داواکارییه‌کانی کورد گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام گه‌ره‌نتی ده‌وێت

8/29/2014 5:12:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
‌نیقاش  

کورد ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان داواکارییه‌کانى چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ رووى له‌به‌غدا کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ هه‌ڵکشانی ئاستی بێمتمانه‌ییه‌ که‌ وایکردووه‌ لایه‌نه‌ کورده‌کان داوای گه‌ره‌نتی‌و نێوه‌ندگیرى نێوده‌وڵه‌تى ب‌که‌ن، بێگومان‌ ئه‌مه‌ش ئاسان نابێت.
 


دوای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ک کۆمار، حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی عێراق راسپارد، عه‌بادی له‌لای خۆیه‌وه‌ له‌ئه‌کاونته‌‌ تایبه‌ته‌که‌ی له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک، هێڵه‌ گشتییه‌کانی حکومه‌ته‌که‌ی راگه‌یاندو سه‌رنجڕاکێشترین خاڵ که‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی وه‌زاره‌ته‌کانه‌ بۆ 15 وه‌زاره‌ت‌و که‌مکردنه‌وه‌ی موچه‌ی په‌رله‌مانتاران بۆ ته‌نها 5 ملیۆن دینارو بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان به‌رێژه‌ی 70%، هه‌رچه‌نده‌ به‌لای لایه‌نه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ "نیه‌تێکی باش" ده‌رده‌خات بۆ چاکسازی، به‌ڵام هێشتا هیچی له‌باره‌ی کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی به‌غداو هه‌رێمه‌وه‌ باسنه‌کردووه‌.
 
‌ساڵی 2010‌ له‌کاتی پێکهێنانی ‌حکومه‌تی به‌غدا، کورد به‌وه‌ره‌قه‌یه‌کی (19) خاڵیه‌وه‌ چووه‌ دانوستانه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌که‌ى مالیکییه‌وه‌‌، به‌ڵام نه‌ک هیچ خاڵێکیان وه‌ک خۆی جێبه‌جێنه‌کران، به‌ڵکو کۆتایی ئه‌م کابینه‌یه‌ به‌وه‌ هات که‌ وه‌زیره‌کانی کورد کشانه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێرو به‌غدا تا ئاستی پچڕان نزیکبۆوه‌و به‌شه‌ بودجه‌و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی کوردستان به‌ته‌واوی بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ بڕدراوه‌‌.
 
ئه‌مجاره‌ش هێزه‌ کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ لیژنه‌یه‌کی باڵای دانوستانیان پێکهێناوه‌و روویان له‌به‌غدا کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ 62 کورسی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌شه‌ پشکی کورد له‌حکومه‌تی داهاتوو بپچڕن، به‌ڵام داواکارییه‌کان به‌نزیکه‌یی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌و هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.
 
مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌میانى پێشوازى له‌شاندێکى په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند ئاماده‌ین یارمه‌تیى پڕۆسه‌ى سیاسى بده‌ین به‌مه‌رجێک گۆڕانکارى له‌شێوه‌ى حوکمڕانیو جۆرى بیرکردنه‌وه‌ له‌حکومه‌تى تازه‌دا ڕوو بدات‌و هه‌ڵه‌کانى پێشتر دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک هێمایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى کورد ئه‌مجاره‌ به‌ئاسانى ناچێته‌ ناو حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادییه‌وه‌.
 
لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن داواکاریه‌کانیان ئاشکراو رونن، که‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و نه‌وت‌و پێشمه‌رگه‌و ماده‌ی 140ن، ئه‌و خواستانه‌ش هه‌مان ئه‌وانه‌بون که‌ کورد 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داوایده‌کرد، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێنه‌کران.
 
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان بۆ "نیقاش" رایگه‌یاند که‌ داواکارییه‌کانى کورد ده‌ستوورین‌و پێویسته‌ ئه‌مجاره‌ گه‌ره‌نتى جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانى بدرێت له‌کاتێکى دیاریکراودا، ئه‌مه‌ش له‌ژێر چاودێرى لایه‌نى سێیه‌م، ده‌شڵێت "گرنگ نییه‌ لایه‌نى سێیه‌م ئه‌مریکاو نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌بێت یان مه‌رجه‌عه‌کانى شیعه‌، به‌ڵام بێ گه‌ره‌نتى به‌شدارى حکومه‌ت ناکه‌ین".
 
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات که‌ لیژنه‌ى دانوستانکارى کورد هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکى پێبه‌خشراوه‌ له‌به‌شداریکردن یان نه‌کردن له‌حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادی، چونکه‌ "کورد داواى هیچ شتێک ناکات گه‌ر شایسته‌ى جێبه‌جێکردن نه‌بێت".
 
پارتى دیموکراتى کوردستان که‌ ئێستا سه‌رکردایه‌تى وه‌فدى دانوستانکارى کورد ده‌کات، ته‌ئکید له‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق په‌یوه‌ست به‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان کۆتایى هاتووه‌، ته‌نیا قۆناغێک مابێت (راپرسی)یه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى له‌ دواى 6ى حوزه‌یرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌وه‌ کۆنترۆڵکراون، بۆیه‌ کورد ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناخاته‌‌ ناو گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا.
 
ئه‌حمه‌د کانى ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى پارتی، بۆ "نیقاش" ئه‌وه‌شى راگه‌یاند گرنگترین داواکارییه‌کانى کورد له‌حکومه‌ته‌که‌ى عه‌بادى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدایه‌ که‌ ئێستا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌بودجه‌و به‌شه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم‌و ڕه‌شنووسى یاساى نه‌وت‌و گازو پڕچه‌ککردنى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، وتیشى "بۆ ئه‌مانه‌ش پێویستیمان به‌گه‌ره‌نتیو دیارکردنى کاتێکى دیارى کراوه‌، نه‌ک ته‌نیا به‌ڵێن‌و نووسینى سه‌ر کاغه‌ز".
 
به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌ندامه‌که‌ى سه‌رکردایه‌تى پارتی، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێت مادده‌ى 140 به‌شێک بێت له‌گفتوگۆکان، چونکه‌ به‌وته‌ى ناوبراو هه‌ردوو قۆناغى سه‌رژمێریو راپرسى ماون که‌ ده‌بێت به‌پێى یاسا ئه‌نجامبدرێن، ئه‌مه‌ش به‌پێى رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێت، ده‌شڵێت "مادده‌ى 140 تائێستا جێبه‌جێ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى له‌رابردووش گوتراوه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ کۆتایى هاتووه‌، ئه‌وه‌ قسه‌یه‌کى راگه‌یاندن بووه‌ نه‌ک یاسایی"، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى وته‌کانى مسعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ له‌دواى رووداوه‌کانى موسڵ چه‌ند جارێک ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ مادده‌ى 140 کۆتایى هاتووه‌.
 
گه‌رچى ئێستا هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌کانى ئه‌مریکاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو دانیمارک پڕ چه‌ک ده‌کرێن‌و له‌لایه‌ن تیمى شاره‌زاى ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ش بڕیار وایه‌ راهێنانیان پێبکرێت له‌سه‌ر ئه‌و چه‌کانه‌ى به‌پێشمه‌رگه‌ ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌حمه‌د کانى پێداگیره‌ له‌وه‌ى ده‌بێت له‌ئاینده‌ پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ى سیسته‌مى سه‌ربازى عێراقى پڕچه‌ک بکرێت‌و راهێنانیان پێبکرێت، تا "به‌هێزتربن به‌رانبه‌ر تیرۆرستان".
 
خاڵێکی تر که‌ ئه‌مجاره‌ چووه‌ته‌ لیستی مه‌رجه‌کانی کورده‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌کشانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌ی پاش کشانه‌وه‌ی سوپای عێراقی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوون، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ ببێته‌ گرێکوێره‌ی دانوستانه‌کان، به‌تایبه‌تی که‌ چه‌ند لایه‌نێکی سوننه‌ش مه‌سه‌له‌ی کشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یان کردووه‌ته‌ پێشمه‌رجی به‌شداریکردنیان له‌حکومه‌تدا.
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌کات جگه‌ له‌داواکارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان ده‌بێت کورد مه‌سه‌له‌ى به‌شدارى راسته‌قینه‌ له‌پرۆسه‌ى سیاسیو پۆسته‌ سیادییه‌کان به‌هه‌ند وه‌ربگرێت‌و پێداگیرى بکات له‌سه‌ریان.
 
کاوه‌ محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى گۆڕان له‌به‌غدا بۆ "نیقاش" ته‌ئکید له‌وه‌کرده‌وه‌ نابێت کورد مه‌سه‌له‌ى موچه‌و بودجه‌ بخاته‌ نێو گفتوگۆکان، به‌ڵکو ده‌بێت گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم وه‌ک پێشمه‌رجى گفتوگۆکان‌و به‌شدارى له‌حکومه‌ت بخرێته‌ڕوو، ده‌شڵێت "بۆ پۆسته‌کان پێمانباشه‌ کورد داواى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ نه‌کاته‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ سه‌رۆک کۆمارمان هه‌یه‌، ئه‌ویش نوێنه‌رایه‌تى دیپلۆماسى عێراق ده‌کات له‌ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ واباشه‌ داواى وه‌زاره‌تى نه‌وت یاخود دارایى بکات، چونکه‌ ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ بۆ کورد زۆر گرنگن".
 
مه‌رجه‌کانی کورد هه‌رچه‌نده‌ له‌رووی شکڵه‌وه‌ ره‌نگه‌ وابنوێنن گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆکدا له‌چوارچێوه‌ی دوو بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌سوڕێنه‌وه‌ که‌ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی خاک‌و بودجه‌یه‌.
 
شرۆڤه‌کارانى سیاسى پێیانوایه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌رابردوو کورد سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانى له‌به‌غدا له‌ئاینده‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌په‌ند وه‌رگرتن له‌رابردوو، ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق ببه‌ستێته‌وه‌ به‌دوو خاڵی سه‌ره‌کیه‌وه‌، یه‌که‌م واده‌یه‌کی دیاریکراو بۆ جێبه‌جێکردنی خواسته‌کانی،  دووه‌م بونی لایه‌نی سێیه‌م وه‌ک نێوه‌ندگیر، له‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یاخود ئه‌مریکا.
 
د.کامه‌ران مه‌نتک شرۆڤه‌کارى سیاسى بۆ "نیقاش" رایگه‌یاند داواکارییه‌کانى کورد نه‌گۆڕاون، به‌ڵام واقعى سیاسیو ئه‌منیو ئابوورى کوردستان‌و عێراق گۆڕاون، بۆیه‌ دۆخى دانوستانى ئه‌مجاره‌ زۆر ئاڵۆزتره‌، ده‌شڵێت "داواکارییه‌کانى رابردووى کورد زۆرن، گه‌ر ته‌نیا ئه‌و داواکاریانه‌ جێبه‌جێ بکرێن، زۆرینه‌ى کێشه‌کانى چاره‌سه‌ر ده‌بن، بۆیه‌ له‌ئێستادا کورد داواکارییه‌کى نوێى نییه‌ بۆ عه‌بادی". پێشیوایه‌ به‌هۆى ئه‌قڵیه‌تى حکومڕانانى به‌غدا هیچ داواکارییه‌کى بنه‌ڕه‌تى کوردو سوونه‌ جێبه‌جێ ناکرێن، بۆیه‌ داواجار عێراق به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌چێت.
 
د.کامه‌ران مه‌نتک هاوڕایه‌ له‌وه‌ى له‌رووى واقعییه‌وه‌ مادده‌ى 140 جێبه‌جێکراوه‌و جارێکى تر کورد پێویست ناکات باسى ئه‌و ماده‌یه‌ بکاته‌وه‌، چونکه‌ ته‌نیا راپرسى ماوه‌ بکرێت، ده‌شڵێت "ده‌بێت کورد ته‌نیا له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ باسى راپرسى بکات، نه‌ک شتى تر".
 
ئه‌و شرۆڤه‌کاره‌ سیاسییه‌ راشیده‌گه‌یه‌نێت گه‌ر کورد ئه‌مجاره‌ به‌بێ لایه‌نى سێیه‌م وه‌ک نێوه‌ندگیر هه‌ر رێککه‌وتنێک بکات "هه‌ڵه‌یه‌کى گه‌وره‌" ده‌کات.


زۆرترین خوێندراو