بۆ یادى ئه‌نفاله‌کانمان

4/11/2015 5:59:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئاشتى گه‌رمیانى


له‌م کاتژمێره‌دا .. له‌م کاته‌دا پێش ٢٧ ساڵى ته‌مه‌نى جه‌سته‌و گیانمان ، ته‌مه‌نى ئه‌و لاوه‌ى که‌ ئێستا لێره‌یه‌و به‌خه‌ون جێگاى باوکى ده‌بینێت له‌م گونده‌ شایه‌تحاڵه‌دا ، له‌م ده‌شته‌ مۆزه‌خانه‌یه‌ى خشت و به‌ردو کانى و گوڵه‌دا ، که‌ له‌ ته‌په‌چه‌ڵه‌یى و دیو سێنه‌و ترخێنه‌و زمسیاو خۆڵه‌په‌تانى یه‌که‌وه‌ تا خرۆمه‌ و زیرک .. پۆلێک قاره‌مان و باڵنده‌ى سپیان برد به‌ره‌و خوار به‌نیازى دیدار به‌ره‌و ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک ، ته‌نها عوزرێکى که‌م ته‌نها به‌ نیازى ژه‌مێک که‌ دێمه‌وه‌ لاتان .. که‌چى خه‌ونه‌که‌ بوو به‌ ئه‌فسانه‌ بوو به‌دراما بوو خه‌ونى جاڵجالۆکه‌یى ڕوه‌و عه‌رعه‌ر روه‌و گۆرستانى مه‌رگ و بیابانه‌کان .
 ته‌نها یه‌ک ماڵئاوا ، ته‌نها یه‌ک چاو تروکاندن ، له‌دواى ئێوه‌ چاوى دایکم بوو به‌ کارێزى ووشکه‌وه‌ بوو ، چاوى باوکم بوو به‌ ئه‌شکه‌وتى مه‌رگ له‌ چاوه‌کانیدا ، هۆ باوه‌ گیان ٢٧ ساڵه‌ سبیله‌که‌تم هه‌ڵگرتوه‌و چاوه‌ڕوانم بێیته‌وه‌ جگه‌ره‌یه‌کى پێ دابگرسینى ، ته‌زبیحه‌که‌تم هه‌ڵگرتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جه‌ژنه‌کانى پێ بژمێرى ، ته‌سجیله‌ ڕه‌شه‌ قه‌ترانى یه‌که‌ که‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک و حه‌مه‌ جه‌زا گریان و شینه‌که‌ت پێ لێ ده‌دا و ئێمه‌یش به‌دواى تۆدا ده‌گریایین ، داسه‌که‌ى شۆرشتم هه‌ڵگرتوه‌ تاوه‌کو ده‌شتى گه‌نمى جوتیارانى پێ دروێنه‌ بکه‌یت .
 هۆ باوه‌گیان یادگاریه‌کانتان له‌ناو ماڵه‌که‌ماندا دێت و ده‌ڕوات و ماچمان ده‌کات و ده‌ست به‌سه‌رماندا دێنن ، هۆ باوه‌گیان له‌دواى ئێوه‌ هه‌موو شتێک له‌م گونده‌دا ڕاوه‌ستا .. مه‌کینه‌ى ئارد هاڕینه‌که‌ مانى گرتوه‌ و ناکه‌وێته‌ شڵپه‌شڵپى گه‌نم هاڕین ، وه‌ستا عوسمان چیتر ئه‌سپه‌کان ناڵ ناکات و مه‌لا محه‌مه‌د تۆراوه‌ و نایه‌وێت بێته‌وه‌ مه‌جلیسى ده‌م سپیانى قه‌شقه‌ ، پیکابه‌که‌ى ئه‌یوب و حه‌مه‌ خه‌سره‌و نایانه‌وێت بچن بۆ شار ، مه‌شکه‌که‌ش ناژه‌نرێت و نابێته‌ که‌ره‌ و دۆى به‌هاره‌ى لێ ده‌رناچێت .. 
کێ مه‌ڕه‌کان ببات بۆ له‌وه‌ڕاندن کێ گاکان به‌ره‌و خوار ببات کێ هاى ته‌ماته‌و سه‌وزه‌ بکات کێ چاوه‌ڕوانى کاروانى سه‌ره‌ڕێ بێت کێ ئاخر کێ ، له‌دواى ئێوه‌ کانى یه‌کانمان ووشک بوون ، خانوه‌کانمان داڕمان و گاوه‌سنى هیته‌که‌م ژه‌نگاوى بوو ، ده‌ستره‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌ بۆنداره‌که‌م هه‌ڵوه‌رین له‌به‌رده‌م شاڵاوى ئه‌نفاله‌کاندا .
 ئاى ئه‌نفالى به‌دناو بۆچى ئێمه‌ت خسته‌ ناو گێژاوى چاوه‌ڕوانى یه‌وه‌ ، خۆ ئێمه‌ هه‌موومان به‌ قورئانه‌ پیرۆزه‌که‌ى مامۆستا مه‌لامه‌حه‌مه‌د سوێندمان خوارد که‌ له‌ یه‌ک دانه‌بڕێن و پێکه‌وه‌ ئه‌م به‌هاره‌ گوڵ رێزان بکه‌ین ، به‌ڵام ئه‌وان به‌ تینوێتى و برسێتى به‌ چاو به‌ستراوه‌ى به‌ره‌وه‌ بیابانى لماویان بردن ، پۆل پۆل ژێر خۆڵیان کردن ،ئه‌وان هاواریان لێ هه‌ستا هاوار ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئێمه‌ نامۆیین به‌م خاک و خۆڵه‌ ..
 ئێمه‌ له‌م زه‌وى یه‌ لماوى یه‌دا سه‌وز نابین ، باڵنده‌کانى ڕوحیان له‌ شه‌قه‌ى باڵیان داو ڕێگایان وون کردو هه‌ریه‌ک به‌لایه‌کدا باڵیان گرت ، تاکه‌ تاکه‌یان نامه‌یه‌کى خوێناویان هێنایه‌وه‌ بۆ کوردستان .
 په‌یامه‌که‌یان ئه‌وه‌ بوو ووتیان به‌ جه‌وه‌ڵ بڵێن به‌ تۆمار و باریکه‌ بڵێن به‌ شێخانى یه‌کان بڵێن که‌س نه‌یه‌ته‌ خواره‌وه‌ ، نه‌ منداڵ نه‌ ژن نه‌ پیره‌ژن .. ئێمه‌ بووین به‌ مێژوو بوین به‌ قوربانى بوین به‌ پاشماوه‌ى خۆڵ و خاک نه‌یه‌نه‌وه‌ بۆ شار ئه‌تان که‌نه‌ مۆزه‌خانه‌ ئه‌تانکه‌نه‌ ئه‌نفال ئه‌تانکه‌نه‌ نانى قه‌ل و داڵ .. ئه‌تانکه‌نه‌ داوڵ ...
. له‌جیاتى ئێمه‌ داره‌ پیره‌که‌ى سراوه‌که‌و دارى گۆڕستانه‌که‌ى باو باپیرمان ئاو بده‌ن .. ئێمه‌ له‌دڵ و ده‌روونى هه‌موتانایین له‌ ویژدانى مرۆڤایه‌تیداین ..
ئێمه‌ له‌برى ئێوه‌ هاوار ده‌که‌ین .. ئه‌نفال ناسنامه‌و ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئێمه‌یه‌ بۆ جیهان .


زۆرترین خوێندراو