ئه‌وه‌ى نه‌تزایوه‌ ده‌رباره‌ى "مانگرتن "

4/5/2015 11:35:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
مانگرتن ، که‌ به‌ واتاى خۆگرتنه‌وه‌ دێت له‌ خواردن و هه‌ندێک جاریش ئاویش ، به‌ هۆکارێکى ناتوندتیژ به‌رامبه‌ر ئه‌وانى تر و به‌ هۆکارێکێکى توندوتیژ به‌رامبه‌ر به‌ خود  هه‌ژمارده‌کرێت بۆ ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى و کاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار تا به‌ بڕیارو هه‌ڵسوکه‌ت یان بۆچوونه‌کانیدا بچێته‌وه‌. 

مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ سه‌ده‌کانى پێش زایین. مێژووى پێش زایینى ئێرله‌نده‌یه‌کان ئاماژه‌ به‌ مانگرتن ده‌که‌ن له‌نێو کۆمه‌ڵگاى ئێرله‌ندیه‌کاندا که‌ به‌مه‌به‌ستى ناڕه‌زایى ده‌بڕین له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتى نه‌شیاو ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجامداوه‌. جگه‌له‌ ئێرله‌نده‌یکان ، هندیه‌کانیش باس له‌و دیارده‌یه‌ ده‌که‌ن که‌ مێژووه‌که‌ى بۆ 750 ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ به‌ڵام مانگرتن له‌به‌رده‌م ماڵى تاوانباراندا به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى که‌ ماڵى خه‌ڵکیان خواردووه‌ و قه‌رزار بوون  وه‌ک داواکاریه‌ک بۆ چه‌سپاندنى عه‌داله‌ت له‌ساڵى 1861 دا قه‌ده‌غه‌ کراوه‌ له‌و ووڵاته‌. 

مانگرتنه‌کانى ماهاتما غاندى سه‌رکرده‌ى دیارى هندیه‌کان له‌ ڕۆژگارى ژێرده‌سته‌ڵاتى به‌ریتاینیه‌کان له‌ هندستان یه‌کێک له‌ دیارترین که‌یسى مانگرتن بووه‌ له‌ سه‌ده‌ى ڕابردوودا به‌ڵام جگه‌له‌ویش چه‌ند که‌سایه‌تى تریش ناو شۆڕشه‌که‌ى ئه‌ودا خاوه‌نى تۆمارى مێژوویى خۆیانن بۆ مانگرتن وه‌ک جیته‌ندرا ناس داس ، که‌ ماوه‌ى 63 ڕۆژ مانى له‌ خواردن گرت و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ى گیانله‌ده‌ستدانى له‌ به‌ندیخانه‌یه‌کى ئه‌و کاته‌ى ووڵاته‌که‌یان که‌له‌ژێرده‌سته‌ڵاتى به‌ریتانیه‌کاندا بوو. 

مانگرتنى به‌ندکراوه‌ ئێرله‌ندیه‌کان له‌ساڵى 1981 دا له‌وانه‌یه‌ دیارترین که‌یسى مانگرتنى به‌کۆمه‌ڵ بێت. ئه‌و به‌ندکراوانه‌ به‌شێک بوون له‌و شۆڕشگێڕانه‌ى که‌ به‌ کۆماریه‌کان ناسرا بوون که‌ باوه‌ڕیان وابوو ده‌بێت ئێرله‌ندا ببێت به‌ خاوه‌نى ده‌وڵه‌تێکى سه‌ربه‌خۆ و له‌کاتى ده‌ستگیرکردنیشیان به‌ تۆمه‌تى جۆراوجۆر داواى چه‌نین چاکسازیان کرد له‌ ڕه‌وشى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ به‌ندیخانه‌کاندا بوون. جگه‌له‌وانه‌ى بڕیاریاندا مانگرتنه‌کانیان بشکێنن ، 10 له‌و به‌ندکراوانه‌ به‌هۆى کاریگه‌رى مانگرتنه‌که‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ستدا که‌ ماوه‌ى مانگرتنى هه‌ندێکیان زیاتر بوو له‌ 60 ڕۆژ.

به‌پێى جاڕنامه‌ى تۆکیۆى کۆمه‌ڵه‌ى ته‌ندروستى جیهانى ، پزیشکه‌کان مافى ئه‌وه‌یان نیه‌ که‌ به‌زۆرخواردن بده‌ن به‌و که‌سانه‌ى مانده‌گرن به‌ڵکو ته‌نها ده‌بێت پاشهاته‌ خراپه‌کانى مانگرتن بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ڕوونبکه‌نه‌وه‌ و هه‌وڵیان له‌گه‌ڵبده‌ن مانگرتنه‌که‌یان بشکێنن. به‌ڵام زۆرجار ئه‌م جاڕنامه‌یه‌ وه‌ک پرانسیپ ته‌ماشاده‌کرێـت و له‌ به‌شێک له‌ ووڵاتانى جیهان به‌ هۆکارى پاراستنى گیانى ئه‌و که‌سانه‌ له‌ مردن به‌زۆرخۆاکدان به‌ مانگرتووان پیاده‌ ده‌کرێت. 
ڕه‌نگه‌ که‌یسى ئایرۆم شه‌رمیله‌ درێژترین که‌یسى مانگرتن بێت له‌ خواردن و ته‌نانه‌ت ئاویش. ئایرۆم چالاکه‌وانێکى هندیه‌ که‌له‌دژى یاسایه‌کى ووڵاته‌که‌ى که‌ ڕێگه‌ به‌ هێزه‌ تایبه‌ته‌کانى ئه‌و ووڵاته‌ ده‌دات ده‌سته‌ڵاتێکى به‌ ووته‌ى ئه‌و "زیاد له‌پێویستسان" هه‌بێت له‌ هه‌رێمى مانیپور له‌ ساڵى 2000 ه‌وه‌ مانگرتنى ڕاگه‌یاندووه‌ و له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ڕێگه‌ى تیوبێکه‌وه‌ خواردن و ئاو ده‌درێت به‌و چالاکه‌وانه‌ له‌ شوێکى تایبه‌ت و له‌ژێر چاودێرى پزیشکیدا. به‌ڵام وه‌ک ووترا له‌ هه‌ندێک ووڵاتیش به‌زۆرخواردن به‌ مانگرتووان قه‌ده‌غه‌یه‌. له‌ تازه‌ترین که‌یسى مانگرتوواندا ، سه‌عید حه‌سه‌نلو به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانى ماوه‌ى 38 ڕۆژه‌ له‌ که‌مپێکى په‌نابه‌ران له‌ ئوسترالیا مانگرتنى له‌ خواردن ڕاگه‌یاندووه‌ له‌دژى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى که‌یسه‌که‌ى . چالاکه‌وانانى ئه‌و ووڵاته‌ش داوا ده‌که‌ن که‌ حکومه‌تى ئه‌و ووڵاته‌ چاو به‌ که‌یسه‌که‌ى ئه‌و په‌ناخوازه‌دا بخشێنه‌وه‌ و هۆشداریده‌ن به‌وه‌ى که‌ به‌پێى به‌ڵگه‌ پزیشکیه‌کان ئه‌و په‌ناخوازه‌ نزیکه‌ له‌ مه‌رگ. له‌ به‌رامبه‌ریشدا وه‌زیرى کۆچى ئوسترالیا ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وان ناتوانن به‌زۆر خۆراک بده‌ن به‌و په‌ناخوازه‌ مانگرتووه‌ و ووته‌بێژێکى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وان نیگه‌رانن له‌و بارودۆخى ئه‌و په‌ناخوازه‌ به‌ڵام کاتێک په‌ناخوازێک هه‌موو ڕێکاره‌ یاسایه‌کان ده‌گرێـته‌ به‌ر و ناتوانێت بیسه‌لمێنێت په‌نابه‌ره‌ ، ئه‌وان پێشبینى ئه‌وه‌ده‌که‌ن که‌ ئه‌و که‌سه‌ ئه‌و ووڵاته‌ به‌جێ بهێلێت و ئه‌وان ناتوانن هیچ هاوکاریه‌کى سه‌باره‌ت به‌پێدانى مافى په‌نابه‌رێـى پێشکه‌ش بکه‌ن. 

له‌ڕووى ته‌ندروستیه‌وه‌ ، له‌پاش 45 ڕۆژ له‌ مانگرتن ، مه‌ترسى له‌ ژیانى ئه‌و که‌سه‌ ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕى ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى له‌ پاش هه‌فته‌ى دووه‌مه‌وه‌ چالاکیه‌ جه‌سته‌یه‌کان و هیلاکى و که‌مبوونه‌وه‌ى ڕاده‌ى لێدانى دڵ هه‌ست پێده‌کرێت ئه‌مه‌ش له‌پاش ئه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن که‌ هه‌ر له‌یه‌که‌م سێ ڕۆژى مانگرتنه‌که‌دا جه‌سته‌ى مانگرتووه‌که‌ ده‌ستده‌کات به‌ به‌کارهێنانى پڕۆتینى ماسولکه‌کان بۆ ده‌ستکه‌وتنى گلوگۆز که‌ پێویستیه‌کى سه‌ره‌کین بۆ زیده‌ چالاکى خانه‌کان و ڕێژه‌ى پۆتاسیۆمیش به‌ڕاده‌یه‌کى ترسناک له‌ جه‌سته‌دا که‌مده‌بێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌کانى یه‌که‌مدا مانگرتووه‌که‌ پێده‌چێت توشى چه‌ندین حاڵه‌تى ته‌ندروستى خراپى هه‌تاهه‌تایى ببێت. 

سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى چه‌ندین حاڵه‌تى تۆمارکراو بۆ شکاندنى ڕیکۆرده‌کانى مانگرتن ، له‌ئێستادا دامه‌زراوه‌ى گینس بۆ تۆماره‌ جیهانیه‌کان چیتر شکاندنى ڕیکۆرده‌کان بۆ مانگرتن تۆمار ناکات و به‌پێى ڕاگه‌یه‌ندراوێکى ئه‌و ده‌زگایه‌ ئه‌و به‌شه‌ بۆ ڕیکۆرده‌کان به‌هۆکارى ڕوون و ئاشکرا که‌ مه‌به‌ست لێى هۆکاره‌ ته‌ندروستیه‌کان و هۆکاره‌کانى ترى چاودێرى کردنه‌ داخراوه‌ .  

ئاماده‌کردنى : هه‌ژار ته‌ها
  


زۆرترین خوێندراو