‌ى ئه‌تنیکیمان جیاواز بێ، به‌ڵام هه‌موومان منداڵى ئه‌م وڵاته‌ین،  هه‌ر یه‌که‌مان خاوه‌ن ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌یه‌، هه‌موومان که‌ موسڵمان، مه‌سیحی، موسه‌وی، سوریانی، ئیزیدین، تورکیایین، پێش ئه‌وه‌ى سوننه‌ یا عه‌له‌وى بین تورکیایین، هه‌موومان پێش ئه‌وه‌ى تورک، کورد، عه‌ره‌ب، لاز، چه‌رکه‌ز، ئه‌رمه‌نی، بۆشناک، گورجو و رۆم بین، تورکیاین، نه‌ته‌نیا مێژووى ئێمه‌، به‌ڵکو ئه‌مڕۆ داهاتوو و چاره‌نووسیشمان هاوبه‌شه‌. با واز له‌ شته‌ لاوه‌کییه‌کان، فتنه‌ و دووبه‌ره‌کێ و ئاژاوه‌کان بهێنین و سه‌یرى چاوى یه‌کتر بکه‌ین. له‌ هه‌ڵبژاردندا دیموکراسى سه‌رکه‌وتووه‌، ئه‌مڕۆ دیموکراسى جارێکى دیکه‌ سه‌رکه‌وت، ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ى که‌ حه‌ز به‌ سه‌رکه‌وتنى ئێمه‌ ناکه‌ن، به‌ ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌وانه‌ى که‌ حه‌ز به‌ سه‌رکه‌وتنى ئێمه‌ ده‌که‌ن سه‌رکه‌وتوونه‌، ئه‌مڕۆ ٧٧ ملیۆن که‌س و ٨١ پارێزگاى سه‌رکه‌وتووه‌، بێگۆمان ئه‌مڕۆ تورکیاى نوێ، تورکیاى به‌هێز و تورکیاى پێشه‌نگ سه‌رکه‌وتووه‌. ئه‌وانه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ به‌شدارییان له‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدان کردووه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان به‌ من داوه‌ و ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان به‌ من نه‌داوه‌، ده‌ستخۆشى له‌ هه‌موویان ده‌که‌م چونکه‌ بۆ نووسینى مێژوویه‌کى نوێ رۆلیان گێڕاوه‌. نه‌ک ته‌نیا تورکیا، به‌ڵکو ئه‌مڕۆ به‌غدا، ئیسلام ئاباد، کابول، به‌یروت، بۆسنا و هه‌رسه‌ک، ئوسک، دیمه‌شق، حه‌له‌ب، حه‌ما حموس، رامه‌ڵلا، نابلوس، غه‌زه‌ و قودس سه‌رکه‌وتوونه‌. کۆشکى چانکایا که‌ ساڵانێکى درێژه‌ به‌ دیموکراسیه‌تى ژێر ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزرا، ئیتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئیراده‌ى نه‌ته‌وه‌ییدایه‌ و خاوه‌نى کۆشک و خاوه‌نى ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵکه‌. ده‌وڵه‌ت و ئاڵا له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ راده‌ستى ئه‌مانه‌تدارى باوه‌ڕپێکراو کراوه‌، ئه‌مڕۆ به‌ هه‌ڵبژاردنى راسته‌وخۆى سه‌رکۆمار له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌، هیچ ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ستێکى دیکه‌ له‌ نێوان کۆشکى چانکایا و خه‌ڵکدا نه‌ماوه‌."

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ و پاڵێوراوى ئه‌و پارته‌ بۆ پۆستى سه‌رکۆمارى ده‌ڵێ ئه‌و په‌یامه‌ى ویستیان به‌ تورکیاى بگه‌یه‌نن له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى پڕۆپاگه‌نده‌دا گه‌یاندمانه‌ سه‌رانسه‌رى تورکیا.
 
هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ و پاڵێوراوى ئه‌و پارته‌، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، له‌ به‌رده‌م ناوه‌ندى هه‌ڵبژاردن له‌ دیاربه‌کر باسى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى سه‌رکۆمارى تورکیاى کرد و گوتی: "له‌ جۆش و خرۆشى ئه‌وه‌دان که‌ یه‌که‌م جار سه‌رکۆمار له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵمه‌تى پڕۆپاگه‌نده‌ى ئێمه‌ زۆر گرنگ بوو و به‌ رێژه‌یه‌کى به‌رچاو گه‌یشته‌ ئامانجه‌کانى و سه‌رکه‌وتنێکى دیارى به‌ده‌سته‌وه‌ هێناوه‌ و ئه‌و پڕنسیبه‌ سه‌ره‌کییانه‌ى که‌ دامانناون، له‌ سه‌رانسه‌رى تورکیا پێشوازییان لێکرا. ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین پارته‌که‌مان له‌ سه‌رانسه‌رى تورکیا به‌هێزتر بکه‌ین تا به‌و جۆره‌ بیکه‌ینه‌ به‌هێزترین پارتى جه‌ماوه‌ری."

ده‌میرتاش وتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌ستمان به‌ سه‌ره‌تایه‌کى نوێ کرد و بوون به‌ نیشانه‌ى پێکه‌وه‌ بوونى به‌هێزى هه‌موو پێکهاته‌ جیاجیاکانى کۆمه‌ڵگه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئێمه‌ له‌ سایه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رکۆماریدا له‌ سه‌رانسه‌رى تورکیا بڵاو کرانه‌وه‌ و به‌ پێى ئه‌نجامه‌کان، له‌ رووى رێژه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و ئاسته‌ى که‌ چاوه‌ڕوانمان ده‌کرد."

ده‌میرتاش به‌و جۆره‌ درێژه‌ى به‌ قسه‌کانیدا: "به‌م هه‌ڵبژاردنه‌ توانیمان گومان، به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگییه‌کانى به‌رده‌ممان هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه‌، به‌ تایبه‌تى پشتگیرى به‌هێزى گه‌لى کورد له‌م قۆناغه‌دا بۆ ئێمه‌ مایه‌ى شه‌ڕه‌فه‌ و ئه‌و ده‌سته‌ى که‌ له‌ لایه‌ن گه‌لى کورده‌وه‌ بۆ هه‌موو چه‌وساوه‌کانى تورکیا درێژکراوه‌، جێگاى خۆشحاڵییه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و ده‌سته‌ى گه‌لى کورد له‌ هه‌ر چوار لاى تورکیاوه‌ بۆ ئێمه‌ مایه‌ى دڵخۆشییه‌. نابێ له‌ بیر بکه‌ین که‌ ئێمه‌ شه‌ڕى ده‌وڵه‌تێکى ٩٠ ساڵه‌ى شۆڤێنی، نکۆڵیکار و تاکڕه‌ومان کرد و ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌مڕۆ پێگه‌یشتوونه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگییه‌کانى به‌رده‌ممان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌."

ده‌میرتاش جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رکۆمارى کۆتایى به‌ هیچ شتێک نه‌هاتووه‌ با که‌س له‌ یه‌ک هه‌نگاو نه‌ترسێ چونکه‌ له‌م وڵاته‌دا ئێمه‌ رێگا به‌ ده‌سپۆتیزم و دیکتاتۆرییه‌ت ناده‌ین و وه‌کوو گه‌ره‌نتى گه‌لان و دیموکراسین."

ده‌میرتاش له‌ کاتى وه‌ڵامدانه‌وه‌ پرسیارى رۆژنامه‌نووسه‌کاندا ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ زۆر جار رێگرى له‌ کاروبارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌وان کراوه‌ به‌ڵام له‌ رووى رێژه‌ى ده‌نگه‌کانه‌وه‌ هه‌کارى یه‌که‌مین ناوچه‌ بووه‌ که‌ ده‌نگى زۆرمان تێدا هێناوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ تایبه‌تى سوپاسى هه‌کارى و خه‌ڵکى هه‌کارى ده‌که‌م و هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ى لیجه‌یش پیوانه‌مان شکاند بۆیه‌ زۆر سوپاسى دانیشتوانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ده‌که‌م.


سه‌رچاوه‌ : ئه‌نادۆڵ


زۆرترین خوێندراو