دێموکراسى کرایه‌ قوربانى ...!

12/14/2016 7:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

هه‌ردى لۆته‌رى 





دێموکراسى ئه‌و وشه‌یه‌یى به‌رده‌وام وه‌ک دروشم دوور له‌ کردار به‌ سه‌ر زارى به‌رپرسان و به‌شێک له‌ ڕۆشنبیران و چاودێرانى باشورى کوردستاندا دێت و بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌که‌ن و ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ دێموکراسى ناوده‌به‌ن و واى وێنا بۆ ده‌که‌ن که‌ ئه‌زموونى هه‌رێم که‌م وێنه‌یه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ، به‌ڵام ئه‌وان له‌ وێنه‌ گه‌وره‌که‌ى دێموکراسى دوور که‌وتوونه‌ته‌وه‌ و ته‌نها له‌ دروشم چه‌ند کردارێکى بچوک داده‌یبین و ڕاستى و ماناو مه‌غزاى ئه‌م دێموکراسى یه‌ که‌ خۆیان بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌که‌ن ته‌واو دووره‌ له‌و واقیعیه‌ى که‌ له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاو به‌شێک له‌ وڵاتانى  ئاسیادا بوونى هه‌یه‌،نه‌بوونى ده‌ستورێکى یاسایى به‌هێزو واى کردووه‌ که‌ گشت پایه‌کانى دێموکراسى و ژیانى حکوم دارى و چالاکى ڕامیارى و کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى به‌ داڕماوى پڕ له‌ قه‌یران و کێشه‌ خۆى زه‌ق تر بکاته‌وه‌ ، ئه‌وه‌تا  له‌ سه‌ر مافى مرۆڤ و ئازادى ڕاده‌ربڕین و چالاکى سیاسى و سه‌روه‌رى  یاسا  ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌یان بڵاو کردۆته‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان نه‌ى توانیوه‌ هه‌نگاوى باش به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت و ئه‌و دێموکراسى یه‌ى که‌ پێویسته‌ هه‌بێت له‌ هه‌رێمى باشوردا کاڵ بۆته‌وه‌ و ته‌نها قسه‌یه‌و هه‌ستى پێناکرێت  . 

حزبه‌کانى باشورى کوردستان که‌ هه‌میشه‌ ڕکابه‌رى سه‌رسه‌ختى یه‌کترین له‌ یه‌کترى سڕینه‌وه‌ و شکاندنى یه‌کترى درێخیان نه‌کردووه‌ و مێژووى ئه‌و مل ملانێیانه‌ش دوور نین هه‌تا ئێستاش ئه‌و په‌تایه‌ باشورى کوردستانى ته‌نیوه‌ بۆته‌ مۆرانیه‌کى سه‌ر سه‌ختى دژه‌ دێموکراسى و په‌رله‌مان و حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمیشى به‌ خۆیه‌وه‌ گیرکردووه‌، که‌ ئه‌م ڕکابه‌ریانه‌ ناو ناوبانگى پێشه‌نگى و پێشکه‌وتنى دێموکراسى هه‌رێمى باشورى ناشیرن کردووه‌ ته‌نانه‌ت خه‌ڵکى کوردستانیش بێزاربوون له‌ و جۆره‌ به‌ناو دێموراسى یه‌ ، وه‌ ئۆباڵى قوربانى بوونى دێموکراسى و گه‌شه‌نه‌سه‌ندنى پایه‌کانى ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆى هه‌ر پێنج حزبه‌که‌ى هه‌رێم چونکه‌ ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ سه‌نگ و قورساى ده‌نگ و پێگه‌ى جه‌ماوه‌ریان ئه‌وه‌ى خستونه‌ته‌ سه‌ر شانیان وه‌ به‌شێکى زۆریش له‌ ڕاگه‌یه‌ندنه‌کانى باشورى کوردستان هاوکارێکى زۆربوون له‌و ده‌رهاویشته‌و پاشه‌کشێ یانه‌ى که‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌  وه‌ کادیرو هه‌وادارانى ئه‌و حزبانه‌ش بێ به‌ش نین له‌و به‌ قوربانى بوونه‌ .

 هه‌وڵى که‌سى و گروپ ئه‌گه‌رچى گرنگن بۆ سه‌رخستنى دێموکراسى به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ هه‌ر له‌ بازنه‌یه‌کى بچوک دا خول ده‌خۆنه‌وه‌ چونکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا زه‌مینه‌ سازى یه‌کى فکرى و گشتگیر نه‌هاتۆته‌ بون به‌و پێیه‌ى تا هه‌نکوکه‌ش به‌ بیرى که‌مینه‌و زۆرینه‌ و خاوه‌ن داریه‌تى و میوان و ناو ناونیشان و بیرى چه‌پ و ڕاست و  ڕه‌نگ و ده‌نگ و قۆره‌غ کارى کار ده‌کرێت .ئه‌و ژینگه‌ى که‌ له‌ ئێستاى باشوردا فه‌راهه‌م بووه‌  له‌ بواره‌کانى په‌رله‌مان و حکوم دارى و کارى حزبى سیاسى هه‌رگیز پایه‌ بنچینه‌یه‌کانى دێموکراسى وه‌ر نه‌گرتووه‌ ده‌کرێت پێ ى بوترێت مۆدێلێکى کوردى باشور و کۆکراوه‌ى هه‌ندێ ورده‌ ڕه‌نگ و بۆیه‌ و بۆنى دێموکراسى ،گشت هه‌وڵه‌کانى په‌راوێز خستنى یه‌کترى و نه‌چه‌سپاندنى مافه‌کانى مرۆڤ و کارنه‌کردن بۆ سه‌روه‌رى یاسا دۆخى خراپتر بۆ باشورى کوردستان ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌ به‌وه‌ى ئێستاشه‌وه‌، چونکه‌ کێشمه‌ کێشى سیاسى ناپه‌سند و قوڵ تر بوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌ جۆربه‌جۆره‌کانى باشور بنچینه‌ى ته‌بایى کۆمه‌ڵگه‌شى تێکداوه‌ که‌ گشت نه‌هامه‌تى یه‌کان بۆ نه‌بوونى ده‌ستور و پشتگوێ خستنى دێموکراسى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ .


زۆرترین خوێندراو