4
7 رێنماییه‌کانى خۆپارێزى بوومه‌له‌رزه‌دا
14/11/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز






 
 
رێنماییه‌کانى خۆپارێزى پێش روودان و له‌ کاتى روودان و له‌دواى ته‌واوبوونى بوومه‌له‌رزه‌دا
 
(( پێش روودانى بوومه‌له‌رزه‌دا ))
 
1 – لێکۆڵینه‌وه‌ى زانستیى چڕوپێ‌ له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ ئه‌گه‌رى به‌رکه‌وتنیان هه‌یه‌ به‌ بوومه‌له‌رزه‌و دروستکردن و بڵاوکردنه‌وى نه‌خشه‌ى تایبه‌ت به‌ (ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ییه‌کان).
2- دامه‌زراندنى تۆڕێکى تایبه‌تى روانگه‌کردن و تۆمارکردنى چالاکیى بوومه‌له‌رزه‌یی.
3- لێکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر پێوه‌ره‌کانى پاراستن له‌ بوومه‌له‌رزه‌و تێخستن و ره‌چاوکردنى له‌نێو دیزاینى باڵه‌خانه‌و ته‌لارو دامه‌زراوه‌و خاونووه‌کان.
4 – ده‌ستنیشانکردنى ئارامترین ناوچه‌ بۆ بونیاتنانى خانوو و باڵه‌خانه‌و کارگه‌کان…هتد.
5 – بڵاوکردنه‌وه‌ى رێنمایى پێویست و به‌شێوه‌یه‌کى به‌رده‌وام له‌نێو هاوڵاتیاندا تا بتوانن به‌ چاکترین شێوه‌ مامه‌ڵه‌ بکه‌ن له‌کاتى روودانى هه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌کدا.
6 – تا بکرێت شوێنى دانیشتنى خێزان دووربێت له‌ دۆڵاب و کتێبخانه‌و هه‌ر که‌ل و په‌لێکى دیکه‌ى گه‌وره‌و هه‌رچى شتێکى قوڕس له‌ نزمترین ئاستدا دابنرێت و هه‌روه‌ها دۆڵاب و مێزه‌ گه‌وره‌کانى ته‌له‌ڤزیۆن و گیزه‌ره‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ژووره‌کاندا پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌کى توند تۆکمه‌ به‌ دیواره‌کاندا ببه‌سترێنه‌وه‌.
به‌پێى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که‌له‌ ساڵى 1994 له‌ کالیفۆرنیا ئه‌نجامدرا، ده‌رکه‌وت که‌وا به‌ربوونه‌وه‌ى دۆڵاب و کتێبخانه‌ قورسه‌کان به‌سه‌ر دانیشتوانى نێو ژووره‌کان له‌ کاتى روودانى بوومه‌له‌رزه‌دا، بۆته‌ هۆى %55 ى حاڵه‌ته‌کانى گیان له‌ده‌ستدان، به‌ڵام به‌ربوونه‌وه‌ى که‌ل و په‌له‌کانى دیکه‌ى ئاسایى ته‌نها %1 بووه‌.
7 – ده‌ستنیشانکردنى چاکترین شوێنه‌کانى خۆ حه‌شاردان له‌نێو ماڵ یان فه‌رمانگه‌و دامه‌زروه‌کان به‌ گشتى و نیشاندانیان بۆ ئه‌ندامانى خێزان و کارمه‌ندان تا زووتر شاره‌زابن و خێرا بگه‌نه‌ شوێنى مه‌به‌ست.
8 – هه‌رده‌م جووته‌ پێڵاوێکى زیاد، لایتێکى شه‌حنکردنه‌وه‌و لایتێکى گڵۆپى ئاسایی، ئامێرێکى رادیۆ چه‌ند پاترییه‌ک بخه‌ره‌ ژێر ئه‌و قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ى که‌ له‌سه‌رى ده‌خه‌وی.
9 – بوونى ئاگرکوژێنه‌وه‌یه‌کى له‌بارو گونجاو له‌نێو ماڵه‌که‌تداو راهێنانى ئه‌ندامانى خێران به‌ گشتى له‌سه‌ر چۆنییه‌تى به‌کار هێنانى له‌ کاتى پێویستدا.
10- دابینکردنى سندوقى (فریاگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان) داوو ده‌رمانى زۆر پیۆیست و پێداویستى خێزان له‌ ئاوو خۆراکى پێویست بۆ ماوه‌ى لایه‌نى که‌م (3) رۆژ، به‌پێى سروشتى پێکهاته‌یان و بوونى که‌سانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت تیایانداو دانانى له‌و شوێنه‌ى که‌ ده‌ستنیشانکراوه‌ وه‌ک له‌بارترین شوێنى خۆ حه‌شاردان.
11 – بوونى کۆپییه‌کى زیاد له‌ دیکۆمێنته‌ گرنگه‌کانى خێزانیى وه‌ک (ناسنامه‌کان و بۆنده‌ عه‌قارییه‌کان و فایله‌ ژمێریارییه‌کان) و لیستى ناوى خزم و که‌سانى نزیک له‌گه‌ڵ ژماره‌ى ته‌له‌فۆن یان مۆبایلیان و هه‌ڵگرتنیان له‌ شوێنێکى پارێزراو.
12 – به‌رده‌وام چ له‌ناو ئۆتۆمبێلت یاخود له‌شوێنێکى زۆر گونجاودا ئه‌م که‌ل و په‌ل و پێداویستیانه‌ هه‌ڵبگره‌:
(ده‌رمانى پێویست، سندووقێکى فریاگوزارى سه‌ره‌تایی، چاویلگه‌ى پزیشکیى تایبه‌ت به‌خۆت یان هه‌ر ئه‌ندامێکى خێزانه‌کات، بوتلى ئاو به‌ پێى پێویست، پێڵاوى توندو تۆڵ، نه‌خشه‌، بڕێک پاره‌، لیستێک به‌ ژماره‌ى مۆبایل و ته‌له‌فۆنى پێویست، خۆراکى سووک وه‌ک کێک و بسکویتى ووشک، کۆپى ناسنامه‌کان).
چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌کردنى دروست له‌ کاتى روودانى بوومه‌له‌رزه‌دا
له‌کاتى روودانى هه‌ر بوومه‌له‌رزه‌یه‌کدا له‌ بیرتان بێت به‌ خێرایى و به‌ ئارامى هه‌ڵس و که‌وت بکه‌ن و شوێنى گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنه‌وه‌.
(( له‌ماڵدا ))
 
1- سه‌رو ده‌م و چاوتان بپارێزن به‌هه‌ر شتیک که‌ له‌به‌ر ده‌ستدا بێت و به‌ره‌و نزیکترین گۆشه‌ى ژووره‌کانتان بڕۆن یان بچنه‌ ژێر مێز و په‌یژه‌ (قاڵدرمه‌) ى ماڵه‌کانتان.
2- له‌ په‌نجه‌ره‌و دیوارى ده‌ره‌وه‌ و ئاوێنه‌و که‌لوپه‌لى هه‌ڵواسراو و مه‌کته‌به‌ى ناو ماڵ دوورکه‌ونه‌وه‌
3- له‌ کاتى ته‌واو بوونى کاریگه‌رى بوومه‌له‌رزه‌که‌دا کاره‌باو سۆبه‌و غازى ناو ماڵ بکوژێنه‌وه‌
(( له‌ ده‌ره‌وه‌ ))
1- به‌پێى توانا له‌ باڵه‌خانه‌کان دوورکه‌ونه‌وه‌و بڕۆنه‌ نزیکترین شوێنى کراوه‌و خۆتان بپارێزن له‌ پارچه‌ به‌ردو دیوارو هه‌رشتێکى ناجێگیر.
2- له‌ پردو ئه‌نده‌رپاس و کێبڵى کاره‌باکان و ستوونه‌کان و دره‌خت و ریکلامى هه‌ڵواسراوى به‌رده‌م دوکان و شوێنه‌ بازرگانییه‌کان دوورکه‌ونه‌وه‌.
(( له‌ ناو ئۆتۆمبیل ))
 
1- راسته‌وخۆ له‌ شوێنى خۆتان بووه‌ستن و له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌کانتاندا بمێننه‌وه‌.
2- ئه‌گه‌ر له‌ ژێر پردو ئه‌نده‌رپاس و ته‌نیشت دره‌خت و نزیک باڵه‌خانه‌و تاوێره‌کانى کاره‌باو په‌یوه‌ندییه‌کاندا بوون هه‌وڵ بده‌ن دوورکه‌ونه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌کانتان یان به‌پێ.
(( له‌ قوتابخانه‌و فه‌رمانگه‌و کارگه‌کاندا ))
 
1. له‌کاتى روودانى بوومه‌له‌رزه‌که‌دا بچنه‌ ژێر مێزه‌ توندو تۆڵه‌کان یان بچنه‌ گۆشه‌ى ژووره‌کان و دوورکه‌ونه‌وه‌ له‌ شووشه‌و په‌نجه‌ره‌و ژێر گلۆپ و (سوره‌یا) هه‌ڵواسراوه‌کان.
2. هه‌وڵبده‌ به‌ که‌ره‌سته‌یه‌ک سه‌رتان بپارێزن.
3 – به‌هیچ جۆریک به‌رزکه‌ره‌وه‌ (مصعد) به‌کارنه‌هێنن.
4 – دوورکه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کى گازیى سوتێنه‌رو کیمیاوى و تیشکده‌ر.
5 – دوورکه‌ونه‌وه‌ له‌ محه‌ویله‌ى کاره‌باو بۆردى کۆنتڕۆل و کێبڵى کاره‌باى پاڵه‌په‌ستۆ به‌رز.
(( پاش کۆتایى بوومه‌له‌رزه‌که‌ ))
 
1 – ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ روودانى بوومه‌له‌رزه‌ى دواتر که‌ ده‌بێته‌ هۆى رووخاندنى باڵه‌خانه‌کان که‌ به‌ بوومه‌له‌رزه‌ى پێشتر (سه‌ره‌کی) زیانیان پێگه‌یشتووه‌
2 – ده‌رگاى ماڵه‌کانتان دابخه‌ن و روو بکه‌نه‌ شوێنه‌ کراوه‌کان
3 – گوێ له‌ رێنماییه‌کانى به‌رگرى شارستانى بگرن و جێبه‌جێیان بکه‌ن.
4 – ئه‌وکه‌سانه‌ى به‌ سه‌ختى زیانیان پێگه‌یشتوه‌ مه‌یانجوڵێنن تا تیمه‌کانى فریاکه‌وتن به‌ هانایانه‌وه‌ ده‌چن.
5 – نزیک مه‌که‌ونه‌وه‌ له‌ شوێنه‌ رووخاوه‌کان و ئاوێک مه‌خۆنه‌وه‌ که‌ له‌ سه‌رچاوه‌که‌ى دڵنیا نه‌بن.
 
سه‌رچاوه‌ -  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى که‌شناسى و بوومه‌له‌رزه‌زانى

‌ 14 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌مریکا قه‌ت له‌ عێراق تێنه‌گه‌یشت
که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى دێنه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمى کوردستان
بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group