دانیشتوانی ناوچه‌کانی به‌ره‌ی جه‌نگ له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گیرۆده‌ بوون

1/23/2015 4:36:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
‌نیقاش 

خه‌ڵکی ئه‌و گوندو شارانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕی نێوان سوپاو هێزه‌ شیعه‌کان‌و چه‌کدارانی داعشه‌وه‌ له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ تووشی ده‌رده‌سه‌ری بوون، چونکه‌ هه‌ر یه‌کێک له‌و گروپانه‌ به‌سیخوڕی لایه‌که‌ی تریان ده‌زانێت.
 
هه‌فته‌ی رابردوو له‌سه‌ر تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڤیدیۆی پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن له‌گوندێکی باکوری به‌غدا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له‌ناو خه‌ڵکیدا بینرا، کاتێک ئه‌و پیاوه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌کدارانی داعش ده‌کات له‌گونده‌که‌ی خۆیان‌و وه‌سفی ئه‌وان ده‌کات‌و قسه‌ به‌سوپای عێراقی‌و میلیشیا شیعه‌کان ده‌ڵێت.
 
پاش چه‌ند رۆژێک له‌م رووداوه‌ سوپاو میلیشیا شیعه‌کان ده‌ستیان گرته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گونده‌داو ئه‌و پیاوه‌یان ده‌ستگیرکرد، ئه‌ویش رایگه‌یاند که‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردووه‌و به‌زه‌بری هێز ئه‌و قسانه‌یان پێکردووه‌.
 
ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌ریده‌خات که‌ گوزه‌رانی دانیشتوانی ناوچه‌کانی جه‌نگ له‌ چ بارودۆخێکدایه‌و چۆن له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ به‌سیخوێ‌ ده‌بینرێن‌و بوونه‌ته‌ قوربانی شه‌ڕو بۆردومان‌و گه‌مارۆو ده‌ستگیرکردن.
 
له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری عێراق ده‌یان به‌ره‌ی شه‌ڕ له‌نێوان داعش‌و سوپای عێراقی‌و هاوپه‌یمانه‌کانیدا هه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ری خۆرئاوا له‌ئه‌نبار تا ده‌گاته‌ باکور له‌موسڵ‌‌و سه‌لاحه‌دین، له‌خۆرهه‌ڵات له‌دیاله‌، به‌هه‌زاران که‌سی دانیشتوانی گوندو شاره‌کانی به‌ره‌کانی جه‌نگ سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی بۆردومان گه‌مارۆ له‌ماڵ‌‌و حاڵی خۆیاندا ماونه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌یان به‌باشتر زانیوه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاواره‌ ببن.
 
که‌ریم ناسڕی که‌ جوتیارێکی نیشته‌جێی ناوچه‌ی ته‌ئمیمی نزیک شارۆچکه‌ی بێجییه‌، به‌"نیقاش"ی وت "ناوه‌ ناوه‌ داعش ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر ناوچه‌که‌داو وه‌ها له‌خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌ڕوانێت که‌ کرێگرته‌ی سوپان، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ سوننه‌ین".
 
ناسڕی درێژه‌ به‌قسه‌کانی ده‌دات‌و ده‌ڵێت "داعش چه‌ند که‌سێکی له‌خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌ستگیرکردووه‌ به‌بیانووی هاوکاریی کردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان، هه‌فته‌ی رابردووش کاتێک داعش هه‌ڵات‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هاتنه‌ ناوه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌کرێگرته‌و سیخوڕی داعشمان ده‌زانن.. هیچ لایه‌ک متمانه‌ی به‌ئێمه‌ نییه‌".
 
له‌و ناوچانه‌ی که‌ داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرتوون چه‌ندین گرتووخانه‌ی کردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی کاتیش دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌ت وه‌ک باڵه‌خانه‌ی زانکۆ یان ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌کاته‌ گرتوخانه‌و ئاڵای خۆی لێ‌ هه‌ڵده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌فرۆکه‌ی هاوپه‌یمانان بشیوێنێت‌و بۆردومانی بکه‌ن.
 
له‌یه‌کێک له‌جاره‌کان فرۆکه‌یه‌کی هاوپه‌یمانان گرتوخانه‌یه‌کی موسڵی بۆردومان کردووه‌ که‌ ده‌یان کارمه‌ندی پێشووی هێزه‌ ئه‌منییه‌مانی تیا گیراوه‌، داعش سوودی له‌و رووداوه‌ بینی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ زیاتر له‌دژی حکومه‌ت‌و ئه‌مه‌ریکا هانبدات.
 
ئه‌مڕۆ عێراق چه‌ندین به‌ره‌ی شه‌ڕی جیاواز هه‌یه‌ که‌ چه‌ند مانگێکه‌ شه‌ڕی تیا ده‌کرێت‌و زیانی گه‌وره‌ی به‌هێزو تواناکانی هه‌ردوولا گه‌یاندووه‌.
 
ئه‌فسه‌رێکی پله‌ به‌رز له‌وه‌زاره‌تی به‌رگری که‌ داوایکرد ناوی نه‌هێنرێ به‌"نیقاش"ی وت "ژماره‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ‌ داعش نزیکه‌ی 30 به‌ره‌یه‌ له‌پارێزگاکانی ئه‌نبارو سه‌لاحه‌دین‌و دیاله‌و موسڵ‌و نزیک هه‌ولێر، رۆژانه‌ش ئه‌م ناوچانه‌ شه‌ڕی گه‌وره‌یان تیا ده‌کرێت".
 
ئه‌فسه‌ره‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کان له‌و گوندو شارۆچکانه‌ ده‌کرێن که‌ خه‌ڵکیان تێدایه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌ نه‌بن چۆڵی ناکه‌ن، هه‌روه‌ک چۆن داعش خه‌ڵکی هه‌ندێ‌ ناوچه‌ ناچار ده‌کات بمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ وه‌ک قه‌ڵغانی مرۆیی به‌کاریان بهێنێت.
 
له‌باره‌ی گله‌یی خه‌ڵکی ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ که‌ سوپا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵکه‌که‌ خراپ نییه‌و هه‌ندێجار میلیشیا شیعه‌کان ره‌فتاری نابه‌جێ‌ ده‌که‌ن، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ بۆ ئه‌ندامانی داعش ده‌گه‌ڕێین له‌ناو خه‌ڵکه‌که‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی داعش عێراقین وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو که‌سێک ده‌یزانێت".
 
له‌شاری بوهروزی پارێزگای دیاله‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا، مه‌جید عوبێدی خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌ڵێت "گوندو شاره‌کانمان بوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی پێکدادانی داعش‌و میلیشیاکانی شیعه‌.. به‌رده‌وام شه‌ڕی لێده‌و هه‌ڵێ‌ له‌هه‌ردوولاوه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت".
 
عوبێدی که‌ برایه‌کی له‌سه‌ر ده‌ستی میلیشیا شیعه‌کان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ‌ داعش رفێندراوه‌، ده‌ڵێت "داعش‌و میلیشیا شیعه‌کان هه‌ردوولا به‌خراپی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ن‌و هه‌رلایه‌کیان به‌سیخوڕی ئه‌وه‌ی ترمان ده‌زانن".
 
یه‌کێکی تر له‌و کێشانه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌کانی شه‌ێ‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنن وێرانبوونی ماڵ‌و حاڵ‌و نه‌مانی ئاوو کاره‌باو خزمه‌تگوزارییه‌، به‌ڵام کێشه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌تر ئه‌و کاتانه‌یه‌ که‌ له‌هه‌ردوولاوه‌ گه‌مارۆ ده‌درێن‌و ناتوانن بۆ هێنانی خواردن‌و سوته‌مه‌نی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.
 
هه‌ر بۆ نموونه‌ ناوچه‌ی خالیدییه‌ی خۆرهه‌ڵاتی رومادی له‌ئه‌نبار ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ گه‌مارۆدراوه‌، نه‌عیم دلێمی یه‌کێک له‌سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌"نیقاش"ی وت "خواردنمان لێبڕاوه‌و ئه‌مانه‌وێ‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام سوپا گه‌مارۆی خستووینه‌ته‌ سه‌ر".
 
دلێمی ده‌شڵێت "له‌چه‌ند لایه‌کی تریشه‌وه‌ داعش گه‌مارۆی داوین ناهێڵێت که‌س بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو قه‌ڵغانی مرۆیی به‌کارمان بهێنن.. جگه‌ له‌خواردن که‌لوپه‌لی پزیشکیشمان لێ‌ بڕاوه‌".
 
له‌هه‌موو ساتێکدا خه‌ڵکی ناوچه‌کانی شه‌ێ‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ی مردنیان له‌سه‌ره‌، ئه‌وان بوونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و ململانێ‌ سه‌ربازییه‌ی چه‌ند مانگێکه‌ به‌رپا بووه‌، هه‌ندێکیان له‌و ماوه‌یه‌دا ئاواره‌بونیشیان تاقیکرده‌وه‌، به‌ڵام دواجار گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیان به‌چاره‌سه‌ر زانی سه‌ره‌ڕای هه‌موو مه‌ترسییه‌کان.

ئا : موسته‌فا حه‌بیب


زۆرترین خوێندراو