عه‌لوانی ناکۆکى نێوان حکومه‌ت‌و سوننه‌کان قوڵتر ده‌کاته‌وه‌

12/5/2014 12:08:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماه‌رنیوز
‌نیقاش 
 
له‌کاتێکدا هۆزی ئه‌لبو عه‌لوان له‌شاری رومادی سه‌رقاڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش بوون، له‌پێ‌ دادگای عێراقی فه‌رمانیدا به‌ له‌سێداره‌دانی په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د عه‌لوان که‌ سه‌ر به‌هه‌مان هۆزه‌، بۆیه‌ زۆرکه‌س پرسیاری ئه‌وه‌ی له‌لا دروست بوو ئایا ده‌رکردنی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ڕێکه‌وت بووه‌ یان مه‌به‌ستێکی له‌پشته‌وه‌ بووه‌.
 
رۆژی 20ی مانگی رابردوو داعش له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ په‌لاماری شاری رومادیدا، رومادی‌و حه‌دیسه‌ تاکه‌ دوو ناوچه‌ی پارێزگای ئه‌نبارن که‌ هێشتا له‌ژێر کۆنترۆڵی حکومه‌تی عێراقیدان‌و ئه‌مجاره‌ عه‌شیره‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌رپه‌رچی هێرشه‌کانی داعشیان دایه‌وه‌.
 
له‌م سه‌رو به‌نده‌دا ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌به‌غداوه‌ هات عه‌شیره‌ته‌کانی بێهیوا کردو گڕوتینی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشی که‌مکرده‌وه‌، هه‌واڵه‌که‌ش ئه‌وه‌بوو: دادگای عێراقی فه‌رمانیداوه‌ به‌ده‌رکردنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د عه‌لوانی که‌ به‌هۆیه‌وه‌ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵکی ئه‌نبار گۆڕدرا بۆ توندوتیژی‌و عه‌شیره‌ته‌کان دژی حکومه‌ت چه‌کیان هه‌ڵگرت.
 
حازم عه‌لوانی که‌ یه‌کێکه‌ له‌پیاو ماقوڵانی عه‌شیره‌تی ئه‌لبو عه‌لوان به‌"نیقاش"ی وت "بڕیاری له‌سێداره‌دانی عه‌لوانی وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ حکومه‌ت له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری لێدابێتین.. چه‌ند رۆژێکه‌ عه‌شیره‌ته‌که‌ی ئێمه‌ له‌شه‌ڕی داعشدایه‌‌و یارمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رومادی نه‌که‌وێته‌ ده‌ست داعش".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "کاتی ده‌رکردنی بڕیاره‌که‌ زۆر سه‌یره‌‌و پێم وانییه‌ به‌رێکه‌وت بووبێت، ئه‌وه‌ ده‌یسه‌لمێنێت چه‌ند هێزێک هه‌ن ده‌یانه‌وێت رۆڵی عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار له‌شه‌ڕی داعش که‌نارگیر بکه‌ن".
 
کۆتایی ساڵی رابردوو، به‌دیاریکراوی له‌رۆژی 28ی کانوونی یه‌که‌می 2013 ئه‌حمه‌د عه‌لوانی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیرکرا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانیی هه‌یه‌، ده‌ستگیرکردنه‌که‌شی ئه‌و پریشکه‌ بوو که‌ خۆپیشاندانه‌کانی گۆڕی بۆ توندوتیژی‌و عه‌شیره‌ته‌کان به‌چه‌ک رووبه‌رووی حکومه‌ت بوونه‌وه‌.
 
سه‌رسوڕمانی شێخ حازم عه‌لوان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ساڵێکه‌ ئه‌حمه‌د عه‌لوانی ده‌ستگیرکراوه‌، که‌چی چه‌ند جارێکه‌ بڕیاری سزادانی دوا ده‌خرێت تا له‌م کاته‌دا ده‌رکرا که‌ عه‌شیره‌ته‌که‌ی سه‌رقاڵی شه‌ڕی داعشن.
 
ته‌نانه‌ت رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تیش سه‌رنجی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بڕیاری له‌سێداره‌دانی عه‌لوانی‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا نوسیوێتی "عه‌لوانی به‌وه‌ تۆمه‌تباره‌ که‌ له‌کاتی هه‌وڵی ده‌ستگیرکردنیدا دوو سه‌ربازی کوشتووه‌، دادگایی کردنه‌که‌ چه‌ندین پێشێلکاریی یاسایی تیا بووه‌" ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کردووه‌ که‌ عه‌لوانی سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسی دیاری ئه‌نباره‌و عه‌شیره‌ته‌که‌ی له‌پاڵ‌ حکومه‌تدا شه‌ڕی داعش ده‌کات.
 
چه‌ند رۆژێکه‌ خه‌ڵکی ئه‌نبارو عه‌شیره‌ته‌کان‌و به‌رپرسه‌ لۆکاڵییه‌کان پێیان وایه‌ حکومه‌تی ناوه‌ند پشتیان تێده‌کات‌و خۆی ده‌دزێته‌وه‌ له‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و کارنامه‌یه‌ی که‌ بڕیاربووه‌ له‌نێویدا لێبوردنی گشتی ده‌ربچێت‌و پشتیوانی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ بکرێت بۆ شه‌ڕی داعش، ئه‌ویش له‌رێی پێکهێنانی هێزی "گاردی نیشتیمانی"یه‌وه‌.
 
بیرۆکه‌ی پێکهێنانی هێزێکی ئه‌منی نوێ‌ بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک به‌ناوی "گاردی نیشتیمانی" پاش ئه‌وه‌ هات که‌ داعش به‌شێکی زۆری خاکی عێراقی له‌موسڵ‌‌و تکریت‌و ئه‌نبار گرته‌ ده‌ست‌و سوپای عێراقی له‌و ناوچانه‌ بێ‌ به‌رگری هه‌ڵهاتن.
 
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی عێراق له‌کاتی پێکهێنانی کابینه‌که‌یدا دروستکردنی هێزێکی له‌و شێوه‌یه‌ی راگه‌یاندو وتی "ده‌بێت ئارامی بچه‌سپێنرێت‌و پاڵپشتی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان‌و پرۆژه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتیمانی بکرێت، هه‌روه‌ها گه‌شه‌ به‌ئه‌زموونی پشتیوانی میللی بدرێت‌و هێزی گاردی نیشتیمانی له‌پارێزگاکاندا دروست بکرێت‌و پاڵپشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ بکرێت".
 
ناهیده‌ داینی په‌رله‌مانتاری لیستی موته‌حیدون‌و نوێنه‌ری ئه‌نبار ره‌خنه‌ له‌خۆدزینه‌وه‌ی حکومه‌ت ده‌گرێت بۆ ده‌رکردنی یاسایه‌ک که‌ کاری "گاردی نیشتیمانی" رێکبخات‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و پارێزگایانه‌ی داعش کۆنرۆڵی کردوون له‌وه‌ زیاتر ناتوانن دان به‌خۆدا بگرن، ئه‌ویش به‌هۆی پێکنه‌هێنانی گاردی نیشتیمانییه‌وه‌".
 
هه‌ر به‌راستی پێده‌چێت له‌وه‌ زیاتر عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کان دان به‌خۆدا نه‌گرن، چونکه‌ به‌م دواییه‌ بڕیاریانداوه‌ په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ترسی داعش بیانپارێزێت، دوای ئه‌وه‌ی متمانه‌یان به‌حکومه‌ت نه‌ما، له‌مه‌شدا ئه‌مه‌ریکا هیچ خۆی دوانه‌خست.
 
شێخ که‌ریم مه‌حلاوی که‌ یه‌کێکه‌ له‌سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند که‌ وه‌فدێک له‌نوێنه‌رانی عه‌شیره‌ته‌ سوننییه‌کان‌و به‌رپرسانی لۆکاڵی ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و موسڵ‌‌و دیاله‌ له‌رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ئه‌مه‌ریکا سه‌رقاڵی گفتوگۆ کردنن له‌باره‌ی ئاینده‌ی شاره‌کانیانه‌وه‌.
 
شێخ که‌ریم ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ له‌ناو وه‌فده‌که‌دا یه‌کێک له‌ئامۆزاکانی خۆی هه‌یه‌و له‌لای ئه‌مه‌ریکییه‌کان سکاڵای ئه‌وه‌ی کردووه‌ که‌ هه‌وڵێک له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسییه‌ شیعه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت پاڵپشتی عه‌شیره‌ته‌کان نه‌کات له‌شه‌ڕی داعش‌و له‌پڕچه‌ککردنیان دوا بکه‌وێت.
 
هه‌رچی ئه‌مه‌ریکایه‌ به‌ڵینی به‌وه‌فده‌که‌ داوه‌ به‌پێکهێنانی گاردی نیشتیمانی‌و پڕچه‌ککردنیان به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مه‌ریکاوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مه‌ریکا حکومه‌ت‌و گروپه‌ شیعه‌کانی سه‌ر به‌ئێرانی نیگه‌ران کردووه‌.
 
حکومه‌ت به‌پشتیوانی ئێران ده‌یه‌وێت گروپه‌ شیعه‌کانی وه‌ک "سه‌رایا سه‌لام"‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"‌و "به‌در" ئه‌و لایه‌نانه‌ بن که‌ شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن بێ‌ ئه‌وه‌ی رۆڵێکی گه‌وره‌ به‌عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کان بدرێت له‌ناوچه‌کانی خۆیاندا، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ خه‌ڵکی ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌کانی ترساندووه‌.
 
حکومه‌تیش له‌وه‌ ده‌ترسێت له‌ئاینده‌دا گاردی نیشتیمانی له‌ناوچه‌ سونییه‌کان کوده‌تای له‌دژ بکات‌و جیا ببێته‌وه‌، یان په‌لاماری شاره‌کانی تر بدات، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی مه‌ترسی چاوه‌ڕوانکراون.
 
هه‌فته‌ی رابردوو سیاسه‌تمه‌دارانی سوننه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌و میلیشیایانه‌ گرت که‌ کاری تایفییان ئه‌نجامداوه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کی جیاوازی دیاله‌و تکریت پاش ئه‌وه‌ی داعشیان وه‌ده‌رناوه‌، به‌جۆرێک خه‌ڵکی بێتاوانیان کوشتووه‌و ماڵیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌و مزگه‌وتیان سوتاندووه‌، ئه‌مه‌ش ترسی له‌لای ناوچه‌ سونییه‌کانی تر دروست کردووه‌ به‌وه‌ی ده‌ستی میلیشیا شیعه‌کان به‌وانیش بگات.
 
حکومه‌ت له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ک عه‌شیره‌تی ئه‌نبار بکات له‌به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌پاڵ‌ حکومه‌تدا بن‌و به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ دانوستان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌که‌ن، ئه‌وه‌ش روونه‌ که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌، به‌شێکیان له‌گه‌ڵ‌ حکومه‌تدان‌و به‌شه‌که‌ی تر له‌دژین.
 
چه‌ند مانگێکه‌ ئه‌نبار رووداوی ئه‌منی‌و سه‌ربازی به‌رفراوان به‌خۆوه‌ ده‌بینێت، به‌ڵام چه‌ند مانگی داهاتوو ره‌نگه‌ گۆڕانکاریی چاوه‌ڕواننه‌کراو بێته‌ ئاراوه‌‌و شه‌ڕێکی گه‌وره‌ دژی داعش هه‌ڵبگیرسێت، له‌دوای ئه‌مه‌ش قۆناغی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ ده‌ ساڵه‌ شه‌ێ‌ وێرانی کردووه‌.


زۆرترین خوێندراو