هه‌ڵه‌بجه‌ باپارێزگاکه‌ى پڕ به‌باڵاى بێت

3/16/2015 3:04:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
عومه‌ر غوڵامى

ئه‌و تاوانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کراوه‌ له‌ 16-3-1988 له‌ مێژوى مرۆڤایه‌تدیدا ڕووى نه‌داوه‌ که‌ به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ په‌لامارى هه‌ڵه‌بجه‌ درا ، ئه‌و تاوانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کرا به‌ یاساى خودا و مرۆڤه‌کان قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، به‌ڵام دوژمنى خودا نه‌ناسى کورد و دوژمنى مرۆڤایه‌تى گه‌وره‌ترین تاوانى ئه‌نجامدا به‌رابه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى زۆر که‌مدا کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ى کرد و ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ گه‌نج و پیر و منداڵى به‌ غه‌رده‌ل شه‌هید و بریندار کرد.

به‌عس ویستى هه‌ڵه‌بجه‌ى مه‌مله‌که‌تى شارستانى و ڕۆشنبیرى له‌ ناو ببات، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک خۆى مایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر چى قوربانى گه‌وره‌ى دا، به‌ڵام قوربانى دانه‌که‌ى بوبه‌ هێماى سه‌رکه‌وتن بۆ کورد.

به‌عس هه‌ڵه‌بجه‌ى وێران کرد ، به‌ڵام به‌ هێزوو بازووى دانیشتوانه‌ دڵسۆزه‌که‌ى ئاوه‌دان کرایه‌وه‌ ، سه‌رله‌ نوێ بنیاد نرایه‌وه‌ و  دواى ئه‌و کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ى که‌ به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا  هێنرا.

ئێستاش هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ڵه‌بجه‌که‌ى جاران نییه‌ له‌ ڕووى ئیدارییه‌وه‌ پارێزگایه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پارێزگا بوونه‌که‌ى پڕ به‌ باڵاى هه‌ڵه‌بجه‌ بێت ، چونکه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ شایه‌نى زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، گرنگه‌ ده‌ستى ئاوه‌دانى گه‌وره‌ بگاته‌ پاریزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، چونکه‌ به‌ ده‌ستێکى زۆر گه‌وره‌ لێى دراوه‌ و پێویستیشى به‌ ده‌ستێکى گه‌وره‌ى ئاوه‌دانییه‌.

پاریزگاى ئاشتى پێویستى به‌ ئیداره‌یه‌کى تۆکمه‌ و به‌هێزه‌ ، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ببێته‌ نمونه‌یه‌ک بۆ پارێزگاکانى تر.

گرنکه‌ له‌ یادى 27 ساڵه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌دا خواسته‌ ڕه‌واکانى هه‌ڵه‌بجه‌ بێنرێته‌ دى و چیتر هه‌َله‌بجه‌ییه‌کان خه‌ونه‌کانیان فه‌رامۆش نه‌کرێت، پێش هه‌موو کاره‌کان شه‌هیده‌ زیندووه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن و له‌ باشترین پزیشکه‌ پسپۆڕه‌کانى تایبه‌ت به‌ گازى کوشنده‌  بهێنرێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شه‌هیده‌ زیندووه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن، ئه‌مه‌ش ئه‌رکى حکومه‌ته‌ کارى جدى بکات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌لایه‌کى تره‌وه‌ ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ به‌ شوێن ئه‌و منداڵانه‌دا بگه‌ڕێن له‌ که‌ له‌ که‌سووکاریان دابڕاون له‌ کاتى کاره‌ساتى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌رکى حکومه‌ته‌ ئه‌و منداڵانه‌ به‌ که‌سووکاریان شاد بکاته‌وه‌.

تاوانبارانى رژیمى به‌عس و ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ بهَنرێته‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌وێ دادگاى بکرێن به‌ به‌رچاوى دونیایه‌وه‌ تا جارێکى تر تاوانى ترى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌رهه‌ق به‌ مرۆڤایه‌تى ئه‌نجام نه‌درێت.

 بۆیه‌ گرنگه‌ له‌ ئێستادا ده‌ستێکى ئاوه‌دانى به‌هێز له‌ ڕووى ئابوورى و بازرگانى و کشتوکاڵییه‌وه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ جۆرێک ده‌روازه‌کانى به‌ ڕووى هه‌ڵه‌بجه‌ دا بکرێته‌وه‌ تابێته‌ ناوچه‌یه‌کى گرنگى گه‌شتوگوزار و بازرگانى گرنک تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ببێته‌ سه‌نته‌رێکى گرنک بۆ به‌ستنه‌وه‌ى باشورى کوردستان به‌ خۆرهه‌ڵاتى کوردستان .
 


زۆرترین خوێندراو