کورد ده‌ستى له‌هه‌مانه‌که‌ ده‌رده‌چێ ...!

7/2/2016 9:51:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

به‌ختیار حسین 






به‌درێژاى مێژوو له‌هه‌مو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا خواست و داواکارى مافه‌کانیان گۆڕانى به‌سه‌ر داهاتووه‌و به‌رده‌وامیش له‌گۆڕاندا ده‌بێت ، گه‌لى کوردیش وه‌ک هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کى ئه‌م جیهانه‌ له‌قۆناغێکه‌وه‌ بۆقۆناغێکى تر خواست و دواکارى و مافه‌کانى ده‌گۆڕێت ، له‌ئێستادا ئه‌وه‌ى جێى گفتوگۆ و مشتومڕه‌ سه‌ربه‌خۆى کوردستان و هه‌نگاونانه‌ بۆ دروستکردنى ده‌وڵه‌تى کوردى .

مافى سه‌ربه‌خۆیى گه‌لى کورد مافێکى ره‌واو سه‌رده‌میانه‌یه‌ ، چونکه‌ له‌هه‌موجیهاندا گه‌وه‌رترین نه‌ته‌وه‌ که‌خاوه‌نى سه‌ربه‌خۆیى خۆیى و ده‌وڵه‌ت نیه‌ کورده‌ ، ئه‌مه‌ش مافێکى یاسایى و سیاسى خۆیه‌تى وه‌ک هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌کى تر داواى کیان و بونى سه‌ربه‌خۆیى خۆى بکات .بۆیه‌ من نامه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر میکانیزم و بنه‌ماکانى سه‌ربه‌خۆیى و ده‌وڵه‌ت بونى گه‌لى کورد بکه‌م ، به‌ڵکو کاتى راگه‌یاندن و راگه‌یاندنى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌یه‌ زۆرگرنگه‌ تاوه‌کو ده‌رفه‌ته‌کان له‌ده‌ست نه‌چن .

له‌قۆناغى ئێستادا به‌ڕوونى به‌دیده‌کرێ که‌هه‌موو جیهان و ناوچه‌که‌ش روبه‌روى گۆڕانى گه‌وه‌ره‌ ده‌بێته‌وه‌ و ناوبه‌ناو نیشانه‌کانى لێره‌و له‌وێ ده‌رده‌که‌ون ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ى لاى که‌سانى پسپۆڕان و شاره‌زا و چاودێرانى سیاسیدا ده‌خرێته‌روو یاخود پێشنیار ده‌کرێت له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ دابه‌شکردنى عێراق بۆ سێ ناوچه‌ى سه‌ربه‌خۆ (کورد ، سنه‌ ، شیعه‌) .

بۆیه‌ پێویسته‌ کورد کاتى راگه‌یاندنى ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ دیاری بکات له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ى روبه‌روى هه‌رێمى کوردستان بۆته‌وه‌ ،چونکه‌ کات و سه‌رده‌م و قۆناغه‌کان گۆ ڕانیان به‌سه‌ردادێت و ده‌رفه‌ته‌کان هه‌میشه‌ دروست نابنه‌وه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ کورد پێش دوو روداوى گرنگى جیهانى و ناوچه‌یى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ به‌هه‌ل وه‌ربگرێت و بڕیارى خۆى بدات ،ئه‌وانیش پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌مه‌ریکا گه‌وره‌ترین زلهێزى جیهان که‌چاوه‌روان ده‌کرێ له‌روى جیۆپۆلیتیک و هاوکێشه‌ سیاسیه‌کان گۆڕان روبدات ،که‌بریاره‌ له‌مانگى نۆڤه‌مبه‌رى ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت  و باراک ئۆباماى سه‌رۆکى ئێستاش  به‌پێى ده‌ستورى وڵاته‌که‌ى  ناتوانێ جارێکى تر ببێته‌وه‌ به‌سه‌رۆک ، که‌ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ کاریگه‌رى هه‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانى ئه‌مه‌ریکاو کورد،بۆیه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌و روداوه‌ کورد بڕیارى خۆى بدات .

یه‌کێکى تر له‌و روداوانه‌ى کاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى کورد ئازاد کردنه‌وه‌ى موسڵه‌ له‌لایه‌ن هێزى هاوپه‌یمانان و سوپاى عێراق که‌بڕیاریشه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شدارى بکات ، بۆیه‌ پێویسته‌ پێش به‌شداریکردن کورد بڕیارى خۆى بدات چونکه‌ زۆرجار کورد ته‌نها له‌وکاتانه‌دا ناوى هه‌بووه‌و گفتوگۆى پێکراوه‌ که‌بونه‌ته‌ فاکته‌رێکى یاریده‌رو پێویست دواتر هه‌ڵوێسته‌کان پێچه‌وانه‌ بونه‌ته‌وه‌و نه‌ک له‌به‌رژه‌وه‌ندى کورد نه‌بووه‌ به‌ڵکو به‌دژیشى شکاوه‌ته‌وه‌ .

له‌ئێستادا عێراق و جیهانیش بۆ شه‌ڕى تیرۆر و روبه‌روبونه‌وى داعش پێویستیان به‌کورد و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ وه‌ک هێزێکى شه‌ڕکه‌ر له‌به‌رامبه‌ر تیرۆرستان ، بۆیه‌پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌سیاسیه‌کانى کورد و سه‌رکردایه‌تى کورد له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و نه‌ته‌وه‌ییدا یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌گوتاربن و به‌رچاو رونبن له‌وه‌ى که‌ئه‌گه‌رئه‌م ده‌رفه‌ته‌ى هاتۆته‌دى پێش روداوه‌کان نه‌که‌ون و بڕیارى راست و دروست نه‌ده‌ن ئه‌وا ره‌نگه‌ هه‌رگیز هاوشێوه‌ى ئێستا ده‌رفه‌ت نه‌ره‌خسێت  و کورد ده‌ستی له‌هه‌مانه‌که‌ ده‌رده‌چێ .


زۆرترین خوێندراو