داعش چاوی بڕیوه‌ته‌ پاره‌ی بانک‌و گیرفانی فه‌رمانبه‌ران

9/6/2014 12:43:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

له‌سێ‌ مانگی رابردوودا ئه‌وه‌ یه‌که‌مینجاره‌ هاوڵاتیانی موسڵ‌ ده‌توانن بچنه‌ بانکه‌کانه‌وه‌، چونکه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا داعش سه‌رجه‌م گه‌نجینه‌ پڕ له‌ملیاره‌کانی به‌پاسه‌وانی زۆر ده‌وره‌دابوو هیچ نهێنییه‌ک لێیانه‌وه‌ نه‌ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌.
 
ته‌نها یه‌ک رۆژ دوای ئه‌وه‌ی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" له‌ڕێی رادیۆوه‌ به‌یاننامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌و رایگه‌یاند بانکه‌کان کراونه‌ته‌وه‌، یه‌کسه‌ر خه‌ڵکێکی زۆر له‌به‌رده‌م بانکی رافیده‌ین لقی 112 له‌ناوه‌ڕاستی شار ریزیان به‌ست، به‌ڵام جیاوازییه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌که‌ له‌خانه‌نشین‌و فه‌رمانبه‌ران‌و موچه‌خۆرانی تر پێکنه‌هاتبوو.
 
یه‌کێک له‌فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و بانکه‌ به‌چرپه‌ به‌بازرگانێکی چیمه‌نتۆی وت "ئه‌و رێنماییانه‌ی لیژنه‌که‌ی داعش دایناوه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ تووشی شۆک ده‌کات که‌ حیسابیان له‌بانکدا هه‌یه‌".
 
ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ بۆ ئه‌بو عه‌بد جبوری بازرگانی رونده‌کرده‌وه‌ که‌ ته‌نها پاره‌ی حیسابی جاری خه‌رج ده‌کرێت، به‌مه‌رجێک نابێت حیسابه‌که‌ یان چه‌که‌که‌ لایه‌نێکی حکومی ده‌ریکردبێت یان خاوه‌نی بێت، هه‌روه‌ها نابێت خاوه‌نه‌که‌ی ئه‌وانه‌ بن که‌ ده‌رکراون وه‌ک مه‌سیحییه‌کان‌و یه‌زیدی‌و هه‌ندێ‌ له‌سوننه‌ هه‌ڵهاتووه‌کان، به‌تایبه‌تی به‌رپرسان‌و سیاسه‌تمه‌داران‌و فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌کان.
 
رێوشوێنه‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ یه‌که‌مجار که‌سه‌که‌ حیسابه‌که‌ی ئاشکراده‌کات‌و ده‌چێته‌ لای لیژنه‌یه‌کی سێ‌ که‌سی که‌ له‌سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی داعش پێکهاتوون‌و کاروباری دارایی به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندییان بۆ ده‌ربڕی ئینجا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌دواداچوون.
 
فه‌رمانبه‌ره‌که‌ به‌بازرگانه‌که‌ی وت "به‌ڵام کێشه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ بریتییه‌ له‌بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی رێگه‌ت پێده‌درێت رایبکێشیت"، بازرگانه‌که‌ زیاتر گوێگرت‌و له‌وه‌ تێگه‌یشت که‌ ئه‌و که‌سه‌ ته‌نها بۆی هه‌یه‌ 10% پاره‌که‌ی رابکێشێت، به‌مه‌رجێک له‌هیچ بارێکدا ئه‌و بڕه‌ له‌ 10 ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
 
بازرگانه‌که‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی "ئه‌مه‌ گاڵته‌جاڕییه‌" بۆیه‌ کاغه‌زه‌کانی کۆکرده‌وه‌و یه‌کسه‌ر بانکه‌که‌ی به‌جێهێشت.
 
جبوری که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی گێڕایه‌وه‌؛ زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی پاره‌ی زۆریان له‌بانکدایه‌ نه‌یانوێراوه‌ مامه‌ڵه‌که‌ رابپه‌ڕێنن‌و بڕی پاره‌که‌یان ئاشکرا بکه‌ن "له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک بڕێکیان لێبسه‌نرێت بۆ خه‌لیفه‌ له‌ژێر ناوی زه‌کات یان پاڵپشتیکردنی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌که‌وه‌ کردوێتیه‌وه‌".
 
ره‌نگه‌ جبوری هێشتا زانیاری نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا که‌ تیایدا هاتووه‌ "بڕێک له‌پاره‌ی داندراوی بانکه‌کانی موسڵ‌ دیار نه‌ماون‌و هه‌ندێ‌ له‌ئه‌میره‌کانی داعش بردویانن که‌ بڕه‌که‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ نیو ملیار دۆلار".
 
له‌راپۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی داعش به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی به‌شی خه‌رجی شه‌ڕه‌کانی ناکات، رونیشیکردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر پاره‌ی ئه‌و بانکانه‌ی موچه‌ی خه‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێت، ئه‌وا پشتیوانی خه‌ڵک له‌ده‌ست ده‌دات.
 
ترسی خه‌ڵک هه‌رچییه‌ک بێت رێگری نه‌کرد له‌وه‌ی سه‌دان که‌س سه‌ره‌ بگرن بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی 10% پاره‌کانیان له‌بانک رابکێشن.
 
عه‌لی راشدى جوتیار یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی زوو بڕێک پاره‌ی راکێشا، ئه‌و توانی ته‌نها دوو ملیۆن دینار له‌کۆی 20 ملیۆنی داندراو وه‌ربگرێته‌وه‌، عه‌لی بیانووی بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ش ده‌هێنایه‌وه‌و ده‌یوت "بڕێکی که‌م باشتره‌ له‌وه‌ی هیچ نه‌بێت، چ گه‌ره‌نتییه‌ک هه‌یه‌، کێ‌ ناڵێت بانکه‌کان تاڵان ناکرێن‌و به‌ڵگه‌کان ناسوتێن، به‌تایبه‌تی که‌ به‌ته‌واوی هه‌یبه‌تی ده‌وڵه‌ت شکاوه‌".
 
ته‌نانه‌ت راکێشانی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ش به‌ئاسانی نایه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌و سه‌رئێشه‌ی زۆره‌، به‌قسه‌ی ئه‌وانه‌ی چونه‌ته‌ بانکه‌که‌ش قورسترین قۆناغ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌گه‌یته‌ لای لیژنه‌یه‌ک‌و لێت ده‌پرسن "ئه‌م پاره‌یه‌ت له‌کوێ‌ بووه‌".
 
له‌باره‌گایه‌کی حکومی له‌ناوه‌ندی شاردا رۆژانه‌ ئه‌و لیژنه‌ سێ که‌سییه‌ی داعش داده‌نیشن‌و سه‌ردانکه‌رانی دوانزه‌ لقی بانکه‌کان ده‌چنه‌ لایه‌ن، له‌مه‌شدا پێشڕه‌وی به‌پله‌ی یه‌که‌م بۆ "موجاهیده‌کانه‌".
 
کاتێک یه‌کێک له‌خه‌ڵکه‌که‌ ویستی ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت به‌وه‌ی هه‌ندێکه‌س پابه‌ند نابن به‌ریزگرتنه‌وه‌، ئه‌و که‌سه‌ی سه‌رپێچییه‌که‌ی کردبوو به‌توڕه‌ییه‌وه‌ ئاوڕی لێدایه‌وه‌و پێی وت "کاتمان نییه‌ بۆ سه‌ره‌گرتن، ئێمه‌ له‌هێڵه‌کانی پێشه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌که‌ین".
 
چاوه‌کانی "ده‌وڵه‌تی خه‌لیفه‌" ته‌نها له‌سه‌ر پاره‌ی بانک نییه‌، به‌ڵکو گه‌یشتووه‌ به‌فه‌رمانبه‌ره‌کانیش، سه‌ره‌تا داعش رێگه‌ی نه‌ده‌دا موچه‌ی مه‌سیحی‌و شیعه‌کان دابه‌ش بکرێت، ئێستا ئه‌مه‌ فه‌رمانبه‌رانی تریشی گرتووه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌ندازیارێک له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کاره‌با پاش چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر توانی موچه‌که‌ی وه‌ربگرێت، که‌ ته‌ماشای کرد که‌متره‌ له‌موچه‌ی جارانی خۆی، کاتێک پرسیاری کرد ژمێریاره‌که‌ پێی وت 5% موچه‌که‌ی لێبڕاوه‌ بۆ "به‌یتولمالی موسوڵمانان" ئه‌مه‌ش به‌فه‌رمانی یه‌کێک له‌ئه‌میره‌کان.
 
ئه‌و فه‌رمانگه‌و دامه‌زراوانه‌ی له‌رۆژی 10ی حوزه‌یرانه‌وه‌ داخراون وه‌ک زانکۆو دادگاو دیوانی پارێزگا، به‌شێوه‌یه‌کی تر موچه‌کانیان دابه‌ش ده‌که‌ن.
 
پاش ئه‌وه‌ی بڕی پاره‌که‌ له‌به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی یه‌کێک له‌شاره‌ ئارامه‌کان ده‌کرێت، بۆ نموونه‌ که‌رکوک، لیژنه‌یه‌کی ژمێریاری ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌رده‌گرێت به‌نهێنی ده‌یگوێزێته‌وه‌ بۆ موسڵ‌، له‌وێ‌ ده‌درێته‌ سه‌رۆک به‌شه‌کان‌و ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ ده‌یگه‌ێننه‌ فه‌رمانبه‌ره‌کان.
 
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌قسه‌ی ژمێریارێکی زانکۆ که‌ داوایکرد ناوی نه‌هێنرێت به‌و په‌ڕی نهێنییه‌وه‌ ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی داعش ئاگای لێنه‌بێت، چونکه‌ هیچ شتێک به‌قه‌د پاره‌ بۆ ئه‌میره‌کانی داعش مایه‌ی سه‌رنج نییه‌.
 
هه‌روه‌ها وتی "رێژه‌ی 5% موچه‌ی هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک ده‌بڕین‌و وه‌ها تێیان ده‌گه‌یه‌نین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانی کۆیی پاره‌که‌یه‌، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ گیرفانی داعش ده‌چێت".
 
ژمێریاره‌که‌ وتیشی "ئه‌وانه‌ی گه‌شبینن چاوه‌ڕێ‌ ده‌که‌ن رێژه‌ی ئه‌و لێبڕینه‌ زیاد بکات، ئه‌وانه‌شی ره‌شبینن پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ دواهه‌مین موچه‌یه‌".

ئا : خاڵس جومعه‌


زۆرترین خوێندراو