عێراقى کۆن و عێراقى نوێ

4/9/2016 8:55:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سۆران حه‌سه‌ن


ئاشکرایه‌ 13 ساڵه‌ سه‌رده‌مى عێراقى کۆن سڕراوه‌ته‌وه‌و به‌ دروشمى لایه‌نه‌کان عێراقێکى نوێ هاتۆته‌ کایه‌وه‌ ، گه‌ر تیر ئاسا گوزه‌رێک به‌نێو سیاسه‌تى عێراقى کۆن واته‌ عێراقى زه‌مانى حزبى به‌عس و صدام و داروده‌سته‌که‌یدا بکه‌ین چه‌ندین ڕوداوى نه‌خوازراو دور له‌هه‌موو به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کان به‌دى ده‌که‌ین ، ئه‌و عێراقه‌ جگه‌ له‌ دروستکردنى شه‌ڕو ماڵوێرانى و ڕاوه‌دونان و ڕاگواستن و سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانى تعریب و تبعیس و ترحیل و کوشتن و بڕین هیچى ترى بۆ دواى خۆى جێ نه‌هێشت و ده‌توانین بڵێین بۆ په‌یڕه‌وکردنى سیاسه‌ته‌کانیشى که‌م تازۆر له‌نێوان پێکهاته‌کانى عێراقدا جیاوازى نه‌کردوه‌و ئه‌وه‌نده‌ى ده‌رهه‌ق به‌ میلله‌تى کورد دوژمنکارى کردوه‌ پێ ده‌چێت هێنده‌ى ئه‌وه‌ش به‌ شیعه‌کانى خواروى عێراقى کردبێت.

هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕى 8 ساڵه‌ى نێوان عێراق و ئێران و داگیرکردنى کویت و کیمیابارانکردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ چه‌کى کیمیاوى و ئه‌نفالکردنى گه‌لى کورد و سوتاندن و داگرتنى سه‌رجه‌م گونده‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئاواره‌ بوون و ماڵوێرانى ده‌ستکه‌وت و  سیماى ئه‌و ڕژێمه‌ن که‌له‌ماوه‌ى 35 ساڵه‌ى ته‌مه‌نیاندا به‌رامبه‌ر به‌ گه‌له‌که‌ى خۆیان و هاونیشتمانیانى خۆیان ئه‌نجامداوه‌.

5-3-1991 و ڕاپه‌ڕینى گه‌لى کوردستانى باشور هه‌ندێک له‌و برینانه‌ی ساڕێژکرد و ده‌ستى جه‌لاده‌کانى به‌عسى له‌ ناوچه‌که‌مان دورخسته‌وه‌و ئه‌مجاره‌یان دور له‌ چه‌کمه‌ى ڕه‌شى داگیرکه‌ران میلله‌ته‌که‌مان ژیانیان به‌سه‌ر برد و حکومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستانى لێ هاته‌ به‌رهه‌م که‌ به‌هه‌موو که‌م و کوڕییه‌کانه‌وه‌ له‌باشترین حوکمى داگیرکارى دوژمنان باشتر بوه‌ .

9-4-2003 ئه‌و ڕۆژه‌بوو که‌ به‌ ‌هێزى کاریگه‌رى ئه‌مه‌ریکاو  هاوپه‌یمانان حزبه‌که‌ى میشێل عه‌فله‌ق بۆ هه‌تایه‌ گۆڕبه‌گۆێ‌ کراو صدامى دیکتاتۆر بۆ کۆتا جار چاوى له‌ پایته‌ختى زوڵم و سته‌م بڕا .
پرۆسه‌ى ئازادى عێراق سه‌رکه‌وتوانه‌ گه‌یشته‌ ئامانجه‌کانى و به‌هه‌وڵى ڕاسته‌وخۆى ئه‌مه‌ریکاو به‌به‌شدارى کورد و لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان هه‌نگاو به‌هه‌نگاو قۆناغ به‌قۆناغ حکومه‌تێکى فره‌ لایه‌ن و تاڕاده‌یه‌ک له‌ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات بونیاد نرا .
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێ ى پرسیاره‌ گه‌وره‌که‌یه‌ ئایا عێراقى پێش 2003 له‌گه‌ڵ عێراقى دواى 2003 جیاوازییه‌کانیان چین یان ده‌ستکه‌وته‌کان چین له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتوون.

گومانى تیادا نیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کێبڕکێ ى مه‌زهه‌بى و چینایه‌تى و نه‌ته‌وایه‌تى ڕه‌نگى دایه‌وه‌و هه‌ر زوو به‌زوو که‌وتنه‌وه‌ وێزه‌ى گه‌لى کورد و به‌جۆره‌ها شێواز که‌وتنه‌وه‌ خواردنى مافى کورد و ئه‌وه‌ى پێیان کرا کردیان و ئه‌وه‌ى نه‌یان کرد پێیان نه‌کرا، سه‌دان و هه‌زاران دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى گه‌وره‌ له‌گشت سێکته‌ره‌کاندا ئاشکرابوو وه‌ هه‌روه‌ها له‌ناوچه‌ شیعیه‌کان ڕۆژانه‌ ته‌قینه‌وه‌ده‌کراو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ناوچه‌ سونییه‌کانیش به‌رده‌وامى هه‌بوو ئه‌مه‌و جگه‌ له‌ وه‌ى ڕۆژانه‌ خه‌ڵک بێ سه‌رو شوین ده‌کرا ته‌نها له‌به‌ر ناسنامه‌که‌ى یان مه‌زهه‌به‌که‌ى یان نه‌ته‌وه‌که‌ی.

له‌ کوردستانیش جگه‌ له‌وه‌ى چه‌ند ساڵێک خه‌ڵک به‌ئاسوده‌یى ده‌ژیان و خه‌ریکى سه‌رله‌نوێ دروستبونه‌وه‌ى ژیانیاان ده‌کرد سه‌ره‌ڕاى چه‌ندین کێشه‌ى نێوخۆى و دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى دواجار له‌درێژه‌ى ئه‌و دوژمنایه‌تییه‌ى که‌ عه‌ره‌بى عێراقى له‌گه‌ڵ گه‌لى کوردستاندا دروستیان کردبوو گه‌یشته‌ بڕینى بودجه‌و موچه‌ى هه‌رێمى کوردستان وهێنانه‌ کایه‌ى دۆخێکى زۆر خراپى دارایى و ئابورى ، شه‌ڕى دوژمنانى داعشیش با بوه‌ستێت که‌ ڕه‌وتى هه‌رێمى کوردستانیان بۆ دۆخێکى مه‌ئساوى برد .

ئێستا له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش چه‌ندین قه‌یران بونیان هه‌یه‌و چاره‌سه‌رکردنه‌کانیش زۆر سست و لاوازن و به‌پێ ى حه‌زو ئاره‌زووى خه‌ڵکى ووڵاته‌که‌ نیه‌و ڕۆژ به‌ڕۆژ ژیان قورستر ده‌بێت .
له‌م چه‌ند دێڕه‌ى پێشوودا بۆمان ڕون ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌ر له‌ 2003 و دواى ئه‌و به‌رواره‌ جیاوازییه‌کان چین یان له‌یه‌ک چونه‌کان به‌چ شێوازێکن .

به‌گشتى خه‌ڵکى عێراق و کوردستان له‌هه‌ردوو به‌ره‌که‌دا له‌نێوان دوو به‌رداشدان و هه‌ردوو سیسته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌که‌ میلله‌تیان کردوه‌ به‌ په‌یژه‌و پیادا سه‌رده‌که‌ون به‌بێ ئه‌وه‌ى تۆسقاڵێک ویژدانیان هه‌بێت.

له‌هه‌رێمى کوردستان قه‌یرانه‌کان هیچیان له‌وانه‌ى عێراق که‌متر نیه‌و خه‌ڵکى کوردستان زۆر ناڕازییه‌و به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌کانه‌ ناگرن، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتدارانى کوردستان به‌رله‌هه‌موو شتێک له‌ماڵى خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ن و هه‌وڵ بدرێت ئه‌و چاکسازییه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌ کارى جدى بۆ بکرێت.


زۆرترین خوێندراو