117 هه‌مین ساڵیادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى

4/21/2015 9:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

بڕیاره‌ سه‌بى چوارشه‌ممه‌ 22 ى نیسانى 2015 له‌به‌شى راگه‌یاندنى زانکۆى سلێمانى یادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى بکرێته‌وه‌ .

یاده‌که‌ به‌رکدنه‌وه‌ى ستۆدیۆى به‌شى راگه‌یاندن ده‌ستپێده‌کات و دواتر پێشانگاى وێنه‌یى ده‌کرێته‌وه‌ که‌له‌لایه‌ن خوێندکارانه‌وه‌ ئاماده‌کراوه‌ ، هه‌رله‌یاده‌که‌دا چه‌ندین گرته‌ى ڤیدیۆى کارى خوێتندکارانى به‌شى راگه‌یاندن نمایش ده‌کرێت .

هه‌روه‌ها له‌یاده‌کدا چه‌ند پرسێکى گرنگ و تایبه‌ت به‌ کارى راگه‌یاندن گفتوگۆیان له‌باروه‌ ده‌کرێت .


به‌یاننامه‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان له‌یادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردیدا 

جه‌ماوه‌رنیوز

به‌بۆنه‌ى 117ـه‌مین ساڵایادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردییه‌وه‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان په‌یامێک بڵاوده‌کاته‌وه‌و پیرۆزبایى له‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌کات، که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

به‌یاننامه‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان له‌ 117 ساڵیادى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى و 17 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستاندا.
رۆژنامه‌نوسانى ئازیز 

تێپه‌ڕبوونى (117) ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونى یه‌که‌مین رۆژنامه‌ى (کوردستان) مێژوویه‌ک و شانازیه‌کى گه‌وره‌ى گه‌لى کورده‌، ده‌کرێت وه‌کو رێنیسانسێکی، نیشتیمانى و میدیایى کوردى سه‌یربکرێت. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ستکه‌وت، ئه‌زموون و ئه‌فراندن. و لایه‌نه‌ گه‌ش و پرشنگداره‌کانى ڕۆژنامه‌گه‌رى کوردى ئه‌مڕۆمان. درێژه‌ى هه‌مان کاروانى کوردستان و میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و سه‌دان قه‌ڵه‌م و نووسه‌رو رۆشنبیرى شه‌هیدو و مێژووى خه‌بات، تێکۆشانى سیاسی، میدیایی، کلتورى و فه‌رهه‌نگى رابردوو و ئێستایه‌.

هاوکات له‌گه‌ڵ (117) ساڵه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى کوردى و (17) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى کوردستان. ئه‌رک و کارو رۆڵى نیشتمانی، میدیایى ئێوه‌و ئێمه‌، قورسترو گه‌وره‌تر ده‌بێت. چ له‌ڕووى به‌رپرسیارێتى میدیاییه‌وه‌. که‌ ده‌بێت مامه‌ڵه‌ى به‌رپرسیارانه‌ له‌گه‌ڵ روداو، هه‌واڵ و پێشهاته‌کان بکه‌ین، یاساو ئیتیکى رۆژنامه‌وانى له‌به‌رچاو بگرین. چ له‌بوارى نیشتمانی، میدیا ببێته‌ فاکته‌رى پێداگرى له‌سه‌ر ئه‌زموونى هه‌رێمى کوردستان، یه‌ک گوتارى و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌کان، به‌تایبه‌تى له‌ کات و ساتێکى وه‌ک ئێستادا. که‌ له‌لایه‌ن گروپگه‌لێکى وه‌ک داعش و هاوشێوه‌کانى که‌ هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر کۆى سیستمى سیاسى هه‌رێم و ئازادیه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان، ئازادى راگه‌یاندن و عه‌قیده‌و به‌یان و رۆژنامه‌نووسان، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئێستا له‌هه‌رکاتێک زیاتر، میدیا ئه‌رک و به‌رپرسیارێتى بکه‌وێته‌ سه‌رشان.

له‌ ئێستاو له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، زیاتر له‌هه‌ر کارێکى تر میدیاو رۆژنامه‌گه‌رى کوردى به‌هه‌موو ئایدیا، بۆچوون و ده‌ربڕینێکه‌وه‌، به‌هه‌موو ره‌نگ، بۆچوون، زمان و په‌یامێکه‌وه‌. پێویستیمان به‌ هاوهه‌ڵوێستى و یه‌کگرتوویى گوتارى کوردى هه‌یه‌، که‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌کان روونبکرێته‌وه‌، میدیاکانى کوردستان هاوشانى سه‌نگه‌رو به‌رخودانى هێزى پێشمه‌رگه‌، رۆڵى ئه‌فراندن و هۆشیارى فکرى تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگا ببینن. که‌ دڵنیاین زۆریان کردو که‌میان نه‌وتووه‌.

 به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ره‌هه‌ندو ئازادییه‌کانى رۆژنامه‌گه‌رى ئه‌رکى په‌رله‌مان، دادگاکان، حکومه‌ت و داموده‌زگاکانیه‌تی، که‌ رێز له‌پیشه‌ى پیرۆزى رۆژنامه‌نوسان بگرن و کار به‌ به‌ندو ماده‌کانى یاساى ژماره‌ (35) ى ساڵى (2007)ى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ کوردستان و یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى بکه‌ن. مافه‌ یاسایی، ماددى و پیشه‌ییه‌کیان ده‌سته‌به‌ربکه‌ن. تا ئه‌وپه‌ڕى ئازادى و دور له‌هه‌ر سانسۆرێک فه‌زاى ئازاد فه‌راهه‌مبکرێت، پێویسته‌ که‌یسه‌کانى تیرۆرکردنى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان به‌ دۆزینه‌وه‌ى بکه‌ره‌کانیان، ببرێنه‌ به‌رده‌م دادگاو سزابدرێن، به‌دواداچوون بکرێت بۆ راپۆرته‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌کانى لیژنه‌ى داکۆکی. له‌به‌رامبه‌ردا رۆژنامه‌نوسانیش ده‌بێت پابه‌ندى ئه‌و یاسایانه‌و ئه‌رکه‌ پیشه‌ییه‌کانى خۆیان بن. واته‌ هه‌ردوولا به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ده‌توانن ته‌واوکه‌رى پرۆسه‌که‌ بکه‌ن.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌پێشوو رامانگه‌یاندووه‌ که‌ سه‌ندیکا سه‌کۆى کۆبونه‌وه‌ى هه‌موو رۆژنامه‌نوسانه‌، به‌ جیاوازى ئایدیا، ره‌نگه‌کانه‌وه‌و داکۆکى سه‌رسه‌ختى هه‌میشه‌یى ئه‌وان بووه‌و ده‌بێت. له‌ ئێستاشدا سه‌ره‌ڕاى خزمه‌تکردنى رۆژنامه‌نوسان به‌مافى ئه‌ندامێتی، ده‌رچوونى یاساى ژماره‌ (35) و یاساى ماف و به‌ده‌ستهێنانى زانیاری، راپۆرته‌کانى لیژنه‌ى داکۆکی، گۆڤارى رۆژنامه‌نوس، الێحفی، یاساى خانه‌نشینی، راژه‌و خزمه‌ت بۆ ئه‌ندامانی، کۆکردنه‌وه‌ى رۆژنامه‌نووسانى هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان له‌ژێر چه‌ترى خۆیدا. هاوکاریان، خول و پڕۆژه‌و راهێنان، جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر کارکردن به‌گرێبه‌ست له‌نێوان رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاکانى راگه‌یاندن، وه‌رگرتنى زه‌وی، ئه‌ندامبوونى له‌ فیدراسیۆنى رۆژنامه‌نوسان نێوده‌وڵه‌تى (IFJ) وه‌کو یه‌که‌م سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانى بێ ده‌وڵه‌ت، له‌ئاستى جیهاندا، به‌شدارى له‌زۆربه‌ى کۆڕو سیمیناره‌کان له‌ مه‌حفه‌لى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تی. که‌ بێگومان هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ ئه‌گه‌ر که‌میش بن له‌ئاستى رۆڵ و قوربانیدانى رۆژنامه‌نووسان نه‌بن. به‌ڵام به‌دڵنییاییه‌وه‌ به‌پشتیوانى و هه‌وڵى هه‌موو رۆژنامه‌نووسانى ده‌زانین.

له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ئێستادا بۆ پاڵپشتى یاساو کاره‌کانى رابردووی، سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان (مانیفێستى کارى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ کوردستان)دا رایگه‌یاندووه‌، به‌ڵام دیسان ئه‌م یاده‌ به‌رز راده‌گیرێت و خوازیاره‌ ساڵیادى رۆژنامه‌گه‌رى ئه‌مساڵ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌کى باشتر له‌ رابردوو بۆ میدیایه‌کى نیشتیمانی، نه‌ته‌وه‌یى و یه‌کگوتارى له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو مه‌ترسییه‌کان، سه‌ره‌ڕاى تێڕوانینه‌ جیاوازه‌کان، چونکه‌ میدیایه‌ که‌ ده‌توانێت ئاشته‌وایى نیشتیمانی، کۆمه‌ڵایه‌تى سیاسى و بگره‌ کوردستانیش دروستبکات و ئیتر ئه‌و قۆناغه‌ تێپه‌ڕێنێت له‌سه‌ر شته‌ بچوکه‌کان بوه‌ستێت و دوربکه‌وێته‌وه‌ له‌قۆناغى حزبایه‌تى به‌رته‌سک و کارو روماڵى لۆکاڵی. پێویسته‌ میدیاى کوردى ببێته‌ میدیایه‌کى گڵوباڵ، پردى په‌یوه‌ندی، هه‌ستى نیشتیمانی، ئازادیخوازی، عه‌داله‌ت و خۆشگوزه‌رانی، مژده‌ى ئاینده‌یه‌کى گه‌شدارترو پێ‌ ئومێدتر بێت بۆ هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان، که‌ به‌قۆناغى دواى راپه‌ڕیندا، ده‌گاته‌ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى و تا بۆ یه‌که‌مینجاره‌ هێزه‌کانى هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان دژ به‌داعش ده‌بنه‌ به‌ره‌یه‌ک و ره‌نگدانه‌وه‌ى گه‌وره‌و گرنگى هه‌بوو له‌ میدیاى کوردیدا. هه‌روه‌ک له‌م پێناوه‌دا له‌سه‌ر کۆششه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ پێکه‌وه‌نانى فیدراسیۆنى سه‌رتاسه‌رى رۆژنامه‌نووسانى هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان.

له‌کۆتاییدا جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر میدیایه‌کى یه‌کگوتارى نیشتیمانی، به‌ ره‌نگ، روخسارو بۆچونى جیاوازو لێوانلێو له‌ ده‌سته‌به‌رکردنى ئازادى و پراکتیزه‌کردنى چه‌مکه‌کانى ئیتیک، پیشه‌و به‌رپرسیارێتى و ئه‌فراندنى فه‌زایه‌کى دیموکراسیانه‌ بۆ سه‌رجه‌م میدیاکان، هه‌نگاونان بۆ سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کى و پێدانى ئه‌و مژده‌یه‌ له‌ رێگه‌ى که‌ناڵ و ده‌زگاو میدیاکانى هه‌موومانه‌وه‌ به‌خه‌ڵکى کوردستان.

پیرۆزبێت (117) ساڵه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى کوردی
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان
22-4-2015


په‌یامى سه‌رۆک بارزانى به‌ بۆنه‌ى ساڵیادى ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردی

 

 

به‌ناوى خوداى به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ى سه‌دوحه‌ڤده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕى ده‌رچوونى یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ى کوردى و حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان و ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردى پیرۆزبایى خۆم ئاراسته‌ى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان و هه‌موو میدیاکار و ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان ده‌که‌م.

ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ده‌رکه‌وتنیه‌وه‌ و له‌ قۆناغه‌ جیاجیاکانى خه‌باتى گه‌له‌که‌مان شانبه‌شانى چینوتوێژه‌ خه‌باتگێڕه‌کانى دیکه‌ى کوردستان له‌دژى داگیرکارى و دیکتاتۆرى وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و ڕۆشنگرى و دژایه‌تیى زوڵم و نه‌یارانى کوردستان خه‌سڵه‌تى دیارى ڕۆژنامه‌نووسى کوردى بووه‌.

ئێستایش که‌ نه‌یارانى گه‌لى کوردستان میدیا وه‌ک ئامرازێک بۆ دژایه‌تیکردنى مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌لى کوردستان به‌کار بهێنن ده‌کرێ میدیاى کوردستانى سه‌نگه‌رێکى زۆر به‌هێز بێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى هه‌وڵى نانه‌وه‌ى دووبه‌ره‌کى و پشێویى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى له‌ لایه‌ن ناحه‌زانى کوردستانه‌وه‌.

ئێستایش له‌و کاته‌ى که‌ وڵاتمان ڕووبه‌ڕووى شه‌ڕێکى زاڵمانه‌یى تیرۆریستان بووه‌ته‌وه‌ و تیرۆریستان له‌ڕێگه‌ى میدیاکانیانه‌وه‌ شه‌ڕى ده‌روونى له‌دژى خه‌ڵکى کوردستان و پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ش له‌ میدیاکارانى خۆشه‌ویستى کوردستان هه‌یه‌ که‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌ى تیرۆریستان بوه‌ستنه‌وه‌ و ببنه‌ به‌شێکى کاریگه‌ر له‌ به‌ره‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر و هزرى توندڕۆیی.

جێگه‌ى شانازییه‌ کارى ڕۆژنامه‌گه‌رى له‌ کوردستاندا هه‌نگاوى باشى ناوه‌ و به‌ ئازادییه‌کى ته‌واو و دوور له‌ هه‌موو سانسۆرێک له‌ هه‌رێمى کوردستاندا درێژه‌ به‌ چالاکییه‌کانى ده‌دات و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌که‌ میدیا و ڕۆژنامه‌نووسى له‌ دۆخێکى زۆر باش دایه‌ له‌ڕووى ئازادى و نه‌بوونى کوسپ و ته‌گه‌ره‌ بۆ کارى ڕۆژنامه‌نووسی. ئه‌و کاته‌یش ئازادیى ڕۆژنامه‌نووسى ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆ پێشکه‌وتنى کۆمه‌ڵگه‌ که‌ پێکه‌وه‌گرێدانێک هه‌بێت له‌نێوان ڕۆژنامه‌نووسى و به‌رپرسیارێتیى کۆمه‌ڵایه‌تى و پابه‌ندبوون به‌ پیشه‌ییبوون و به‌هاکانى ڕۆژنامه‌نووسی.

له‌م یاده‌دا داوا له‌ گشت لایه‌ک ده‌که‌م پاڵپشتى توێژى هۆشیار و کاریگه‌رى ڕۆژنامه‌نووسان بن و یارمه‌تیى که‌مکردنه‌وه‌ى کێشه‌کانیان و باشترکردنى گوزه‌رانیان بده‌ن و ڕۆژنامه‌نووسه‌کانى کوردستان دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانى سیاسى بتوانن به‌ شێوه‌یه‌کى ئازاد و سه‌ربه‌خۆ خزمه‌تى دۆزى ڕه‌واى گه‌له‌که‌مان و پێشکه‌وتنى کولتوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى بکه‌ن.

دووباره‌ پیرۆزبایى له‌ هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسانى ئازیزى کوردستان ده‌که‌م و هیواى سه‌رکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

مسعود بارزانی
سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان

په‌یامى پیرۆزبایى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ میدیاکارانى کوردستان 

له‌ سه‌د و حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادى ده‌رچوونى یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ى کوردیدا و به‌بۆنه‌ى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردییه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م میدیاکارانى کوردستان ده‌که‌ین و هیواى سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین له‌پێناو گه‌یاندنى په‌یامى دروستى پیشه‌ییانه‌ و نیشتیمانیانه‌ى کاره‌که‌یان که‌ ده‌توانن ڕۆڵێکى گرنگ له‌ گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و فه‌رهه‌نگیى کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا ببینن.

مایه‌ى شانازییه‌ که‌ کۆمه‌ڵگاى کوردستان به‌ جیاوازیى  بیروڕاکانیه‌وه‌، له‌ که‌شێکى ئازاددا خاوه‌نى ده‌یان ده‌زگاى میدیاییى جۆراوجۆره‌. هه‌بوونى ئازادیى ڕاده‌ربڕین پایه‌یه‌کى سه‌ره‌کیى سیستمى دیموکراسییه‌ له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا و ده‌بێ ئه‌م ئازادییه‌ له‌پێناو پاراستنى ده‌ستکه‌وته‌کانیدا کارى له‌سه‌ر بکرێت.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، چ له‌ میانه‌ى ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانى و چ له‌ میانه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستاندا، وێڕاى هه‌ر خزمه‌ت و کارئاسانییه‌ک بۆ میدیاکاران، هه‌میشه‌ په‌رۆشى پاراستن و دابینکردنى ئه‌و مافه‌ ڕه‌وایانه‌یه‌ که‌ ده‌بێ میدیا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتى چواره‌م خاوه‌نى بێت. فه‌راهه‌مکردنى ئازادیى ڕاده‌ربڕین و ئازادیى میدیایى وه‌ک ئه‌رکێکى سه‌ره‌کییه‌ له‌ به‌رنامه‌ى حکوومه‌تدا، چاوه‌ڕوانیشمان له‌ میدیاکارانى کوردستان، ڕۆڵگێڕانیانه‌ له‌ پته‌وکردنى زیاترى بنه‌ماکانى دیموکراسى و مافه‌کانى مرۆڤ و ئاشتیى کۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌قامگیری، وێڕاى ڕۆڵى گرنگیان له‌ هاوکاریکردنى حکوومه‌ت له‌ میانه‌ى چاودێرى و به‌دواداچوونى کار و پرۆژه‌ جۆراوخۆره‌کانى حکوومه‌ت، به‌ شێوه‌یه‌کى دروست و پیشه‌ییانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر ڕۆڵ و ئه‌رکێکى نیشتیمانى که‌ له‌ ئه‌ستۆى په‌یامى میدیاییدایه‌ وه‌ک میدیایه‌کى نیشتیمانیى خاوه‌ن متمانه‌.

به‌رز و پیرۆز بێت ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ریى کوردى و یادى ده‌رچوونى  ڕۆژنامه‌ى "کوردستان" و یادى دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ى مامۆستا "مقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان"، کوردستانیش  هه‌ر ئازاد و سه‌قامگیر و ئاوه‌دان و پێشکه‌وتوو بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان

21-4-2015


زۆرترین خوێندراو