ئه‌نفال، وه‌ک پرسێکى سڕبوو له‌زاکیره‌ماندا

4/14/2015 12:15:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سمکۆ سابیر 

 تاوانێکى وه‌ک ئه‌نفال،که‌هه‌موو پێکهاته‌ و خه‌سڵه‌ته‌کانى جینۆساید له‌خۆیدا ده‌بینێته‌وه‌،له‌دواى ساڵى 1991 بۆئێمه‌ى کورد ده‌رفه‌تێکى گرنگ بوو که‌بکرێت به‌، به‌رمه‌بناى ده‌یانکارو پڕۆژه‌ و ئه‌جێنداى نیشتیمانى بۆئه‌وه‌ى  له‌سه‌ر ئاسته‌کانى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌خۆدا،کاریگه‌ربێت بۆمانه‌وه‌مان له‌هه‌رێمێکى ئارامتر و پارێزراوتر،به‌ڵام به‌که‌م ته‌ماشاکردنى دۆسییه‌ى ئه‌نفال ‌و، بگره‌ کۆى دۆسییه‌ و که‌یسه‌کانى ترى کۆمه‌ڵکوژیى ‌و تاوانه‌کانى که‌ دژ به‌گه‌لى کورد ئه‌نجامدراون، نه‌بوون به‌فاکته‌رى یه‌کبوون ‌و یه‌کڕیزى ‌وقبوڵکردنى یه‌کتر ‌و،له‌هه‌مووشى گرنگتر؛نه‌بوو به‌ له‌مپه‌رێک بۆ ئه‌وه‌ى کورد له‌پێناو ده‌ستکه‌وتى ماددى ‌و سیاسیدا،ململانێ ى ناته‌ندرووست نه‌کات،یاهه‌رهیچ نه‌بێت ده‌ستى نه‌چێته‌ خوێنى یه‌کتر.به‌هه‌رحاڵ هه‌رچۆنێک بێت، به‌هه‌موو کێماسى ‌و تێبینێکمانه‌وه‌،دوا روخانى رژێمى به‌عس،دواى چه‌ندین دانیشتن،تاوانى ئه‌نفال له‌ڕۆژى 24 -6-2007 له‌لایه‌ن دادگاى باڵاى تاوانه‌کانه‌وه‌ به‌فه‌رمیى به‌جینۆساید ناسێندرا.له‌و رۆژ و ساڵه‌وه‌ که‌نزیکه‌ى هه‌شت ساڵى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیووه‌،ده‌بێت له‌خۆمان بپرسین چیمانکردوه‌ و چۆن کارله‌و دۆسیه‌یه‌ کراوه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێو خۆ و ده‌ره‌وه‌دا،له‌هه‌ردوو کایه‌ى ناسین ‌وناساندن،ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک پرسیارى جه‌وهه‌رین له‌و نێوه‌نده‌دا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ویژدانى هه‌ندێکماندا خۆى دێنێته‌ پێشه‌وه‌.ئه‌نفال ته‌نها پرۆسه‌یه‌کى کوشتن‌و له‌ناوبردن نه‌بوو،به‌قه‌د ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێک پرسیارى راشکاوانه‌‌و بێپێچ ‌و په‌ناى لێکردین، پرسیارگه‌لێک که‌پڕیه‌تى له‌ڕامان ‌وقوڵبوونه‌وه‌ى خۆمان ‌و که‌سوکارى قوربانییانى ئه‌نفال ‌وتێکڕاى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى.به‌دیوێکى تر وه‌ک هیوا قادرده‌ڵێت: تراژیدیای کورد ته‌نها له‌وه‌دانییه‌ که‌ده‌کوژرێت،به‌ڵکو تراژیدیای کورد له‌وه‌دایه‌ که‌ئه‌م کوشتنه‌ به‌قه‌ده‌ری خۆی ده‌زانێت ‌وناتوانێت باس له‌کوشتنی خۆی بکات.ئێمه‌ى کوردیش به‌چه‌ند دیووێکدا به‌هۆى تێنه‌گه‌یشتنمان له‌تاوانێکى وه‌کو ئه‌نفال،نه‌مانتوانى نه‌له‌زاکیره‌ى خۆمان، نه‌ له‌ زاکیره‌ى ده‌وروبه‌ر و کۆمه‌ڵگاکانى ترى دونیا،بیکه‌ین به‌پرسێک که‌شایانى درووستکردنى کۆمه‌ڵێک پرسیارى جددى بێت،بۆتێگه‌یشتن له‌وکۆمه‌ڵکوژییه‌ى دژ به‌گه‌لى کورد به‌هه‌شت قۆناغ ئه‌نجامدراوه‌.به‌داخه‌وه‌ به‌دێوێکى تریش نه‌مانتوانى سوود له‌یاسا‌و رێساو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانى جینۆساید وه‌ربگرین به‌وه‌ى جینۆساید نه‌بڕواى به‌ژماره‌ و نه‌مێژووه‌که‌شى به‌لاوه‌ گرنکه‌، که‌، که‌ى روویداوه‌ و چه‌ند که‌س به‌هۆى ئه‌وشاڵاوانه‌،کوژراون.رژێمى به‌عس به‌هه‌موو تواناو مه‌نتقى هێز و ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه‌ شه‌ڕى کوردى کرد،شه‌رى وجوود و بوونی کردین، وه‌لێ ئێمه‌ش زۆرێک له‌پرسه‌کانى به‌عسمان له‌زاکیره‌ نه‌کرده‌ ده‌ره‌وه‌ و تائێستا کارى زۆرى پێده‌که‌ین.به‌عسمان نه‌ک له‌ناو نه‌برد،به‌ڵکو له‌ڕۆحى خۆماندا هێشتمانه‌وه‌،له‌کردار و کارى رۆژانه‌ماندا تائێستا ره‌نگڕێژو ره‌نگدانه‌وه‌ى به‌رده‌وامى هه‌یه‌.چونکه‌ ئه‌گه‌ر رۆحى وقوربانیانمان به‌لاوه‌ هێڵى سووربوایه‌،ئه‌گه‌ر ژیان ‌و ئاینده‌ى که‌سوکارى ئه‌نفال ‌وتاقانه‌ و ده‌ربازبووانى گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانمان به‌هه‌ند وه‌ربگرتایه‌،ئێستا ژیاندۆستى کورد له‌ئاستێکى ترو قۆناغێکى ترده‌بوو.ئێستا ده‌بووین به‌جوانترین کۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌و جیهانه‌.بۆیه‌ له‌ئێستادا دواى تێپه‌ڕبوونى 27 ساڵ  به‌سه‌رتاوانى ئه‌نفال،هێشتا نامانه‌وێت ئه‌نفال ‌و ده‌رئه‌نجامه‌کانى بناسین،هێشتا نامانه‌وێ له‌زاکیره‌ى خۆماندا ئه‌و حاڵه‌ته‌ سڕبووه‌ لابه‌رین،هێشتا نه‌مانکردووه‌ به‌ فشارێکى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆسه‌ر ئاکارو ره‌فتارمان.ته‌نانه‌ت نامانه‌وێ ئه‌نفال له‌و دۆخه‌ سڕبووه‌ بێنینه‌ ده‌ره‌وه‌.له‌هه‌مووشى ترسناکتر؛هێشتا جورئه‌تى ئه‌وه‌مان نییه‌ به‌عس له‌زهن ‌و ره‌فتاره‌کانمان بکوژین‌و واز له‌به‌د ره‌فتارى بێنین. بۆئه‌وه‌ى ژیان بۆنه‌وه‌ و که‌سوکارى قوربانیانى ئه‌نفال ‌وکۆمه‌ڵگه‌یه‌کى په‌رته‌وازه‌ى وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى که‌ هێشتا نایه‌وێت له‌وه‌ تێبگات که‌ئه‌نفال له‌پشت چ فه‌لسه‌فه‌یه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت بوونى نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر خاکه‌که‌ى خۆى بسڕێته‌وه‌.بێگومان له‌زاکیره‌یه‌کى سڕبوو هه‌رگیز ئه‌و وه‌ڵامانه‌مان ده‌ست ناکه‌وێت ‌و پرسیارگه‌لێکى بێوه‌ڵام ده‌مێننه‌وه‌.!!


زۆرترین خوێندراو