میدیاکانی عێراق به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکسیان له‌بیر خۆیان برده‌وه‌

7/9/2015 9:58:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
نیقاش 

ئه‌و هه‌ڵڵا میدیایه‌ی له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکس له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی به‌رپرسانی عێراقییه‌وه‌ به‌سعودییه‌وه‌ دروست بووبوو، له‌پڕ دامرکایه‌وه‌و که‌سیش نه‌یزانی هۆکاره‌که‌ی چییه‌.

ویکیلیکس له‌رێی ئیمه‌یله‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودییه‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی ئاشکرا کرد که‌ تیایدا په‌یوه‌ندی به‌شێک له‌به‌رپرسانی عێراقی به‌عه‌ره‌بستانی سعودییه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وت، له‌سه‌ره‌تاوه‌ میدیاکانی عێراق هه‌ڵڵایه‌کی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دروستکرد، که‌چی له‌پێ‌ بێده‌نگی باڵی به‌سه‌ر هه‌موویاندا کێشا.

عه‌لی مه‌حنی چاودێری سیاسی له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌م بێده‌نگییه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ ده‌ریده‌خات که‌ له‌پشت په‌رده‌ی سیاسه‌ته‌وه‌ کێشه‌کان چاره‌سه‌رکراون دوور له‌دادگاو خه‌ڵک".

مه‌حنی ده‌شڵێت "له‌سه‌ر حکومه‌ت‌و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێویسته‌ له‌وه‌ بوێرتر بن‌و ئه‌وانه‌ی گومانلێکراون به‌په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سعودییه‌ بدرێنه‌ دادگا".

ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ناوی به‌رپرسێک یان سیاسه‌تمه‌دارێکی عێراقی له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین پرسیاری له‌باره‌وه‌ دروست ببێ‌، چونکه‌ چه‌ندین ساڵه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی دیبلۆماسی ناجێگیر له‌نێوان عێراق‌و سعودییه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و رۆڵه‌ی سعودییه‌ له‌عێراقدا ده‌یگێڕێت.

مانگی رابردوو سایتی ویکلیکس چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌ئیمه‌یله‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعودییه‌و باڵیۆزخانه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستی که‌وتبوو، تیایدا ناوی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی عێراقی هاتبوو به‌وه‌ی بڕێک پاره‌ی زۆریان له‌عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌به‌رامبه‌ر راپه‌ڕاندنی چه‌ند کارێک له‌ناو عێراقدا.

هه‌ر پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌کان بوونه‌ بابه‌تێکی گه‌رمی میدیایی‌و خه‌ڵکێکی زۆر داوایان ده‌کرد لێپرسینه‌وه‌ له‌و که‌سانه‌ بکرێت که‌ ناویان هاتووه‌، ته‌نانه‌ت داوا ده‌کرا له‌سێداره‌ بدرێن به‌تۆمه‌تی سیخوڕی‌و گواستنه‌وه‌ی زانیاریی.

باقر زوبێدی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر تویته‌ر نوسیوێتی "تێوه‌گلانی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌به‌ڵگه‌نامه‌کاندا ناویان هاتووه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خیانه‌تی نیشتیمانییه‌وه‌".

تویته‌که‌ی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌زاران تویتی تری هاوشێوه‌ له‌که‌سایه‌تی‌و هاوڵاتیانی عێراقییه‌وه‌، که‌ هه‌موویان به‌توندی دژی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌وه‌ستانه‌وه‌ که‌ له‌به‌ڵگه‌نامه‌کاندا ناویان هاتووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌شی که‌ هه‌ڵوێستیان ده‌رده‌بڕی داوایان ده‌کرد ئه‌و که‌سانه‌ به‌تۆمه‌تی خیانه‌ت سزا بدرێن، یان لانی که‌م له‌کاری سیاسی دوور بخرێنه‌وه‌.

سه‌عد مه‌تڵه‌بی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایشی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا ده‌ڵێت "له‌میسر دادگای محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆکی پێشووی ئه‌و وڵاته‌ کرا له‌سه‌ر تاکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ که‌سێکی تیرۆریستدا، سه‌ره‌نجامه‌که‌شی سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو".

مه‌تڵه‌بی ده‌شڵێت "ده‌بێت لانی که‌م ئه‌و که‌سانه‌ له‌کایه‌ی سیاسی دوور بخرێنه‌وه‌و رێگه‌یان نه‌درێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن‌و حیزب پێک بهێنن".

هه‌موو ئه‌م داخوازییانه‌ چه‌ند رۆژێکی که‌می خایاند، به‌تایبه‌تی که‌ پاش ئه‌وه‌ی گفتوگۆی ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌ ئاخۆ ده‌کرێت له‌رووی یاساییه‌وه‌ پشت به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ببه‌سترێت یان نا.

هه‌ڵڵاکه‌ دوای ئه‌وه‌ کۆتایی هات که‌ حکومه‌تی عێراقی‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بڕیاریاندا به‌پێکهێنانی دوو لیژنه‌، یه‌که‌میان له‌لایه‌ن ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت‌و دووه‌میشیان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌.

خالید ئه‌سه‌دی په‌رله‌مانتار به‌"نیقاش"ی وت "لیژنه‌کان له‌به‌ڵگه‌نامه‌کان ده‌کۆڵنه‌وه‌و ئه‌نجامه‌کان ده‌ده‌نه‌ دادگا"، ده‌شڵێت "پێویسته‌ حکومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌ ده‌ستورییه‌کان چه‌ند رێوشوێنێک بگرنه‌ به‌ر تا ئه‌م جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌".

هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕێی کۆتایی هاتنی کاری ئه‌و دوو لیژنه‌یه‌ ده‌کرێت بۆ روونبوونه‌وه‌ی راستییه‌کان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌عێراق زوو رایگه‌یاند له‌رووی یاساییه‌وه‌ ناتوانرێ‌ پشت به‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ببه‌سترێت‌و داوای یاساییان له‌سه‌ر بنیاد بنرێ‌.

عه‌بدولستار به‌یره‌قدار وته‌بێژی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری رایگه‌یاند "به‌پێی یاسای عێراقی ناتوانرێت پشت به‌به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکس ببه‌سترێت"، وتیشی "ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ له‌تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاوکراونه‌ته‌وه‌و کۆپیکراون‌و هه‌ندێکیشیان به‌به‌ڵگه‌ ئاشکرا بوون که‌ ساخته‌یان تیا کراوه‌".

به‌یره‌قدار وتیشی "ته‌کنه‌لۆژیای نوێ‌‌و ئه‌و پرۆگرامه‌ پێشکه‌وتووانه‌ی داهێنراون له‌توانایاندا هه‌یه‌ یاری به‌به‌ڵگه‌نامه‌کان بکه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی کۆپیکراو گومانی له‌سه‌ره‌و ناتوانرێ‌ که‌سی پێ تاوانبار بکرێت".

 به‌قسه‌ی به‌یره‌قدار دادگاکانی عێراقی ئه‌و کاته‌ ده‌توانن کار له‌سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکس بکه‌ن که‌ کۆپی راسته‌قینه‌یان ده‌ست بکه‌وێت‌و تۆمه‌تباری که‌س‌و لایه‌نه‌کان بسه‌لمێنن، ئه‌ویش به‌پشت به‌ستن به‌رێگا فه‌رمییه‌کانی به‌رزکردنه‌وه‌ی داوای یاسایی بۆ به‌رده‌م دادگا له‌رێی داواکاری گشتییه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ چوارچێوه‌ی یاسایی خۆی وه‌رده‌گرێت.

ئه‌م لێدوانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بۆ زۆر که‌س چاوه‌ڕوانکراو بوو، به‌و پێیه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌کرێت که‌ دادگاکان فشاریان له‌سه‌ره‌ له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ی له‌به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکسدا ناویان هاتووه‌.

زۆرێک له‌چاودێران پێیان وایه‌ بێده‌نگبوونی میدیاکان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیانه‌ به‌ڵگه‌یه‌کی روونه‌و ده‌ریده‌خات سیاسییه‌کان له‌سه‌ری رێککه‌وتوون‌و به‌ردێکیان خستووه‌ته‌ سه‌ر.

 کامیل سه‌فار نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "کاتێک که‌ گۆڕه‌پانی سیاسی‌و خه‌ڵکی به‌باسێکی گه‌وره‌ی وه‌ک به‌ڵگه‌نامه‌کانی ویکیلیکسه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بن‌و ئه‌و که‌ناڵانه‌ش پێشتر بانگه‌شه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییان ده‌کرد بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌وا ده‌رده‌که‌وێت که‌ رێکه‌وتنێکی سیاسی هه‌یه‌ له‌پشت ئه‌و بێده‌نگییه‌وه‌".

چاودێران له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کۆکن بێده‌گبوونی له‌پڕی میدیاکان له‌به‌رامبه‌ر به‌ڵگه‌کانی ویکیلیکس، راگه‌یاندنێکی پێشوه‌خته‌یه‌ بۆ ئه‌نجامی لیژنه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌و سه‌ره‌نجام باسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌ک کۆتایی دێت وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت .


ئا : ئیبراهیم ساڵح


زۆرترین خوێندراو