ئامرلی زیاتر له‌دوو مانگه‌ له‌رووی داعشدا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌

8/28/2014 1:02:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
نیقاش 

ئه‌وا بۆ حه‌فتا رۆژ ده‌چێت ناحیه‌ی ئامرلی شیعه‌نشین له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌و دانیشتوانه‌که‌ی له‌گوزه‌رانێکی ئه‌وپه‌ڕی خراپدا ده‌ژین‌و چاوه‌ڕێن فریادڕه‌سێک بچێت به‌هانایانه‌وه‌.
 
ئامرلی که‌ سه‌ر به‌پارێزگای سه‌لاحه‌دینه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری دانیشتوانه‌که‌ی له‌تورکمانی شیعه‌ن، له‌رۆژی 15ی حوزه‌یرانه‌وه‌ به‌ته‌واوی له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌، که‌چی له‌و کاته‌وه‌ تائێستا به‌رگرییه‌کی به‌هێز هه‌یه‌و رێگه‌ نادرێت داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت.
 
یه‌کێک له‌دانیشتوانه‌ی ئامرلی به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند "چه‌ند جارێک داعش هێرشیان کردووه‌، به‌ڵام پۆلیس‌و خه‌ڵکه‌ خۆبه‌خشه‌که‌ی رێی چوونه‌ ژووره‌وه‌یان لێده‌گرن"، به‌پێی قسه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ تائێستا زیاتر له‌ 500 گولله‌ هاوه‌ن به‌ره‌و ناحیه‌که‌ ته‌قێنراوه‌و چه‌ندین پارچه‌ چه‌کی تریشیان به‌کارهێناوه‌.
 
به‌شی هه‌ره‌ زۆری ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری ئامرلی به‌شارو گونده‌وه‌ که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست داعش، وه‌ک ناحیه‌ی سلێمان به‌گ، ته‌نانه‌ت زۆرێک له‌و ناوچانه‌ دوو مانگ به‌ر له‌گیرانی موسڵ‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بوون.
 
خه‌میس نیعمه‌ که‌ له‌ئامرلی نیشته‌جێیه‌ به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ئاوی خواردنه‌وه‌و کاره‌بایان لێبڕاوه‌و خوارده‌مه‌نیان نه‌ماوه‌، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت "له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵک وره‌یه‌کی به‌رزیان هه‌یه‌‌و به‌رگرییه‌کی پۆڵاین ده‌که‌ن".
 
وتیشى  : سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی ته‌ندروستی ناگات، به‌ڵام هێشتا نه‌خۆشخانه‌که‌ دانه‌خراوه‌".
 
شه‌لال عه‌بدول قائیمقامی قه‌زای خورماتوو رایگه‌یاند "خه‌ڵکی ئامرلی هه‌ڵوێستێکی مێژووییان تۆمارکردووه‌ له‌پارێزگاریکردن له‌ناحیه‌که‌یان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌مارۆدراون".
 
شه‌لال به‌"نیقاش"ی وت "داعش له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوودا شه‌ش جار هێرشی کردووه‌ته‌ سه‌ر ناحیه‌که‌، که‌ 35 کم له‌خورماتووه‌ دووره‌، ئه‌و شه‌ش هێرشه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و چوار هێرشه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ر خورماتوو سه‌رجه‌میان شکستیان هێناوه‌".
 
قائیمقامی خورماتوو داوایکرد حکومه‌تی عێراق‌و حکومه‌تی هه‌رێم هاریکاری یه‌کتر بکه‌ن بۆ شکاندنی گه‌مارۆى سه‌ر ئامرلی، ئه‌مه‌ش به‌پشتیوانی هێرشی ئاسمانی سوپای ئه‌مه‌ریکا بکه‌ن.
 
هه‌روه‌ها وتی "پاش ئه‌وه‌ی سوپای عێراقی ناحیه‌ی عوزێمی سه‌ر به‌دیاله‌ی ئازادکرد، هیوامان وایه‌ ئامرلیش ئازاد بکرێت".
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ عه‌لی مه‌هدی سه‌رکرده‌و وته‌بێژ به‌ناوی به‌ره‌ی تورکمانیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "هه‌موو لایه‌نه‌کان ئامرلیان فه‌رامۆش کردووه‌ که‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی نزیکه‌ی 17 هه‌زار که‌سه‌".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هێزه‌ عێراقییه‌کان‌و پێشمه‌رگه‌ ده‌توانن گه‌مارۆی سه‌ر ناحیه‌که‌ بشکێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌نها خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ به‌رگری ده‌که‌ن".
 
مه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد له‌رێی فرۆکه‌کانی سوپای عێراقیه‌وه‌ کۆمه‌ک به‌خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نرێت وه‌ک خۆراک‌و ده‌رمان‌و ته‌قه‌مه‌نی تا به‌رگری له‌خۆیان بکه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ له‌برینداره‌کان بۆ قه‌زای خورماتوو ده‌گوێزنه‌وه‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ناحیه‌ی سلێمان به‌گ که‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌ له‌نێوانیاندایه‌.
 
ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی تورکمان داوا ده‌کات سه‌رجه‌م وڵاتان‌و رێکخراوانی نێوده‌وڵه‌تی بکه‌ونه‌ خۆ بۆ شکاندنی گه‌مارۆی سه‌ر ئامرلی، ره‌خنه‌ی له‌هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گرت به‌وه‌ی "هه‌ندێ‌ ده‌نگ ده‌بیستن‌و هه‌ندێکی تر نابیستن"، وه‌ک هێمایه‌ک بۆ ناو نه‌هێنانی گه‌مارۆدراوانی ئامرلی له‌به‌یاننامه‌ ره‌سمییه‌کان که‌ ته‌نها گرنگیان به‌ئاواره‌کانی شه‌نگال‌و سه‌هلی نه‌ینه‌وا داوه‌.
 
رۆژی 17ی حوزه‌یران داعش گوندی به‌شیری خوارووی ناحیه‌ی تازه‌ کۆنترۆڵکرد که‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی تورکمانی شیعه‌ن، هه‌ر ئه‌و کات 20 که‌سی له‌دانیشتوانی گونده‌که‌ کوشت‌و چه‌ند خانوویه‌کیشی روخاندن.
 
هه‌رچه‌نده‌ ئامرلی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێگای سه‌ره‌کی نێوان هه‌رێمی کوردستان‌و به‌غدا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سلێمان به‌گ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئێستا ئه‌و رێگایه‌ به‌ته‌واوی داخراوه‌.
 
ئه‌مه‌ یه‌که‌مینجار نییه‌ دانیشتوانی ئامرلی رووبه‌رووی نه‌هامه‌تی ده‌بنه‌وه‌، له‌ته‌موزی ساڵی 2007دا بارهه‌ڵگرێکی به‌بۆمب چێنراو له‌ناحیه‌که‌ ته‌قیه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ 156 که‌س له‌دانیشتوانه‌که‌ی کوژران‌و 243 که‌سی تر برینداربوون، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له‌وێ‌ مابوونه‌وه‌ ئه‌وکاتیش به‌رگرییان کردو رێیان نه‌دا گروپه‌ چه‌کداره‌کان بچنه‌ ناوه‌وه‌.
 
ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ی ناحیه‌که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌چالاکوان‌و رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر فه‌یسبووک هه‌ڵمه‌تێکیان راگه‌یاندووه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئامرلی، رۆژانه‌ وێنه‌کانی ناو ناحیه‌که‌ بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌و داوا ده‌که‌ن خه‌ڵکه‌که‌ی رزگار بکرێت، هه‌روه‌ک چۆن داوا له‌دانیشتوانه‌که‌ی ده‌که‌ن خۆڕاگر بن‌و درێژه‌ به‌و به‌رگرییه‌ بده‌ن که‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌ ده‌ستیان داوه‌تێ‌.


زۆرترین خوێندراو