مانگرتنى فه‌رمانبه‌ران بۆچی ؟

1/16/2015 6:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
سۆران حه‌سه‌ن

خۆى له‌ساڵێک ده‌دات بارودۆخى سیاسى و ئابورى هه‌رێمى کوردستان شڵه‌قاوه‌و که‌شێکى نه‌خوازراو به‌رۆکى گه‌له‌که‌مانى گرتوه‌،سیاسه‌تى ناڕوونى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌غداو نا شه‌فافى په‌یوه‌ندییه‌کان و ڕاگرتنى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌ده‌ستى ده‌وڵه‌تى قانون و ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌ساسییه‌ى عێراق که‌ کورد په‌یماننامه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌یه‌ سه‌ره‌تاى گرژى و ئاڵۆزییه‌کان بوو هه‌تا ٩ ى حوزه‌یرانی٢٠١٤ و ده‌رکه‌وتنى هێزێکى تیرۆرستى به‌ناو داعش که‌ سه‌رجه‌م هاوکێشه‌ سیاسى و ئابورى و دیبلۆماسى و کۆمه‌ڵایه‌تى یه‌کانى ئاوه‌ژوو کرده‌وه‌و خه‌ڵکى کوردستانى دوچارى جه‌نگێک کرد که‌ خوازیارى نه‌بوو ، به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئاماژه‌ى پێبده‌م پوچه‌ڵ بوونى ژێر خانى ئابورى کوردستانه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى ٢٠٠٣ وه‌ به‌ فه‌رمى هه‌رێمى کوردستان بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاحى ١٧% له‌ عێراق وه‌رده‌گرێت به‌بێ ئه‌وه‌ى پلانێکى زانسیانه‌و ئابوریانه‌ى بۆ دابڕێژرێت و به‌ ئاره‌زووى به‌رپرسان ته‌خشان و په‌خشان کراوه‌و نه‌توانراوه‌ کێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى پێ چاره‌سه‌ر بکرێت به‌نمونه‌ (کاره‌با ، ڕێگاو بان،خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستی...هتد) .

ماوه‌ى یه‌ک ساڵى ڕه‌به‌قه‌ فه‌رمانبه‌رانى کوردستان زۆر نه‌ته‌وه‌ییانه‌ ئارامگیرى خۆیان سه‌لماند به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌و حکومه‌ته‌ى که‌ به‌خوێنى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و خوێنى هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ دروستمان کرد ، به‌ڵام به‌رپرسانمان له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ بێ باکانه‌ له‌ پرسى دواکه‌وتنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ده‌ڕوانن و هه‌نگاوى عه‌مه‌لى نه‌نراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر کردنی. فه‌رمانبه‌رانى کوردستان به‌گشتى ئه‌وه‌نده‌ى له‌ دواکه‌وتنى قوتى خۆیان و مناڵه‌کانیان نیگه‌رانن دوو هێنده‌ له‌ موچه‌خۆرانى بندیوارو خه‌ڵکانى دووموچه‌و سێ موچه‌ ناڕازین و ده‌خوازن چاره‌سه‌رێکى ڕیشه‌یى بۆ ئه‌و گرفته‌ بدۆزرێته‌وه‌ و پیاداچونه‌وه‌ به‌و هه‌موو موچه‌خۆره‌ خانه‌نشینه‌ نایاساییانه‌دا بکه‌ن که‌ هه‌ڕه‌مه‌کى موچه‌یان بۆ بڕدراوه‌ته‌وه‌ و بودجه‌ى کوردستانى دوو له‌ت کردووه‌. فه‌رمانبه‌رانى کوردستان جۆرێک له‌ گومانیان بۆ دروست بوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حکومه‌ت و متمانه‌ى ئه‌وه‌یان نه‌ماوه‌ که‌ ده‌وترێت پاره‌ نیه‌ ئه‌ویش له‌وه‌ وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت پاره‌یه‌کى زۆرى نه‌وت و داهاتى ناوخۆ هه‌یه‌و به‌بێ حساب که‌س نازانێت بۆ کوێ ده‌ڕوات.
 
من پێم وایه‌ گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌جدى ده‌یه‌وێت خه‌ڵکى کوردستان گومانه‌کانى بڕه‌وێته‌وه‌ با ڕونکردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌کانى بدات و شه‌فافانه‌ هه‌موو تاکێکى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ ئاگابێت له‌ ئێستاو داهاتوى کوردستان به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێم نه‌ مانگرتن و نه‌ خۆپیشاندان بوونى نابێت ، به‌ڵام به‌م شێوازه‌ى ئێستا فه‌رمانبه‌ران مافى ئاسایى و یاسایى خۆیانه‌ داواى قووتى ڕۆژانه‌یان بکه‌ن و له‌دواکه‌وتنى موچه‌کانیان له‌حکومه‌ت بپرسنه‌وه‌.

فه‌رمانبه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان چینێکى گه‌وره‌و گرنگى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان و له‌ڕووى موچه‌و بژێوى ژانیانه‌وه‌ له‌ ئاستێکى مام ناوه‌ند و خوار مام ناوه‌نده‌وه‌ ده‌ژین و هیچ پاشه‌که‌وتێکیان نیه‌ و ماوه‌ى یه‌ک ساڵى ته‌واوه‌ دووچارى گرفتى نه‌دانى موچه‌ بونه‌ته‌وه‌ که‌ تاکه‌ سه‌رچاوه‌ى ژیانیانه‌.


زۆرترین خوێندراو