هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌رێمى ژان و ژیان

3/17/2015 11:43:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
  سۆران حه‌سه‌ن

گه‌ر که‌مێک لاپه‌ڕه‌کانى مێژووى گه‌له‌که‌مان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ زۆرێک ناومان به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ مێژوویه‌کى پان و به‌رینیان له‌ شارستانیه‌ت و ئاداب و کلتورى ڕه‌سه‌ن و قاره‌مانێتى و فیداکارى و قوربانیدان بۆ خۆیان داگیر کردووه‌ ، بێگومان هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێته‌ سه‌رقافڵه‌ى ئه‌و کاروانه‌ که‌ له‌مێژووى دروست بوونیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ جگه‌ له‌ خۆشه‌ویستى و ڕێز له‌ مرۆڤایه‌تى و فه‌راهه‌مکردنى که‌شێکى گونجاو بۆ جوانتر کردنى ‌ سه‌رجه‌م پانتاییه‌کانى ڕێکخستنى ژیان و به‌گژاچوونه‌وه‌ى دوژمنانى خۆشگوزه‌رانى  هیچ خه‌وش و خاڵێکى نه‌گه‌تیڤى تیا نابینرێت . 

هه‌ڵه‌بجه‌ تا هه‌نوکه‌ دوو قۆناغى زۆر هه‌ستیارى بینیوه‌ که‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا وه‌ک هه‌رێمى ژیان راڤه‌ى بکه‌ین که‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌کانى شاره‌که‌و خه‌ڵکه‌که‌ى ئه‌وه‌نده‌ زۆرو بێ شومارن له‌ ئه‌ژمارکردن نایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى ده‌رفه‌ت هه‌بێت ده‌کرێت قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێکیان بکه‌ین، سروشتى جوگرافى و مێژوویى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ که‌وتۆته‌ دڵگیرترین ناوچه‌ى کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کى باش و دۆستانه‌ى له‌گه‌ڵ کوردانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا هه‌بوه‌و هه‌یه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش کاریگه‌رى له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌ى به‌ ڕوونى به‌دیار خستوه‌.. هه‌بوونى چه‌ندین که‌سایه‌تى باش و پیاو ماقوڵ و قسه‌زان و ئه‌دیب و شاعیرو که‌ڵه‌ نوسه‌رو ڕوناکبیر له‌م شاره‌دا بینراوه‌و له‌گه‌ڵیشیدا که‌سایه‌تى سیاسى و سه‌ربازى چاپوک هه‌بوون که‌ به‌هه‌مویانه‌وه‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م له‌ خزمه‌ت شاره‌که‌یان و ووڵاته‌که‌یان نه‌وه‌ستاون و تا ئێستاش ‌ به‌دره‌وشاوه‌یى ئه‌و ناوانه‌ له‌سه‌ر زارى گه‌وره‌ و بچوکى خه‌ڵکى کوردستانن. لایه‌نى کۆمه‌ڵایه‌تى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى به‌جۆرێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوه‌ که‌ ڕێزو حورمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان ده‌نگى داوه‌ته‌وه‌و هاوکارى غه‌ریب و لێقه‌وماوان و خۆشه‌ویستى بۆ میوانه‌کانیان به‌ئه‌رکى سه‌ره‌کى سه‌رشانى خۆیان زانیوه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ئاکاره‌ جوان و مرۆڤدۆستانانه‌دا هه‌ڵه‌بجه‌ لانکه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕش و جۆشدانه‌وه‌ى کوردایه‌تى بوه‌وهه‌رده‌م وه‌ک شارێکى زیندوو و خه‌ڵکێکى پێشکه‌وتوو خوازى نوێخواز سه‌ره‌ ڕمى به‌گژداچونه‌وه‌ى ڕژێمه‌ دیکتاتۆره‌کان بوه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ قۆناغى دووه‌م سه‌رهه‌ڵده‌دات و هه‌ر ئه‌مه‌ش واى کرد هه‌ڵه‌بجه‌ ببێته‌ مه‌یدانى تاقیکردنه‌وه‌ى هێز و سه‌رکوتکردنى ئازادیخوازانه‌ى گه‌له‌که‌مان که‌ له‌ چه‌ند هه‌نگاوێکى شۆڤێنستى دا هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ندین جار زامدارو بریندار ده‌کرێت تا 16/3/1988 نازناوى شه‌هید به‌کۆڵیدا ده‌درێت و سه‌رجه‌م جوانییه‌کانى ژێر پێ ى دوژمنان و داگیرکه‌ران ده‌خرێت‌ . که‌واته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک هه‌رێمى ژان و ژیانیش خۆى نمایش کرد به‌ڵام له‌دواى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵکه‌که‌ى به‌ به‌رگێکى دڕاوه‌وه‌ به‌ گیرفانى به‌تاڵه‌وه‌ به‌ڵام به‌ هیوایه‌کى گه‌وره‌وه‌ و به‌ ئیراده‌یه‌کى پۆڵاینه‌وه‌ چاکى مه‌ردایه‌تى لێ هه‌ڵماڵى و بۆ چه‌ندین جار خۆشه‌ویستى خاک واى لێکرد دوباره‌ ژیان بنیاد بنێته‌وه‌ له‌سه‌ر که‌لاوه‌ بێنازه‌کانى پاش کیمیاباران و یه‌کسان کردنى خانوه‌کانى له‌گه‌ڵ زه‌وى دا.

هه‌ڵه‌بجه‌و ڕه‌وتى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌که‌ى کیسه‌ڵ ئاسا تا ئه‌مڕۆکه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌و حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران نه‌یانتوانیوه‌ ناوى پیرۆزو گه‌وره‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌نه‌ سیمبولى کوردستان و کارى جدى بۆ زیندوکردنه‌وه‌ى ئه‌و شاره‌ بکه‌ن، بڕیارى بوون به‌ پارێزگا و وه‌رگرتنى نازناوى پایته‌ختى ئاشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان ئومێدێکى نوێ ده‌به‌خشێته‌ ناوچه‌که‌ به‌ ئاراسته‌ى هه‌ڵهێنانى هه‌نگاوى باشترو گه‌وره‌تر بۆ خزمه‌تکردنى خه‌ڵکى به‌ش مه‌ینه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وروبه‌رى که‌ هیوادارم ئه‌مجاره‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک هه‌رێمى ژیان دووباره‌ به‌ شایسته‌یى خۆى و مێژووه‌که‌ى بژێته‌وه‌و ببێته‌ نمونه‌ى شارى جوان و ئاشتى و پێکه‌وه‌ ژیان و هه‌روه‌ک له‌ ڕابردوو بویه‌ نمونه‌ى شارى زوڵم لێکراوو قوربانیده‌رى هه‌رێمى کوردستان.   ‌


زۆرترین خوێندراو