له‌ پێناوى کۆبانیدا یه‌ک بگرن

10/3/2014 11:43:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
بڕیار جه‌لال

له‌ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕش و به‌رخۆدانه‌کانى سوریا دژى رژێمه‌که‌ى به‌شار ئه‌سه‌د، گه‌لى کورد له‌ رۆژئاواى کوردستان ده‌رفه‌تێکى زێڕینى بۆ هاته‌ پێشه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ى بگات که‌ ده‌یان سه‌ده‌یه‌ لێى زه‌وت کراوه‌.

له‌ ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى رابردوودا له‌ باتى ئه‌وه‌ى هێزه‌ سیاسییه‌کانى رۆژئاواى کوردستان پێکه‌وه‌و له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتیمانیى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیاندا درێژه‌ به‌ خه‌باتى سیاسى و چه‌کداریان بده‌ن و هه‌وڵ بۆ گێرانه‌وه‌ى شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تى داگیرکراوو ئاوو هه‌واى سوتماک کراویان بده‌ن و چیتر رێگه‌ نه‌ده‌ن ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى لکێنراو به‌ سوریا له‌ژێر ده‌ست و ته‌راتێنى حزبى به‌عسى شۆڤێنیدا بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حزبه‌ کوردییه‌کانى ئه‌و پارچه‌یه‌ى کوردستان به‌ جۆرێک که‌وتنه‌ سه‌نگه‌ر گرتن له‌ یه‌کتر، وه‌ک بڵێیت هه‌ر یه‌کێکیان خاوه‌ن خاک و زمانێکى جیاواز بن، له‌و لاشه‌وه‌ دوژمنانى گه‌لى کورد به‌ تایبه‌ت تورکیا و ئه‌سه‌د، ژێر به‌ ژێرو ناو به‌ناو به‌رنامه‌ى نوێیان بۆ ئه‌و هێزه‌ کوردیانه‌ى رۆژئاوا داده‌ڕشت و هه‌رگیز رێگه‌یان نه‌داون بۆ ساتێکیش خوانێکى نیشتیمانیانه‌ پێکه‌وه‌ بخۆن، له‌ برى ئه‌وه‌ى هێزه‌ کوردییه‌کانى رۆژئاوا بیرێک له‌ ئاینده‌ى خاک و گه‌له‌که‌یان بکه‌نه‌وه‌، ته‌نها و ته‌نها کاریان بۆ مه‌رامه‌ حزبییه‌کانیان کردو هه‌ریه‌ک هه‌وڵى دا بڕێک ده‌سه‌ڵاته‌کانى زیاد بکات و باشترو زووتر به‌رنامه‌ى دوژمنه‌کانى کوردستان جێبه‌جێ بکات ته‌نها له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى ماددى و حزبى، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو واى کرد له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌لى رۆژئاواى کوردستان هه‌ر سه‌رقاڵى ململانێى حزبى بن و هیچ کۆده‌نگییه‌کى نیشتیمانى بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان نه‌یاته‌ دى.

ئێستا کاتێک رۆژئاواى کوردستان و به‌تایبه‌ت شارى کۆبانى که‌وتۆته‌ به‌ر لێشاوى دڕندانه‌ى تیرۆرستانى داعش، کاتى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ واز له‌ ناکۆکییه‌کانى نێوانیان بهێنن و سه‌رجه‌م ره‌نگ و ده‌نگه‌کان بخه‌نه‌ پاڵ یه‌ک و هه‌مووان ئه‌و په‌نده‌ى پێشینان بێنه‌وه‌ یادى خۆیان که‌ ده‌ڵێت (گه‌ر برا له‌پشت برا بێت مه‌گه‌ر به‌ڵا لاى خواوه‌ بێت)، چونکه‌ دیاره‌ ئه‌گه‌ر له‌ نێوان کورداندا یه‌کێتى و یه‌کگرتوویى هه‌بێت هیچ هێزێک ناتوانێت شکستى پێ بهێنێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کانى رۆژئاواى کوردستان چیتر درێژه‌ به‌ ناکۆکییه‌کانى نێوانیان نه‌ده‌ن و هه‌مووان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتیمانه‌که‌یان و پێکه‌وه‌ شه‌ێ‌ له‌سه‌ر خاکه‌که‌یان بکه‌ن و تا گه‌یشتن به‌ ئازادى ته‌واوى خاکى رۆژئاواى کوردستان واز له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزبیتان بهێنن و له‌ پێناو خاکه‌که‌تان بجه‌نگ، ئه‌رکى هێزه‌ کوردستانییه‌کانى پارچه‌کانى ترى کوردستانیشه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌کیانه‌وه‌ کار بکه‌ن بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ناو ماڵى کوردى له‌ رۆژئاواى کوردستان، چونکه‌ گه‌ر ئه‌مرۆ ئه‌وه‌ نه‌که‌ن ئه‌وه‌ له‌ داهاتوو هه‌مووتان پێکه‌وه‌ باجى هه‌ڵه‌کانتان ده‌ده‌ن.


زۆرترین خوێندراو