مه‌سیحییه‌کانی موسڵ‌ چاره‌یان ته‌نها له‌به‌غدایه‌

11/22/2014 11:52:00 AM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

داعش پاش ئه‌وه‌ی موسڵی گرته‌ ده‌ست ته‌نها توانی 37 رۆژ خۆى بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی نیازی راسته‌قینه‌ی خۆی بخاته‌روو له‌و پارێزگا فره‌ نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و پێکهاته‌یه‌، ئێستا مه‌سیحییه‌کانی ئه‌و شاره‌ جگه‌ له‌ئاواره‌بوونیان تووشی ده‌رده‌سه‌ری ونبوون به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌کانیان بوون.
 
له‌و کاته‌وه‌ی داعش له‌سه‌ر خانووی مه‌سیحییه‌کانی نوسی موڵک‌و ماڵی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و پیتی (ن)ی خسته‌ سه‌ر دیواره‌کانیان، ئیتر مه‌سیحییه‌کان زیاتر بڕوایان به‌بڕیاره‌کانی داعش له‌ق بوو، خۆشیان بۆ سیناریۆى چاوه‌ڕوان نه‌کراو ئاماده‌کرد، زۆری نه‌خایه‌ند بڕیاری ده‌رکردنی هه‌موویان دراو ئۆتۆمبێل‌و موڵک‌و ماڵه‌که‌یان به‌زۆر لێسه‌ندرا.
 
سه‌میر عه‌بدولسه‌مه‌د که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ئاوارانه‌ به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌دووه‌م شه‌وی مۆڵه‌ته‌که‌دا موسڵیان جێهێشتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌له‌ په‌لیان بووه‌ بۆ ده‌ربازکردنی ژیانیان نه‌یانتوانیوه‌ ناسنامه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ حکومییه‌ پێویسته‌کان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵبگرن‌و به‌بێ‌ ئه‌وانه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌ولێر.
 
پاش ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی کاتی له‌کامپێکی ئاواره‌کان ماونه‌ته‌وه‌، عه‌بدولسه‌مه‌د ناچار بووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی بچنه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی شوناس‌و پێداویستییه‌ فه‌رمییه‌کان ده‌ربکه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێده‌کات کارئاسانی ده‌کرێت بۆ ئاواره‌کان که‌ پاسپۆرت‌و ره‌گه‌زنامه‌ ده‌رده‌هێنن، به‌ڵام زۆر به‌زه‌حمه‌ت توانیوێتی پێناس بۆ کچه‌ حه‌وت ساڵه‌که‌ی ده‌ربکاته‌وه‌.
 
هه‌یسه‌م مه‌تی که‌ له‌قه‌زای حه‌مدانییه‌ هه‌ڵهاتووه‌ کاتی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌بیربووه‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌کان له‌گه‌ڵ‌ خۆیدا ببات، هه‌یسه‌م به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و مه‌سیحییانه‌ی دوو شه‌وی یه‌که‌می مۆڵه‌ته‌که‌ هه‌ڵهاتن توانییان به‌ڵگه‌نامه‌ پێویسته‌کان‌و به‌شێک له‌پاره‌و پوله‌که‌یان له‌گه‌ڵ‌ خۆیاندا ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی دواهه‌مین شه‌و شاره‌که‌یان جێهێشت هه‌رچی پاره‌یان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت مۆبایله‌کانیشیان لێسه‌ندرا".
 
مه‌تی که‌ دواجار له‌ژێرزه‌مینی یه‌کێک له‌که‌نیسه‌کانی سلێمانی نیشته‌جێبووه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات هه‌ندێ‌ له‌مه‌سیحییه‌کانی موسڵ‌‌و حه‌مدانییه‌ دوای ته‌واوبوونی مۆڵه‌ته‌که‌ش ئاماده‌نه‌بوون ماڵ‌و حاڵیان جێبهێڵن، بۆیه‌ داعش سه‌رجه‌میانی ده‌ستگیرکردووه‌و پاش چه‌ند رۆژێک ئازادی کردوون، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات هیچ لایه‌نێکی حکومی یان ئه‌هلی ئه‌و موڵک‌و ماڵه‌ی نه‌ژماردووه‌ که‌ مه‌سیحییه‌کان له‌دوای خۆیان جێیان هێشتووه‌.
 
هه‌یسه‌م مه‌تی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌خه‌ڵکه‌وه‌ بیستوویه‌تی ئێستا که‌سانێکی تر له‌ماڵه‌کانی ئه‌واندا نیشته‌جێکراون‌و هه‌ندێ‌ ماڵی تریش یان روخێنراون یان به‌ته‌واوی تاڵان کراون.
 
له‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌یمه‌ن عه‌زیز هورمز قه‌شه‌ی که‌نیسه‌ی ماریوسف له‌سلێمانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌رده‌سه‌ی مه‌سیحییه‌کانیش به‌شێکه‌ له‌و ناره‌حه‌تییه‌ی هه‌موو عێراقییه‌کانی گرتووه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی که‌ ناوچه‌یه‌کی زۆر که‌وتووه‌ته‌ ده‌ست رێکخراوێک هیچ له‌مانای مرۆڤایه‌تی نازانێت. له‌مه‌دا مه‌به‌ستی له‌داعشه‌.
 
قه‌شه‌ ئه‌یمه‌ن به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند ئاواره‌ مه‌سیحییه‌کان ته‌نها ده‌توانن له‌به‌غدا پێناسی باری شارستانی‌و ره‌گه‌زنامه‌و کارتی نیشته‌جێبوون‌و فۆرمی خۆراک ده‌ربکه‌ن، به‌ڵام پاسپۆرت له‌هه‌ولێرو سلێمانیش بۆیان ده‌رده‌هێنرێت، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ زۆرێک له‌ئاواره‌کان توانای داراییان نییه‌ که‌ سه‌فه‌ر بکه‌ن بۆ به‌غدا تا به‌ڵگه‌نامه‌کان ده‌ربهێننه‌وه‌.
 
ئه‌و قه‌شه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات هه‌رچه‌نده‌ له‌به‌غدا کارئاسانی بۆ ئاواره‌کان ده‌کرێت، به‌ڵام کێشه‌ به‌رۆکی ئه‌و ئاوارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌ هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ره‌سمییان هه‌ڵنه‌گرتووه‌، یان منداڵی تازه‌ له‌دایکبوویان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها وتی "ئاواره‌کان له‌بارێکی دژواردا ده‌ژین، چل خێزان له‌که‌نیسه‌یه‌کدا نیشته‌جێبوون که‌ ته‌نها په‌رده‌یه‌ک له‌یه‌کتریان جیا ده‌کاته‌وه‌".
 
به‌پێی دواهه‌مین ئاماری رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی په‌نابه‌ران ژماره‌ی ئاواره‌کان له‌ناوخۆی عێراقدا گه‌یشتووه‌ته‌ یه‌ک ملیۆن‌و 750 هه‌زار که‌س له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌45%یان له‌هه‌رێمی کوردستان نیشته‌جێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ئاواره‌کانی سوریاو تورکیاو ئێران که‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌هه‌رێمدان.
 
شروق عه‌بایچی په‌رله‌مانتارو ئه‌ندامی لیژنه‌ی کاتی به‌دواداچوونی کاروباری په‌نابه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ ئاواره‌کان.
 
عه‌بایچی به‌"نیقاش"ی وت "ئاواره‌کان به‌هۆی هه‌ڵهاتنیان به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌کانیان له‌کیس چووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ زوو قه‌ره‌بوویان بکاته‌وه‌و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یان بۆ ده‌ربکاته‌وه‌".
 
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به‌فه‌وتانی موڵک‌و ماڵی ئاواره‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌مته‌رخه‌مییه‌کی زۆر به‌دی ده‌کرێت‌و حکومه‌ت وه‌ک پێویست ناچێت به‌ده‌میانه‌وه‌.
 
له‌هه‌مان رووه‌وه‌ یونادم که‌ننا په‌رله‌مانتاری مه‌سیحی له‌په‌رله‌مانی عێراق به‌"نیقاش"ی وت "پێشنیارم کردووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رن که‌ فه‌رمانگه‌یه‌کی نوێ‌ دروست بکرێت به‌ناوی ده‌سته‌ی نیشتیمانی بۆ کاره‌سات‌و ئاواره‌یی زۆره‌ملێ‌، کاری بریتی ده‌بێت له‌بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئه‌وناوچانه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی ئاواره‌ بوون".
 
که‌ننا وتیشی "ئه‌و ناوچانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست داعش دوو بۆ سێ‌ ساڵیان ده‌وێت تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ باری ئاسایی خۆیان، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نها ئازادکردنی ئه‌و ناوچانه‌ نییه‌، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌و خانووانه‌ نۆژه‌ن بکرێنه‌وه‌ که‌ تێکدراون، هه‌روه‌ها پێویستمان به‌پرۆژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاشته‌وایی‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌ یاساییه‌کانه‌".

ئا : ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د     


زۆرترین خوێندراو