4
7 نێچیرڤان بارزانى : حکومه‌ت له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ ژێرخانێکى ئه‌لکترۆنیى دابمه‌زرێنێت
6/6/2018


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌میانه‌ى ڕێوڕه‌سمی به‌خشینى بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى (ئایزۆ) به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان. وتارێکى پێشکه‌ش کردو تیایدا هه‌وڵدانى به‌رده‌وامى حکوومه‌تى دووپات کرده‌وه‌ له‌پێناو دامه‌زراندنى ژێرخانێکى ئه‌لکترۆنیى پێشکه‌وتووى تۆکمه‌ که‌ تیایدا به‌کارهێنانى نوێترین ته‌کنه‌لۆژیا، ببێته‌ هۆکارى ڕاپه‌ڕاندنى ئاسانتر و باشترى کاره‌کان و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌ هاووڵاتیان و هه‌وڵدانى جددى بۆ نه‌هێشتنى ڕۆتین و ڕاییکردنى ئاسانى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان له‌ ته‌واوى ناوچه‌کانى کوردستانى به‌ ئامانجى سه‌ره‌کیى حکوومه‌ت و سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان دانا له‌پێناو چاکسازى له‌ سیستمى کارگێڕى له‌ فه‌رمانگه‌ حکوومییه‌کاندا.

ده‌قى وتاره‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستانه‌:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
به‌یانیتان باش،
هه‌موو لایه‌کتان به‌خێر بێن،

به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى به‌خشینى بڕوانامه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى "ئایزۆ" به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ ده‌به‌خشرێته‌ ئه‌و لایه‌ن و ڕێکخراوه‌ حکوومى و ناحکوومیانه‌ى که‌ به‌پێى ستانداردى جیهانیى سیستمى به‌ڕێوه‌بردنى جۆرى، کاره‌کانیان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و له‌و سیستمه‌دا هاووڵاتى سوودمه‌ندى یه‌که‌مه‌ و هه‌موو کار و مامه‌ڵه‌کانى له‌ فه‌رمانگه‌گان به‌ شێوه‌یه‌کى ئاسانتر و به‌ ماوه‌یه‌کى که‌متر و به‌ کوالیتییه‌کى باشتر ئه‌نجام ده‌درێت.

به‌خشینى ئه‌م بڕوانامه‌یه‌ به‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، مایه‌ى خۆشحاڵییه‌ بۆ هه‌رێمى کورستان و سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و هه‌موو لایه‌کمان، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌رده‌خات که‌ وێڕاى هه‌موو قه‌یران و سه‌ختییه‌کان، حکوومه‌ت ئیراده‌یه‌کى جددى‌ هه‌یه‌ بۆ چاکسازى و به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک سووره‌ له‌سه‌ر چاکسازیى کارگێڕى و به‌ره‌وپێشبردنى سیستمى به‌ڕێوه‌بردن بۆ قۆناغێکى باشتر و پشکه‌شکردنى باشتر و ئاسانترى خزمه‌تگوزارییه‌کان به‌ هاووڵاتیان، به‌ کوالیتییه‌کى به‌رزتر و تێچووى که‌متریشه‌وه‌.

ده‌مه‌وێ پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشى له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ بکه‌م که‌ پێشتر به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتووانه‌ ئه‌م سیستمه‌ى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆک جێبه‌جێ کرد و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ بڕوانامه‌ى ئایزۆى به‌ده‌ست هێنا. ئێستاش هه‌مان هه‌نگاوى سه‌رکه‌وتووى له‌ دیوانى وه‌زاره‌ت دووباره‌ کرده‌وه‌ و ئه‌مڕۆ بڕوانامه‌که‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌ هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى هه‌ولێر و سلێمانیش له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا ئه‌م سیتمه‌ جێبه‌جێ بکرێت و بکه‌وێته‌ کارکردن.

ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ داموده‌زگاکانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ که‌ نموونه‌یه‌کى زۆر باشه‌ بۆ په‌یڕه‌وکردنى، ده‌بێته‌ ڕێخۆشکه‌ر و هانده‌رێکى گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو هه‌مان سیستم له‌ هه‌موو داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌ حکوومى و ناحکوومییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان جێبه‌جێ بکرێت. 

حکوومه‌ت له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ که‌ ژێرخانێکى ئه‌لکترۆنیى پێشکه‌وتووى تۆکمه‌ دابمه‌زرێنێت، نوێترین ته‌کنه‌لۆژیاى سه‌رده‌م بخاته‌ خزمه‌ت ڕاپه‌ڕاندنى ئاسانتر و باشترى کاره‌کان و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى باشتر بۆ هاووڵاتیان.

به‌ڕێزان
نه‌هێشتنى ڕۆتین و به‌ڕێوه‌چوونێکى ئاسان و ساده‌ و بێ گرفتى کاره‌کان، ڕاییکردنى مامه‌ڵه‌کان به‌ کات و تێچوویه‌کى که‌م و به‌ کوالیتییه‌کى به‌رزتر بۆ هه‌ر هاووڵاتییه‌ک له‌ هه‌ر کوێیه‌کى کوردستان بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئامانجى سه‌ره‌کیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌ته‌کان بێت‌. ده‌مانه‌وێت هه‌ر له‌ یه‌که‌یه‌کى کارگێڕیى دوورى سه‌ر سنووره‌وه،‌ تا ده‌گاته‌ ناوه‌ندى شار و پارێزگاکان و له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، کار و مامه‌ڵه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ بچن. زۆر به‌ جددى کارى بۆ ده‌که‌ین تا ئه‌و ئامانجه‌ به‌دیده‌هێنین که‌ خزمه‌تى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان بکرێت.

ئێمه‌ ئیراده‌یه‌کى جددیمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و چاکسازییانه‌، به‌تایبه‌تى له‌ سیستمى کارگێڕیدا. ده‌سپێکردنى یه‌که‌مجارى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له‌ ساڵى 2014، ئینجا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆک له‌ ساڵى 2015، کاتێک هه‌رێمى کوردستان له‌ ناوجه‌رگه‌ى شه‌ڕێکى قورس بوو له‌گه‌ڵ داعش و هه‌روه‌ها له‌ قه‌یرانى سه‌ختى داراییدا بوو، نموونه‌ و به‌ڵگه‌یه‌کى زیندووى ئیراده‌ى جددیى حکوومه‌ته‌ بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێکى مۆدێرنى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى که‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتیى هه‌رێمى کوردستان بێت، سیسته‌مێک په‌یڕه‌و بکرێت که‌ هاووڵاتییان بێزار و ماندوو نه‌کات و هه‌موو کار و مامه‌ڵه‌کانى به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ بچن، که‌مترین کات و تێچوو، که‌مترین به‌دواداچوونى تێدا بێت. ئه‌مه‌ گرنگترین بابه‌ته‌ که‌ ده‌بێت هه‌موو ده‌زگاکانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان به‌ جددى هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر بکه‌ن.

یه‌که‌مجار هاووڵاتى،  به‌ڵێ، به‌رله‌ هه‌موو شتێک، یه‌که‌مجار هاووڵاتى و ڕه‌زامه‌ندیى هاووڵاتییان ده‌بێت به‌لاى ئێمه‌وه‌ گرنگ بێت‌. هاووڵاتى که‌ سه‌ردانى فه‌رمانگه‌یه‌کى حکوومه‌ت ده‌کات، ده‌بێ هه‌موو کاره‌کانى بێ گرفت و به‌ شێوه‌یه‌کى ڕێکوپێک و هه‌روه‌ها زۆر به‌ ڕووخۆشییه‌وه‌ ڕه‌فتارى له‌گه‌ڵ بکرێت. ده‌بێ هه‌ست بکات له‌ شوێنێکه‌ که‌ به‌ هى خۆى بزانێت‌. ده‌بێ به‌ ڕوویه‌کى خۆشه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتى له‌گه‌ڵدا بکرێت و کولتوورێکى به‌رزى مامه‌ڵه‌کردن له‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ببینێت به‌تایبه‌تى له‌ فڕۆکه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا که‌ ئه‌مه‌ یه‌کجار زۆر گرنگه‌، ئه‌فسه‌ره‌کان ئه‌مه‌ به‌ جددى وه‌رگرن و به‌ ڕوویه‌کى خۆشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ن که‌ دێنه‌ هه‌رێمى کوردستان.

ئێمه‌ زۆر باش سه‌ختى و ئاڵۆزیى به‌ڕێوه‌چوونى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان هه‌ست پێده‌که‌ین. ده‌زانین چه‌ند ماندوو ده‌بن و ده‌بێ چه‌ند ژوور و فه‌رمانگه‌یه‌ک‌ بکه‌ن تا مامه‌ڵه‌یه‌کیان به‌ڕێوه‌ ده‌ڕوات. هه‌ندێک جار بۆ مامه‌ڵه‌یه‌کى زۆر بچووک ده‌بێت چه‌ند ژوورێک بکه‌ن و له‌ کۆتاییشدا نازانرێت کاره‌که‌یان بۆ ده‌کرێت یان نا؟، ئێمه‌ ده‌بێت له‌م سیسته‌مه‌ ڕزگارمان ببێت و ناکرێت هاووڵاتیانى ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ده‌ست ئه‌و ڕۆتینه‌ بێمانایه‌ى که‌ له‌ سیسته‌مى کارگێڕى وڵاته‌که‌ماندا هه‌یه‌ بناڵێنن و ده‌بێت ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین چاکسازیى جددى له‌م سیسته‌مه‌دا ئه‌نجام بده‌ین. هاووڵاتى ده‌بێ چه‌ند کاغه‌ز و فایل و به‌ڵگه‌نامه‌ بهێنێت و ببات تا ئیشێکى بۆ ده‌کرێت، ده‌بێت هه‌وڵێکى جددى بدرێت ئه‌مانه‌ نه‌مێنن و به‌ باشترین شێوه‌ مامه‌ڵه‌کانیان به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئێمه‌ ده‌زانین که‌ ڕۆتین و ئاڵۆزیى به‌ڕێوه‌چوونى کار و مامه‌ڵه‌کان، هه‌موویشى هه‌ر په‌یوه‌ندى به‌ سیستمى کارگێڕى و به‌ هه‌ڵسوکه‌وت و مامه‌ڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران و فه‌رمانگه‌کانه‌وه‌ نییه‌. هه‌ندێ جار یاسا و ڕێنماییه‌کان هۆکارى ڕۆتینن. ئه‌وه‌ش ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت و حکوومه‌ت کار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یاسا و ڕێنماییه‌کانى کار و ئه‌رکى داموده‌زگا و دامه‌زراوه‌ حکوومییه‌کان و ڕاییکردنى مامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیاندا بچێته‌وه‌.  له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى کوردستان کار ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسا و ڕێنماییه‌کاندا بکرێته‌وه‌ و پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆژى و ئه‌له‌کترۆنى بخه‌ینه‌ خزمه‌ت جێبه‌جێکردنى یاساکان و په‌یره‌وکردنى ڕێنماییه‌کان.

ته‌کنه‌لۆژیا بۆ خزمه‌تى مرۆڤ و ئاسانکردنى به‌ڕێوه‌چوونى کاره‌کانیه‌تى. له‌ جیهانى کارگێڕیدا به‌کارهێنانى ته‌کنه‌لۆژیا یارمه‌تیده‌ر و هاوکارێکى‌ باشه‌ به‌ کوالیتییه‌کى به‌رزه‌وه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت. حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى حکوومه‌تى ئه‌له‌کترۆنى به‌رده‌وامه‌ و ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ وه‌ک سستمى کارگێڕیى وڵاتانى جیهانى پێشکه‌وتوو، تا ده‌کرێت زۆربه‌ى مامه‌ڵه‌ و کارى هاووڵاتى به‌ شێوه‌یه‌کى ئۆنلاین هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر لاپتۆپێک ئه‌نجام بدرێت، پێویست نه‌کات ئه‌و هه‌موو فه‌رمانگه‌یه‌ به‌و هه‌موو کاغه‌ز و فایل و به‌ڵگه‌نامانه‌وه‌، هاووڵاتیان پێوه‌ى سه‌رقاڵ بن.
حکوومه‌تى ئه‌لکترۆنى ده‌بێ خاوه‌ن ژێرخانێکى ئه‌له‌کترۆنیى تۆکمه‌ بێت تاکو بتوانێت بڕوا و متمانه‌ى دامه‌رزاوه‌یه‌کى وه‌ک ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ پێوانه‌یى "ئایزۆ" به‌ده‌ست بهێنێت و ببێته‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و خۆشحاڵیى هاووڵاتیش کاتێک کار و مامه‌ڵه‌کانى به‌ ئاسانى و بێ ڕۆتین به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، وه‌ک ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتوچۆى دهۆک هه‌یه‌، که‌ هاووڵاتى له‌ چه‌ند خوله‌کێکدا ده‌توانێت ساڵنامه‌ و به‌ڵگه‌نامه‌کانى دیکه‌ى په‌یوه‌ست به‌ شۆفێرى و لێخوڕینه‌وه‌ ده‌ربهێنێت و ناچار نه‌بێت چه‌ند ڕۆژێک خه‌ریکى ئه‌و کاره‌ بێت، ئه‌مه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کار ده‌کات و به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى کارى هه‌موو دامودزگا و فه‌رمانگه‌کان بگه‌یه‌نه‌یه‌ ئه‌و ئاسته‌ و بتوانن ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنن.  ئه‌م هه‌وڵه‌، به‌شێکى ئه‌و چاکسازییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى پێکردووه‌ و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کارى بۆ ده‌کات. وه‌ک چۆن پێشتر له‌ بوارى وزه‌دا کۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تیى دیلۆیتمان هێنایه‌ کوردستان و له‌گه‌ڵ بانکى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستمان به‌ چاکسازى له‌ بوارى کارگێڕیى دارایى و کارى بانکیدا کرد، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌رده‌وام ده‌بین.

ئه‌وه‌ى گرنگه‌ هه‌موومان بیزانین ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ قۆناغێکى ته‌واو نوێداین، دواى ساڵى 2014 و شه‌ڕى داعش قۆناغێکى نوێ ده‌ستى پێکرد، سوپاس بۆ خوا به‌ خۆڕاگریى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و ماندوبوون و شه‌ونخوونیى هه‌موو لایه‌ک، توانیمان داعش تێکبشکێنین. ئه‌مڕۆ قۆناغێکى نوێ له‌ کوردستان ده‌ستى پێکردووه‌، هه‌موو هه‌وڵێکى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایى بکه‌ینه‌وه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا بگه‌ین به‌و مافانه‌ى که‌ گه‌لى کوردستان تێکۆشان و خه‌باتى بۆ کردووه‌، له‌ هه‌مووى گرنگتر ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت ئێمه‌ چاکسازیى جددى کارگێڕى له‌ هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام بده‌ین.

زۆر جار ئه‌و قسه‌یه‌م کردووه‌ که‌ کوردستان خاوه‌نى سه‌رمایه‌یه‌کى یه‌کجار زۆرى مرۆییه‌، خاوه‌نى سامانێکى زۆر گه‌وره‌ى ژێرزه‌مینه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ نه‌وت، گاز، ئاو و ئه‌مانه‌ هه‌مووی. ئێمه‌ ڕۆژێک ئه‌و توانایه‌مان ده‌بێت ڕێگه‌ى گه‌وره‌ و بینایه‌ى گه‌وره‌ دروست بکه‌ین، به‌ڵام له‌مانه‌ هه‌مووى گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ ژێرخانێکى کارگێڕیى ڕێکوپێک له‌م وڵاته‌دا دروست ببێت، بینایه‌ دێت و ده‌ڕوات و کێشه‌ نییه‌ ده‌توانین بیکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌گه‌ر‌ ئه‌و ژێرخانه‌ کارگێڕییه‌ ڕێکوپێکه‌مان نه‌بێت، هیچ سوودێکى نابێت.

ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ و به‌پێى ئه‌زموونى خۆم، ئێمه‌ له‌وه‌دا به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ ‌دواوه‌ین، پێویسته‌ ئه‌م ژێرخانه‌ دروست بکرێت و ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئێمه‌ لێره‌ له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌شدارین، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکێک به‌ بچووک سه‌یرى بکات، به‌ڵام ئه‌مه‌ کارێکى گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و چاکسازییانه‌یه‌ که‌ من به‌رده‌وام جه‌ختم له‌سه‌رى کردۆته‌وه‌. پشتگیریى هه‌موو هه‌نگاوێک ده‌که‌م که‌ بۆ چاکسازى له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ت و ده‌زگاکانى حکوومه‌ت ده‌نرێت.

جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بواره‌ بکه‌نه‌وه‌، جه‌خت له‌ بوارى چاکسازیى کارگێڕیى ناوخۆى وه‌زاره‌ت و ده‌زگاکانى حکوومه‌ت بکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌مان باش بوو شته‌کانى دیکه‌ى خۆى ڕێکده‌که‌وێت و پاره‌مان ده‌بێت و پرۆژه‌مان ده‌بێت و وڵاتیش زۆر باشتر له‌ جاران ده‌بوژێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ جددى به‌ره‌نگارى گه‌نده‌ڵى ببینه‌وه‌ و شه‌فافیه‌ت له‌ داموده‌زگاکاندا زیاد بکه‌ین و هه‌وڵ بده‌ن کاروبارى هاووڵاتیان به‌ ئاسانى ڕایى بکرێت و ئه‌و فه‌وزایه‌ى که‌ زۆر جار له‌ ده‌زگاکانى حکوومه‌ت هه‌یه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنى کارێکى بچووک، نه‌هێلین و ئه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زاره‌تێک و فه‌رمانگه‌یه‌ک‌ له‌ شوێنى خۆى ئه‌م کاره‌ بکات، پێکه‌وه‌ ده‌توانین سه‌رکه‌وتنى باش به‌ده‌ست بهێنین له‌ شتى بچووکه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌.

ده‌ستخۆشى له‌ ڕێکخراوى ئایزۆ‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م کاره‌یان ئه‌نجام داوه‌ و سوپاسیان ده‌که‌م، پێموایه‌ ته‌شریفیان لێره‌یه‌ و هاتوون. ده‌ستخۆشى له‌ جه‌نابى وه‌زیر و ستافى وه‌زاره‌ت ده‌که‌م که‌ هه‌موویان وه‌کو تیم به‌یه‌که‌وه‌ کاریان کرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌گه‌ر فێر ببن هه‌موو به‌یه‌که‌وه‌ وه‌کو تیم کار بکه‌ن و نه‌ڵێن ده‌بێت ته‌نیا ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ بۆ تاکه‌ که‌سێک هه‌ژمار بکرێت، ده‌توانین زۆر شت به‌ده‌سته‌وه‌ بهێنین، به‌ڵام هه‌ندێک جار به‌یه‌که‌وه‌ کار ناکه‌ن و به‌ داواى لێبوردنه‌وه‌ خۆپه‌رستى له‌ کاره‌کاندا ده‌کرێت، ئه‌وه‌ کێشه‌ دروست ده‌کات.

ئه‌گه‌ر وه‌کو تیم به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ن، سه‌رکه‌وتنى زۆر باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنن. هیوادارم ئه‌مه‌ په‌یڕه‌و بکه‌ن و ببێته‌ به‌رنامه‌ى کارتان. ئه‌مه‌ وه‌کو تیمێکى فووتبۆل وایه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناو تیمه‌که‌دا پاس به‌یه‌کتر نه‌ده‌ن گۆڵ ناکرێت هه‌رچه‌ند که‌سه‌که‌ زیره‌ک و به‌توانا بێت. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى یارى ده‌که‌ن پاسیان نه‌داتێ و به‌یه‌که‌وه‌ کار نه‌که‌ن، ئه‌و گۆڵه‌ ناکرێت. هیوادارم ئه‌و پاسه‌ به‌یه‌کترى بده‌ن و هیواى سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

جاریکى دیکه‌ پیرۆزباییتان لێده‌که‌م و هه‌موو لایه‌کتان به‌خێر بێن به‌تایبه‌تى دیپلۆماته‌ به‌ڕێزه‌کان که‌ ته‌شریفیان هێناوه‌ و ئه‌فسه‌ره‌کان که‌ له‌ دووره‌وه‌ هاتوون، هه‌موو لایه‌کتان به‌خێر بێن، سه‌رچاو.

زۆر سوپاس


ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کێشه‌کانى هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر ده‌بێت ؟


نێچیرڤان بارزانى : حکومه‌ت له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ ژێرخانێکى ئه‌لکترۆنیى دابمه‌زرێنێت
حوکمڕانى له‌ ژێر چه‌ترى ساخته‌کاریدا
رۆڵ و گرنگى گه‌نج له‌ هه‌ڵبژاردندا
گرتنه‌وه‌ى ئاوى دیجله‌له‌لایه‌ن تورکیاو که‌مبونه‌وه‌ى ئاوى عێراق
حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستى به‌ ته‌عریب کردنى که‌رکوک کردووه‌
حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى چه‌ند راپۆرتێکى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌داته‌وه‌
Created by AVESTA Group