پیرۆزه‌ دڵى هه‌مو کوردێک له‌ کاکه‌ حه‌مه‌!

6/12/2015 4:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌نیوز

شادمان رۆسته‌م به‌گ 

ساڵێک به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ و له‌ ٢٤ ى مانگى شه‌شدا، به‌ڕێز کاکه‌ حه‌مه‌ به‌هێزێکى ٥٠٠ که‌سیه‌وه‌ ڕویکرده‌ سه‌نگه‌ره‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌. پێشمه‌رگه‌کان پێکهاتبون له‌ فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌کانى حیزب و ئه‌و کادێرانه‌ى به‌رپرسیارێتى بازنه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌کانى حیزبیان له‌ ئه‌ستۆبو. له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ و کاکه‌ حه‌مه‌دا کوڕه‌ گه‌وره‌ى کاکه‌ حه‌مه‌، عه‌تا محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود به‌شدارییکرد. کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ره‌و که‌رکوک به‌ڕێکه‌وت ئاخر که‌رکوک چه‌قى ململانێکانى کورد و دوژمنه‌ یه‌ک له‌ دواییه‌که‌کانى بوه‌. کاکه‌ حه‌مه‌ زۆر له‌ که‌رکوک نه‌بو کاتێک سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌ردانى که‌رکوکى کرد و کاکه‌ حه‌مه‌ى وه‌ک به‌رپرسى میحوه‌رى که‌رکوک ده‌ستینشانکرد. هه‌ر زوو ئه‌وانه‌ى بۆ حیزبایه‌تى له‌دایک بوبون که‌وتنه‌ دژایه‌تى ڕۆشتنى کاکه‌ حه‌مه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ى سه‌رۆکى هه‌رێم. ئه‌لبه‌ته‌ به‌شێک له‌و خه‌ڵکانه‌ باش شاره‌زایى خۆنه‌ویستى کاکه‌ حه‌مه‌ و دڵنیابون له‌ سه‌رکه‌وتنی، به‌شێکیشیان سه‌غڵه‌تى ئه‌وه‌بون سه‌رۆکى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ له‌ که‌رکوک دا! له‌هه‌مو حاڵه‌کاندا کاکه‌ حه‌مه‌ بۆ به‌رپرسیارێتى نه‌چوبوه‌ که‌رکوک به‌ڵکو ته‌نها بۆ پارێزگارى له‌ که‌رکوک وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک. ئه‌وه‌ پۆست و به‌رپرسیارێتى بو کاکه‌ حه‌مه‌یان دۆزییه‌وه‌ و سه‌رۆکى هه‌رێم خودى خۆى ته‌کلیفى له‌ کاکه‌ حه‌مه‌ کردبو بۆ ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌. ئه‌گه‌ر کاکه‌ حه‌مه‌ ته‌نیا خه‌باتى بۆ پۆست و به‌رپرسیارێتى بوایه‌ وه‌ک زۆر که‌س، ئه‌وا ئه‌و نه‌ده‌چوه‌ که‌رکوک و پارێزگارى لێبکات! ئاخر ئه‌وکات زۆر تێنه‌په‌ڕیبو به‌سه‌ر دامه‌زراندنى کابینه‌ى هه‌شتى حکومه‌تى هه‌رێمدا ئه‌و کابینه‌یه‌ى کاکه‌ حه‌مه‌ و حیزبه‌که‌یان دوور له‌ هه‌مو بنه‌مایه‌کى دیموکراسى و نه‌ته‌وه‌یى پشتگوێخستو پارتى و یه‌کێتى له‌گه‌ل هه‌رسێ دۆسته‌ نوێیه‌که‌یان دایانمه‌زراند. له‌کاتێکدا کاکه‌ حه‌مه‌ به‌ڕێگاوه‌ بو بۆ که‌رکوک مێدیاى به‌شێک له‌ حیزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات به‌ میلیشیاو هێزى حیزب ناویانده‌برد و له‌ڕێگاى خه‌ڵکى خۆیانه‌وه‌ به‌ئاشکرا ده‌یانوت: ئه‌و بۆ ڕه‌سم گرتن و خۆده‌رخستن چوه‌! ئه‌وان که‌ خۆیان زاتى ئه‌وایان نه‌کرد به‌رگرى له‌ کوردستان بکه‌ن، شپه‌رزه‌بوبون به‌ کاکه‌ حه‌مه‌ و هێزه‌که‌ی. له‌پاڵ ئه‌و قسه‌و قسه‌ڵۆکه‌ى حازر خۆره‌کاندا که‌منه‌بون ئه‌وانه‌ى ستایشى کاکه‌ حه‌مه‌ و بریاره‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێمیانده‌کرد. شوان حه‌مه‌ به‌رپرسى نوسینگه‌ى ئه‌وروپاى ڕۆژنامه‌ى سه‌ربه‌خۆى ئاوێنه‌ له‌ نوسینێکدا که‌ له‌ مانگى شه‌شى ساڵى ڕابردودا بڵاوکرایه‌وه‌، دانانى کاکه‌ حه‌مه‌ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کى سه‌ربازى دێرین و سکرتێرى حیزبێکى ده‌ره‌وه‌ى سێکوچکه‌ى پارتی-یه‌کێتی-گۆڕان به‌ هه‌نگاوێکى ئه‌رێنى ناوده‌بات.

دواى ساڵێک
ئێستا له‌کاتێکدا ساڵێک به‌سه‌ر مێژوى ڕۆشتنى کاکه‌ حه‌مه‌ و هێزه‌که‌یدا تێپه‌ڕیوه‌ بۆ که‌رکوک، ئێمه‌ به‌شانازییه‌وه‌ یادى ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌، پێچه‌وانه‌ى قسه‌ڵۆکى هه‌مو ئه‌وانه‌ى که‌ پێیانوابو کاکه‌ حه‌مه‌ بۆ ڕه‌سم گرتن چوه‌، یه‌که‌م شه‌هیدى هێزه‌که‌ى کاکه‌ حه‌مه‌ کوڕه‌ گه‌وره‌که‌ى خۆى بو، که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کوڕى ئه‌و بو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى حیزبیش بو. ئێمه‌ شانازیى ده‌که‌ین به‌و ڕۆژه‌وه‌ چونکه‌ کاتێک ئه‌و هێزه‌ به‌ڕێکه‌وت هه‌وڵى په‌راوێزخستى حیزب ده‌درا له‌ گشت لایه‌که‌وه‌، ئه‌وانه‌ى که‌ به‌چه‌پڵه‌ و موزایه‌ده‌ هاتبون پێیانوابو کاتێک ڕێگرده‌بن له‌وه‌ى هێزێک که‌نزیکه‌ى چل ساڵ خه‌بات و نزیکه‌ى ٥٠٠٠شه‌هیدى بۆ ئازادى گه‌لێک به‌خشیوه‌ به‌شداربێت له‌ حکومه‌ته‌که‌یاندا چیتر ده‌توانن به‌چۆکیدا بێنن و وه‌ک ڕابردوى زۆرێک له‌خۆیان بیسڕنه‌وه‌! 

کاکه‌ حه‌مه‌ و هێزه‌که‌ى ئه‌گه‌رچى به‌ ژماره‌ که‌مبون به‌ڵام  جارێکیتر گیانى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یان به‌خشیوه‌ به‌خه‌ڵک، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاکه‌ حه‌مه‌ به‌خوێنى کوڕه‌که‌ى کۆتایى به‌ مێژوییه‌کى ته‌مومژاوى هێنا له‌ خه‌باتى ڕزگارى نیشتیمانیدا له‌ هه‌رێم و وڵاته‌که‌ى ئێمه‌ ئه‌و مێژوه‌ى هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌ى لێگیراوه‌ که‌ کوڕى به‌رپرسانى وڵاتى ئێمه‌ به‌سه‌دان کیلۆمه‌تر له‌دوورى شه‌ڕه‌کانن و ته‌نیا کوڕى خه‌ڵک به‌کوشت ده‌ده‌ن. کاکه‌ حه‌مه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا به‌فرى ته‌مه‌ن زیاتر له‌ ڕوخسارى نیشتوه‌ و ئازیزترین که‌سى له‌ده‌ستداوه‌ به‌ڵام به‌هایه‌کى به‌ده‌ستهێناوه‌ که‌ به‌سه‌دان کوێ‌ و کچ به‌ده‌ستنه‌ده‌هات گه‌ر شه‌و و ڕۆژیش له‌هه‌وڵدابونایه‌ بۆی، که‌ ئه‌ویش دڵى هه‌مو کوردێکه‌. 

پیرۆزه‌ ئه‌م ڕۆژه‌، پیرۆزه‌ دڵى هه‌مو کوردێک له‌ کاکه‌ حه‌مه‌.


زۆرترین خوێندراو