25/ 11 بکه‌نه‌ رۆژى جیهانى ئافره‌تانى پاڵه‌وانى کوردستان

11/22/2014 9:19:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
عومه‌ر غوڵامى 

ساڵانه‌ بوودجه‌یه‌کى زۆر ته‌رخان ده‌کرێت بۆ چالاکى بۆ هه‌فته‌ى به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى توندوتیژى له‌ دژى ئافره‌تان، که‌ ئه‌م چالاکیانه‌ هیچ سودێکى نییه‌ بۆ ئافره‌تان، ته‌نها به‌فیڕۆدانى بوودجه‌یه‌کى زۆره‌، بۆیه‌ ئه‌م چالاکیانه‌ زیاده‌یه‌ و ئافره‌تى کورد پێویستى به‌وه‌ نییه‌ که‌ هۆشیار بکرێته‌ه‌ و یان کۆمه‌ڵگه‌ پێویستى به‌وه‌ نییه‌ که‌ هۆشیار بکرێته‌وه‌ له‌وه‌ها  هه‌فته‌یه‌کدا به‌وشێوه‌ زه‌قه‌یه‌ باس له‌ توندوتیژى بکرێت .

کۆمه‌ڵکه‌که‌مان پێویستى به‌وه‌ نییه‌ هه‌موو ساڵێک  به‌روارى 25-11بکرێت به‌ رۆژێک بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ئافره‌تان.

له‌ کۆنه‌وه‌ تائێستا ئافره‌تانى کورد ڕۆڵى گه‌وره‌یان بینییه‌وه‌ له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌دا شانبه‌شانى ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ریان تێکۆشاون .

ئێستا ده‌بینین ئافره‌تانى کورد چۆن ڕۆڵده‌گێڕن له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگ له‌ دژى گه‌وره‌ترین ڕێکخراوى تیرۆریستى تێده‌کۆشێت؟ ئافره‌تانى کورد کارده‌که‌ن بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژى و ئازادى و ماف بۆ مرۆڤه‌کان.

ئه‌رکى ئافره‌تانى کورد ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ک ئافره‌ت کارى خۆیان بکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌ستۆیاندایه‌ نه‌وه‌یه‌ک په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن که‌ تێبکۆشێ له‌ پێناو ئازادى و پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤدا و خۆشیان سه‌رمه‌شقى هه‌موو کاره‌ جوانه‌کانن دوونیا شانازى به‌ ئافره‌تانى کورده‌وه‌ ده‌کات.

ئێستا ته‌واوى ئافره‌تانى کوردستان چاویان له‌ سه‌نگه‌ره‌کان گه‌ر خۆیان له‌به‌ره‌کانى جه‌نگ نه‌بن ئه‌وا براو کوڕو هاوسه‌ر و که‌سه‌ نزیکه‌کانیان له‌به‌ره‌کانى جه‌نگن بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ى هێزه‌ توندڕه‌وه‌کان،  گرنگه‌ ئه‌مساڵ 25-11 بکه‌نه‌  رۆژى به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌لایه‌ن ئافره‌تانى کورده‌وه‌ و له‌و رۆژه‌دا ته‌واوى ئافره‌تانى کورد له‌ به‌ره‌کانى جه‌نگ خه‌ڵات بکرێن ، دایکان و خوشکانى شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌کان ڕێزیان لێبگیرێت.

پێویسته‌ له‌ 25-11دا ئافره‌تان کورد به‌ پاڵه‌وان بناسرێت له‌سه‌ر ئاستى دوونیا و کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان رۆژێکى تایبه‌ت بۆ پاڵه‌وانه‌ ئافره‌ته‌کانى کورد دیاریبکرێت که‌ ئه‌مڕۆ هه‌موو دونیا ئافره‌ته‌ به‌تواناکانى کورد ده‌بینن که‌ چون به‌رگرى له‌ ئازادى مرۆڤه‌کان ده‌که‌ن ؟

چیتر ناکرێت ڕێکخراوه‌کانى ئافره‌تان له‌و کاره‌ دووبارانه‌یاندا به‌رده‌وام بن، خۆیان به‌ کارێکه‌وه‌ خه‌رێک بکه‌ن که‌ ئه‌نجامى ئه‌و تۆى نه‌بێت، ده‌بێت چاویان له‌ هه‌نگاوى گه‌وره‌ بێت بۆ ئافره‌تانى کوردستان و ئافره‌تان بچوک نه‌که‌نه‌وه‌ له‌ ئاستى ڕه‌گه‌زه‌که‌ى به‌رامبه‌ریاندا ئه‌وه‌ى باشترین شه‌ڕده‌کات ئافره‌ته‌ ئه‌وه‌ى باشترین کار ده‌کات ئافره‌ت، ئه‌وى کارده‌کات بۆ یه‌کسانى کۆمه‌ڵگا ئافره‌ته‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێکخراوه‌کان ئافره‌تان خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ کۆڕ و کۆبونه‌وه‌ى بێ ئه‌نجامه‌کان ، بۆیه‌ ده‌بێت کار بۆ ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ به‌ پێى ئه‌و توانیه‌ى که‌ ئافره‌تانى کوردستان هه‌یانه‌ له‌ داموده‌زگاکانى حکومه‌ت ڕۆڵیان پێبدرێت و شوێنه‌کانیان به‌ ڕه‌گه‌زى به‌رامبه‌ر پڕنه‌کرێته‌وه‌  و هه‌روه‌ها سیسته‌مى کۆتا بۆ ئافره‌تان  کۆتا بهێنرێت  له‌ په‌رله‌مان و له‌ ناو حزبه‌کاندا، ئیتر کاتى ناساندنى تواناکانى ئافره‌تانى کورد له‌ سه‌ر ئاستى ناوخۆى و ده‌ره‌کیدا.


زۆرترین خوێندراو