هه‌ڕه‌شه‌ و ناماقوڵییه‌کانى مالیکى

7/11/2014 7:16:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
ره‌زا شوان                                                                                              
                                                                  
ئه‌م رۆژه‌ ره‌شه‌ و، ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ى که‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵکى به‌دبه‌خت و بێ تاوانى عێراقدا هاتوون .. که‌ له‌ ئه‌مڕۆدا به‌ به‌دبه‌خترین گه‌ل له‌ جیهاندا داده‌نرێت و، ده‌وڵه‌تى عێراقیش نائارامترین و مه‌ترسیدارترین وڵاته‌ له‌ جیهاندا..  ئه‌وعێراقه‌ى که‌ له‌سه‌ر ده‌ریاکى نه‌وت و گازدایه‌، که‌چى خه‌ڵکییه‌که‌ى به‌ برسێتى و به‌ تینویه‌تى و به‌ هه‌ناسه‌ساردى سه‌رده‌نێنه‌وه‌ و، هى وایان هه‌یه‌ بۆ دابین کردنى گوزه‌رانیان گورچیله‌ى خۆیان فرۆشتووه‌ .. جه‌نابى نورى مالیکی، سه‌ره‌ک وه‌زیرانى عێراق هۆکارى سه‌رکى ئه‌م هه‌موو کوێره‌وه‌رى و هه‌ژارى برسیتى و، ناسه‌قامگیرییه‌ى ئه‌مڕۆى عێراقه‌ .. هه‌موو ئه‌م قه‌یران و شکستییانه‌ بۆ نه‌زانین و بۆ نابه‌ڵه‌دى مالیکى له‌ سیاسه‌ت و له‌ سه‌رکردایه‌تى و له‌ به‌ڕێوه‌بردن و له‌ نادادپه‌روه‌رى ئه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ .. مالیکى که‌سێکى کورسى په‌رسته‌ و هه‌ر خه‌ریکى گیرفان پڕکردنه‌، له‌ خۆبایى و تاکڕه‌وه‌ .. ( هیرۆڵد ) ده‌ڵێت : " گه‌وره‌ترین به‌خشى که‌ خوا به‌ نه‌فس نزمه‌کانى دابێ، له‌ خۆبایى بوونه‌ "  مالیکى که‌سێکى ناراسته‌ و له‌ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردووى فه‌رمانڕه‌واییدا، نه‌ک هه‌ر هیچ له‌ به‌ڵێنه‌کانى جێبه‌جێ نه‌کردوون، به‌ڵکو به‌ پاڵه‌وانى شکستى و ئه‌و هه‌موو کێشانه‌ ده‌زانرێت که‌ به‌رۆکى عیراقییه‌کانى گرتوون و .. تا ئێستا به‌ هه‌زاران قوربانیان لێ که‌وتوونه‌ته‌وه‌ .. مالیکى له‌ جێى خزمه‌ت و خزمه‌تگوزارى و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌، هێنده‌ى تر خه‌ڵکى له‌ ساده‌ترى پیویستییه‌کانى ژیان و گوزه‌ران بێ به‌ش کردن، هێنده‌ى تر عێراقى کاول و وێران کرد .. بێ کاری، نه‌بوونی، نه‌خۆشی، بێ ئاو و بێ کاره‌بایی، کوشتن و بڕین، زیادکردنى به‌ندیخانه‌، قورخکردنى ده‌سه‌ڵات، سانسۆرکردنى ئازادى و را ده‌ربڕین، نادیموکراتی، جیاوازى و نادادپه‌روه‌ری، گه‌نده‌ڵى و به‌رتیل، ته‌قینه‌وه‌ى رۆژانه‌، شه‌ڕى تایفی، دژایه‌تى کردنى گه‌لى کورد، ... هتد . 
ئه‌مانه‌ن کاره‌کانى مالیکى له‌ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردوودا .. ئه‌و بۆ مانه‌وه‌ى له‌سه‌ر کورسى ئاگرى ( شه‌رى تایفى ) هه‌ڵگیرسان، ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا، رۆژى به‌ ده‌یان ( عومه‌ر) ناو و ( عه‌لى ) ناو ده‌کوژرێن، به‌ ده‌یان منداڵ و ئافره‌ت ده‌کوژرێن، ئه‌وه‌ى که‌ ناوى ئاشتى و سه‌قامگیرى و ئارام و ئاسووده‌ییه‌، له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى تاکڕه‌وى مالیکى دا بوونیان نییه‌.. هه‌موو داخوازییه‌ ره‌واکانى کوردیشى پشتگوێ خستن .. به‌ تایبه‌تیش خۆدزینه‌وه‌ى له‌ جێبه‌جێکردنى ماده‌ى ( ١٤٠) دا، ویستى به‌ نان بڕان ( بڕینى موچه‌ ) کورد ملکه‌چى فه‌رمانه‌کانى بکات .. ده‌یویست ئه‌و ئاغا بێت و کورد مسکێن بێت، به‌ هاوڵاتى پله‌ سێ له‌ کورد ده‌ڕوانێت .. هه‌موو ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وتانه‌ى شکستیان هێنا و سه‌رى ده‌خۆن .. چونکه‌ مالیکى نه‌ پیاویکى سیاسییه‌و نه‌ له‌ سیاسه‌تیش گه‌یشتووه‌ .. نه‌ ئیدارییه‌ و، نه‌ شاره‌زایه‌کى سه‌ربازیشه‌ .. زۆربه‌ى ده‌زگا گرنگ و هه‌ستیاره‌کانى قۆرخ کردوون و له‌ ده‌ستى خۆى دان ..  بۆ پڕچه‌ک کردنى سوپا سوپا ملیۆنییه‌که‌ى .. تا ئێستا به‌ ملیارات دۆلارى به‌ ناوى کڕینى چه‌کى تازه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌  .. نه‌ چه‌ک دیاره‌ و نه‌ ته‌ڕه‌ماش ..؟ ره‌نگه‌ خه‌ڵکى به‌ گیل و نه‌زان و بێ ئاگا بزانیت ..؟ مالیکى چه‌ند فرۆکه‌یه‌کى سیخۆى کۆنى ژه‌نگاوى عێراق، که‌ دیکتاتۆرى گۆڕبه‌گۆێ‌ سه‌دام، له‌ کاتى جه‌نگى که‌نداودا بۆ پاراستنیان ناردنى بۆ ئێران، سه‌رله‌ نوێ بۆیه‌یان کردوون .. مه‌گه‌ر هه‌ر خۆت بزانى چه‌نده‌ها ملێون دۆلارى به‌ ناوى نوێژه‌ن کردنه‌وه‌ى ئه‌م فرۆکانه‌وه‌ لا دابێت ..؟ چه‌ند جارێکیش په‌رله‌مانى عێراق داواى لێ کرد، که‌ پیویسته‌ له‌ هۆڵى په‌رلماندا ئاماده‌بیت بۆ روونکردنه‌وه‌ى چاره‌نووسى ئه‌و پاره‌ زۆره‌ نادیارانه‌ى که‌ بۆ کڕینى چه‌ک لاى دابوون .. که‌ که‌س نازانێت چیت لێ کردوون .. ؟! گه‌ر شتێک له‌ خۆى شک نه‌بات .. بۆ ئاماده‌ داواکارى په‌رله‌مان نه‌بوو .. ؟!  تا له‌و تومه‌ت و گه‌نده‌ڵییانه‌ى خراونه‌ته‌ پاڵى پاکانه‌ى خۆت بکات .. ؟! یان باش ده‌زانیت که‌ پاشه‌ڵى پیسه‌ و بۆنى ده‌رده‌چێت و ئاشکراده‌بیت .. چونکه‌ تا ناقرگه‌ى نوقمه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیدا .. ته‌نانه‌ت ئه‌و چه‌که‌ قورسانه‌ش که‌ سوپاى ئه‌مریکا بۆ عێراقى به‌جێهێشتن، سوپا فسفس پاڵه‌وه‌نه‌که‌ى پیشکه‌شى داعش و کۆنه‌ به‌عسییه‌کانیان کردن .. مالیکى هێنده‌ گه‌نده‌ڵ بووه‌ گه‌ر خۆى له‌ ( ئۆقیانووسى هێمن ) یشدا هه‌ڵبکێشیت، ئه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ که‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کانى پاک ببیته‌وه‌ . ئه‌و سوپا ملیۆنییه‌ى که‌ حه‌زره‌تى مالیکى شانازیى پێوه‌ ده‌کرد و، هه‌ڕه‌شى له‌ کورد و له‌ سونه‌کان ده‌کرد .. که‌چى بۆ ماوه‌ى کاتژمێرێکیش نه‌یان توانى به‌رگرى بکه‌ن .. به‌شێکیان په‌نایان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان هێنا .. کڵاوه‌کانى سه‌ریان فڕێدا و به‌ جلى مه‌ده‌نییه‌وه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو که‌سوکاریان .. کورد رێزى لێ گرتن .. سوپاکه‌ى هیچ هاوبه‌سته‌بوون (ئینتیما ) یه‌کى نیشتمانیان نییه‌ .. چونکه‌ بڕوایان به‌ مالیکى نییه‌ .. که‌ کردوونى به‌ چه‌کێک بۆ سه‌رکوت کردن و شه‌ڕى تایفى ى ناڕه‌وا بێ ئه‌نجام .. که‌ زیاتر برینى عێراقییه‌کان قووڵ ده‌کاته‌وه‌ .. گه‌رچیش زۆربه‌ى سوپاکه‌ى له‌ تایفه‌که‌ى خۆین.

هه‌ر سیاسه‌تى چه‌وت و نه‌زانینى مالیکى بوو داعش و تیرۆریستى له‌ عێرقدا دروست کرد .. هه‌ر جه‌نابیان بوو به‌ بێ پرس و راى په‌رله‌مان، ئه‌فسه‌ره‌ پله‌داره‌ به‌عسییه‌کانى سۆپاى هه‌ڵوه‌شاوه‌ى عێراقى گه‌ڕانده‌وه‌ و، کردیانى به‌ سه‌رتیب و به‌ په‌رپرسى باڵاى هێزى دیجله‌ و هێزه‌کانى تر و شوێنى هه‌ستیار له‌ ناو سوپادا، ..؟! هه‌ر تۆ مالیکییه‌ ئه‌م هه‌موو قه‌یران و کێشانه‌ى له‌ عێراقدا دروست کردوون .. ؟؟ نورى مالیکى تووشى په‌تاى تاکڕه‌وى بووه‌ .. دیکتاتۆرى گۆێ‌ به‌ گۆێ‌ ئاسایی، ئه‌میش ده‌ڵێیت : ( من عێراقم و .. عیراقیش منم ) . ( منم تاقانه‌ سه‌رۆکى عێراق ) ( القائد اڵ‌وحد ) و، منم ( القائد الچروره‌ )  ( سه‌رکرده‌ى پێویست ) .. پێویسته‌ به‌بێ پرس و رازى بوونى من هیچ عێراقییه‌ک په‌نجه‌ به‌ ئاودا نه‌کات، هه‌موو سامانى عێراقیش ده‌بێت له‌ژێر ده‌ستى مندا بێت .. حیزبه‌که‌شم ( الحزب القائد ) ه‌ ( پارتى پێشره‌و ) ، ده‌بێت حیزبه‌کانى ترى عێراق پاشکۆى حیزبه‌که‌ى من بن .. ئه‌مه‌یه‌ عه‌قلییه‌ت و بیرته‌سکى نورى مالیکى .. هه‌ر ئه‌م عه‌قلییه‌ته‌ و له‌خۆبایى بوونه‌ش بوو .. که‌ سه‌رى سه‌دامى گۆڕبه‌ گۆڕى خوارد . 

جه‌نابى مالیکی، تۆ زۆر بێ شه‌رمانه‌ .. به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌ و بنه‌مایه‌ک، بوختان بۆ گه‌لى کوردمان ده‌که‌یت و تاوانبارمان ده‌که‌یت، که‌ داڵده‌ى به‌عسییه‌کان و داعشمان له‌ هه‌ولێر داوه‌ .. جارى ئه‌م قسه‌یه‌ت دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌ .. ده‌ته‌وێت پاساو بۆ به‌زین و شکستى و شه‌رمه‌زارییه‌کانت بهێنیته‌وه‌ ..؟! ده‌ته‌وێ ده‌سته‌ چه‌وره‌که‌ت به‌ کورد دا بسڕیت .. ؟!  ( میلتون ) ده‌ڵێت : " خراپترین چه‌کى نامه‌ردان بوختانه‌ .. " ئێمه‌ ده‌زانین که‌ نیازى گڵاوى شاراوه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناکۆکى بخه‌یته‌ نێوان کورد و عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌کانى تره‌وه‌ و ناحه‌ز بۆ کورد په‌یدا بکه‌یت ؟! .. ده‌ته‌وێت به‌م درۆیانه‌ت هۆى شکستییه‌کانت په‌رده‌پۆش بکه‌یت .. ؟! حه‌زره‌تى مالیکى سوپا به‌زیو، له‌م بوختانانه‌شت  نه‌زانیت و سه‌رنه‌که‌وتوویت، چونکه‌ کورد زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ که‌ به‌م قسه‌ پڕوپوچانه‌ت ، به‌م بوختانانه‌ى ئێوه‌ى دوڕا و، شکستخواردوو، تێ بکه‌وێت .. یا بتوان له‌که‌دارى بکه‌ن .

کورد داڵده‌ى به‌عه‌سییه‌کان و داعشیان نه‌داوه‌ و نایده‌ن .. به‌ڵکو داڵده‌ى به‌ هه‌زاران خێزانى برسى و ره‌شوڕووت و بێ ده‌ره‌تانى عه‌ره‌ب و ئاشورى و تورکمانیان داوه‌، که‌ له‌ ترسى زۆردارى و ناهه‌قى و سته‌مى جه‌نابتان، له‌ ترسى چه‌قاوه‌سووه‌ چه‌کداره‌ تایبه‌تییه‌کانى جه‌نابتان .. ماڵ و سه‌روه‌ت و سامانى خۆیانیان له‌ شاره‌کانى باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراقدا به‌ جێهێشتوون و، به‌ دڵنییاییه‌وه‌ روویان له‌ شاره‌کانى کوردستان هه‌ولێر و سلێمانى و که‌رکوک و دهۆک و خانه‌قین کردووه‌ .. کوردستان داڵده‌ى ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ عه‌ره‌به‌ نیشتمانییه‌ ناسراوانه‌ى داون، که‌ نایانه‌وێت ملکه‌چى تۆى دیکتاتۆر بن .. بۆ ئه‌م که‌سانه‌ تا له‌ به‌غدا و له‌ شاره‌کانى ترى عێراقدا بوون، ئه‌مانه‌ نیشتمانى و دڵسۆز بوون .. بۆ هه‌ر ئه‌م که‌سانه‌ که‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هه‌ولێر به‌ لاى ئێوه‌وه‌ ئه‌مانه‌ به‌عسى و داعشن و ناپاکن .. ؟! وادیاره‌ ئه‌وه‌ى هاوڕات نه‌بێت و کڕنۆشت بۆ نه‌بات به‌ لاى تۆوه‌ داعش و به‌عسین و په‌سه‌ند نین ..؟! وا دیاره‌ ئه‌و هه‌موو خێزانه‌ عه‌ره‌بانه‌ى که‌ روویان له‌ کوردستان کردوون، که‌ بوونه‌ته‌ بارگرانییه‌ک به‌سه‌ر کوردستانه‌وه‌ .. به‌ هۆى ئه‌مانه‌وه‌ کرێ خانوو و نرخى شتومه‌ک له‌ بازاڕه‌کانى شاره‌کانى کوردستاندا به‌رزبوونه‌ته‌وه‌ .. به‌ لاى ئێوه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ به‌عسى یا داعشن و ناپاکن ..؟!  جه‌نابى مالیکی، خۆت باش ده‌زانیت که‌ داعش و به‌عسییه‌کان وان له‌ موسڵ و تکریت و به‌غدا .. له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى تۆدان .. له‌ ریزى سوپاکه‌ى تۆدان .. ئه‌وانن که‌ بارێکى قورسیان لێ بارکردووى .. له‌ تۆ زیاتر کێیه‌ هۆى دروست بوونى داعش و ماعش ..؟ 

ئێمه‌ى کورد به‌وه‌ ناسراوین که‌ میلله‌تێکى دڵپاک و خۆشبڕوا و لێبوورده‌ین .. هه‌میشه‌ رێز له‌ میوانه‌کانمان ده‌گرین .. رووى هیچ په‌نابه‌رێکیش ناشکێنین ئه‌گه‌ر نه‌یار و باوه‌ کوشته‌شمان بن .. ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌ کولتوورى ره‌سه‌نمان .. نان و ئاومان له‌گه‌ڵ میوانه‌کانماندا به‌شکردووه‌ .. زۆر جاریش ئه‌م دڵپاکى و خۆشبڕواییه‌مان، به‌ زیانمان شکاونه‌ته‌وه‌ .. له‌ لایه‌ن داگیرکه‌رانى کوردستانه‌وه‌ قۆزراوه‌نه‌ته‌وه‌ .. یه‌کێک له‌وانه‌ش جه‌نابتن حه‌زره‌تى مالیکی، که‌ له‌ سه‌رده‌مى رژێمى به‌عسى فاشستیدا ، په‌نات بۆ کورد هێنا و کوردستان داڵده‌تى دا .. نمه‌کى کوردت کرد و .. له‌ ژێر ئاسمانى کوردستان و به‌ لێفه‌ى کوردت به‌ خۆت ده‌دا .. دووجاریش به‌ پشتگیرى کردنى کورد بووى به‌ سه‌ره‌ک وه‌زیرانى عێراق و، کوردى دڵپاک و خۆشبڕوا،  بڕوا و متمانه‌ى خۆیان پێ به‌خشیت .. که‌چى زۆر سپڵه‌ و بێ به‌ڵێن نمه‌ک حه‌رام ده‌رچووى  .. له‌ جیاتى رێزگرتن و پێ زانین و جێ به‌جێکردنى داخوازییه‌کانى کورد .. به‌ دژایه‌تى کردن پاداشتى کوردت دایه‌وه‌ .. تا ئه‌و راده‌یه‌ى بژێوى ژیانى بڕین ( موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى  کوردستانت بڕیوه‌ ) .. به‌شه‌ بودجه‌ى کوردستانت بڕیوه‌، گه‌ر بۆت بکرێت ئاوى خواردنه‌وه‌  و هه‌واى پاکیشى له‌ کورد ده‌بڕیت .. ئه‌مه‌ش گوزارشته‌ له‌ ئه‌وپه‌ڕى بێ ویژدانى و ودڵڕه‌قى و نامرۆیى و نامه‌ردى و  ناپیاوى و ره‌گه‌زپه‌رستیت .. له‌مه‌شدا شکستان هێنا و نه‌تان توانى چۆک به‌ کورد داده‌ن .. لۆمه‌ت ناکه‌ین چونکه‌ له‌خۆبایى و نه‌زانیت .. ( ئه‌رستۆ ) ش ده‌ڵێت: " نه‌زان دوژمنى خۆیه‌تی، جا چۆن ده‌بێت به‌ هاوڕێى که‌سانى تر .. " مالیکى بوختان بۆ ئێمه‌ى کورد هه‌ڵده‌به‌ستى  که‌ داڵده‌ى به‌عسى و داعشمان داوه‌..؟! هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌کات .. جه‌نابى مالیکى دیکتاتۆره‌که‌ى پێش تو، نه‌ به‌ کۆمه‌ڵکوشتن و ره‌شه‌کوژى و نه‌ به‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و کاولکردنى کوردستان و، تاڵانى و دزى و، راگواستنه‌وه‌ .. نه‌ى توانى کۆڵمان پێ بدات و له‌ به‌رده‌م خۆڕاگرى و ئیراده‌ى پۆڵاینى و کۆڵنه‌دانى کوردا خۆى بگرێت .. جه‌نابتان به‌و سوپا  به‌زیوه‌تانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کورد ده‌که‌ن ..؟ گه‌ر که‌مێک ژیر و به‌ڵه‌د و دووربین بوویتایه‌، چاره‌نووسى ره‌شى سه‌دامى دیکتاتۆرت له‌ به‌رچاو ده‌گرت و، په‌ند و وانه‌ت له‌ رسوابوون و چاره‌نووسى ره‌شى ورده‌گرت، گه‌لى عێراقت توشى ئه‌م رۆژه‌ ره‌شه‌ نه‌ده‌کرد .. 
به‌ڵام کورد وته‌نى : " هه‌موو شتێک له‌ باریکیدا ده‌پسێت .. ته‌نها زوڵمه‌ که‌ له‌ ئه‌ستووریدا ده‌پسێت " 

باش بزانه‌ که‌ کورسى تاسه‌ر بۆ که‌س نییه‌، به‌ڵام کارى باش تاسه‌ر ده‌مێنى و شانازییه‌ بۆ خاوه‌ن کردار .. هاکا جه‌نابیشتان چونه‌ هه‌واڵى رابردووه‌وه‌، بوون به‌ ( خبر کان)ه‌ .. دڵنیام  که‌ نه‌فره‌تێکى زۆرت به‌رده‌که‌وێت و، به‌ ده‌گمه‌نیش ره‌حمه‌تت بۆ بنێرن .

حه‌زره‌تى مالیکی، ئه‌ى پاڵه‌وانى زۆربڵێى بێ کرده‌وه‌ى به‌رده‌م مایکى که‌ناڵه‌کان .. باش بزانه‌ که‌ به‌و هه‌ڕه‌شه‌ بێ مانایانه‌ت له‌ کورد .. کورد ناترسێت .. تۆ فریاى خۆت بکه‌وه‌ .. وا زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ نه‌توانیوه‌ قه‌زایه‌کى وه‌کو ( فه‌لوجه‌ ) بگریته‌وه‌ .. بۆ ده‌وێریت  له‌ نووسینگه‌که‌ى خۆت ده‌ربچیت ..؟! له‌وه‌ زیاتر پۆز لێ مه‌ده‌ و، خۆت فش مه‌که‌ره‌وه‌  .. ئێمه‌ى کورد باش ده‌تناسین که‌ بایى چه‌ندى .. په‌ندێکى کوردیمان هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت: 
(  بچۆ شارێـک که‌س نه‌تـناسێ  ..... خۆت هه‌ڵکێشه‌ پـێ‌ به‌ کـراسێ ) 
تۆ به‌ سوپا ملیۆنییه‌که‌ته‌وه‌، نه‌توانى قه‌زاى ( فه‌لوجه‌) ى نزیک به‌غدا کۆنترۆڵ بکه‌یت و، له‌ داعشى وه‌رى بگریته‌وه‌ .. ئایا چۆن ده‌توانیت شارى موسڵ که‌ دووه‌مین گه‌وره‌ شارى عێراقه‌ بیگریته‌وه‌ .. ؟؟ دواى ئه‌وى سه‌رکرده‌کانى سوپاکه‌ت ئه‌و هه‌موو چه‌که‌ قورسانه‌یان پێشکه‌ش به‌ به‌عسییه‌کان و داعشییه‌کان  کرد و، زیاتر له‌ چوار سه‌د و شه‌ست ملێونان دۆلارى بانکه‌کانتان بۆ به‌جێ هێشتن .. ؟! جه‌نابى مالیکی، دواى به‌زینى سوپاکه‌ت له‌ موسڵ و، گرتنى شارى تکریت و بێجى و دۆره‌ و چه‌ند شوێنێکى تر له‌ لایه‌ن داعشى تیرۆریست و کۆنه‌ به‌عسییه‌کانه‌وه‌  .. ئیستاش به‌غدا له‌ ژێر ترس و هه‌ڕه‌شه‌ى گرتن دایه‌ دواى ئه‌م هه‌موو شکستییانه‌ت وه‌ک ( نه‌ با و نه‌ بارانت بینێ ) ، بێ شه‌رمانه‌ ده‌تۆى پاساو بهێنیته‌وه‌ و، کورد به‌ لایه‌نێکى ئه‌م شکستییه‌ت بزانى ..؟!  گه‌ر که‌سێکى که‌مێ به‌ غیره‌ت بوویتایه‌ .. یان خۆت ده‌کوشت .. یان سه‌ر لووتى خۆت ره‌ش ده‌کرد و، یه‌کسه‌ر وازت له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌هێنا و، دانت به‌ شکستییه‌کانتدا ده‌نا و ..  داواى لێبووردنت له‌ گه‌لى عێراق ده‌کرد .. ئه‌مه‌ش که‌مترین شته‌ گه‌ر بتکردایه‌،  بۆ سڕینه‌وه‌ى ئاره‌قى شه‌رمه‌زاریت .. که‌چى هێشتا ده‌مت گه‌رمه‌ و ده‌ته‌وێت بۆ چوار ساڵیکه‌ش کورسییه‌که‌ت به‌رنه‌ده‌یت .. پێ داگرى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌یت .. که‌ خاوه‌نى زۆرترین ده‌نگى .. ئایه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ت به‌ چى هێناوه‌ .. له‌ پایه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌کانت .. له‌ پاداشتى ئه‌و کێشه‌ و قه‌یرانانه‌ کوێره‌وه‌رییانه‌ى بۆ عێراقییه‌کانت دروستت کردوون .. ؟؟ ناتوانیت پێوه‌گلاندن به‌ کڕینى ده‌نگ فرۆشه‌کان و، خه‌ڵه‌تاندنیان به‌ پاره‌ و پله‌ و پایه‌ و، کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنى ناڕاست به‌ خه‌ڵکى بێ ده‌ره‌تانى برسى و بێ کار، به‌ دروشمى بریقه‌دار ؟ خۆت له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ به‌ دوادا چوو دا ده‌رباز بکه‌یت  .. رۆژى په‌لکێش کردن و لێپێچینه‌وه‌ت نزیک بۆته‌وه‌ .   

سته‌مکارن و زۆرداران دێن و ده‌ڕۆن .. به‌ڵام گه‌ل تا هه‌تایه‌ ده‌مێنێت و له‌ بن نایه‌ت . 
تۆ پێویسته‌ بدرێته‌ دادگا و له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو کوشتارانه‌ و، ئاواره‌بوونى به‌ هه‌زاران خێزانى عێراقى و، نانه‌وه‌ى شه‌ڕى تایفى و، به‌ فێرۆدانى سامانى عێراق و، پێوه‌ گلاندن به‌ گه‌نده‌ڵى و به‌ ده‌یان تومه‌تى تر .. دادگایى بکرێیت .. شایانى ئه‌وه‌ش نیت که‌ خه‌ڵکى عێراق بته‌بخشێت .. بایکۆتکردنى کۆبوونه‌کان و دانیشته‌کانى ئه‌نجومه‌نى  وه‌زیرانى عێراق .. له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌ کورده‌کانمانه‌وه‌ .. به‌ بڕیارێکى به‌جێ و دروستى ده‌زانم .    


زۆرترین خوێندراو