4
7 حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
7/2/2018


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







د. دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ راپۆرتى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ و چه‌ند راپۆرتێکى لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ به‌م دواییه‌ بڵاوکراوه‌نه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ راپۆرتى یۆنامى بۆ پێکهێنانى لیژنه‌ى به‌داواچوونى راستییه‌کان له‌ خورماتوو، راپۆرتى هیومان رایتس وۆچ ده‌رباره‌ى بێسه‌روشوێن بوونى (٣٥٠) به‌ندکراوى داعش دواى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر و راپۆرت ئه‌منستى ئینته‌رناشناڵ سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانى لیژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌کانى دواى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر، کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسى سازکرد و تێیدا تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ى له‌و راپۆرتانه‌دا باس کراون.

سه‌ره‌تا له‌ باره‌ى راپۆرتى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ زێبارى رایگه‌یاند که‌ به‌دواداچوونیان بۆ تێبینى و ره‌خنه‌کانى ده‌سته‌ى ناوبراو ئه‌نجامداوه‌ له‌ رێگایزانیارییه‌کانى تۆڕى هه‌ماهه‌نگییان له‌ داموده‌زگاکانى حکومه‌ت به‌گوێره‌ى ئه‌وه‌ى له‌ راپۆرته‌که‌دا باس کراون، سه‌باره‌ت به‌ بوارى خوێندنى باڵا وتی: هه‌ردوو مادده‌ى (١٩) له‌ یاساى ژماره‌ (٢)ى ساڵى (٢٠١٣)ى یاساى زانکۆ تایبه‌ته‌کان و مادده‌ى (١٤) له‌ یاساى ژماره‌ (١٠) ى ساڵى (٢٠٠٨) ى یاساى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى رێگا به‌ سیسته‌مى خواستن (اعاره‌) ده‌دات، مامۆستایانى زانکۆ حکومییه‌کان به‌پێى یاسا بۆیان هه‌یه‌ له‌ زانکۆ ئه‌هلییه‌کان وانه‌ بڵێنه‌وه‌ و شایسته‌ داراییه‌کان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ئه‌ستۆى زانکۆى ئه‌هلی. له‌ هه‌مانکاتدا پێویسته‌ مامۆستاکه‌ (5%)ى موچه‌که‌ى بدات به‌ زانکۆ حکومییه‌که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى هه‌ردوو زانکۆ هه‌یه‌. له‌لایه‌کى بڕیارى وه‌رگرتنى کرێ له‌ قوتابیانى به‌شى ناوخۆ له‌ ئێستادا هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ پاره‌ له‌ کوێ‌ و کچى شه‌هیدان وه‌رنه‌گیراوه‌ بۆ خوێندنى ماسته‌ر و دکتۆرا، ته‌نیا هه‌ندێک کرێ و رسوماتى ئاسایى نه‌بێت.

له‌ باره‌ى سێکته‌رى په‌روه‌رده‌ زێبارى وتی: ژماره‌ى قوتابخانه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زیادبوونى به‌رده‌وامى ژماره‌ى قوتابییه‌کان زیادى نه‌کردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ زۆربه‌ى بیناکان له‌لایه‌ن دوو یان سێ قوتابخانه‌ به‌کاردێن، به‌ڵام نزیکه‌ى ٣٠٠ بیناى قوتابخانه‌ که‌ پێش قه‌یران ده‌ست به‌ درووستکردنى کرابوو ئێستا هه‌موویان وه‌ستاون. له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ له‌ سیسته‌م و پرۆگرامى خوێندن له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان توندوتیژى به‌گشت شێوازه‌کانییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ کراوه‌. ئه‌گه‌ر هه‌ر دیارده‌یه‌کى نامۆ له‌ هه‌ر قوتابخانه‌یه‌ک به‌دى بکرێت ئه‌وا پێویسته‌ به‌ ڕاپۆرتێک لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێوشوێنى پێویست بگرێته‌ به‌ر به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنی.

زێبارى له‌ پرسى دواکه‌وتنى رێوشوێنه‌کانى دادگایى کردنى راگیراوان، مانه‌وه‌یان و ره‌وشى گرتووخانه‌کان وتی: له‌ بنکه‌کانى پۆلیس و نووسینگه‌کانى نه‌هێشتنى تاوان رێکاره‌ یاساییه‌کان له‌لایه‌ن لێکۆڵه‌ره‌کانى پۆلیس ئه‌نجام ده‌درێت که‌ به‌پێى یاسا بۆى دیارى کراوه‌. ئه‌ندامانى داواکارى گشتى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاسایشى هه‌ولێر ئۆفیسیان نییه‌، ته‌نیا (لێکۆڵه‌رى دادى ـ المحقق العدلی) که‌ سه‌ر (به‌ وه‌زاره‌تى داد)ن ئۆفیسیان له‌ باره‌گاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاسایشى هه‌ولێر هه‌یه‌ و کاره‌کانیان تێیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ کاتى پێویست ئه‌ندامانى داواکارى گشتى ئوفیسى ئه‌وان به‌کاردێنن.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى گیراوه‌ بیانییه‌کانیش زێبارى ئاشکراى کرد که‌ له‌ به‌شه‌کانى پۆلیسى گرتن و گواستنه‌وه‌ جیاوازى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى و ره‌گه‌زى هیچ کاتێک کێشه‌ى درووست نه‌کردووه‌، گیراوه‌ بیانییه‌کانیش هه‌موو مافێکیان هه‌یه‌ و له‌ کاتى ده‌ستگیرکردنیان کونسوڵخانه‌ى وڵاته‌کانیان ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێم کونسوڵخانه‌یان هه‌بێت هه‌روه‌ها له‌ رێگاى ته‌له‌فۆن خزم و که‌سى ئاگادار ده‌کرێنه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ى کێشه‌کانیان له‌لایه‌ن دادگاکانى هه‌رێمه‌وه‌ یه‌کلاده‌کرێته‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌کى گشتى تا رادده‌یه‌کى به‌رچاو ره‌وشى راگیراوان پێشکه‌وتنێکى باشى به‌خۆبینیوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کان وه‌ک چاره‌نووسیان و دابینکردنى خزمه‌تگوزارى و به‌دواداچوون بۆ کێشه‌کانیان و چاره‌سه‌رکردنیان و دابینکردنى خواردنى باش و پێداویستییه‌کانیان و رێز گرتن له‌و که‌سانه‌ى سه‌ردانى راگیراوان ده‌که‌ن، به‌ڵام که‌مى کارمه‌ندى پسپۆێ‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى کۆلێژ و په‌یمانگا و قوتابخانه‌ى تایبه‌ت به‌ کارى پۆلیسى گرتن و گواستنه‌وه‌ که‌ ده‌رچووانیان ببنه‌ پسپۆێ‌ و دابمه‌زرێن.

له‌ پرسى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان دیندار زێبارى وتی: عێراق له‌ ساڵى 1962 په‌یماننامه‌ى تایبه‌ت به‌ مادده‌ى هۆشبه‌رى په‌سند کردووه‌ به‌ یاساى ژماره‌(16)ى ساڵى 1962، ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌، تاکه‌ په‌یماننامه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهانیدا هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ مادده‌ى هۆشبه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانیش جێبه‌جێ ده‌کرێت، چونکه‌ عێراق په‌سندى کردووه‌. له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش حکومه‌تى هه‌رێم بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى به‌کارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر و بازرگانى کردن پێیه‌وه‌ کار به‌ یاساى ژماره‌ (68)ى ساڵى 1965 ده‌کات ئه‌و یاسایه‌ش به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر تۆکمه‌ رێگرى کردووه‌ له‌ خراپ به‌کارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر و بازرگانى کردن پێیه‌وه‌ . له‌ دادگاکانى هه‌رێم چه‌ندینکه‌س به‌ تۆمه‌تى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان سزا دراون به‌پێى تاوانه‌که‌ ،هه‌روه‌ها له‌ پارێزگاى(هه‌ولێر و سلێمانى) به‌شى تایبه‌ت به‌ ئاڵووده‌بوانى مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان کراوه‌ته‌وه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ نه‌خۆشخانه‌ى تووشبوان به‌ نه‌خۆشیه‌ ده‌روونییه‌کان.

زێبارى هه‌روه‌ها تیشکى خسته‌ سه‌ر مافى کرێکاران و وتی: بۆ پاراستنى مافى کرێکاران کار به‌ یاساى کارى عێراقى ژماره‌ (٣٧)ى ساڵى ٢٠١٥ ده‌کرێت، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ بۆ زیاتر گرنگیدان به‌ ره‌وشى کرێکاران و پاراستنى مافه‌کانیان یاساى خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى ژماره‌ (39 ساڵى 1971)ى هه‌موارکراو که‌ دواتر به‌ یاساى ژماره‌ (4ى ساڵى 2012) ده‌رچووه‌ که‌وتووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌ندیکاى کرێکاران و ژوورى بازرگانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان. مافى کرێکارانى بیانى پارێزراوه‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ (4)ى ساڵى(2012) ئه‌وانیش یاساى خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ کرێکاران و پاراستنى مافه‌کانیان له‌ چوارچێوه‌ى یاساو ڕێنماییه‌کان به‌ مه‌رجێک ئه‌و کرێکارانه‌ به‌ ڕێگاى یاسایى بێنه‌ هه‌رێم و به‌ ئاگادارى وه‌زاره‌ت و به‌پێى رێنمایى و رێوشوێنه‌ په‌یڕه‌و کراوه‌کان هه‌روه‌ها له‌ پارێزگاکانیش یاساى دادگاى کار هه‌یه‌ که‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌ى کرێکاره‌کان چ خۆماڵى بێت یان بیانی.

له‌باره‌ى گرفتى زوو به‌ شوودانى کچان که‌ ئێستا له‌ ناوه‌نده‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان مشتومڕێکى زۆرى ناوه‌ته‌وه‌ زێبارى وتی: ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن یا ڕێگاى بۆ خۆش ده‌‌که‌ن ته‌نها له‌ ڕێگاى دادگاوه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌کرێ به‌ پێى یاسا سزاى خۆیان وه‌رده‌گرن پاش پێشکه‌ش کردنى سکاڵا ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن یان رێگا بۆئه‌م دیارده‌یه‌ خۆش ده‌که‌ن به‌پێى خاڵى دووه‌مى مادده‌ى دوو له‌ (یاساى ژماره‌ 8) توندوتیژى خێزانى هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت له‌ریزبه‌ندى ئه‌و کردانه‌یه‌ که‌ به‌توندوتیژى خێزانى دانراوه‌، بۆیه‌ سزاکه‌شى وه‌ک سزاى توندوتیژى خێزانییه‌.هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان پرۆژه‌یه‌کى هاوبه‌شى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوى (UNFPA) به‌ به‌شداریى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ئافره‌تان که‌ پرۆژه‌که‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و رێگرى کردن له‌ به‌شوودانى منداڵان و بڵاوکردنه‌وه‌ وشیارى و لێکه‌وته‌ خراپه‌کانى به‌زۆر به‌شوودان و پارستنیان ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ى چه‌ندین چالاکى به‌تایبه‌تى له‌ نێو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران وه‌ک ئه‌نجامدانى (به‌رنامه‌ى ته‌له‌فزیۆنی، کۆبوونه‌وه‌ى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ مامۆستایانى ئایینی، ئه‌نجامدانى سیمینار و وۆرک شۆپ و خول ).

سه‌باره‌ت به‌ که‌م ئه‌ندامان و ره‌وشى شه‌ڵته‌ره‌کانیش وتی: حکومه‌ت زه‌وییه‌کى فراوانیته‌رخان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بکرێته‌ بینایه‌ى بۆ شه‌ڵته‌رى هه‌ولێر و نه‌خشه‌که‌شى ئاماده‌ کراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ کاره‌کان دواکه‌وتوون و له‌ ئیستادا دراوه‌ به‌چه‌ند رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ جێبه‌جێکردنى هه‌روه‌ها له‌ شه‌ڵته‌ره‌کان دایه‌نگا کراوه‌ته‌وه‌  بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ى که‌ منداڵیان لایه‌. له‌م دایه‌نگایه‌ توێژه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رمانبه‌رى به‌شه‌که‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌که‌ن. ئه‌و منداڵانه‌ تا ته‌مه‌نى 5 ساڵ له‌گه‌ڵ دایکیان ده‌بن و هه‌موو پێداویستییه‌کیان بۆ دابین ده‌کرێت له‌ شه‌ڵته‌ر، به‌ڵام له‌ دواى ٥ ساڵى له‌دایکیان جیا ده‌کرێنه‌وه‌  له‌رێگه‌ى پۆلیسى نه‌وجه‌وانانه‌وه‌ ره‌وانه‌ى خانه‌ى منداڵان ده‌کرێن.

له‌لایه‌کى تره‌وه‌ که‌م ئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت به‌پێى یاساى ماف و ئیمتیازاتیان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ یاساى ژماره‌ (22 له‌ ساڵى 2011) هه‌موو مافه‌کانیان پارێزراوه‌ هه‌روه‌کو له‌ هه‌ردوو ڕێنمایى (2 ى ساڵى 2012 و ڕێنمایى 2 ى ساڵى 2016) ورده‌کارییه‌کانى جێبه‌جێ کردنى یاساکه‌ ئاماژه‌ى پێدراوه‌ له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ (ته‌ندروستى و کۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌و خوێندن، کارو پیشه‌وه، ڕۆشنبیرى و وه‌رزش). له‌ لایه‌کى دیکه‌وه‌ کۆى گشتى ئه‌وانه‌ى تۆمارکراون له‌ لیستى که‌م ئه‌ندامان (107) هه‌زار که‌سن. به‌ڵام له‌ ساڵى (2016 لێژنه‌ پێکهێنرا بۆ داڕشتنى سیسته‌م و ڕێنمایى نوێ و پێداچوونه‌وه‌ به‌ پشکنینى نوێى پزیشکى بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر له‌نوێ ئه‌نجام بدرێته‌وه‌. دوا به‌روار بۆ کۆتایى هێنان به‌م پرۆسه‌یه‌ (1/10/2017) بوو دواتر ئه‌وانه‌ى له‌ پشکنین ده‌رچوون ئه‌و‌ مووچه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بێت، لێره‌دا دوو لیست ده‌‌مێنێ، ئه‌وانه‌ى نه‌هاتوون بۆ سه‌ردانى لێژنه‌که‌ و ئه‌وانه‌ى له‌ پشکنینى پزیشکى ده‌رنه‌چوون. ئه‌مانه‌ له‌ لیستى که‌م ئه‌ندامان ده‌رده‌کرێن.

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌باره‌ت به‌ بوارى ته‌ندورستى وتى : ماوه‌ى به‌سه‌رچوونى ده‌رمان به‌پێى ڕێنمایى و زانیاریه‌ پزیشکى و زانستییه‌کانى ده‌رمانسازى تاوه‌کو دواڕۆژى که‌ له‌ سه‌ر پاکه‌تى ده‌رمانه‌که‌ نووسراوه‌ بۆ به‌سه‌رچوون ده‌کرێت ده‌رمان به‌کاربهێندرێت، هه‌ندێک جار ئه‌و ده‌رمانانه‌ى که‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوون  هه‌ندێکیان کاتى به‌سه‌رچوونیان نزیک ببوو، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ده‌رمانى تر به‌یه‌که‌وه‌ بوون و نه‌ده‌کرا له‌ هه‌رێم ڕه‌تبکرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستییه‌ زانستییه‌ که‌ به‌روارى نزیکى به‌سه‌ر چوون به‌کارهێنانى ئاسایى یه‌ و دروسته‌. به‌پێى ڕێنمایى و مه‌رجه‌کان هه‌ر کۆمپانیا، کۆگا یان ده‌رمانخانه‌یه‌ک سه‌رپێچى کردبێت، سزا دراوه‌، سزاکان به‌گوێره‌ى جۆرى سه‌رپێچییه‌کانه‌ وه‌ک داخستن، ڕه‌وانه‌ کردن بۆ دادگا ، تۆمارکردنیان له‌ لیستى ڕه‌ش.به‌شى چاودێرى بازاێ‌  له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى (١١٣) ده‌رچوون و به‌دواداچونى بۆ کۆمپانیاکان و کۆگاکانى ده‌رمان ئه‌نجام داوه‌ به‌م شێوه‌یه‌:(٧٣) کۆمپانیاى ده‌رمان به‌سه‌رکراونه‌ته‌وه‌، دوو کۆمپانیاى ده‌رمان دراونه‌ته‌ دادگا،   (١٣) کۆگاى ده‌رمان سزادراون،قاچاغچییه‌کى تورک ڕه‌وانه‌ى دادگا کراوه‌، دوو که‌سى عێراقى تر دراونه‌ته‌ دادگا له‌سه‌ر ده‌رمانى ساخته‌

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌که‌دا تیشکى خسته‌ سه‌ر که‌مته‌رخه‌مى کارمه‌ندانى پزیشکى وتی: رێکارى یاسایى به‌رامبه‌ر به‌ پزیشکان و کارمه‌ندان له‌ هه‌ر سه‌رپێچى و که‌مته‌رخه‌مییه‌ک له‌لایه‌ن هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک به‌ پزیشک و کارمه‌ندانى ئاساییه‌وه‌، به‌پێى یاساى به‌رزه‌فتى فه‌رمانبه‌ران و یاساى و رێنماییه‌ پێکراوه‌کانه‌وه‌ ده‌بێت، و له‌م بواره‌وه‌ رێکارى یاسایى گیراوه‌ته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ر که‌مته‌رخه‌مییه‌ک که‌ خۆى  له‌ سزادانى کارگێڕى و دانه‌ دادگا به‌گوێره‌ى ده‌ره‌نجامى کارى لیژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌ هه‌ر یه‌ک له‌ حاڵه‌ته‌کان که‌ نوێنه‌رى داواکارى گشتى تێیاندا به‌شدار بووه‌.له‌ ساڵى 2014 تاکو مانگى ته‌مموزى 2017 له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى (١٣٩) لێژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ پێکهێنراوه‌ و (١٤) فه‌رمانبه‌ر دراونه‌ته‌ دادگا و (٤٢) فه‌رمانبه‌ریش به‌ سزاى کارگێڕى جۆراوجۆر سزا دراون.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌رى گۆڕینى گورچیله‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان دیندار زێباریرایگه‌یاند: نه‌شته‌رگه‌رى چاندنى گورچیله‌، نه‌شته‌رگه‌رییه‌کى پێشکه‌وتوو و گرنگه‌ که‌ له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامده‌درێت و ساڵانه‌ ژیانى هه‌زاران نه‌خۆش له‌مردن ڕزگار ده‌کرێت. لێژنه‌ى پزیشکى پسپۆێ‌ و تایبه‌تمه‌ند و یاسایى و پۆلیس و ئاسایش به‌شدارن له‌ ئاماده‌کارى که‌سى به‌خشه‌ر پێش ئه‌نجامدانى نه‌شته‌رگه‌ریه‌که‌، به‌گوێره‌ى یاسا و ڕێنمایى تایبه‌تبه‌چاندنى گورچیله‌. سه‌ره‌تا به‌خشه‌ره‌که‌ له‌لایه‌ن پۆلیس و ئاسایش و لایه‌نى یاسایى لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت و به‌ڵێننامه‌ى یاسایى پێ واژوو ده‌کرێت که‌ به‌ئاره‌زووى خۆى و خۆبه‌خشانه‌ گورچیله‌که‌ى ده‌به‌خشێت، دواى ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن تیمى پزیشکى پسپۆڕى هه‌ناو، گورچیله‌، نه‌شته‌رگه‌رى گورچیله‌، ده‌روونی، پشکنینى پزیشکى پێویستى بۆ ده‌کرێت و بڕیار ده‌درێت نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بکرێت یان نا، چونکه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان پابه‌ندى سه‌رجه‌م ڕێنماییه‌ پزیشکى و زانستى و یاساییه‌کانن و سه‌رپێچى له‌ پزیشک و کارمه‌ندان قبوڵکراو نییه‌.

دواتر د. دیندار زێبارى تیشکى خسته‌ سه‌ر راپۆرتى هیومان رایتس وۆچ سه‌باره‌ت به‌ بێسه‌روشوێن بوونى (٣٥٠) گیراوى داعش له‌ که‌رکوک وتی: تا رۆژى 16/10/2017 هیچ به‌ندکراوێک له‌ ئاسایشى که‌رکوک ده‌ستبه‌سه‌ر نه‌بوو، ته‌نیا له‌ شارۆچکه‌ى دبس زیندانێکى کاتى هه‌بوو بۆ وه‌رگرتنى راگوێزراوانى حه‌ویجه‌ که‌ پێش پرۆسه‌ى رزگارکردنى حه‌ویجه‌ ده‌هاتنه‌ دبس و به‌شێکیان که‌ ئه‌ندامى داعش بوون یان هاوکارى داعشیان کردووه‌ خۆیان راده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرد و هه‌موو ده‌ستگیرکراوه‌کان عه‌ره‌بى سوننه‌ بوون و ژماره‌یان نزیکه‌ى هه‌زار که‌س بوو. دواتر هه‌موویان گوازرانه‌وه‌ بۆ ئاسایشى هه‌ولێر و ئاسایشى گشتی، چونکه‌ هیچ گرتووخانه‌یه‌ک له‌ که‌رکوک نه‌بووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ دیندار زێبارى وتی: شێوازى ده‌ستگیرکردنى ئه‌و (٣٥٠) که‌سه‌ى که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌ جیاواز بوو، چونکه‌ به‌ تۆمه‌ت ده‌ستگیر نه‌کراون واته‌ تۆمه‌تیان ئاراسته‌ نه‌کراوه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌کانیش به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر نه‌بوو، به‌ڵکو له‌ دواى ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئازادکردنى حه‌ویجه‌وه‌ خۆیان راده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان کردووه‌ وئیعتیرافیان کردبوو که‌ سه‌ر به‌ داعشن و له‌ خێزانه‌کانیان دابڕا بوون، ئه‌وان خۆیان راده‌ستى سوپاى عێراق نه‌کردوو، به‌ڵام خێزانه‌کانیان گواستراونه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌کانى جعێده‌ که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێرده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى فیدڕاڵی، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ خێزانه‌کانیان له‌ ده‌ستبه‌سه‌رکردنیان ئاگادار بکرێنه‌وه‌.

ناردنى لیژنه‌ى به‌دواداچوونى راستییه‌کانى یۆنامى بۆ دوزخورماتوو یه‌کێک بوو له‌و بابه‌تانه‌ى دیندار زێبارى له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌که‌دا باسى کرد، له‌م باره‌وه‌ وتی: ئێمه‌ پێشوازى له‌ هه‌ر راپۆرتێکى بێلایه‌نى لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌که‌ین سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌کانى دواى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ر، چونکه‌ خه‌ڵکى ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان دووچارى نه‌هامه‌تییه‌کى زۆر و ئاواره‌یى و سووتانى ماڵ و خانوو و شوێنه‌ بازرگانییه‌کانیان بوونه‌وه‌ و ده‌یان هه‌زاریان له‌ شاره‌کانى کوردستان ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان له‌ رێکخراوه‌کان و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کرد که‌ پێویسته‌ هه‌رچى زووه‌ به‌هاناى خه‌ڵکى ئه‌م ناوچانه‌وه‌ بێن، له‌ هه‌مان کاتدا پێویسته‌ لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد له‌ رووداوه‌کان بکه‌ن، چونکه‌ هاووڵاتیانى کوردى ئه‌م ناوچانه‌ به‌تایبه‌تى به‌ ئامانج کرابوون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یۆنامى بۆ به‌دواداچوونى راستییه‌کان تیمه‌کانى نارده‌ ناوچه‌که‌.

زێبارى هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ وتی: ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ مایه‌ى سه‌رنج بوو له‌ راپۆرته‌که‌دا وه‌ک پێویست ئاماژه‌ به‌م راستیانه‌ى سه‌ره‌وه‌ نه‌کراوه‌، چونکه‌ هاووڵاتیانى کورد به‌ پله‌ى یه‌ک بوونه‌ته‌ ئامانج و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ له‌ خودى راپۆرته‌که‌دا باس کراوه‌، چونکه‌ خانووى هاووڵاتیانى تورکمانى شیعه‌ له‌سه‌رى نووسراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دووچارى تێکدان و رووخان نه‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ راپۆرته‌که‌د باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ له‌ ئه‌نجامى گرژى نێوان تورکمانه‌ شیعه‌کان و کوردان روویداوه‌ ته‌نانه‌ت ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ به‌شێکى له‌ رووخانى گه‌ڕه‌که‌ کورده‌کان به‌شێوه‌یه‌کى هه‌ڕه‌مه‌کى له‌ گه‌ڕه‌کى خۆیان روویداوه‌، چونکه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاماره‌کانى رێکخراوى  جیهانى کۆچ، به‌ڵام ئه‌و ژماره‌یه‌ى که‌ باس کراوه‌ که‌متره‌ له‌وه‌ى که‌ له‌ واقیعدا هه‌یه‌ و ئاماره‌کانیان ره‌نگدانه‌وه‌ى درووستى رووداوه‌کان، چونکه‌ خورماتوو زیانێکى زۆرى به‌رکه‌وتووه‌ و زیاتر له‌ (٣١,٠٠٠) خێزان که‌ ده‌کاته‌ (١٠٠,٠٠٠) سه‌د هه‌زار که‌س ئاواره‌ بوون و شوێنه‌کانى خۆیان جێهێشتووه‌ و زیاتر له‌ ١٥٠ خانوو تێکدراون له‌ نێویان ١٢ باره‌گاى حزبى سوتێنراوه‌ و (6) باره‌گاى ده‌زگاکانى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نووسێکى که‌ناڵى ئاسمانى کوردستان تیڤى له‌لایه‌ن میلیشیاکانه‌وه‌ به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ له‌ پێش چاوى خانه‌واده‌که‌ى شه‌هید کرا و لاشه‌که‌شى شێوێنرا ، هه‌روه‌ها (١٩) کارگه‌ و چێشتخانه‌ى هاووڵاتیان و به‌ سه‌دان مۆڵ و دوکانى هاووڵاتیان تاڵان کراوه‌ و سووتێندراوه‌، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ئه‌و زیانانه‌ى به‌و شاره‌ که‌وتووه‌ به‌ ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.

له‌ کۆتایى کۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌که‌ د. دیندار زێبارى رێکخه‌ر راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وتی: لێره‌وه‌ به‌ پێویستى ده‌زانین ڕاى گشتى ئاگادارى ب‌که‌ینه‌وه‌ که‌ که‌مینه‌یه‌کى باڵاده‌ست ده‌یانه‌وێت به‌ پاڵپشتى میلیشیاکانى حه‌شدى شه‌عبى دیمۆگرافیاى ناوچه‌که‌ بگۆڕن و شاره‌که‌ له‌ڕێى ترس و تۆقاندنه‌وه‌، چۆل بکه‌ن له‌ دانیشتووانه‌ کورده‌که‌ى و پێویسته‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى سنوورێک بۆ ئه‌م پێشێلکاریانه‌ دابنێت و کار بکرێت بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ى بارودۆخى ناوچه‌که‌ و ره‌خساندنى بوارێکى گونجاو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ که‌ له‌ ترسى هه‌ره‌شه‌کانى میلیشیاکانى ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشتووه‌ و له‌ ئێستادا ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها  کار بکرێت بۆ سزادان ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ى که‌ تاوانیان ده‌رهه‌ق به‌ هاووڵاتیانى توزخورماتوو ئه‌نجام داوه‌.


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


توند و تێژی دژ به‌ژنان برینێکی سارێژ نه‌بوو
ئه‌گه‌ر ئه‌زانن خه‌ونه‌ .... بۆچى ڕامان ئه‌چڵه‌کێنن
دروشمى حزبه‌کان له‌ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانى کوردستان چى ده‌بێت ؟
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
پانۆراماى کۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌کانى نێچیرڤان بارزانى له‌ داڤۆس
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
Created by AVESTA Group