داعش ده‌یه‌وێت به‌تیرێک دوو نیشانه‌ بشکێنێت

10/12/2014 2:26:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش  

کاتێک باوکی عومه‌ر زانی چه‌کدارێکی داعش چووه‌ته‌ سه‌ربانی ماڵه‌که‌یان‌و ئاڵای ئه‌و گروپه‌ی هه‌ڵواسیوه‌، یه‌کڕاست بڕیاریدا ماڵه‌که‌ی چۆڵ‌ بکات، به‌ڵام له‌به‌رده‌رگا چه‌ند چه‌کدارێکی داعش وه‌ستابوون که‌ رێی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان لێگرت‌و ناچاریان کرد له‌ماڵه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌.
 
باوکی عومه‌ر که‌ له‌گه‌ڕه‌کی حه‌ی عه‌ره‌بی باکوری موسڵ‌ نیشته‌جێیه‌‌و خۆی داوایکرد "نیقاش" ناوه‌که‌ی ئاشکرا نه‌کات ده‌ڵێت "له‌و کاته‌وه‌ هاوپه‌یمانان بڕیاری ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانیان داوه‌ بۆ سه‌ر داعش، زۆربه‌ی سه‌ربانی ماڵان کراوه‌ته‌ ئاڵای ئه‌و گروپه‌، ئێمه‌ ئێستا خۆمان له‌ریزی ئه‌وانه‌ حیساب ده‌که‌ین که‌ تیاچوین‌و چاوه‌ڕێن له‌هه‌ر ساتێکدا ماڵه‌که‌مان بۆردومان بکرێت".
 
ئه‌بو عومه‌رو ده‌یان که‌سی تر له‌موسڵ‌ که‌ سه‌ربه‌داعش نین، ئێستا ماڵه‌کانیان کراوه‌ته‌ ته‌ڵه‌ بۆ بۆردومانی هاوپه‌یمانان، چونکه‌ داعش ئاڵا ره‌شه‌که‌ی له‌باره‌گاکانی خۆی کردووه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ربانی ماڵان هه‌ڵیواسیوه‌.
 
ماڵی باوکی محه‌مه‌دیش تووشی هه‌مان "به‌ڵا" بوون، دوای ئه‌وه‌ی داعش ناچاریکرد ئاڵاکه‌ی له‌سه‌ربانی ماڵه‌که‌یان له‌ناوچه‌ی غه‌زلانی هه‌ڵواسن‌و ماڵیش چۆڵ‌ نه‌که‌ن.
 
ئه‌بو محه‌مه‌د له‌لای یه‌کێک له‌ئامۆزاکانی سکاڵای کردووه‌ که‌ سه‌ر به‌داعشه‌، ئه‌ویش پێی وتووه‌ "له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆ موبایه‌عه‌ی خه‌لیفه‌ی موسوڵمانانت نه‌کردووه‌، رێنماییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاڵاکه‌مان له‌سه‌ر ماڵی ئه‌و که‌سانه‌ هه‌ڵواسین که‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی بۆردومانی فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ماڵی موسوڵمانان دووربخه‌ینه‌وه‌".
 
چه‌ند جارێک فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر ئاسمانی موسڵدا به‌یاننامه‌یان بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و داوایانکردووه‌ خه‌ڵکی دووربکه‌ونه‌وه‌ له‌باره‌گاکانی داعش‌و سه‌ربازگه‌و نه‌خۆشخانه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و ماڵانه‌شی که‌ تیایدا نیشته‌جێن.
 
عه‌مار زه‌یدی ته‌مه‌ن چل ساڵ‌ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌چه‌کدارانی داعش پاڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێی بده‌ن خۆیی‌و خێزانه‌که‌ی ماڵه‌وه‌ جێبهێڵن، چونکه‌ که‌وتووه‌ته‌ نزیک کونسوڵگه‌ری تورکیاوه‌و وه‌زاره‌تی به‌گری عێراق‌و ئه‌مه‌ریکا هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه‌ که‌ ره‌نگه‌ ئه‌و کونسوڵگه‌رییه‌ بۆردومان بکرێت، چونکه‌ داعش کردوێتییه‌ باره‌گای سه‌ره‌کی خۆی.
 
زه‌یدی که‌ داوایکرد ناوه‌که‌ی بگۆڕین، چونکه‌ وه‌ک هه‌موو موسڵییه‌کان له‌ترسی داعش ناوێرێت له‌راگه‌یاندنه‌کانه‌وه‌ ناوی بهێنرێت، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌ منداڵه‌که‌ی ناردووه‌ بۆ ماڵی ناسیاوێکیان پاش ئه‌وه‌ی زانیوێتی مه‌ترسی بۆردومانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر ناوچه‌که‌ نزیک بووه‌ته‌وه‌.
 
زه‌یدی به‌"نیقاش"ی وت "سێ‌ چه‌کداری داعش یه‌ک به‌یه‌ک له‌ده‌رگای ماڵانیان ده‌داو پێیان راگه‌یاندین که‌ هیچ که‌س ماڵ‌ چۆڵ‌ نه‌کات، چونکه‌ ئه‌وه‌ی بڕوات به‌کرێگرته‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی (ئێران) ده‌ده‌نرێت‌و ده‌ست به‌سه‌ر موڵک‌و ماڵه‌که‌یدا ده‌گیرێت".
 
 
زه‌یدی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ چه‌کداره‌کانی داعش به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ لێیان پرسیون "بۆ ئێوه‌ له‌ئێمه‌ باشترن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مردین، ئێوه‌ش ده‌مرن".
 
پیلانی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاڵاو تێکه‌ڵکردنی خه‌ڵکی سیڤیل به‌شه‌ڕه‌کان یه‌کێکه‌ له‌و رێشوێنه‌ی داعش له‌مانگی ئه‌یلولی رابردووه‌وه‌ گرتوێتییه‌ به‌ر پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا رایگه‌یاند هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی بۆ سه‌ر داعش له‌عێراق‌و سوریا ده‌ستی پێکردووه‌.
 
 
ئێستاش هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌وه‌ ده‌ترسن هێرشه‌کانیان ببێته‌ مایه‌ی له‌ناوبردنی خه‌ڵکی سڤیل له‌ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش که‌ سێیه‌کی خاکی عێراق‌و سوریا پێکده‌هێنێت.
 
هیشام هاشمی پسپۆێ‌ له‌کاروباری گروپه‌ چه‌کداره‌کان به‌"نیقاش"ی وت "هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانایه‌کی هه‌واڵگری به‌هێزیان له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌، بۆیه‌ پشت به‌و وێنانه‌ ده‌به‌ستن که‌ له‌ئاسمانه‌وه‌ له‌رێی مانگه‌ ده‌ستکرده‌کان‌و فرۆکه‌کانه‌وه‌ ده‌گیرێن تا ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت بۆردومانی بکه‌ن".
 
هاشمی ده‌شڵێت "ئێستا داعش له‌سه‌ربانی ئه‌و ماڵانه‌ ئاڵاکه‌ی هه‌ڵده‌کات که‌ موبایه‌عه‌یان نه‌کردووه‌، به‌تایبه‌تی به‌عسییه‌کان، تا له‌و رێیه‌وه‌ بۆردومانه‌کان له‌خۆی دووربخاته‌وه‌، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان تووشی هه‌ڵه‌ ببن له‌بۆردوماندا".
 
پێده‌چێت داعش له‌رێی هه‌ڵکردنی ئاڵاکه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ربانی ماڵان بیه‌وێت سوپای عێراقی‌و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌کوشتنی خه‌ڵکی سیڤیله‌وه‌ بگلێنێت، تا له‌و رێیه‌وه‌ لایه‌نگری خۆی زیادبکات له‌ناو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌سوکاریان ده‌کوژرێت‌و ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ بکه‌نه‌وه‌. 
 
داعش که‌ شاره‌زاییه‌کی زۆری هه‌یه‌ له‌کارکردن له‌سه‌ر هه‌ست‌و سۆزی خه‌ڵکه‌ ده‌یه‌وێت له‌م رێیه‌وه‌ به‌تیرێک دوو نیشانه‌ بشکێنێت، هه‌م مه‌ترسی بۆردومان له‌خۆی دورده‌خاته‌وه‌و هه‌م خه‌ڵکی بێتاوانیش له‌شه‌ڕه‌که‌وه‌ ده‌گلێنێت.
 
عه‌لی سه‌رای رۆژنامه‌نووسی پسپۆێ‌ له‌کاروباری سیاسی پێی وایه‌ داعش له‌رێی ئه‌م ستراتیژه‌ نوێیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت خۆی له‌بۆردومان بپارێزێت، چونکه‌ به‌ئاڵاکانی، ماڵی هاوڵاتیان ده‌کاته‌ شوێنی بۆردومانی فرۆکه‌کان.
 
سه‌رای به‌"نیقاش"ی وت "پیلانه‌که‌ی داعش روونه‌، چونکه‌ له‌م رێیه‌وه‌ جوگرافیای خۆی به‌رفراوان ده‌کات، هه‌م چالاکییه‌ ئاشکراکانی له‌ناو شاره‌کاندا که‌مده‌کاته‌وه‌و هه‌م ده‌زگای هه‌واڵگری وڵاتان به‌ئامانجی خه‌یاڵی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت".
 
ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان بۆردومانی ئامانجی مه‌ده‌نی بکه‌ن کاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت، چونکه‌ داعش ئه‌و رووداوانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌کارده‌هێنێت‌و ئه‌مه‌ش شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی دژی ئه‌و رێکخراوه‌ قورس ده‌کات".
 
ئێستا باوکی عومه‌رو باوکی محه‌مه‌دو زه‌یدی هه‌موو ترسیان ئه‌وه‌یه‌ رووداوه‌که‌ی شاری "هیت" له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیش دووباره‌ ببێته‌وه‌ کاتێک له‌به‌ره‌نجامی هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر چه‌ند ماڵێک هه‌ژده‌ هاوڵاتی سیڤیل بوونه‌ قوربانی، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌کی پنتاگۆنیش داعش له‌سه‌ربانی ئه‌و ماڵانه‌ ئاڵاکه‌ی خۆی هه‌ڵواسیوه‌.

ئه‌حمه‌د هادى - موسڵ  


زۆرترین خوێندراو