ئه‌نبار له‌که‌وتن نزیکبووه‌ته‌وه‌

12/20/2014 4:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

پاش ئه‌وه‌ی هیچ جۆره‌ چه‌ک‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌کیان پێنه‌ما، چه‌کدارانی سه‌ر به‌عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار شه‌ممه‌ی رابردوو ناچاربوون شاری "وه‌فا" بده‌نه‌ ده‌ست داعش، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت حکومه‌ت متمانه‌ی به‌و عه‌شیره‌تانه‌ نییه‌و ئاماده‌نییه‌ چه‌کیان بداتێ‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی داعش له‌کۆنترۆڵکردنی ته‌واوی پارێزگاکه‌ی نزیکبووه‌ته‌وه‌.
 
هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نبار پڕیبوو له‌رووداوی ئه‌منی‌و سیاسی، به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌موو رووداوه‌کان نه‌رێنی بوون، ئه‌وه‌تا ورده‌ ورده‌ داعش خه‌ریکه‌ هه‌موو بنکه‌و باره‌گا حکومییه‌کان ده‌گرێت‌و عه‌شیره‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ش له‌کاتێکی خراپدا ناکۆکییانه‌ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگا.
 
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ کێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ که‌ به‌رۆکی ئه‌نباری گرتووه‌ته‌وه‌ رازی نه‌بوونی حکومه‌تی ئیتیحادییه‌ به‌پێ‌ چه‌ککردنی عه‌شیره‌ته‌کان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆڵی زۆریان هه‌بووه‌ له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش‌و نه‌یانهێشتووه‌ تائێستا شاره‌که‌ی بکه‌وێته‌ ده‌ست، به‌ڵام پێناچێت بارودۆخه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، چونکه‌ داعش سه‌رکه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
 
عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناکۆکی قوڵیان له‌گه‌ڵ‌ حکومه‌تی به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م شه‌ڕه‌ی دوایی پشتیان گرت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داعش، دیاترین ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ش بریتین له‌ ئه‌بو ریشه‌و فه‌هدو زیاب‌و عوبێدو عیساو بوعه‌لی‌و بوبالی‌و نمر.
 
زۆربه‌ی سه‌رۆکی ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ سکاڵایان له‌حکومه‌ت هه‌یه‌و تۆمه‌تباری ده‌که‌ن به‌وه‌ی گوێ‌ به‌شاره‌که‌یان نادات‌و متمانه‌ی به‌خه‌ڵکه‌که‌ی نییه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی چه‌کدارانی عه‌شیره‌ته‌کان شانبه‌شانی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌که‌وه‌ دژی داعش وه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ ئێران له‌پشت ئه‌م فه‌رامۆشکردنه‌وه‌یه‌.
 
مه‌حمود فه‌هداوی سه‌رۆکی یه‌کێک له‌عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کانی ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی وت "حکومه‌ت ده‌یه‌وێت خه‌ڵکی ئه‌نبارو عه‌شیره‌ته‌کان بخاته‌ به‌رده‌م دوو بژارده‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌چنه‌ پاڵ‌ داعش، یاخود رێبده‌ن چه‌کداره‌ شیعه‌کان بچنه‌ ئه‌نباره‌وه‌ بۆ شه‌ڕی داعش... حکومه‌ت نایه‌وێت عه‌شایه‌ره‌کان رۆڵیان هه‌بێت له‌ئازادکردنی ناوچه‌کانیان‌و ده‌یه‌وێت گروپه‌ شیعه‌کان ئه‌و کاره‌ بکه‌ن".
 
به‌قسه‌ی فه‌هداوی ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریکاو ئێران به‌ته‌واوی کاری کردووه‌ته‌ سه‌ر بارودۆخی ئه‌نبارو ئێستا عه‌شیره‌ته‌کان زیاتر متمانه‌یان به‌ئه‌مه‌ریکایه‌ وه‌ک له‌حکومه‌تی عێراق، واشنتۆنیش به‌ڵێنی پڕچه‌ککردنی پێداون، به‌ڵام ئێران ده‌یه‌وێت رێگری له‌و پرۆسه‌یه‌ بکات‌و عه‌شیره‌ته‌کان لاواز ببن‌و توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشیان نه‌بێت.
 
هه‌ینی رابردوو کۆنگرێسی ئه‌مه‌ریکی ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر یاسای به‌رگری ساڵانه‌ که‌ بڕه‌که‌ی زیاتره‌ له‌ 500 ملیار دۆلارو خه‌رجییه‌کانی پنتاگۆن له‌خۆده‌گرێت، به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ بڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ شه‌ڕی داعش ته‌رخانکراوه‌، له‌وه‌شدا بڕی 1.6 ملیار دۆلار بۆ پرۆگرامی ئاماده‌کردن‌و راهێنانی هێزه‌ عێراقی‌و کوردییه‌کان‌و عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کان ده‌بێت له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا، به‌ڵام ده‌بێت حکومه‌تی عێراقی رێژه‌ی له‌سه‌دا چلی تێچووی ئه‌و پرۆگرامه‌ له‌ئه‌ستۆ بگرێت.
 
به‌ڵام ئاخۆ چۆن ده‌کرێت پاره‌ی ئه‌مه‌ریکا بۆ عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کان خه‌رج بکرێت له‌کاتێکدا حکومه‌تی عێراق دژی پڕچه‌ککردنیانه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو چاک هێگڵی وه‌زیری ده‌ستله‌کارکێشاوه‌ی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا هه‌شتی ئه‌م مانگه‌ سه‌ردانی به‌غدای کرد.
 
هێگل له‌گه‌ڵ‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی عێراق تاوتوێی دۆزینه‌وه‌ی رێی یاساییان کرد بۆ پڕچه‌ککردن‌و پشتیوانی عه‌شیره‌ته‌کان، هه‌روه‌ها باسیان له‌ئه‌گه‌ری کاردانه‌وه‌ی ئێرانیش کردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌و هیگل ئاماده‌کاریی کردووه‌ بۆ هاتنی سه‌دان راوێژکاری نوێی ئه‌مه‌ریکی بۆ عێراق.
 
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مانه‌شدا له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ بارودۆخی ئه‌نبار له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌دایه‌، داعش هه‌موو رۆژێک هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر باره‌گا حکومییه‌کان، له‌پاڵ‌ ئه‌مه‌شدا چه‌ند سه‌رۆک عه‌شیره‌تێک هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان کردووه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌ت چه‌کیان نه‌داتێ‌ شه‌ڕی داعش راده‌گرن.
 
له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ئه‌وه‌ روونه‌ که‌ داعش حه‌وت شاری سه‌ره‌کی ئه‌نباری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌وانیش بریتین له‌فه‌لوجه‌و که‌رمه‌و راوه‌و عانه‌و هیت‌و قائیم‌و ره‌تبه‌، هه‌رچی حکومه‌ت‌و عه‌شیره‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌کانێتی ته‌نها سێ‌ شاری سه‌ره‌کییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وانیش بریتین له‌رومادی‌و حه‌دیسه‌و خالیدییه‌، ئه‌وانیش هه‌موو رۆژێک هێرشیان له‌سه‌ره‌و داعش چه‌ند ناوچه‌یه‌کی له‌رومادی‌و خالیدییه‌ گرتووه‌.
 
سه‌عد ئالوسی پسپۆڕی ئه‌منی‌و سه‌ربازی له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "حکومه‌ت ده‌بێت زۆر باش بزانێت رێگه‌گرتن له‌که‌وتنی ئه‌نبار زۆر ئاسانتره‌ له‌وه‌ی شاره‌که‌ بکه‌وێت‌و دواتر پلان بۆ ئازادکردنی دابنێت"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌هه‌ر ساتێکدا ئه‌نبار بکه‌وێته‌ ده‌ست داعش".
 
کێشه‌یه‌کی تر که‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ به‌رۆکی ئه‌نباری گرتووه‌ته‌وه‌ ململانێی نێوان عه‌شیره‌ت‌و حیزبه‌کانه‌ له‌سه‌ر پۆستی پارێزگار، پاش ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بڕیاریدا به‌ له‌سه‌رکار لابردنی ئه‌حمه‌د دلێمی پارێزگار که‌ سێ‌ مانگه‌ به‌هۆی برینداربوونه‌وه‌ دورکه‌وتووه‌ته‌وه‌.
 
دلێمی که‌سایه‌تییه‌کی سه‌ربه‌خۆیه‌و ساڵی رابردوو خۆپیشانده‌رانی شاره‌که‌ پاڵاوتیان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگارو کوتله‌ی موته‌حیدوونی ئوسامه‌ نوجێفی پشتیوانی کرد‌و به‌و هۆیه‌وه‌ بووه‌ پارێزگار.
 
له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ بڕیار وابوو نهێنی بێت له‌نێوان ئه‌حمه‌د دلێمی پارێزگارو نوری مالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئه‌و ده‌مه‌ له‌مانگی کانوونی یه‌که‌می ساڵی رابردوو، دلێمی به‌مالیکی ده‌ڵێت له‌ناو خۆپیشانده‌رانه‌ که‌سانی تیرۆریست‌و سه‌ر به‌داعشی تێدایه‌، مالیکیش ئه‌و به‌شه‌ی قسه‌کان به‌ڤیدیۆ دزه‌ پێده‌کات‌و به‌و هۆیه‌وه‌ خه‌ڵکی دلێمییان به‌خیانه‌تکار ناوبرد.
 
به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵڵا ئه‌منییه‌ی له‌ئه‌نبار هاته‌ ئاراوه‌و له‌رێی هێزه‌وه‌ بڵاوه‌ به‌خۆپیشانده‌ران کرا، دلێمی توانی له‌پۆسته‌که‌یدا بمێنێته‌وه‌، کاتێکیش شه‌ڕی سوپاو داعش ده‌ستی پێکرد، مانگی ته‌مموزی رابردوو له‌حه‌دیسه‌، دلێمی له‌پاڵ‌ عه‌شیره‌ته‌کان شه‌ڕی داعشی کردوو ئه‌وکات به‌سه‌ختی برینداربوو هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانیا بۆ چاره‌سه‌ر.
 
به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌کان‌و ئازایه‌تییه‌وه‌ به‌شێک له‌عه‌شیره‌ته‌کان بڕیاریاندا پشتیوانی دلێمی بکه‌ن‌و رابردوو له‌بیر بکه‌ن، به‌ڵام چه‌ند عه‌شیره‌ت‌و حزبێکی تر ده‌ستبه‌رداری رقه‌که‌یان نه‌بوون، له‌گه‌ڵ‌ ته‌وابوونی ماوه‌ی یاسایی ئاماده‌نه‌بوونی هه‌ر به‌رپرسێکیش که‌ به‌پێی ده‌ستور سێ‌ مانگه‌، هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بڕیاریدا دلێمی خانه‌نشین بکات‌و ئاماده‌سازی بکه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێکی تر.
 
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئێستا دلێمی له‌سه‌رکار لابردووه‌، به‌ڵام ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی پشتیوانییان ده‌کرد ئاماده‌نین دان به‌بڕیاره‌که‌دا بنێن‌و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌که‌ن، به‌و هۆیه‌وه‌ ناکۆکی که‌وتووه‌ته‌ ناو عه‌شیره‌ته‌کان له‌م کاته‌ خراپه‌ی داعش له‌هه‌موولایه‌که‌وه‌ په‌لاماری رومادی ناوه‌ندی پارێزگای ئه‌نبار ده‌دات‌و له‌هه‌ر کاتێکدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بکه‌وێته‌ ده‌ست داعش.

ئا : موسته‌فا حه‌بیب


زۆرترین خوێندراو