ترس له‌ چاڵدێرانێکى تر !

9/9/2014 11:53:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
به‌ختیار حسێن

به‌درێژایى مێژوو کورد هه‌میشه‌ له‌دانوستانه‌کان و گفتوگۆکانیدا نه‌رم بووه‌و خۆى به‌لاواز پیشانداوه‌و به‌رامبه‌ره‌که‌شى به‌ به‌هێز بینیوه‌، له‌ ئێستاشدا زۆر ده‌ترسم ئه‌وه‌ى خوێنمان بۆ رشتووه‌و به‌ده‌ستمان هێناوه‌ به‌ گفتوگۆ له‌ ده‌ستى بده‌ینه‌وه‌.

شه‌ڕى چاڵدێران که‌ زۆرێک له‌ کتێبه‌ مێژووییه‌کان و به‌ده‌ستکه‌وت بۆ کورد له‌ قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن  وباسى لێوه‌ ده‌که‌ن ، هه‌رچه‌نده‌ له‌وسه‌ره‌مه‌دا تاڕاده‌یه‌کى زۆرکه‌م سوودى بۆ کورد هه‌بووه‌، به‌ڵام سووده‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌که‌ى بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وکاتى عوسمانییه‌کان بووه‌، که‌ کورد له‌پێناوى ئه‌وان شه‌ڕى کردووه‌ دژى سه‌فه‌وییه‌کان و هاوکارى عوسمانییه‌کانى کردووه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌یان، ره‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنى عوسمانییه‌کانیش به‌بێ هۆکار نه‌بووبێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا، من ناچمه‌ ناوه‌ڕۆکى ئه‌و روداوه‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ده‌رئه‌نجامى ئه‌و جه‌نگه‌ که‌وته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندى گه‌وره‌ى عوسمانییه‌کانى بووبه‌ڕادیه‌ک باڵاده‌ستیان فراوان بوو قه‌ڵه‌مڕه‌وى کورده‌کانیشیان ده‌کرد تادواترکارگه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى نه‌ک هاوپه‌مانى به‌ستن له‌گه‌ڵ کورد کۆتایى پێهات ، به‌ڵکو زمانى کوردیش قه‌ده‌غه‌ کرا.

زۆر ده‌ترسم چاڵدیرانێکى تر خۆى دووباره‌ بکاته‌وه‌ به‌وه‌ى که‌ چه‌ندین مانگه‌ کورد دژى داعش و تیرۆرستان ده‌جه‌نگێت و بست به‌بستى خاکى کوردستان ده‌پارێزێ له‌و پێناوه‌شدا سه‌دان رۆڵه‌ى قاره‌مان و تێکۆشه‌رى میلله‌ته‌که‌مان بوونه‌ قوربانى و چوونه‌ کاروانى شه‌هیدان، سه‌رله‌نوێ‌ له‌ گفتوگۆو دانوستانه‌کان زۆر به‌ئاسانى جارێکى تر بیده‌ینه‌وه‌ ده‌ست عه‌ره‌به‌کان و خۆمان به‌گومانه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ بڕوانین وه‌ک چۆن له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌عریبیان کردو چه‌ندین ناویان لێناو له‌ئێستاشدا به‌چه‌ندین شێوه‌ ناوده‌برێن وه‌کو (ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان..) که‌ به‌ڕاستى هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ خاکى پیرۆزى کوردستانن، به‌ڵام سیاسه‌تى درێژخایه‌نى عه‌ره‌به‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق له‌ڕابردوو ئێستاشى له‌سه‌ر بێت له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دان نه‌ک ئه‌و ناوچانه‌ هه‌موو کوردستان ته‌عریب بکه‌ن له‌ڕێگاى چه‌نده‌ها پیلانى درێژخایه‌ن! هه‌ر به‌ناردنى هه‌زاران خێزانى عه‌ره‌ب و هاندانیان بۆ کڕینى خانوو زه‌وى و مانه‌وه‌یان له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌ کوردستانییه‌کان، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تى کورد ئه‌وه‌ له‌بیر نه‌کات که‌ له‌کاتى مه‌ترسى بۆسه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ سوپاى عێراق و عه‌ره‌به‌کان جێیانهێشت، بۆیه‌ ئه‌و بسته‌ خاکه‌ى خوێنى رۆڵه‌یه‌کى کوردى له‌سه‌ر رژابێت هه‌رگیز سازشى له‌سه‌ر نه‌کات، چونکه‌ مێژوو هه‌موو راستییه‌کانى سه‌لماندووه‌ و دۆسته‌کانمان ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندى و فراوانبوونى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆیانن دواتر ده‌بنه‌ رقیب و به‌رۆکى گه‌لى کورد ده‌گرن ، بۆیه‌ پێویسته‌ سۆرر به‌هه‌ستیارانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مدۆخه‌دا بکرێت و هه‌ڵه‌کان دووباره‌ نه‌کرێنه‌وه‌و چاڵدێرانێکى تر دووباره‌ نه‌که‌نه‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو