میدیا و به‌رپرسیارێتى له‌دۆخه‌ ئاڵۆزه‌کاندا

3/2/2015 12:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
به‌ختیار حسێن 

میدیا هه‌میشه‌ یه‌کێک بووه‌ له‌و ئامرازه‌ به‌هێزانه‌ى که‌کاریگه‌رى زۆرى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات وخه‌ڵک و بارودۆخى کۆمه‌ڵگا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا میدیا له‌هه‌رێمى کوردستان رۆڵى پۆزه‌تیف ئه‌بینێت له‌هۆشیارى و ئاراسته‌کردنى کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌ت له‌دۆخه‌ ئاڵۆز وخراپه‌کاندا ،یاخود له‌قه‌یرانه‌کاندا ، ئه‌مه‌ش ره‌نگه‌ هۆکار گه‌لێک بن که‌وا له‌میدیاکان بکات به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌کان بکه‌ن ، له‌وانه‌ به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن له‌ پرانسیپ و بنه‌ماکانى کارى راگه‌یاندن ، یاخود غیابى ئه‌نجومه‌نێکى باڵاى سه‌ربه‌خۆى رۆژنامه‌وانى ،ده‌کرێ که‌موکورتى له‌ یاسایى رۆژنامه‌وانى هۆکارێکى تر بێت ، یان نه‌بونى میدیایه‌کى نیشتمانى یان (ده‌وڵه‌تى) یاخود میدیاى خزمه‌تگوزارى گشتى  که‌ده‌کرێت هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆکاربن بۆ ئه‌وه‌ى میدیا به‌شێوه‌یه‌کى ئاڵۆز ده‌ربکه‌وێت ، بۆیه‌ هه‌بونى هه‌ریه‌که‌ له‌مانه‌ پێویستیه‌کى بنه‌ره‌تیه‌ له‌کارى میدیاى و رێکخستن و باشتر کردنى ،ئه‌مه‌ش به‌مانا سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ى نه‌ک وه‌ک ئامرازێکى سانسۆر و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ى ئازادى رۆژنامه‌وانى بێت ، له‌کاتێکدا له‌وانه‌یه‌خودى ئازادى رۆژنامه‌وانیش به‌هه‌ڵه‌  شیکردنه‌وه‌ى بۆ بکرێت و هه‌ریه‌که‌ به‌ ویست و ئاره‌زوى خۆى و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى پێناسه‌که‌ى دابڕێژێت .

هه‌موو پیشه‌یه‌ک ماف و به‌رپرسیاریه‌تى له‌به‌رامبه‌ریدا وه‌ستاوه‌ که‌ ده‌بێت ره‌چاوى هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ى بکرێت ،هه‌ندێ‌ جار ناکرێت ولایه‌نێکیان فه‌رامۆش ده‌کرێت،به‌مه‌ش هاوسه‌نگى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات ، بۆیه‌ ده‌کرێ‌ میدیا له‌هه‌رێمى کوردستان  ته‌نها مافه‌کانى وه‌رگرتبێت و به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ى وه‌لا نابێت به‌تایبه‌ت له‌و دۆخه‌ نه‌خوازراو قه‌یرانانه‌ى روبه‌روى هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌وه‌،تایبه‌ت تریش له‌کاتى روماڵ کردن و مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ روداوه‌کانى جه‌نگى داعش ، که‌ده‌کرێت زۆر به‌وردى و به‌هه‌ستى به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌کان بکرێت ، مه‌به‌ستم لێره‌دا لایه‌نگرى و پشگیرى بۆ هیچ ئایدیاو حزب و لایه‌نێک و ده‌سه‌ڵاتیش نیه‌ ، به‌ڵام هه‌ندێ جار دۆخه‌که‌ واده‌خوازێت که‌میدیا به‌وریاییه‌وه‌ کاره‌کانى بکات ، هه‌ربۆیه‌ ئه‌م دێره‌م دێنێته‌وه‌ یاد که‌ ده‌وترێ ( دادوه‌ر به‌هه‌ڵه‌ له‌که‌سێک ببورێت باشتره‌ له‌وه‌ى به‌هه‌ڵه‌ سزاى بدات ) بۆیه‌ باشتره‌ میدیا هه‌میشه‌ شته‌جوان و شیاوه‌کان و پێداویستى خه‌ڵک و پڕکه‌ره‌وه‌ى ویست و حه‌زه‌کانى جه‌ماوه‌ربێت ، ره‌چاوى دۆخ و کاته‌کانیش بکات ، به‌وه‌ى که‌ئه‌وه‌ى ده‌کرێت ئه‌مڕۆ بیڵێیت ره‌نگه‌ بۆ دۆخێکى تر شیاو نه‌بێت ،یان ئه‌وه‌ى له‌دۆخى ئاسایدا ده‌خرێته‌روو سودو به‌رژه‌وه‌ندى گشتى تێدابێت ، ره‌نگه‌ له‌دۆخێکى نائاسایدا پێچه‌وانه‌ بێته‌وه‌و زیانى زیاتر بێت .

 بۆیه‌ له‌ماوه‌ى رابردودا و له‌و باردۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى هه‌رێمى کوردستانى کرته‌وه‌ چه‌ندین هه‌ڵه‌ و پێشێلکارى میدیاى کرا ، یاخود چه‌ند بابه‌تێک له‌لایه‌ن میدیاوه‌  ورژیّندرا که‌مه‌ترسى گه‌وه‌رى هه‌بوو به‌شێوه‌یه‌کى نێگه‌تیف سه‌ر کوردا بشکێته‌وه‌ ،یاخود درز بخاته‌ نێو یه‌کریزى ماڵى کورد که‌له‌م دۆخانه‌دا له‌هه‌مووکات پێویست تره‌ ،که‌ده‌کرا به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بوایه‌ ، بۆیه‌ له‌ئێستادا هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌خۆداچونه‌وه‌ى میدیایى هه‌یه‌ ،چ له‌روى دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سه‌ربه‌خۆى رۆژنامه‌وانى هه‌رێم ، یاخود پرکردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌ یاساییه‌کانى کارى رۆژنامه‌وانى و ئیتیکى رۆژنامه‌وانى و شیکردنه‌وه‌ یان  تاوه‌کو بتوانرێت میدیا به‌شێوه‌یه‌کى راسته‌قینه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاو بڵنگۆى خه‌ڵک بێت .


زۆرترین خوێندراو