عێراقییه‌کان بێ‌ ئومێدن به‌رامبه‌ر به‌رێکه‌وتننامه‌‌که‌ى ‌ئه‌مه‌ریکا

1/16/2015 4:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

هاوڵاتیانی عێراق‌و به‌رپرسانی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مانتاران ده‌پرسن؛ سوودی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌ چییه‌ که‌ ساڵی 2008 عێراق له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریکا واژۆی کرد؟ به‌تایبه‌تی که‌ ئێستا ئه‌مه‌ریکا زۆر به‌هێواشی به‌ده‌م عێراقه‌وه‌ دێت له‌شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش.
 
له‌گه‌ڵ‌ قوڵبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی سوپاو میلیشیا شیعه‌کان‌و چه‌کدارانی عه‌شیره‌ته‌ سوننه‌کان له‌گه‌ڵ‌ داعش که‌ زیاتر له‌ساڵێکه‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌کانی عێراق به‌رده‌وامه‌، عێراقییه‌کان له‌وه‌ ده‌ترسن شه‌ڕه‌که‌ زیاتر له‌مه‌ بخایه‌نێت، به‌تایبه‌تی که‌ هیچ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ له‌به‌رامبه‌ر داعش تۆمار نه‌کراوه‌.
 
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌مانگی ئابی رابردووه‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ڕێی بۆردومانی ئاسمانی‌و ناردنی ده‌یان راوێژکاری سه‌ربازییه‌وه‌ پشتیوانی حکومه‌تی عێراقی ده‌کات له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ مایه‌ی به‌ده‌ستێهنانی سه‌رکه‌وتن‌و پێشڕه‌ویی گه‌وره‌.
 
ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت داعش 70%ی رووبه‌ری پارێزگاری ئه‌نباری به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و به‌ته‌واوی ده‌ستیگرتووه‌ به‌سه‌ر شاری موسڵدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شاره‌کانی بێجی‌و تکریت له‌پارێزگای سه‌لاحه‌دین‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی هه‌ردوو پارێزگای دیاله‌و که‌رکوکی کۆنترۆڵکردووه‌.
 
مانه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ پرسیاری زۆری لای هاوڵاتیانی عێراقی‌و به‌رپرسانی حکومه‌ت‌و په‌رله‌مانتاران دروستکردووه‌و له‌وه‌ ده‌پرسن ئاخۆ ده‌بێت سوودی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌ چی بێت که‌ حکومه‌تی عێراق له‌مانگی تشرینی دووه‌می 2008 له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریکا واژۆی کرد، له‌کاتێکدا به‌پێی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌ له‌کاتی هه‌ر مه‌ترسییه‌کی ئه‌منیدا ده‌بێت ئه‌مه‌ریکا پشتیوانی عێراق بکات.
 
ئه‌و رێکه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌ که‌ به‌نزیکه‌یی له‌دوو هه‌زار وشه‌ پێکهاتووه‌، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ هه‌ردوو وڵات له‌بواره‌کانی ئاسایش‌و سیاسی‌و دبلۆماسی‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و ته‌ندروستی‌و ژینگه‌و ته‌کنه‌لۆژیاو زانیاری‌و گه‌یاندن‌و دادوه‌ری هاوکاری یه‌کتر ده‌که‌ن‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ند لیژنه‌یه‌ک پێکهێنراوه‌.
 
له‌بواری ئاسایش‌و به‌رگری له‌به‌شی سێهه‌می رێکه‌وتننامه‌که‌دا هاتووه‌: "له‌پێناو چه‌سپاندنی ئاسایش‌و ئارامی له‌عێراق، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی ئاشتی‌و ئارامی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت رووبه‌رووی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ ببێته‌وه‌ که‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر سه‌روه‌ری‌و ئاسایش‌و خاکه‌که‌ی، هه‌ردوو وڵات کارده‌که‌ن بۆ گه‌شه‌پێدانی هاوکاری پته‌و له‌نێوانیاندا له‌بواره‌کانی به‌رگری‌و ئاسایش، بێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ سه‌روه‌ری خاک‌و ئاوو ئاسمانی عێراق ببرێت".
 
دوای تێپه‌ڕبوونی چوار مانگ له‌به‌شداری ئه‌مه‌ریکا له‌شه‌ڕی داعش، هێشتا ئه‌و رێکخراوه‌ به‌هێزه‌و شتێکی ئه‌وتۆی له‌و خاکه‌ له‌ده‌ست نه‌داوه‌ که‌ کۆنترۆڵی کردووه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ عێراقییه‌کان توڕه‌ن‌و له‌وه‌ ده‌پرسن چۆن زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت گورز له‌داعش بوه‌شێنێت؟
 
هه‌فته‌ی رابردوو چه‌ند په‌رله‌مانتارێک داوایانکرد رێکه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ئه‌مه‌ریکاو عێراق هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، له‌نێو ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شدا عالیه‌ نوسێفی په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌بوو که‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاندووه‌ "عێراق هیچ سوودێکی له‌رێکه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریکا نه‌بینیوه‌، به‌ڵکو بووه‌ته‌ بارگرانییه‌ک بۆی، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا گرنگترین به‌شی له‌پابه‌ندبوونه‌که‌ی خۆی جێبه‌جێنه‌کردووه‌ که‌ پاراستنی سیسته‌می دیموکراسییه‌ له‌عێراقدا، له‌کاتێکدا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌بوو به‌سه‌ر عێراقه‌وه‌".
 
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی ئه‌مه‌ریکا رێبه‌رایه‌تی ده‌کات له‌ئاستی پێویستدا نییه‌و ناگونجێت له‌گه‌ڵ‌ تواناو قه‌باره‌ی ئه‌و وڵاته‌ گه‌ورانه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بیانوسیتایه‌ به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌کی که‌م پشتی داعشیان ده‌شکاند".
 
نیازی ئۆغلۆ که‌ په‌رله‌مانتارێکی تره‌، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێکه‌وتننامه‌که‌ ده‌کات‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه‌ رێی له‌عێراق گرتووه‌ خۆی پڕچه‌ک بکات، چونکه‌ ئه‌مه‌ریکا به‌ڵێنی پڕچه‌ککردنی پێداوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا به‌ڵێنه‌که‌ی نه‌برده‌ سه‌ر له‌کاتێکدا تا ئه‌وپه‌ڕی پێویستمان به‌چه‌که‌".
 
ئه‌م ره‌خنانه‌ هانی کوتله‌ی ئه‌حراری سه‌ به‌ڕه‌وتی سه‌دری داوه‌ که‌ ناسراون به‌دژایه‌تی ئه‌مه‌ریکا بۆ ئه‌وه‌ی واژۆی په‌رله‌مانتاران کۆبکه‌نه‌وه‌‌و بیده‌نه‌ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان تا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ رێکه‌وتننامه‌که‌ بکه‌ن.
 
به‌پێی ده‌ستوری عێراقی هه‌ر 25 په‌رله‌مانتارێک پێکه‌وه‌ بۆیان هه‌یه‌ باسێک له‌په‌رله‌مان بخه‌نه‌ روو بۆ گفتوگۆکردن، هه‌روه‌ها داوای ئاماده‌بوونی سه‌رۆکی حکومه‌ت بکه‌ن، په‌رله‌مانتارانى ده‌توانن به‌ده‌نگی 218 په‌رله‌مانتار له‌کۆی 328 په‌رله‌مانتار هه‌ر رێکه‌وتننامه‌یه‌ک هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.
 
به‌ڵام زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌دارو به‌رله‌پرسانی عێراقی نازانن که‌ ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکای ناچار نه‌کردووه‌ پابه‌ندبێت پێوه‌ی، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د روبێعی پسپۆڕی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئاماژه‌ی پێده‌کات.
 
روبێعی به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه‌ هیچ بڕگه‌یه‌کی تیا نییه‌ هه‌ردوو لایه‌ن ناچار بکات به‌پابه‌ندبوون، ئه‌و وشانه‌ی به‌کارهاتوون پاڵپشتی‌و پشتگیرین بۆ عێراق، بێ‌ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی پاڵپشتییه‌که‌ ده‌ستنیشان بکات".
 
به‌پێی قسه‌ی روبێعی هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی ئه‌و رێکه‌وتننامه‌یه‌ ده‌توانن پابه‌ند نه‌بن به‌هه‌ر بڕگه‌یه‌که‌وه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی یاسایی دروست بکات، چونکه‌ رێکه‌وتننامه‌که‌ هیچ بڕگه‌یه‌کی سزادانی تیا نییه‌و جێبه‌جێکردنی زۆره‌ملێ‌ نییه‌، به‌ڵکو ئه‌مه‌ریکاو عێراق سه‌ربه‌ستن له‌جێبه‌جێکردن یان نه‌کردنی.
 
ده‌یڤد ساترفێڵد به‌رێوه‌به‌ری پێشووی کارگێڕی له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق له‌یه‌کێک له‌دانیشتنه‌کانی ساڵی 2008 به‌لیژنه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌رکیای وتووه‌، ئه‌م رێکه‌وتننامه‌یه‌ هیچ لایه‌نێکی ناچار نه‌کردووه‌ پابه‌ندبن پێوه‌ی‌و هه‌ر کاتێک لایه‌نێکیان بیه‌وێت ده‌توانێت هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌.
 
بابه‌تێکی تر که‌ خه‌ڵکی عێراقی له‌ئه‌مه‌ریکا توڕه‌ کردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ‌ له‌و میلیشیایانه‌ی له‌پاڵ‌ سوپای عێراقی شه‌ڕی داعش ده‌که‌ن، به‌مدواییه‌ رایانگه‌یاندووه‌ که‌ فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌رێی په‌ڕه‌شووته‌وه‌ به‌فرۆکه‌ چه‌ک‌و هاوکاریی سه‌ربازییان بۆ داعش به‌رداوه‌ته‌وه‌.
 
لیوا "عه‌لی ئه‌کبه‌ر" که‌ ناوی یه‌کێک له‌و میلیشیایانه‌یه‌و له‌پارێزگای سه‌لاحه‌دین شه‌ڕی داعش ده‌کات به‌فه‌رمی رایگه‌یاند که‌ به‌هێلیکۆپته‌ر ئه‌مه‌ریکا له‌ناوچه‌ی "یه‌سریب" له‌پارێزگای سه‌لاحه‌دین چه‌کی بۆ داعش به‌رداوه‌ته‌وه‌.
 
چه‌ند به‌رپرسێکی میلیشیای "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌سه‌رۆکایه‌تی قه‌یس خزعه‌لی‌و "سه‌رایا سه‌لام" به‌سه‌رۆکایه‌تی موقته‌دا سه‌در جه‌ختیان له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ چه‌کداره‌کانیان به‌چاوی خۆیان بینیویانه‌ ئه‌مه‌ریکا چه‌کی بۆ داعش به‌رداوه‌ته‌وه‌.
 
هه‌رچه‌نده‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌به‌غدا به‌ته‌واوی ره‌تیکرده‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌ی هیچ چه‌کێکی به‌داعش دابێت، به‌ڵام رۆژ به‌رۆژ ره‌خنه‌ی عێراقییه‌کان له‌ئه‌مه‌ریکا زیاد ده‌کات، ئه‌وان ده‌پرسن: چۆن ئه‌مه‌ریکا به‌و هێزه‌ زه‌به‌لاح‌و چه‌ک‌و چۆڵه‌ زۆره‌وه‌ ناتوانێت داعش له‌ناو ببات که‌ ئێستا سێیه‌کی خاکی عێراقی به‌ده‌سته‌و سه‌ربه‌ستانه‌ تیایدا ده‌سوڕێته‌وه‌؟.
 
به‌شێکیش له‌چاودێران پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت روونه‌، چونکه‌ ئێران به‌ئاشکرا هه‌ژموونی به‌سه‌ر هێزه‌ شیعه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ر ئه‌وانیشن فشار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی رێکه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌که‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و پێی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق ببڕن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئێران زیاتر ده‌توانێت شوێنپێی خۆی بکاته‌وه‌و باڵاده‌ستییه‌که‌ی بسه‌لمێنێت.

ئا : موسته‌فا حه‌بیب 


زۆرترین خوێندراو