گواستنه‌وه‌.. که‌رتێکى گرنگى له‌ بیرکراو ‌و فه‌رامۆشکراو..

3/8/2015 6:13:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
شه‌ماڵ شێخانی 

که‌رتى گواستنه‌وه‌ به‌ که‌رتێکى گرنگى وڵات داده‌نرێت ‌و رۆلێکى گه‌وره‌ش له‌ بنیاتنانى ژێرخانى ئابوورى ‌و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بینێت له‌ رووى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانى گواستنه‌وه‌ ‌و یارمه‌تیدانى له‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌رکه‌کانیدا، ئه‌و بووژانه‌وه‌ ‌و گه‌شه‌کردنه‌ى له‌و که‌رته‌دا به‌دى دێت کاریگه‌ریى ده‌بێت بۆ سه‌رجه‌م که‌رته‌کانى تر، به‌مجۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێز له‌ نێوان ئه‌و گه‌شه‌کردنه‌ى که‌ له‌و که‌رته‌دا رووده‌دات ‌ له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ى ئابووریى وڵات به‌گشتى هه‌یه‌.

گواستنه‌وه‌ى گشتى به‌شدار ده‌بێت له‌ هاندانى هاووڵاتیان له‌سه‌ر به‌کارهێنانى هۆکاره‌کانى گواستنه‌وه‌ى گشتى و ده‌کرێ بکرێته‌ هۆکارێکى زیاتر سه‌لامه‌تتر ‌و ئیسراحه‌تتر ‌و به‌فیڕۆنه‌دانى کات ‌و ماندووبوونى که‌متر ‌و تێچووى که‌متر، هه‌روه‌ها که‌مکردنه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى ‌و زۆریى ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ‌و پاراستنى ژینگه‌.

بۆیه‌ به‌و پێشه‌کییه‌ کورته‌ ده‌ستمپێکرد بۆئه‌وه‌ى گرنگیى ئه‌و که‌رته‌ فه‌رامۆشکراو ‌و له‌بیرکراوه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان بخه‌مه‌ روو، به‌ تایبه‌تى که‌رتى گواستنه‌وه‌ى  ناوشاره‌ گه‌وره‌کانى هه‌رێمى کوردستان که‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ى تا ئێستا گرنگیى پێنه‌دراوه‌ له‌و هه‌رێمه‌ى ئێمه‌دا‌ که‌رتى گواستنه‌وه‌یه،‌ (به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان که‌ خۆم خه‌ڵکى ئه‌و شاره‌م ‌و هه‌ستى پێده‌که‌م)، وه‌ک پایته‌ختیش ده‌بوایه‌ گرنگیى زۆر زیاترى پێ بدرابوایه‌، به‌ ‌ته‌واوه‌تى فه‌رامۆشکراوه‌ ‌و خزمه‌تگوزارییه‌کى ئه‌وتۆ پێشکه‌ش به‌ هاووڵاتیان ناکات، (به‌ تایبه‌ت خه‌ڵکانى هه‌ژار‌و که‌مده‌رامه‌ت ئه‌وانه‌ى که‌ تواناى ئه‌وه‌یان نیه‌ ئۆتۆمبێل بکڕن یاخود ئۆتۆمبێلیان نیه‌، بۆته‌ بارگرانى ‌و ئاسته‌نگێکى گه‌وره‌ له‌سه‌ریان)، هاووڵاتیانى تریش ئه‌وانه‌ى که‌ ئۆتۆمبێلیان هه‌یه‌ ناچارن بۆ راییکردنى کارى رۆژانه‌ى خۆیان ‌و چوون بۆ سه‌ر کاره‌کانیان ئۆتۆمبێلى تایبه‌تیى خۆیان به‌کاربهێنن، که‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌هۆى قه‌ره‌باڵغییه‌کى زۆر له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ‌و زۆربوونى رووداوى هاتووچۆ ‌و پیسبوونى زیاترى ژینگه‌که‌مان‌.

پێم وایه‌ گه‌ر له‌ هه‌رێمى کوردستانیش وه‌ک وڵاتانى پێشکه‌وتووى جیهان که‌رتى گواستنه‌وه‌ى گشتى به‌و ئاسته‌ پێشکه‌وتووه‌ى که‌ له‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه‌ له‌ بوونى پاسى مۆدێرن ‌و میترۆ ‌و ئۆتۆبان ‌و...تاد، هه‌بوایه‌ زۆرێک له‌ هاووڵاتیانى ئێمه‌ش ئۆتۆمبێلى تایبه‌تیى خۆیان به‌کارنه‌ده‌هێنا ‌و ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ش رووى نه‌ده‌دا ‌و رووداوه‌کانى هاتووچۆش زۆر که‌متر ده‌بوونه‌وه‌ ‌و ژینگه‌که‌شمان به‌وشێوه‌یه‌ى ئێستا پیس نه‌ده‌بوو‌.

له‌و روانگه‌یه‌وه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش بیرێکى جدى ‌و به‌په‌له‌ له‌و که‌رته‌ گرنگ ‌و فه‌رامۆشکراوه‌ بکاته‌وه‌ ‌و گرنگیى زیاترى پێبدات ‌و چه‌ندین هۆکارى گواستنه‌وه‌ى تازه‌ له‌ نێو شاره‌ گه‌وره‌کان ‌و له‌ نێوان شارو شارۆچکه‌کاندا دابین بکات.


زۆرترین خوێندراو