عێراق بۆته‌ ته‌گه‌ره‌ له‌ناساندنى کۆمه‌ڵکوژی تاوانه‌کانى ده‌ستى داعش

2/24/2015 3:59:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌و تاوانانه‌ى له‌دژى هاوڵاتیانى مه‌ده‌نیى عیراق وهه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن چه‌کدارانى رێکخراوى تێرۆرستى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى نا سراو به‌ داعش ئه‌نجامدران ده‌کرێ بخرێنه‌ خانه‌ى تاوانى کۆمه‌ڵکوژی، به‌ڵام به‌ ئه‌ندامنه‌بوونى عیراق له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ته‌ ته‌گه‌ره‌ له‌به‌ر هه‌وڵه‌کانى ناساندنى یاسایى ئه‌و تاوانانه‌ به‌ کۆمه‌ڵکوژی.

مه‌حمود حاجى ساڵح، وه‌زیرى کاروبارى شه‌هید وئه‌نفالکراوان، وسه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌کانى دژ به‌مه‌سیحى وکوردى ئێزدی، ئه‌م خاڵه‌ى پشتڕاستکرده‌وه‌ ودووپاتیکرده‌وه‌ که‌ "تا ئێستا عیراق ئاماده‌ نیه‌ ببێته‌ ئه‌ندام له‌و دادگایه‌دا، به‌م شێوه‌یه‌ش رێکارى یاسایى له‌به‌رامبه‌ر به‌جینۆسایدناساندنى ئه‌م تاوانانه‌ به‌ڕێگایه‌کى سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت".

وه‌زیرى کاروبارى شه‌هید وئه‌نفالکراوان له‌لێدوانێکى تایبه‌ت به‌ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، "مه‌رجى هه‌ره‌ سه‌ره‌کى دادگاییکردنى ڕێکخراوى تێرۆریستى داعش و به‌جینۆسایدناساندنى تاوانى دژ به‌ کوردى ئێزیدى و پێکهاته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى دیکه‌، به‌ئه‌ندامبوونى عیراقه‌ له‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تیدا، به‌ڵام له‌میانه‌ى گفتوگۆى لیژنه‌که‌یان له‌گه‌ڵ سێ باڵوێزى عێراق له‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌تى ئه‌ورووپاییدا، وا روون بۆوه‌ که‌ عێراق ئاماده‌ نیه‌ ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگاى ناوبراودا".

وه‌زیر رایگه‌یاند، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى عیراق رێگره‌ له‌به‌رده‌م دروستبوونى دادگایه‌کى له‌م جۆره‌ له‌عیراق وله‌هه‌رێمى کوردستان وله‌ یاساى عێراقیدا هیچ بڕگه‌یه‌ک نیه‌ باس له‌ کۆمه‌ڵکوژى بکات، بۆیه‌ تاکه‌ چاره‌سه‌رى له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه‌ "عێراق ڕازى بکرێت که‌ ته‌نها بۆ ئه‌م که‌یسه‌ ڕه‌زامه‌ندى بداته‌ دادگا بۆ ئه‌وه‌ى لێى بکۆڵێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌وڵێکى زۆرى ده‌وێت له‌لایه‌ن نوێنه‌رانى کورد له‌ مه‌رکه‌زى بڕیاردان له‌ حکومه‌تى فیدرالى بۆ ده‌رکردنى بڕیارێکى له‌و جۆره‌ به‌مه‌رجێک عێراق که‌یسى دیکه‌ى له‌گه‌ڵدا تێکه‌ڵ نه‌کات".

دواى هێرشه‌کانى داعش بۆ سه‌ر مووسڵ وچه‌ندین ناوچه‌ى ده‌ورووبه‌رى که‌ زۆرینه‌ى دانیشتوانى کوردى ئێزدى وپێکهاته‌ ئایینیه‌کانى دیکه‌ن، چه‌ندین تاوانى کوشتارى له‌دژیاندا ئه‌نجامدا. هه‌ربۆیه‌ش، حکومه‌تى هه‌رێم به‌پێى فه‌رمانى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌ 17ى ئاب 2014دا لیژنه‌یه‌کى بۆ ئه‌م پرسه‌ پێکهێنا وهه‌ر زوو لیژنه‌که‌ ده‌ستیکرد به‌ کۆکردنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌کى زۆرى به‌ڵگه‌نامه‌و کورته‌ فیلم ووه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هید وئه‌نفالکراوانیش ناوه‌ندێکى تایبه‌ت به‌ لێکۆلینه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ ‌و تاوانى له‌ دهوک دامه‌زراند که‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 300 دوسێى ئاماده‌کردووه‌ و لێکۆلینه‌وه‌ لێیان به‌رده‌وامه‌و 65 دۆسێیان بۆ دادگا ئاماده‌یه‌.

ووتیشى  به‌ئه‌ندامبوونى عیراق له‌و دادگایه‌دا به‌رپرسیارێتى قورس ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى که‌ ره‌نگه‌ نه‌توانێ جێبه‌جێى بکات. بۆیه‌ به‌هه‌ر بیانوێک بێت خۆى ئه‌و پرسه‌ى پشتگوێخستووه‌، هاوکات ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئه‌گه‌ر ئه‌م رێکاره‌ یاساییه‌ ورێکاره‌ پێشنیارکراوه‌کانى دیکه‌ سه‌رنه‌که‌وت ئه‌وا پێویسته‌ "له‌ڕێى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بڕیارێکى تایبه‌ت ده‌ربکرێت بۆ ده‌ستبه‌کاربونى دادگا له‌ که‌یسى ناوبراو یاخود بۆ دامه‌زراندنى دادگایه‌کى تایبه‌ت به‌و که‌یسه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ى دادگاى تاوانه‌کانى یوگوسلاڤیا و دادگاى تاوانه‌کانى ڕواندا".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، ئه‌و لیژنه‌یه‌ى خۆى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات پێشنیارى کردووه‌ شاندێک "بنێرێته‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى عیراق  ووه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و دادى به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى بۆ سپاردنى ئه‌م که‌یسه‌ به‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى و وڵاتانى ئه‌ندامانى هه‌میشه‌یى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بهێنرێنه‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ى بڕیارێکى تایبه‌ت به‌ مه‌به‌ستى سپاردنى که‌یسه‌که‌ به‌ دادگاى تاوان ده‌ربکات".

مه‌حمود حاجى ساڵح، ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسى کارى یه‌ک لایه‌نه‌ى له‌باره‌ى ئه‌م که‌یسانه‌وه‌ کرد وراشیگه‌یاند که‌ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌موو رێکارێکى یاسایى ده‌گرێته‌به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له‌و هه‌وڵانه‌ى که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ده‌یده‌ن بۆ ناساندنى کوردى ئێزدى وه‌کو گه‌لێکى جیاواز له‌ کورد و خۆجیاکردنه‌وه‌ له‌ گه‌لى کوردستان. به‌پێویستیشى زانى پرسى پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕى دژى تیرۆر به‌ته‌واوى بۆ باسکردنى ئه‌م پرسه‌ سوودى لێوه‌ربگیرێت.

بۆ باسکردنى ئه‌و پرسه‌ وخستنه‌ڕووى ئه‌و تاوانانه‌ى له‌دژى کوردى ئێزدى ومه‌سیحى ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ به‌ده‌ستى داعشه‌وه‌بوون، رۆژانى 8 و 9ى شوباتى رابردوو له‌هۆڵى مامۆستا سه‌عد عه‌بدوڵلا له‌ هه‌ولێر، کۆنفڕانسێک به‌به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وژماره‌یه‌کى زۆر له‌ رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان وشاره‌زایان له‌بوارى یاساى نێوده‌وڵه‌تى وکۆمه‌ڵکوژى وچه‌ندین که‌سایه‌تى ئایینى ئیسلام ومه‌سیحى وئێزدى به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا له‌چه‌ندین دانیشتنى جیاوازدا باس له‌و رێوشوێن وچاره‌سه‌ریه‌ یاساییانه‌ کرا که‌ پێویسته‌ بۆ به‌جیهانى ناساندنى ئه‌م تاوانانه‌ بگیرێنه‌ به‌ر، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌رگرتنى شایه‌دى ژماره‌یه‌ک له‌ رزگاربووان له‌ ده‌ستى تیرۆریستان له‌باره‌ى ئه‌و تاوانانه‌ى له‌دژى ئه‌واندا کراون.

نیهاد قازى سه‌رۆکى رێکخراوى پاراستنى ئایینه‌کانى عیراق له‌لێدوانێکى تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مه‌ترسى خۆى له‌ئاینده‌ى ئایینه‌کانى عیراق وناوچه‌که‌ نیشاندا ودووپاتیکرده‌وه‌ له‌دواى هێرشه‌کانى داعش بۆ سه‌ر عیراق وبه‌کۆمه‌ڵکوشتنى ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ئێزدى ومه‌سیحى وته‌نانه‌ت موسڵمانیش به‌جیاوازى ئایین ومه‌زهه‌به‌کانیانه‌وه‌، ناوچه‌که‌ى خسته‌ ژێر مه‌ترسیه‌کى زۆر گه‌وره‌ که‌ ده‌رچوون لێى کارێکى ئاسان نییه‌ وبه‌تاکه‌ که‌س ولایه‌ن ناکرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "پێویسته‌ حکومه‌تى عیراق درک به‌و مه‌ترسیه‌ بکات که‌ زۆر ده‌مێکه‌ هۆشدارى له‌باره‌وه‌ دراوه‌ و ئه‌و وێنه‌ سلبیه‌ى له‌باره‌ى ره‌وشى مه‌ترسیدارى ئایینه‌کان تیایدا نه‌مێنێت وهه‌نگاوى جدیتر بۆ ده‌رچوون له‌و گرفتانه‌وه‌ بنێت".

قازى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو،" له‌میانه‌ى ئه‌و کۆنفڕانسه‌ى له‌هه‌ولێردا به‌ڕێوه‌چوو، هه‌موو لایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕابوون که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیدا پاڵپشتى که‌یسه‌کانى کۆمه‌ڵکوژى کوردى ئێزدى ومه‌سیحى بکرێت وچیتریش کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ئاست ئه‌و تاوانانه‌ بێ ده‌نگ نه‌بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌بێ هه‌وڵى جدى حکومه‌تى عیراق کارێکى ئاسان نیه‌".
 



زۆرترین خوێندراو