رومادی که‌وت‌و شیعه‌کان بۆ شه‌ڕه‌ گه‌وره‌که‌ ئاماده‌ن

5/26/2015 12:46:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
نیقاش 

به‌هه‌مان سیناریۆی موسڵ‌و تکریت، ئه‌مجاره‌ رومادی که‌وته‌ ده‌ست داعش، ورده‌کارییه‌کان وه‌ک یه‌که‌، به‌هه‌زاران سه‌ربازو پۆلیس له‌شاره‌که‌ هه‌ڵهاتن‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ بۆ حکومه‌ت مایه‌وه‌ هانا بۆ حه‌شدی شه‌عبی ببات.


به‌ره‌به‌یانی رۆژی (15)ی ئه‌م مانگه‌، داعش هێرشێکی کتوپڕی کرده‌ سه‌ر بنکه‌کانی پۆلیس‌و سوپا له‌رومادی‌و به‌ده‌یان ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی به‌کارهێنا بۆ شکاندنی هێڵی به‌رگی هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی باکوری شاره‌که‌ که‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بوو شه‌ڕیان ده‌کرد، سیان له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ توانیان خۆیان بگه‌ێنێته‌ کۆمه‌ڵگای حکومی‌و باره‌گای سوپا له‌ناوه‌ندی شاردا.

 ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ به‌س بوو بۆ په‌رته‌وازه‌کردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان‌و هه‌ر زوو گه‌ڕه‌لاوژه‌ شاره‌که‌ی گرته‌وه‌و یه‌که‌کانی سوپا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا بچڕا، به‌وهۆیه‌وه‌ سوپا بڕیاریدا پاشه‌کشه‌ بکات بۆ سه‌ربازگه‌ی (حه‌بانیه‌)، چه‌ند کاتژمێرێک دوای ئه‌وه‌ پۆلیسیش له‌شوێنه‌کانی خۆیان هه‌ڵاتن‌و داعش ئاڵاکه‌ی خۆی له‌سه‌ر باره‌گای پارێزگاو بنکه‌کانی سوپا به‌رزکرده‌وه‌.

ماجید عه‌لوانی یه‌کێک له‌سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی رومادی به‌"نیقاش"ی وت "به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی تاکه‌ رۆژێکدا هه‌موو شتێکمان له‌ده‌ستدا، ساڵ‌و نیوێکه‌ داعش ده‌یه‌وێت رومادی بگرێت‌و له‌هه‌موو هه‌وڵه‌کانیدا شکستی هێنا، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی ویستی پێی گه‌یشت".

عه‌لوانی که‌یه‌کێک له‌کوڕه‌کانی خۆی له‌شه‌ڕی داعش له‌ناوچه‌ی "بوفراج" به‌ر له‌دوومانگ کوژراوه‌، به‌رپرسیارێتی که‌وتنی رومادی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی حکومه‌ت‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌کی باشیان نه‌داوه‌ به‌عه‌شیره‌ته‌کان تا هاوکاریی سوپا بکه‌ن.

 

وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی داعش که‌وته‌ له‌سێداره‌دانی به‌سه‌دان که‌س له‌خه‌ڵکی شاره‌که‌و پۆلیس‌و چه‌کدارانی عه‌شیره‌ته‌کان‌و خێزان‌و که‌سوکاریان، زیندانییه‌کانیشی ئازادکردو بردینیه‌ ریزه‌کانی خۆیه‌وه‌، هه‌رزووش شوێنی خۆی له‌شاره‌که‌دا قایمکرد بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هێرشی چاوه‌ڕوانکراوی سوپا.

هێرشه‌که‌ی داعش پاش چه‌ند خوله‌کێک هات له‌وتاره‌ ده‌نگیه‌که‌ی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی سه‌رۆکی رێکخراوه‌که‌، به‌غدادی له‌و وتاره‌ (35) خوله‌کییه‌دا داوای له‌موسوڵمانان کرد روو بکه‌نه‌ عێراق‌و سوریاو له‌پاڵ داعشدا بجه‌نگن.

پێده‌چێت وتاره‌که‌ی به‌غدادی جۆش‌و خرۆشی دابێت به‌چه‌کداره‌کانی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رێکی گه‌وره‌ی هه‌واڵگری عێراقی ئاماژه‌ی پێده‌کات، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ که‌ داوایکرد ناوی بڵاونه‌کرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "به‌پێی زانیارییه‌کانی ئێمه‌ دووبه‌ره‌کی که‌وتبووه‌ ناو داعش، پاش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی برینداربوونی به‌غدادی به‌سه‌ختی بڵاوبووبوه‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتیشی "کێشه‌که‌ له‌نێوان چه‌کداره‌ بیانی‌و عێراقییه‌کاندا بوو له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی ئاینده‌وه‌، به‌ڵام ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی به‌غدادی کۆتایی به‌م مقۆمقۆیه‌ هێناو چوونه‌وه‌ سه‌ر شه‌ڕکردنی خۆیان".

له‌پاش کۆنترۆڵکردنی رومادییه‌وه‌ له‌عێراقدا چه‌ند گۆڕانکارییه‌کی سیاسی‌و ئه‌منی روویدا، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ باش بوونی په‌یوه‌ندی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی‌و گروپه‌ شیعه‌کان بوو که‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بوو له‌ناکۆکی قوڵدا بوون، گۆڕانکاریی دووهه‌میش رازیبوونی سیاسه‌تمه‌دارانی سوننه‌ بوو بۆ ئه‌وه‌ی گروپه‌ شیعه‌کان بچنه‌ شاره‌که‌یانه‌وه‌، سێهه‌میشیان ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریکا بوو به‌به‌شداری ئه‌و میلیشیا شیعانه‌.

رومادی ته‌نها سه‌د کیلۆمه‌تر له‌به‌غدای پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی نزیک بووه‌ته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی فرۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکا نه‌یانتوانی به‌ر به‌هێرشی داعش بگرن، عه‌بادی بڕیاریدا میلیشیا شیعه‌کان به‌شداری شه‌ڕی ئه‌نبار پێبکات، له‌کاتێکدا چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بوو رێی لێده‌گرتن.

له‌دانیشتنێکی داخراودا که‌ دوور له‌چاوی کامێراکان له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار ره‌زامه‌ندیان نیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌کان بچنه‌ شاره‌که‌یانه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌ فه‌رمییه‌کان بێهیوا بوون‌و تێگه‌یشتن گروپه‌ شیعه‌کان به‌هێزترین لایه‌نی چه‌کدارن له‌عێراقدا.

ئه‌مه‌ریکاش که‌ جاران دژی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی گروپه‌ شیعه‌کان بوو، ناچاربوو رازیبێت، دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا تووشی شۆک بوون له‌تێکشکانی گه‌وره‌ی پۆلیس‌و سوپاو فرۆکه‌کانیشیان نه‌یتوانی به‌ر به‌داعش بگرێت.

ته‌نها رۆژێک پاش که‌وتنی رومادی، سه‌لیم جبوری سه‌رۆکی په‌رله‌مان به‌ئاماده‌بوونی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق دانیشتنێکی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار سازکرد، له‌و دانیشتنه‌دا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ره‌خنه‌ی توندیان له‌ئه‌مه‌ریکا گرت به‌وه‌ی نه‌یتوانی رومادی بپارێزێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر به‌ڵێنی پێدابوون.

یه‌کێک له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار که‌ خۆی ئاماده‌ی دانیشتنه‌که‌ بوو به‌"نیقاش"ی راگه‌یاندووه‌  باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ به‌وه‌ی گروپه‌ شیعه‌کان له‌ژێر چاودێری عه‌بادیدا ئه‌نبار ئازاد بکه‌نه‌وه‌.

پرۆسه‌ی رازیکردنی گروپه‌ شیعه‌کان بۆ به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه‌ ئاسان نه‌بوو، به‌تایبه‌تی که‌ له‌دوای ئازادکردنه‌وه‌ی تکریت له‌سه‌ره‌تای نیسانی رابردوو، له‌شه‌ڕ پاشه‌کشه‌یان کردبوو، به‌و پێیه‌ی له‌دوای تاڵانی‌و کوشتنه‌که‌ی ناو تکریته‌وه‌ عه‌بادی له‌دژیان وه‌ستابووه‌وه‌.

دیارترین ئه‌و گروپانه‌ش بریتین له‌رێکخراوی "به‌در" به‌سه‌رۆکایه‌تی هادی عامری‌و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق" به‌سه‌رۆکایه‌تی قه‌یس خزعه‌لی‌و "که‌تیبه‌کانی حیزبوڵا" به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، له‌گه‌ڵ "سه‌رایا خوراسانی"، ئه‌م گروپانه‌ پێشتر رایانگه‌یاندبوو مه‌رجیان بۆ به‌شداری له‌هه‌ر شه‌ڕێکدا ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان‌و حکومه‌ت پارێزبه‌ندییان بداتێ‌.

دوو رۆژ پاش که‌وتنی رومادی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیران له‌گه‌ڵ سه‌لیم جبوری سه‌رۆکی په‌رله‌مان کۆبووه‌وه‌و ره‌زامه‌ندییان نیشاندا بۆ به‌شداری گروپه‌ شیعه‌کان‌و به‌زۆربه‌ی مه‌رجه‌کانیشیان رازی بوون، ئه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ په‌رله‌مان بڕیارێکی فه‌رمی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ربکات، جبوریش رایگه‌یاندووه‌ که‌ پاش کۆتایی هاتنی پشووی ئه‌م وه‌رزه‌ی په‌رله‌مان، بڕیاره‌که‌ ده‌رده‌که‌ن.

هه‌رچی ئه‌مه‌ریکایه‌ هه‌ڵوێستی ته‌واو پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر گروپه‌ شیعه‌کان، ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆکارێکی له‌پشته‌، پێش هه‌موویان هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌پاش حوزه‌یرانی ساڵی رابردووه‌وه‌ ئه‌وه‌ روون بووه‌ته‌وه‌ که‌ سوپا به‌ته‌نها ناتوانێت به‌سه‌ر داعشدا سه‌ر بکه‌وێت، هه‌ر پرۆسه‌یه‌کیش سوپا به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌ی بردبێت، سه‌ره‌نجام سه‌ربازه‌کان هه‌ڵاتوون.

هۆکاری دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌وتنی رومادی وایکردووه‌ ژیانی سه‌دان راوێژکارو راهێنه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له‌ئه‌نبار بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌م راوێژکارانه‌ له‌هه‌ردوو سه‌ربازگه‌ی "حه‌بانیه‌" له‌خۆرهه‌ڵاتی شاره‌که‌و "عه‌ین ئه‌سه‌د" له‌خۆرئاوای رومادین.

ئه‌م دوو سه‌ربازگه‌یه‌ هێشتا له‌ژێر رکێفی سوپادایه‌، به‌ڵام مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌، ئه‌مه‌ریکاش ده‌ترسێت له‌وه‌ی راوێژکاره‌کانی بگوازێته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ مانای شکستی ستراتیژه‌که‌یان ده‌گه‌یه‌نێت له‌ئه‌نبار، بۆیه‌ به‌دوای هه‌ر بژارده‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێت که‌ سه‌ربازه‌کانی بپارێزێت‌و ناچاریان نه‌کات پاشه‌کشه‌ بکه‌ن.

هه‌موو ئه‌م گۆڕانکاریانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گروپه‌ شیعه‌کان بووه‌، ئێستا سه‌رجه‌میان خۆیان ئاماده‌ کردووه‌ بۆ شه‌ڕه‌که‌ی ئه‌نبارو داوایان له‌چه‌کداره‌کانیان کردووه‌ به‌زوترین کات په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌یه‌که‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانه‌وه‌و ئاماده‌بن.

هه‌تا ئێستا شه‌ڕه‌که‌ ده‌ستی پێنه‌کردووه‌و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکی‌و عێراقی‌و سه‌رکرده‌ی گروپه‌ شیعه‌کان به‌نهێنی له‌کۆبوونه‌وه‌دان له‌باره‌ی داڕشتنی پلانه‌که‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه‌ رێکه‌وتن ئه‌وا یه‌که‌مین مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی ئه‌مه‌ریکا ده‌بێت له‌گه‌ڵ گروپه‌ شیعه‌کان له‌شه‌ڕی داعشدا.

ئا : موسته‌فا حه‌بیب



زۆرترین خوێندراو