با یه‌که‌م پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌که‌سوکارى شه‌هیدان بێت

10/18/2014 9:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سۆران حسن

ده‌نگم ده‌خه‌مه‌ پاڵ ده‌نگى بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان بۆ پێدانى پۆستى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ .

ماوه‌یه‌کى زۆره‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و چین و توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ کار له‌سه‌ر جێ به‌جێ کردنى بڕیارى به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ 13-3-2014 حکومه‌ت به‌فه‌رمى بڕیاره‌که‌ى ده‌رچواندو پاشان سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ 16-3-2014 یادى 26 ساڵه‌ى کیمیابارانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ترین چه‌کى کۆکوژ له‌ جیهاندا به‌ فه‌رمانێکى هه‌رێمى بڕیاره‌که‌ى په‌سه‌ند کرد.

له‌و کاته‌وه‌ به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى 30/4  و تێوه‌گلانى کوردستان له‌شه‌ڕى نه‌گریسى داعش نه‌توانراوه‌ زۆر به‌جدى کار له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه‌ بکرێت.به‌ڵام به‌هه‌وڵى هه‌موو لایه‌ک و دڵسۆزانى شاره‌که‌ چه‌ندین کۆبونه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوه‌و نزیک بونه‌وه‌ى باش له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا هه‌یه‌و هه‌موو لایه‌ک به‌په‌رۆشن بۆ سه‌رپێخستنى پارێزگاکه‌ و ئه‌وه‌ى زیاتر جێ ى دڵخۆشیه‌ لایه‌نه‌کان به‌ ده‌نگى (زۆر و که‌مه‌وه‌ ) داواى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بنه‌ماى ته‌وافق له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا په‌یڕه‌و بکرێت و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان به‌شداربن له‌ دروستکردن و بره‌و دان به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌. 

له‌ ڕاستیدا من وه‌ک به‌شداربوویه‌کى سه‌رجه‌م کۆبونه‌وه‌کان تا ئێستا و به‌هیچ جۆرێک بابه‌تى دانان و ناونانى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌کاندا باس نه‌کراوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت کار بۆ دانانى میکانیزمێکى به‌هێز ده‌کرێت که‌ یاسا پاڵپشتى بکات بۆ جێگیربوونى دامو ده‌زگاکانى ئه‌و پارێزگایه‌ى که‌ تازه‌ له‌دایک ده‌بێت.

من پێم وایه‌ پاڵنه‌رى سه‌ره‌کى به‌ پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و په‌سه‌ندکردنى له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقى یه‌وه‌ ته‌نها ده‌ربڕینى سۆزێکى زیاتره‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌و قوربانییه‌ گه‌وره‌ى که‌ پێشکه‌ش به‌ کوردستانى کردووه‌ ، ئه‌گینا هه‌ڵه‌بجه‌ هیچ جیاوازییه‌کى له‌گه‌ڵ شوێنه‌ کاره‌ساتباره‌کانى ترى کوردستاندا نییه‌ .

بۆیه‌ حه‌قى خۆیه‌تى یه‌که‌م پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک دیارى و بچوکترین پاداشت بدرێته‌ که‌سێکى شیاوو به‌ ئه‌زمون و لێهاتوو خاوه‌ن بڕوانامه‌ى که‌س و کارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان که‌ پێده‌چێت بۆ ماوه‌یه‌کى کاتیش بێت تا واده‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.


زۆرترین خوێندراو