په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلام و تیرۆر

11/16/2015 10:40:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
نووسینی: پۆڵا سه‌عید

له شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانه‌وه له ساڵی 1979دا، قسه‌ له‌سه‌ر ئیسلامۆفاشیسمووس له ئه‌وروپادا ده‌کرێت. له یانزده‌ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001ه‌وه قسه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلام و تیرۆر ده‌کرێت. له 13.11.2015ه‌وه له دیدی به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی ئه‌وروپییه‌وه سنوری نێوان ئیسلام و تیرۆر هه‌ڵگیراوه، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵکانێکی چ ئیسلام و چ کریسته‌کانی ئه‌وروپا پێیانوایه، که کاره تیرۆریستییه‌کانی باڵه ئیسلامییه‌کان هیچ په‌یوه‌ندییان به ئیسلامه‌وه نییه، که ئیسیس و ئیسلام هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به یه‌کترییه‌وه نییه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ تیرۆریستانی ئیسلامیی ئیسلامن؟ ئاخۆ تیرۆریستانی ئیسلامیی و ئایینی ئیسلام خاوه‌نی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کن؟ 

وه‌ڵامی من بریتییه له: به‌ڵێ تیرۆریستانی ئیسلامیی خاوه‌نی هه‌رچ ناوێک و ئیدیۆلۆگییه‌ک بن ئیسلامن. به‌ڵێ تیرۆر و ئیسلام خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کی دینامیین له‌گه‌ڵ یه‌کتردا.

 له‌م وتاره‌دا من ته‌نها گرنگیی به ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری که‌سێتیی و گه‌شه‌ی ده‌روونیی ده‌ده‌م نه‌ک ناوه‌خنه ئایینییه‌کانی ئیسلام. ئه‌نالیزه‌کردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلام و تیرۆر پێویستیی به وه‌رشه‌یه‌کی ده‌روونناسییانه‌یه. هه‌ربۆیه پێویستمان به هه‌موو تیۆرییه‌که، که له ڕێگایه‌وه بتوانین بگه‌ین به ڕاستیی. له تیۆریی ناسینه‌وه‌وه، که پشت به لۆگیک و هه‌ست ده‌به‌ستێت هه‌تا ئه‌نالیزه‌کردنی که‌ڕاکته‌ر. له ده‌روونناسییدا ناسینه‌وه‌ی هه‌سته‌کییانه پشت به ئۆرگانه‌کانی هه‌ست ده‌به‌ستێت، که له سه‌نته‌ری سیستێمی نێرفی مرۆڤدا بوونیان هه‌یه. هه‌ریه‌ک له‌م ئۆرگانانه پێویسته ته‌ندروست بن و کاربکه‌ن، ده‌نا تاک ناتوانێت ببێته خاوه‌نی ناسینه‌وه، بۆ نموونه بۆنێک خۆش بێت یان ناخۆش بێت، ئه‌گه‌ر بێتو ئۆرگانه‌کانی ناسینه‌وه‌ی بۆن له ڕێگای ئه‌و نۆیرۆنانه‌وه، که به‌رپرسن له ناسینه‌وه‌ی بۆن له‌ناوچووبن یان تێکچووبن، ئه‌وا تاک ناتوانێت بۆن بکات، بۆ ئه‌و بۆنێکی خۆش و ناخۆش وه‌ک یه‌که. سه‌نته‌ری سیستێمی نێرف پێویستی  به هه‌بوونی ئینفۆرماسیۆنه، زانیارییه، که له ڕێگای ئۆرگانه‌کانی هه‌سته‌وه پێیده‌گات، وه‌ک (هه‌ست له ڕێگای پێسته‌وه، بیستن له ڕێگای گوێوه، بینین له ڕێگای چاوه‌وه، بۆنکردن له ڕێگای لوته‌وه، تام له ڕێگای ده‌مه‌وه. به‌ڵام هه‌ستێکی تر هه‌یه، که به شه‌شه‌م ده‌ژمێردرێت، ئه‌ویش باڵانسه، ئۆرگانی به‌رپرس بۆ باڵانس له مێشکدایه به ناوی بازالگانگلین سیستێم. ئه‌م سیستێمه کاری ئه‌وه‌یه، که ڕابوه‌ستین، به ڕێکیی بڕۆین، ڕابکه‌ین ....هتد.).

مرۆڤ به‌رهه‌می ئیڤۆلۆسیۆنه و قووتبوونه‌وه‌شی به‌بێ هیچ ئامانجێکه. واته که‌سێک ئێمه‌ی دروستنه‌کردووه و که ناوی بنێین خودا، چونکه دروستکردنی هه‌رچ شتێک به‌بێ ئامانج بوونی نییه، بۆ نموونه من خانوویه‌ک دروستده‌که‌م هه‌تاوه‌کوو تێیدا بژییم، ئاوتۆمۆبیلێک دروستده‌که‌م، هه‌تاوه‌کوو له ڕێگایه‌وه مۆبیل بم، واته بجوڵێم، بتوانم ڕێگایه‌کی دووری پێبڕم، بتوانم که‌لوپه‌لی پێبگوێزمه‌وه ....هتد. زینی ژیان، یاخوود هه‌ستی ژیان، یاخوود هۆکاری له‌وێدابوونمان وه‌ک مرۆڤ له ژیاندا خاوه‌نی زین نییه، به‌ڵکوو ئێمه خۆمان زینێک ده‌ده‌ین به ژیانمان، هه‌ندێک به کاری باشه پڕی ده‌که‌نه‌وه و هه‌ندێکیش به خراپه. ئه‌مه‌ش ئه‌و تیۆرییه‌یه، که "ئێرنست ماخ"ی فیزیکه‌ر باسی لێده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێ: هه‌رچ شتێک له جیهاندا بوونی هه‌یه، له یه‌ک ئێلێمێنت دروستبوون، ئه‌مانه دێنه مێشکمانه‌وه و ناوی ده‌نێین هه‌ست. ئه‌وه‌ی ماخ لێره‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کات بریتییه له باشه و خراپه له جیهاندا. ئه‌مه ئه‌و شوێنی نه‌بووه‌ی تیۆرییه‌که‌ی نیچه‌یه له‌نێوانی باشه و خراپه‌دا. هه‌مان ئێلێمێنت له ژیاندا دێته منه‌وه و ده‌مکاته خاوه‌نی هه‌ستێک، دێته تۆوه‌ و ده‌تکاته خاوه‌نی هه‌ستێک، دێته که‌سێکی تره‌وه و ده‌یکاته خاوه‌نی هه‌ستێک. واته له سروشتدا ئێلێمێنتێک نییه باش بێت و ئێلێمێنتێکی تریش خراپ، هه‌تاوه‌کوو ئێمه دابه‌ش بکات به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی باشه و خراپه‌دا. ئه‌گه‌ر ئه‌م ئێلێمێنتانه‌ش ناوبنێین خودا، ئه‌وا خودایه‌ک نییه باش و خودایه‌کیش خراپ، که ئێمه دابه‌شبکات به‌سه‌ر باشه و خراپه‌دا. خودایه‌ک نییه داوای میهره‌بانیی و باشه و مرۆڤایه‌تیی بکات و خودایه‌کیش داوای کووشتن. هاتنی170 جاری وشه‌ی کووشتن له قورئاندا و هاتنی ڕسته‌گه‌لی وه‌ک " وقاتلهم حتی لاتکون فیتنه وقد یکون الدین الله"، به‌رهه‌می مرۆڤه نه‌ک ئه‌و ئێلێمێنته‌ی له جیهاندا بوونی هه‌یه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچیی تاک ئێلێمێنته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی تر وه‌رده‌گرێت، وه‌ک له‌وه‌ی، که هه‌یه؟ وه‌ڵام چونکه هه‌ریه‌ک له ئێمه خاوه‌نی ستراکتوورێکی ده‌روونیی ئیندیڤیدوومه، خاوه‌نی تێڕوانینێکی ئیندیڤیدوومه، خاوه‌نی ناسینه‌وه‌یه‌کی ئیندیڤیدوومه، ئه‌مه‌ش ناوده‌نرێت ئیدێنتیتێت، هه‌روه‌کوو چلۆن په‌نجه مۆری حه‌وت ملیارد مرۆڤ له جیهاندا هیچیان له یه‌کتریی ناچن. هه‌موو تاکێک خاوه‌نی کات و شوێنی خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ش جیای ده‌کاته‌وه له تاکێکی تر. ئێمه ئه‌گه‌ر له یه‌ک هۆده‌شدا پێکه‌وه بین و له ته‌نیشتی یه‌که‌وه ڕاوه‌ستابین، به‌ڵام هه‌ر یه‌که‌مان خاوه‌نی کات و شوێنی خۆمانین. به‌وپێیه‌ی که مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی قسه‌که‌ره، ئه‌وا بۆ پشتبه‌ستن به ناسینه‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر قسه‌کردن، زمان. واته بۆ تێگه‌یشتن له مامه‌ڵه‌کانمان پێویستمان به زمانه، چونکه له ڕێگای ئه‌و چه‌مک و وشانه‌وه، که بیری لێده‌که‌ینه‌وه، هه‌وڵده‌ده‌ین له مامه‌ڵه‌یه‌ک یان ڕووداوێک تێبگه‌ین، هه‌ربۆیه زمان بریتییه له مامه‌ڵه‌یه‌ک. واته کاتێک ده‌مانه‌وێت به تیۆریی مامه‌ڵه له ڕووداوێک یاخوود مامه‌ڵه‌یه‌ک تێبگه‌ین، ئه‌وا ناکرێت قسه‌کردن پشتگوێ بخه‌ین.

ئه‌و هه‌ستانه‌ی، که کاریگه‌ریی گرنگیان له‌سه‌ر دروستکردنی هه‌ستی ئایینیی هه‌یه، بریتییه له بیستن و بینین. کۆنترۆڵکردنی ئه‌م دوو هه‌سته واتای کۆنترۆڵکردنی مرۆڤه‌، هه‌مانکاتیش ڕزگارکردنی مرۆڤه له ده‌ستی کۆنترۆڵکردن، به‌ڵام ئه‌مه‌یان ته‌نها له ڕێگای تاک خۆیه‌وه پراکتیزه ده‌کرێت، نه‌ک له‌لایه‌ن که‌سی دووهه‌م و سێهه‌مه‌وه. مرۆڤ به ئاگایه و هه‌سته‌کانی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه کۆنترۆڵکراوه. واته کاتێک ئێلێمێنتێک دێته ناویه‌وه و هه‌ستێکی تووڕه‌ی پێده‌دات، هه‌تاوه‌کوو کاردانه‌وه‌یه‌کی تووندنی هه‌بێت، ده‌توانێت هه‌سته‌که‌ی له تووڕه‌ییه‌وه بگۆڕێت بۆ هه‌ستێکی تر و له‌بری کاردانه‌وه‌ی تووندڕه‌وانه بچێت شتێکی تر بکات، ئه‌مه‌ش ناوده‌نرێت ئازادیی ویست.

ئه‌وه‌ی کاریگه‌رییه‌کی هیپنۆزانه‌ی له‌سه‌ر تاکی ئیسلام هه‌یه، بریتییه له‌و تۆنانه‌ی ئه‌و تاکانه‌ی، که قورئان ده‌خوێننه‌وه یاخوود وتاری ئایینیی ده‌خوێننه‌وه. ده‌نگی بانگدان و قورئان خوێندن خاوه‌نی هێزێکی مێدیتاسیۆنانه‌یه، خاوه‌نی هێزێکی مێتافۆرییانه‌یه، خاوه‌نی هێزێکی هیپنۆزانه‌یه، که تاک هه‌ڵده‌سوڕێنێت. له بیلالی حه‌به‌شییه‌وه هه‌تا ئیمڕۆ هه‌موو تاکێکی ئیسلام به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئیسلامیسته یاخوود نا، سه‌رسامه به ده‌نگی بانگده‌رێکی خۆش، سه‌رسامه به وتارخوێنێکی ئایینی ده‌نگخۆش. هێزی ده‌نگ ئه‌و هێزه‌یه، که ته‌نانه‌ت هه‌ندێک وه‌ها سه‌رسام ده‌کات، که خۆیان بچن بانگ بده‌ن، خۆیان قورئان بخوێننه‌وه، وتاری ئایینیی بخوێننه‌وه، به‌مشێوه‌یه تاک خۆی خۆی هیپنۆزه ده‌کات و له‌نائاییدا ده‌بێته تاکێکی ئایینیی.

له وڵاتانی ئیسلامدا منداڵ له سروشتی ئیسلامدا له‌دایک ده‌بێت، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئاخۆ ئه‌و سروشته‌ی، که ئه‌وی تێدا له‌دایکبووه خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ڕاسیۆناڵن یاخوود نا، واته خوێنده‌وارن یاخوود نا. منداڵ له چرکه‌ ساتی له‌دایکبوونیه‌وه دایکی ده‌بینێت نوێژ ده‌کات، باوکی ده‌بینێت نوێژ ده‌کات، گوێی له‌ ده‌نگی بانگ و خوێندنه‌وه‌ی قورئانه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌بنه به‌شێک له سروشتی منداڵ، ده‌بێته به‌شێک له ئیدێنتیتێتی منداڵ. منداڵ گه‌وره ده‌بێت، له تێلێڤیزیۆندا خه‌ڵکانی ئایینیی ده‌بینێت و گوێیان لێده‌گرێت، له ده‌ره‌وه مزگه‌وت ده‌بینێت و خه‌ڵکانی نوێژکه‌ر له‌سه‌ر جاده بینێت. منداڵ فێر ده‌بێت چیی ڕاسته و چیی هه‌ڵه‌یه، چیی باشه و چیی خراپه، ئه‌مانه ده‌بنه سروشتی ئه‌و، منداڵ به ترس له خودا په‌روه‌رده ده‌کرێت. ئه‌و ئۆرگانه‌ی، که له مێشکدا به‌رپرسه له ترس ناوی "ئامیگدالا"یه. ئه‌م ئۆرگانه وا له‌ناو "سیستێمی لیمبیش"دا، که کاریان پێدانی هه‌ستی ژیانێکی باشه له مرۆڤدا، پێدانی هه‌ستی ته‌ندروستییه، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی نه‌خۆش بین یان ساغ. بۆ نموونه کاتێک سکمان دێشێت، سه‌ره‌تا سیگناڵ دێت بۆ ئه‌م سیستێمه، که سکمان دێشێت، که گه‌رمامانه یان سه‌رمامانه سیگناڵ دێت بۆ ئه‌م سیستێمه ...هتد. له‌م سیستێمه‌دا ئامیگدالا هه‌یه، که ئۆرگانێکه ئه‌رکی ترسی له‌سه‌ره. له سروشتی مرۆڤدا ئه‌م ئۆرگانه مرۆڤ له مه‌ترسییه ده‌ره‌کییه‌کان ده‌پارێزێت، به‌ڵام له ڕێگای بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ خۆیه‌وه ده‌توانرێت ئه‌م ئۆرگانه له ڕێگای پێدانی ئیمپولزی زۆره‌وه گه‌وره بکرێت. هه‌روه‌کوو چلۆن گه‌نجێک ده‌چێته سه‌نته‌رێکی فیتنس بۆ دروستکردنی موسکل و موسکله‌کانی له‌شی گه‌وره ده‌کات، ئاوهاش ئامیگدالا به ڕاهێنان و پێدانی ئیمپولزی زیاتر گه‌وره ده‌بێت. مرۆڤێکی ئیسلام که خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ڤیزوێله به‌رانبه‌ر به خودا و هه‌ڕه‌شه‌کانی ئاگری جه‌هه‌ننه‌م و ...هتد. ترسی له هه‌موو شتێکه، که له ئایینه‌که‌یدا ڕێگاپێنه‌دراو بێت، ئه‌گه‌ر ته‌وقه‌کردنێکی ساده و ساکاری نێوان ژن و پیاوێکیش بێت. ترسی له سزای دایک و باوک، خوشک و برا. ترسی له سزای کۆمه‌ڵ هه‌یه. ترس ژیانێکی پێده‌دات، که ژیانی خۆی نییه.

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌ی بۆچیی تیرۆریستانی ئیسلامیی له خودا ناترسن، کاتێک ده‌ستدرێژیی سێکسیی ده‌که‌نه سه‌ر ژنان و منداڵان، کاتێک مرۆڤ ده‌کووژن ...هتد. وه‌ڵام چونکه ئه‌مان ویسته‌کانی خودا پراکتیزه ده‌که‌ن، هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش، که ده‌کووژرێن یان ده‌ستدرێژییان ده‌کرێته‌سه‌ر بۆ ئه‌وان دوژمنی خودان و به‌پێی ده‌ستووری ئایینییانه‌ی ئه‌وانیش هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌ک بۆسه‌ر ئه‌مانه کارێکی خراپ نییه، به زمانه ئایینییه‌که‌ی ئه‌وان حه‌ڵاڵه.

تاکێکی تر، که ئیسلامه خاوه‌نی هه‌مان ترسه، خاوه‌نی هه‌مان نۆرمه، که هه‌موو تاکێکی ئیسلام هه‌یه‌تی، به‌ڵام ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری جیاوازتره وه‌ک له هی یه‌کێکی تر. ئه‌مه‌ش وه‌های لێده‌کات، که ئه‌م تیرۆریست نه‌بێت و یه‌کێکی تریش تیرۆریست بێت. ڕه‌گی کێشه‌که له "من"دایه، له ئیدێنتیتێتدایه. هه‌ندێک دایک و باوک گله‌یی ئه‌وه ده‌که‌ن، که ئه‌مان خه‌ڵکانی ئایینیی تووندڕه‌و نین، چلۆن کوڕه‌که‌یان بووه‌ته تیرۆریست. وه‌ڵامی ئه‌م گله‌ییه له‌وه‌دا نییه، که دایک و باوکان کوڕه‌که‌یان فێرکردووه، به‌ڵکوو له‌و سروشته‌دایه، که کوڕه‌که‌یانی تێدا گه‌وره بووه، له ڕێگای سۆسیاله کۆنسێپته‌وه کوڕه‌که‌یان فێری شتێک بووه و کردوویه‌تی به سروشتی خۆی. واته ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌یان له‌ژێر کاریگه‌رێتیی سۆسیاله کۆنسێپتی خه‌ڵکانێکی تردا بوایه، که بیرکردنه‌وه‌یه‌کی تریان هه‌یه، که ژیانێکی تر ده‌ژیین، ده‌شا ببوایه به پۆڕنۆ ستار نه‌ک تیرۆریست، ده‌شا ببوایه به ئه‌کته‌ر نه‌ک تیرۆریست، ببوایه به موسیککار نه‌ک تیرۆریست ...هتد.

هه‌ر منداڵێک له له‌دایکبوونیه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیی، ئه‌گه‌ر هاتوو له ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کی ئیسلامییدا ژیا، ئه‌وا هه‌موو ته‌مه‌نی ده‌بێته موڵکی ئیسلام. جیاوازیی نێوان منداڵێکی کریست و منداڵێکی ئیسلام له‌وه‌دایه، که منداڵه کریسته‌که ژیانی منداڵیی خۆی ده‌ژیی و سه‌رقاڵی یارییکردن و ژیانێکی منداڵانه‌یه. به‌ڵام منداڵێکی ئیسلام سه‌رقاڵی ژیانی منداڵانه نییه، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که له خانه‌واده‌یه‌کی ئیسلامییدا بێت یاخوود نا. ئه‌م منداڵه ژنان ده‌بینێت عه‌بایان به‌سه‌ره‌وه‌یه و خۆیان داپۆشیوه، له‌چکیان به‌ستووه، حیجابیان به‌ستووه، بگره له هه‌ندێک وڵاتانی تری ئیسلامییدا بورکایان به‌ستووه، واته ته‌نها چاویان به‌ده‌ره‌وه‌یه، بگره له هه‌ندێک مۆدێلی تری بورکادا چاویشیان به‌ده‌ره‌وه نییه، به‌ڵکوو په‌رده‌یه‌کی ته‌نکی کونداری بۆکراوه. منداڵه‌که ڕۆژانه پێنج جار گوێی له ده‌نگی بانگه، خه‌ڵکانی نوێژکه‌ر ده‌بینێت، بۆ هه‌رچ شوێنێک ده‌چێت، خه‌ڵکه‌که ژیانێکی ئیسلامیی ده‌ژیی، بۆ هه‌رچ شوێنێک ده‌چێت فێرده‌کرێت هه‌موو مرۆڤێک، که ئیسلام نه‌بێت نرخی نییه و حه‌ڵاڵه هه‌رچییان له‌گه‌ڵدا بکرێت، بکوژرێن و ته‌عدایان لێبکرێت ...هتد.

منداڵێکی کریست ته‌نها گوێی له زه‌نگی کڵێسایه، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێتو له‌و شوێنه‌ی ئه‌وی لێده‌ژیی که‌نیسه‌یه‌کی لێبێت یاخوود ئه‌و که‌نیسه‌یه‌ی، که له‌و شوێنه‌دایه، که ئه‌وی لێده‌ژیی خاوه‌نی زه‌نگێک بێت، چونکه مه‌رج نییه هه‌موو که‌نیسه‌کان خاوه‌نی زه‌نگ بن. منداڵێکی کریست له‌سه‌ر جاده و ڕێگا و بان خه‌ڵکانێک نابینێت نوێژ بکه‌ن، به‌ڵکوو ده‌یانبینێت ده‌ژیین، کار ده‌که‌ن، ماچ ده‌که‌ن، بگره له هه‌‌ندێک شوێندا سێکس ده‌که‌ن. لێره‌دا ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌دا به‌شێکه له سروشتی ئه‌م منداڵه، به‌شێکه له ستراکتوری که‌ڕاکته‌ری ئه‌م منداڵه.

هه‌ندێک منداڵ، که خاوه‌نی باکگراوندێکی خۆرهه‌ڵاتیین، که له ئه‌وروپادا له‌دایکبوون، ئێستا ژیانێکی نۆرماڵ و مرۆڤانه تا ئه‌وپه‌ڕی مرۆڤانه ده‌ژیین، چونکه خاوه‌نی ستراکتورێکی که‌ڕاکته‌ری ترن وه‌ک له منداڵێکی ئیسلامیی. چونکه نه له په‌یوه‌ندییه‌کانی سۆسیاله کۆنسێپتیاندا تێکه‌ڵ به منداڵان و گه‌نجانی تووندڕه‌وی ئیسلامیی بوون، نه ڕۆژانه گوێیان له ده‌نگی بانگه، نه ئه‌تمۆسفێره‌یه‌کی ئیسلامیی له ماڵه‌کانیاندا هه‌یه، نه هیچ شتێک له‌سه‌ر ئیسلام ده‌خوێننه‌وه. ئه‌مانه ئه‌و ژیانه ده‌ژیین، که فێری بوون، ئه‌ویش ژیانه له ژیانی ڕۆژانه‌دا. ژیانیان پڕه له گوێگرتن له موسیک، له ئاهه‌نگکردن، له‌ سه‌ردانی کۆنسێرت و دیسکۆکان، له گه‌ڕان و سه‌فه‌رکردن و سێکسووالیتێت ...هتد. هه‌ربۆیه بۆ ئه‌وان کارێکی نه‌وی نییه، کاتێک ڕییانه له کۆنسێرتێکدا خۆی ڕووتده‌کاته‌وه، کاتێک میلی سیروس خۆی ڕووتده‌کاته‌وه ...هتد.

هه‌ندێک منداڵی تر، که له ئه‌وروپا له‌دایکبوون،به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که خاوه‌نی چ ناسیۆناڵیتێتێک بن، گه‌شه‌ی ده‌روونیی پێشینه‌ی منداڵییان ده‌یانکاته تیرۆریست. په‌روه‌رده‌ کردنیان له‌لایه‌ن دایک و باوکیانه‌وه گه‌شه‌ی ده‌روونیی منداڵییان پێده‌به‌خشێت. دایک و باوکه‌کان ته‌نها ئیسلامن نه‌ک ئیسلامیست، به‌ڵام پڕاکتیزه‌کردنی ده‌ستوره‌کانی ئیسلام و کردنی به یاسای ژیانی منداڵه‌کانیان، له ئاینده‌دا منداڵه‌کان ده‌کاته تیرۆریست. بۆ نموونه منداڵ فێر ده‌کرێت، که گۆشتی به‌راز نه‌خوات، چونکه حه‌رامه. منداڵی کچ فێرده‌کرێت، که له‌چک ببه‌ستێت، چونکه حه‌رامه پرچی دیار بێت. چالاکییه‌کانی قووتابخانه له منداڵان قه‌ده‌غه ده‌کرێت، چونکه حه‌رامه، ڕێگا نادرێت منداڵان شه‌وان له ماڵی منداڵانی تری کریست بنوون، به‌تایبه‌ت کچان. قه‌ده‌غه‌کردنی سێکسوالیتێت له کچان و هه‌بوونی خۆشه‌ویست، هاوڕێی کوڕ و ئه‌کتیڤبوونیان له سه‌ردانی کۆنسێرت و دیسکۆ و باڕ و خۆڕووتکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌ریا ...هتد. کچێکی ئاوها له ئاینده‌دا ئێره‌گه‌ره به‌رانبه‌ر هه‌ر کچێکی تری خۆرهه‌ڵاتیی، که ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر و ئازاد ده‌ژیی. ئازادیی و ژیانی ئه‌م کچانه بێڕێز ده‌کرێت و که‌سایه‌تییان ده‌شکێنرێت، ئه‌مه‌ش ڕه‌گی نۆیرۆزبوون و فاشیستبوونی تاکه، که نرخ بۆ به‌رانبه‌ر دانانێت. ئازادیی و ژیانی تاکی ئه‌وروپیی بێڕێز ده‌کرێت و ده‌شکێنرێت. له‌کاتێکدا مرۆڤ ده‌توانێت هه‌مان ژیان بژیی، ته‌نها پێویسته بییه‌وێت، هیچی تر.

پێنه‌دانی نرخ به تاکی کریست و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نۆرمی ژیانی کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپیی به‌شێکه له سروشت و ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری دایک و باوکانی ئاوها و ئه‌وانیش ده‌یگه‌یه‌نن به منداڵه‌کانیان و ده‌یکه‌ن به سروشتی ئه‌وان و به به‌شێک له ستراکتووری که‌ڕاکته‌ری منداڵه‌کانیان. دایک و باوکان ژیانێکی ئیسلامیی ده‌ژیین له ماڵه‌وه، منداڵه‌کانیان له ده‌ره‌وه تێکه‌ڵ به سروشتی ژیانی خه‌ڵکانی ئیسلام و سه‌له‌فیسته‌کانی ئه‌وروپا ده‌بن، سه‌ردانی مزگه‌وت ده‌که‌ن و له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ده‌بنه تاکێکی سه‌له‌فیست، ده‌بنه ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان و ده‌بنه خاوه‌نی ئه‌رک و پلان، که له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانیانه‌وه پێیانده‌درێت، وه‌ک ئه‌و عه‌تایه‌ی شاری هامبورگ، که به‌شداربوو له کاره‌ساتی یانزده‌ی سێپتێمبه‌ری 2001دا. نموونه‌کانی وه‌ک عه‌تا، خه‌ڵکانی سیاسیین، هه‌ربۆیه ڕۆڵیان وه‌ک ڕۆڵی ئاگێنتێکی ئیسلامییه، که سانا نه بدۆزرێنه‌وه، نه که‌سیش درکیان پێبکات، که ئه‌مانه ئیسلامی سیاسیی و تیرۆریستن. هه‌ربۆیه کاتێک ئه‌مانه ده‌ستگیرده‌کرێن یان له کاره‌ساتێکدا ده‌کووژرێن و ئاشکرا ده‌بن، هاووڵاتییانی ئه‌وروپیی تووشی شۆک ده‌بن، چونکه ئه‌مانیان پێشتر به‌وشێوه‌یه نه‌ناسیوه و نه‌یانبینیوه، که ژیانێکی ئیسلامیی بژیین. به‌پێچه‌وانه‌وه، ژیانێکی مۆدێرن و ئه‌وروپییانه ژیاون. منداڵ به ترس و تووندوتیژیی په‌روه‌رده‌ ده‌کرێت، فێر ده‌کرێت، که هیچ نرخێک بۆ هیچ که‌سانێکی تری نا ئیسلام دانه‌نێت و به دوژمنی الله‌ی بزانێت. هه‌موو ئه‌م یه‌که ده‌روونییانه به‌شێک ده‌بن له ئینستانسه ده‌روونییه‌کانی که‌ڕاکته‌ری تاک. ئه‌و ئیمپولزه‌ی له ده‌ره‌وه دێته ناو تاکه‌وه، ئه‌و ئێلێمێنته‌ی که ئێرنست ماخ باسی لێده‌کات دێته ناو تاکی ئیسلامه‌وه و ده‌یکات به هه‌ستێک. "من"ی تاک وه‌ک ئینستانسی ده‌روونی ده‌یگه‌یه‌نێت به "سه‌روی من" وه‌ک ئینستانسێکی ده‌روونیی به‌رپرس له نۆرم و مۆڕاڵ، ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندیی خۆی ده‌نێرێته‌وه بۆ "من" و تاکی ئیسلامیش پراکتیزه‌ی تووندوتیژیی ده‌کات، چونکه "سه‌رو من"ی ستراکتووری ده‌روونیی چرای سه‌وزی بۆ هه‌ڵکردووه. ئه‌مه ڕووده‌دات، چونکه له‌و ئینستانسه‌دا هه‌رچ نۆرم و دابونه‌ریتێک ئیسلامیی نه‌بێت و له شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا نه‌بێت، نامۆیه، نائیسلامه، دژ به ئیسلام و الله و پێغه‌مبه‌ره‌که‌یه‌تی، هه‌ربۆیه له‌ناوبردنی حه‌ڵاڵه، ئه‌مه‌ش ناو ده‌نێم، په‌یوه‌ندیی نێوان ئیسلام و تیرۆر.

ڕه‌خنه‌ی تاکی خۆرهه‌ڵاتیی باکگراوند ئیسلام له ئه‌وروپیی بریتییه له: که کاتێک کاره‌ساتێک له ئه‌وروپا ڕوو ده‌دات، هه‌موو ئه‌وروپا سه‌رقاڵی ئه‌و کاره‌ساته ده‌بن "بۆ نموونه کاره‌ساته‌که‌ی 13.11.2015ی پاریس" و میدیاکانیان چه‌ندیین ڕۆژ پێوه‌ی خه‌ریکن، هاووڵاتییانیان سه‌رقاڵی چالاکیی و هاووخه‌میی و به‌ته‌نگه‌وه‌ هاتنن. ئه‌مه ناوده‌نرێت سۆڵیداریتێت، که کورد به‌تایبه‌ت پێویسته فێری بێت. مرۆڤ له سروشتی خۆیدا سۆڵیداریتێتی ته‌‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی گرووپه‌که‌ی خۆیدا هه‌یه. ئه‌مه سروشتی مرۆڤه، وه‌ک سروشتی هه‌ر ئاژه‌ڵێکی تر. ته‌ماشای شامپانز و مه‌یموون بکه‌ن، ته‌ماشای ئاژه‌ڵ و باڵنده‌کانی تر بکه‌ن. فاسانێک یان که‌وێک، کاتێک چه‌ند ڕۆژێک له گرووپه‌که‌ی دوورده‌که‌وێته‌وه، له هاتنه‌وه‌یدا تووشی کێشه‌یه‌کی گه‌وره له گرووپه‌که‌دا ده‌بێت، چونکه وه‌ریناگرنه‌وه و لێیده‌ده‌ن. ئێمه‌ی مرۆڤ خاوه‌نی هه‌مان سروشتین، به‌ڵام ده‌توانین گرووپه‌که‌مان گه‌وره بکه‌ین و سۆڵیداریتێتمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی تریشدا هه‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌شێک بن له گرووپه‌که‌ی ئێمه. ئه‌مه‌ش به په‌سه‌ندکردنیان ڕووده‌دات، به‌بێ گوێپێدانه نۆرم و دابونه‌ریتیان.
 

زۆرترین خوێندراو