4
7 ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
5/9/2017


Increase text size Decrease text size

نیقاش



ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى بابل بڕیارێکى جێمشتومڕى ده‌رکرد داواى تۆمارکردنى داواى یاسایى له‌دژى هه‌ر که‌سێک ده‌کات داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کانى شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" بکات.

ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى عێراق سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کۆنترۆڵیان کرده‌وه‌ ئێستا بووه‌ته‌ شارى خێوه‌کان‌و خاڵیه‌ له‌ دانیشتووان.

حامید جه‌نابیو خانه‌واده‌ شه‌ش که‌سیه‌که‌ى له‌ ژوورێکدا ده‌ژین له‌ شارۆچکه‌ى موسه‌یب له‌ باکوورى بابل رووبه‌ره‌که‌ى له‌ 30 مه‌تر تێناپه‌ڕێت‌و خانووه‌ گه‌وره‌که‌یو کێڵگه‌که‌ى له‌ شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" به‌جێهێشتووه‌ که‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێکدادانى چه‌کدارى له‌ نێوان رێکخراوى "داعش"‌و سوپاى عێراق‌و هاوپه‌یمانانى له‌ گرووپه‌ شیعه‌کانى تێدا هه‌ڵگیرسا.

له‌و کاته‌وه‌ خانه‌واده‌که‌ى حامید‌و هه‌زارانى وه‌ک ئه‌و له‌ دانیشتووانى شارۆچکه‌که‌ وه‌کو ئاواره‌ له‌ شارۆچکه‌ى "موسه‌یب"ى دراوسێ ده‌ژین‌و به‌ده‌ست هه‌لومه‌رجێکى ئابوورى دژواره‌وه‌ ده‌ناڵێنن ئه‌ویش دواى ئه‌وه‌ى ماڵ‌و کێڵگه‌کانیان به‌جێهێشێت‌و که‌لوپه‌له‌کانیان له‌ده‌ستچوو، هاوکات هه‌ندێکى دیکه‌ دانیشتووانه‌که‌  بڕیاریان دا له‌ هه‌رێمى کوردستان‌و ئه‌نبار نیشته‌جێ ببن.

 حامید به‌ "نیقاش"ى وت: "سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شاره‌که‌مان له‌ده‌ستى تیرۆریستان ئازادکرا، به‌ڵام تا ئێستا رێگه‌یان پێنه‌داوین بگه‌ڕێینه‌وه‌، هه‌مووان به‌وه‌ تۆمه‌تبارمان ده‌که‌ن که‌ تیرۆریستین، ئێمه‌ دانیشتووانى بێ چه‌کین له‌سه‌ر کشتوکاڵ ده‌ژین، ئاواره‌کان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شارى فه‌لوجه‌ که‌ سیاسییه‌کان به‌ پایته‌ختى داعشى ناو ده‌به‌ن هه‌روه‌ها له‌ موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دینیش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان لێ قه‌ده‌غه‌یه‌".

پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى ئه‌نبار بڕیارێکى ده‌رکرد که‌ تۆمارکردنى سکاڵاى یاسایى له‌دژى ئه‌و سیاسیانه‌ له‌خۆده‌گرێت که‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌زاران که‌س له‌ دانیشتووانى شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر"ى باکوورى بابل بۆ ماڵه‌کانیان ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش شه‌پۆلێک نیگه‌رانى هێزه‌ سیاسییه‌ سوننه‌کانى لێکه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ک خانه‌واده‌که‌ى حامید جه‌نابیو ئاواره‌کانى دیکه‌ش بێئومێد بوون له‌ ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدى خۆیان.

له‌ تشرینى یه‌که‌مى ساڵى 2014 هێزه‌ عێراقییه‌کان‌و گرووپه‌ شیعه‌کان دواى چه‌ند شه‌ڕێکى سه‌خت شارۆچکه‌که‌یان له‌ده‌ستى رێکخراوى "داعش" کۆنترۆڵ کرده‌وه‌‌و ئه‌وکات سه‌رکه‌وتووه‌کان بڕیاریان دا ناوى شارۆچکه‌که‌ بگۆڕن بۆ "جه‌رف ئه‌لنه‌سر" وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر توندڕه‌وه‌کاندا.

به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و شارانه‌ى دیکه‌وه‌ که‌ هێزه‌ عێراقییه‌کان به‌درێژایى سێ ساڵى رابردوو ئازادیان کردوون، رێگه‌ به‌ دانیشتوانى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" نه‌درا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌کانیان‌و شاره‌که‌ به‌بێ دانیشتووان وه‌ک شارى خێوه‌کان مایه‌وه‌‌و ته‌نیا گرووپه‌ شیعه‌کانى تێدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ که‌ دیارترینیان "به‌در"‌و عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"ن‌و ئه‌و گرووپانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى بابل گه‌ڕانه‌وه‌ى دانیشتووانى شارۆچکه‌که‌ ره‌تده‌که‌نه‌وه‌.

ره‌عد ده‌هله‌کى ئه‌ندامى لیژنه‌ى راگوێزراوان‌و کۆچبه‌ران له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ "نیقاش"ى وت: "رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى دانیشتووانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر بۆ شاره‌که‌یان به‌شێکه‌ له‌ هه‌وڵه‌کانى گۆڕینى دیمۆگرافى له‌ وڵاتدا وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ دیاله‌‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و ده‌وروبه‌رى به‌غدا‌و ته‌نانه‌ت نه‌ینه‌واش رووده‌دات".

وتیشی: "تا ئێستاش دانیشتووانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر ئاواره‌ن‌و له‌ هه‌رێمى کوردستان‌و ئه‌نبار بڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌و هیچ که‌سێکیان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌که‌ى سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى شاره‌که‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ ئازادکراوه‌، هه‌رچى دانیشتووانه‌کانى دیکه‌شه‌ ئه‌وانه‌ى ئاواره‌ى شارۆچکه‌کانى دراوسێى جه‌رف ئه‌لسه‌خر بوون ناو به‌ناو دووچارى رفاندن‌و ده‌ستگیرکردن ده‌بنه‌وه‌".

پێگه‌یه‌کى ستراتیجی

شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" ده‌که‌وێته‌ باکوورى پارێزگاى بابل‌و به‌ناوچه‌یه‌کى ته‌ختانى له‌گه‌ڵ شارى فه‌لوجه‌ له‌ ئه‌نبار به‌ستراوه‌ته‌وه‌‌و 60 کم له‌ به‌غداى پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، به‌رله‌ هێرشى "داعش" بۆسه‌ر شارۆچکه‌که‌ نزیکه‌ى 30 هه‌زار که‌سى تێدا ده‌ژیا که‌ زۆرینه‌یان له‌ دانیشتووانى سوننه‌ بوون‌و مۆرکى عه‌شایریان به‌سه‌ردا زاڵه‌‌و پیشه‌یان کشتوکاڵه‌‌و سوودیان له‌ پێگه‌ى شاره‌که‌ وه‌رگرتووه‌ له‌سه‌ر روبارى فورات‌و به‌زۆرى دارخورما‌و دارى میوه‌ى تێدا ده‌چێنرێت.

به‌پێى قسه‌ى مه‌جید سه‌هلانى فه‌رمانده‌ى مه‌یدانى له‌ هێزه‌کانى "حه‌شدى شه‌عبی" کاتێک رێکخراوى "داعش" له‌ هاوینى ساڵى 2014دا هێرشى کرده‌ سه‌ر عێراق‌و سێیه‌کى رووبه‌ره‌که‌ى داگیرکرد که‌ نه‌ینه‌وا‌و ئه‌نبار‌و چه‌ند به‌شێکى فراوانى سه‌ڵاحه‌دینى تێدابوو، توندڕه‌وان گه‌یشتنه‌ ده‌وروبه‌رى باشوورى به‌غدا به‌ شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر"یشه‌وه‌ ئه‌ویش له‌میانى پلانێکدا که‌ داگیرکردنى به‌غداى له‌خۆده‌گرت.

سه‌هلانى که‌ فه‌رمانده‌یى کۆمه‌ڵێک جه‌نگاوه‌ر ده‌کات له‌ باکوورى بابل به‌"نیقاش"ى وت: "کاتێک له‌دواى هه‌ره‌سهێنانى هێزه‌کانى سوپا له‌ وڵاتدا بێسه‌روبه‌ره‌یى وڵاتى گرته‌وه‌، داعش پلانى بۆ داگیرکردنى به‌غدا دانا، بۆ به‌دیهێنانى ئه‌وه‌ش تیرۆریستان جه‌رف ئه‌لسه‌خریان کۆنترۆڵ کرد که‌ نزیکه‌ له‌ رێگاى خێرا که‌ به‌غدا به‌ پارێزگاکانى باشوور ده‌به‌ستێته‌وه‌، هه‌وڵیشان ده‌دا ئه‌و رێگایه‌ ببڕن تا رێگه‌ى رزگارکردنى پایته‌خت له‌ هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى بگرن".

وتیشی: "حه‌شدى شه‌عبى توانى ئۆپراسیۆنێکى سه‌ربازى له‌ سه‌خترین‌و ئاڵۆزترین شه‌ڕه‌کان ئه‌نجام بدات بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و شارۆچکه‌ گرنگه‌‌و زۆرینه‌ى گرووپه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى به‌شدارییان تێدا کرد تا توانیمان تیرۆریستان ده‌ربکه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانى رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى دانیشتووانه‌ ئاواره‌بووه‌که‌ش بۆ ماڵه‌کانیان، سه‌هلانى ده‌ڵێت: "به‌ڕاشکاوى ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ تیرۆریستان سه‌رله‌نوێ دزه‌ بکه‌نه‌وه‌ بۆ ناو شاره‌که‌، ده‌یان شه‌هید‌و بریندارمان به‌خشیوه‌ بۆ ئازادکردنى شاره‌که‌‌و رێگه‌ ناده‌ین ئه‌وه‌ى روویدا دووباره‌ ببێته‌وه‌، به‌ده‌یان که‌س له‌ دانیشتووانى شاره‌که‌ش هه‌ن که‌ چوونه‌ته‌ ریزى داعش‌و پێشتریش له‌دواى ساڵى 2003وه‌ چووبوونه‌ ریزى رێکخراوى قاعیده‌‌و گرووپه‌ چه‌کداره‌ ناوخۆییه‌کان".

بڕیارێکى جێمشتومڕ

له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا شارۆچکه‌ى "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" هاته‌وه‌ پێشه‌وه‌ى رووداوه‌کان، چیرۆکه‌که‌ش له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى عێراق روودانى چه‌ند هێرشێکى تیرۆریستى جیاجیان بۆسه‌ر شارۆچکه‌که‌ راگه‌یاند که‌ سه‌رچاوه‌که‌ى له‌ بیابانى دراوسێیه‌وه‌ بووه‌ له‌ ئه‌نبار، هه‌روه‌ک ره‌عد جبورى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى بابلیش رایگه‌یاند له‌ ماوه‌ى یه‌ک مانگدا 10 کرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" روویانداوه‌.

به‌ڵام کامل غه‌ریرى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق لێدوانه‌کانى جبورى به‌ ناڕاست داده‌نێت‌و پێى وایه‌ ئامانجیان رێگرتنه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێکى ره‌سمیشدا وتی: "چۆن کرده‌وه‌ى تیرۆریستى له‌ ناوچه‌یه‌کى ته‌واو خاڵى له‌ دانیشتووان‌و دابڕاو له‌ جیهانى ده‌ره‌وه‌ رووده‌دات که‌ ته‌نیا هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى تێدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتی: "ئامانج له‌و لێدوانانه‌ دۆزینه‌وه‌ى بیانووه‌ بۆ نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر ئه‌ویش بۆ به‌دیهێنانى چه‌ند ئامانجێکى سیاسى که‌ به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌ده‌ستمان ده‌گه‌ن په‌یوه‌ندیان به‌ گۆڕینێکى دیمۆگرافیه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ڕێى گۆڕینى گرێبه‌سته‌ کشتوکاڵیه‌کان بۆ که‌سانى دیکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناحیه‌که‌ کارى بۆ ده‌کرێت". 

چه‌ند رۆژێکه‌ به‌پرسانى شیعه‌‌و سوننه‌ یه‌کترى سه‌باره‌ت به‌ "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" تۆمه‌تبار ده‌که‌ن‌و کێشه‌که‌ په‌ره‌ى سه‌ند تا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى بابل که‌ "هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا" به‌ سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوو کۆنترۆڵى کردووه‌، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو بڕیارێکى ده‌رکرد تۆمارکردنى داواى یاسایى له‌دژى ئه‌و سیاسیانه‌ له‌خۆده‌گرێت که‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان ده‌که‌ن بۆ "جه‌رف ئه‌لسه‌خر" ئه‌وه‌ش شه‌پۆلێک نیگه‌رانى هێزه‌ سیاسییه‌ سوننه‌کانى لێکه‌وته‌وه‌، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش ره‌خنه‌ى له‌ بڕیاره‌که‌ گرت.

په‌رله‌مانتار محه‌مه‌د که‌ربولى له‌ "یه‌کێتى هێزه‌ نیشتمانییه‌ عێراقییه‌کان" (هاوپه‌یمانییه‌که‌ هه‌موو حزبه‌ سوننه‌کانى وڵات له‌خۆده‌گرێت) به‌ "نیقاش"ى وت: "بڕیاره‌که‌ پێشێلکردنى مافه‌ مه‌ده‌نییه‌کانى هاووڵاتى عێراقییه‌‌و ئامانج لێى جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کانى گۆڕینى دیمۆگرافیه‌ که‌ له‌سه‌ربنه‌ماى پاڵنه‌رى تایفى بنیاتنراون".

که‌ربولى وتیشی: "زۆرینه‌ى خه‌ڵکى جه‌رف ئه‌لسه‌خر هاوکارى تیرۆریان نه‌کردووه‌‌و حاڵیان وه‌کو دانیشتووانى فه‌لوجه‌‌و رومادیو سه‌ڵاحه‌دینه‌ که‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌کانیان، به‌ڵام بۆچى دانیشتووانى جه‌رف ئه‌لسه‌خریش نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟". که‌ربولى داوایشى له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیران کرد ده‌ست له‌و کێشه‌یه‌ وه‌ربدات‌و ئاواره‌کان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ماڵه‌کانیان.

ته‌نانه‌ت نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش له‌ عێراق (یونامی) ره‌خنه‌ى له‌ بڕیاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى بابل گرت‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێکى ره‌سمیدا رایگه‌یاند "بڕیاره‌که‌ هه‌وڵێکه‌ بۆ تۆقاندنى سیاسییه‌ عێراقییه‌کان تا رێگه‌یان پێنه‌درێت ئه‌رکى خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن له‌ کارکردن بۆ باشترکردنى بارودۆخى هاووڵاتیان که‌ به‌ هه‌زارانیان بۆ چه‌ندین مانگ دوور له‌ زێدى خۆیان‌و سه‌رچاوه‌ى بژێویو له‌زۆرحاڵه‌تیشدا دوور له‌ خێزانه‌کانیان له‌ هه‌لومه‌رجێکى سه‌ختدا بوون ".

 

ئا : موسته‌فا حه‌بیب

 


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم له‌جوگرافیاى قه‌یرانى به‌هاکاندا کارێکى ناوازه‌یه‌
ئایا به‌به‌شدارى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان په‌رله‌مانى کوردستان کاراده‌کرێته‌وه‌
چه‌مکى ئاشتى لاى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group