له‌ کاتێکدا عێراق له‌ هه‌ره‌س هێنان دایه‌ ، کورده‌کان بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیى ده‌که‌نه‌وه‌

7/1/2014 4:15:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

چاوپێکه‌وتنى به‌ڕێز فۆئاد حسێن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى گلۆب ئه‌ند میل له‌ کاتێکدا که‌ عێراق له‌ هه‌ره‌س هێنان دایه‌ ، کورده‌کان بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیى ده‌که‌نه‌وه‌

به‌ڕێز فوئاد حوسێن ستراتیجى کار له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت عێراق به‌و شێوه‌ى که‌ ده‌ناسرا پێش دووهه‌فته‌ کۆتایى پێهاتووه‌ کاتێک که‌ جیهادیه‌کان ده‌ستیان گرت به‌ سه‌ر شارى موسل و به‌ره‌و باشوور رۆیشتن به‌ ئاراسته‌ى به‌غدا. 

ئێستا کورده‌کانى عێراق که‌ ژماره‌یان شه‌ش ملیۆن که‌سه‌ ، و هیوا و ئاواتیان به‌ده‌ست هێنانى سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ کۆنه‌وه‌ ده‌پرسن دواڕۆژیان چى ده‌بێت له‌ ووڵاتێک که‌ چه‌ندین گروپى تیرۆرستى له‌ عه‌ره‌بى سوننه‌ و میلیشیاکانى عه‌ره‌بى شیعه‌ى تێدایه‌ و ئێستاکه‌ هه‌ردوو هێز باڵاده‌ستن له‌م شوێنانه‌ . به‌ڕێز حوسێن له‌و باوه‌ره‌دایه‌ ئێستا کاته‌که‌ هاتووه‌ بۆ کورده‌کان که‌ زۆربه‌یان موسلمانى سوننه‌ن به‌لام به‌ زمانێکى تایبه‌ت به‌خۆیان قسه‌ ده‌که‌ن و کلتور و ڕۆشنبیرى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌ وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆ بکرێت پێویسته‌ خۆیان دوور بگرن له‌و پشێویه‌ى که‌ له‌ باشوورى گرتۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌وله‌ته‌که‌یان ڕابگه‌یه‌نن.

و له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌ گه‌ل ڕۆژنامه‌ى گلۆب ئه‌ند میل ، فوئاد حوسێن کاتى ڕابردووى به‌کار هێناوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر کاتێک که‌ قسه‌ى له‌ سه‌ر عێراق ده‌کرد.

فوئاد حسین سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان ووتى " چاره‌ى خۆنووسین مافى خۆمانه‌ به‌لام ئه‌مه‌ پێویستى به‌ هه‌ول و تێکۆشانى ناوخۆیى و ده‌ره‌کى هه‌یه‌ " پاشان ووتى " ئێمه‌ ناتوانین بوه‌ستین و هیچ شتێک نه‌که‌ین. ئێمه‌ پرۆسه‌ى گفتوگۆکردنى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ناو کۆمه‌لگاکه‌مان ده‌ستپێده‌که‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێویستى به‌ ئاماده‌کردنى زه‌مینه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجام دانى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى کۆتایى بۆ سه‌ربه‌خۆیى .

ڕاوسه‌رنجه‌کانى حوسێن دواى ڕۆژێک هات له‌ چاوپێکه‌وتنى سه‌رۆکى هه‌رێم  له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جۆن کیرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا ، وه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى ڕاستیه‌کان لێره‌ ، سه‌رکردایه‌تى کورد داوایه‌کى وولاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ڕه‌ت کرده‌وه‌ که‌ بریتى بوو له‌ ناردنى وه‌فدێک بۆ ئه‌وه‌ى چاوى بکه‌وێت به‌ به‌ڕێز کیرى له‌ به‌غدا و له‌جیاتى ئه‌مه‌ به‌ دیپلۆماتکارى ئه‌مریکى پایه‌ به‌رزى ووتبوو که‌وا ئه‌و خۆى بێت بۆ هه‌ولێر.

ووتوێژه‌کان ده‌ستى پێکرد له‌ نێوان  کیرى و  بارزانى وه‌ به‌ بیروڕاى ته‌واو جیاواز کۆتایى پێهات له‌ سه‌ر ئه‌و دواڕۆژه‌ى که‌ ده‌بێت ڕووبدات له‌ عێراق.

 حوسێن که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ ئاماده‌ بوو که‌ (50) خوله‌کى خایاند ووتى به‌ڕێز کیرى هاتووه‌ به‌ هیواى ئه‌وه‌ى که‌ حکومه‌تى کوردى و پێشمه‌رگه‌ باش مه‌شق پێکراوه‌که‌ى ڕازى بکات به‌ پاڵپشتیکردنى ئه‌و هه‌ولانه‌ى ده‌درێت بۆ پاراستنى یه‌کێتى عێراق وه‌ پێک هێنانى حکومه‌تێکى هاوپه‌یمانى نوێ له‌ به‌غدا و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى ده‌وله‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام ( داعش) .

ئه‌م هه‌ولانه‌ له‌ ڕۆژى چوار شه‌ممه‌ دووچارى شکستى تر بوونه‌وه‌ کاتێک چه‌کدارانى داعش توانایان به‌هێزتر بوو له‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى ده‌روازه‌ سنوورییه‌کانى سوریا و ئوردنى دراوسێ‌ ، وه‌ ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ، نورى مالیکى که‌ سیاسه‌تمه‌دارێکى شیعه‌یه‌ و له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌کرێت به‌ نه‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ى له‌ ده‌سه‌لات له‌ پێناو حکومه‌تى پێشنیار کراوى یه‌کێتى نیشتمانیى ،و ووتى ئه‌نجامى هه‌لبژاردنه‌کانى مانگى نیسانى ڕابردوو – که‌ لیستى ده‌وله‌تى یاسا به‌ سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى (92) کورسى به‌ ده‌ست هێنا له‌ کۆى (328) کورسى که‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌ى زۆرینه‌یه‌ مافى ده‌داتێ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى به‌ڕێوه‌بردن بگرێته‌ ئه‌ستۆ.

مالیکى له‌ ووتارێکى ته‌له‌فزیۆنى له‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ووتى " ئامانجه‌ مه‌ترسیداره‌کان له‌ دواى بانگهێشتکردن بۆ پێک هێنانى حکومه‌تى رزگارى نیشتیمانى که‌ له‌ لاى هیچ که‌سێک شاراوه‌ نیه‌ ، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ هه‌ولدان له‌ لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ دژى ده‌ستوور وه‌ستاون له‌ پێناو کۆتایى هێنانى پرۆسه‌ى دیموکراسى تازه‌ پێگه‌یشتوو و دزینى ده‌نگى ده‌نگده‌ران " .

 سه‌رۆکى هه‌رێم  به‌کیرى ڕاگه‌یاند که‌ " پاش که‌وتن و ده‌ست به‌سه‌راگرتنى شارى موسل واقعێکى نوێ و عێراقێکى نوێ هاتۆته‌ کایه‌وه‌ ، و له‌ ئه‌نجامى ئه‌و پشێویه‌ جه‌نگاوه‌رانى پێشمه‌رگه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى ته‌واو ده‌ستیان گرت به‌ سه‌ر شارى که‌رکوک که‌ ده‌وله‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت ، کوردیش ئه‌م شاره‌ وه‌ک قودس ناوزه‌ند ده‌که‌ن له‌ ڕووى گرینگى مێژوویى و ڕۆشنبیرى بۆیان پاش جێهێشتنى سوپاى عێراق له‌ شوێنه‌کانیان له‌م ناوچانه‌.

  فوئاد له‌ نوسینگه‌که‌ى خۆى له‌ ناو فه‌رمانگه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى له‌ هه‌ولێر ووتى " عێراق پێش ماوه‌ى ڕووداوه‌کانى موسل عێراقێکى یه‌کگرتوو و خاوه‌ن سوپاى خۆى بوو به‌لام له‌ دواى ڕووداوه‌کانى موسل بووه‌ عێراقێکى دابه‌شکراو . له‌ دواى ڕووداوه‌کانى موسل سوننه‌کان ناوچه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆیان بۆ په‌یدا بوو ، هه‌روه‌ها له‌ دواى ڕووداوه‌کانى موسل داعش بووه‌ یه‌کێک له‌ هێزه‌ سه‌ره‌کیه‌کان له‌ ناوچه‌ سوننیه‌کان وه‌ له‌ دواى ڕووداوه‌کانى موسل سوپاى عێراقى هه‌ره‌سى هێنا وه‌ له‌ دواى ڕووداوه‌کانى موسل له‌ جیاتى سوپاى عێراق میلیشیاى شیعى به‌ دیار که‌وتن وه‌ک عه‌سائێبى حه‌ق و سوپاى به‌در و مه‌هدى ... که‌ ئه‌م دوو چه‌رخه‌ له‌ یه‌ک جیاوازن.

  ڕوونیشکرده‌وه‌ که‌وا که‌رکوک ئێستا له‌ ژێر کۆنترۆلى ته‌واوى کورده‌ وه‌ ووتى پێویست به‌ ووتوێژ ناکات له‌ سه‌ر دووباره‌ راده‌ستکردنه‌وه‌ى شاره‌که‌ بۆ سوپاى عێراق وه‌ " سوپاى عێراق وون بوو له‌ ناوچه‌کان ، بۆیه‌ ئێمه‌ بۆشاییه‌که‌ى ئه‌وانمان پڕکرده‌وه‌ و ئێمه‌ش که‌رکوک و ناوچه‌کانى تر ده‌پارێزین...... سوپاى عێراقى بوونى نیه‌ کوا سوپاى عێراق له‌ کوێیه‌؟ له‌مه‌ودوا هیچ گفتوگۆیه‌ک نیه‌ ده‌رباره‌ى سوپاى عێراق .

له‌ چه‌ندین شوێن هێزه‌کانى کوردى له‌ گه‌ڵ داعش به‌ریه‌کداکه‌وتوون به‌ڵام وا دیاره‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامیه‌کان ده‌یانه‌وێت مه‌سه‌له‌ى کورده‌کان به‌ پله‌یه‌کى زۆر بۆ کورده‌کان جێبهێڵن و ئه‌وان پێشڕه‌وى ده‌که‌ن به‌ره‌و به‌غدا . وه‌ حوسێن ووتى دڵنیام پێشمه‌رگه‌ تواناى به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى داعشیان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر هێرشێک بکه‌ن بۆ سه‌ر پێًشمه‌رگه‌.

وه‌ له‌ زۆر لاوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ى که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست کۆنترۆلى کورده‌کان جیاوازن له‌ گه‌ڵ ناوچه‌کانى ترى عێراق که‌ باکووره‌که‌ى کورده‌ وه‌ک مێرگێک وایه‌ ئارامى ڕێژه‌یى وه‌ عێلمانیه‌ت تێدا به‌دى ده‌کرێت و موسلمان و مه‌سیحیه‌کان له‌ گه‌ل یه‌کترى ده‌ژین وه‌ ئافره‌تیش رۆلێکى به‌رچاوى هه‌یه‌ له‌ کۆمه‌لگا و بوارى رامیاری. 

بیانیه‌کان ده‌توانن ڤیزاى هاتنه‌ ناوه‌وه‌ وه‌ربگرن که‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌ و بۆ ماوه‌ى پانزه‌ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت له‌و کاته‌ که‌ ده‌گه‌نه‌ ناو هه‌رێمه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى پێویست بکات ئه‌م بیانیانه‌ سه‌ردانى پێش وه‌خته‌ى کونسوڵگه‌رى عێراقى بکه‌ن ، وه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ى ده‌بیسترێن له‌ شه‌ودا له‌به‌ر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یه‌ ، نه‌ک له‌به‌ر په‌یدا بوونى ناکۆکى تائیفه‌گه‌رى .

هه‌ولێر له‌م مانگه‌دا پله‌یه‌کى ترى له‌ پێشکه‌وتنى ئابوورى به‌ده‌ست هێناوه‌ ، کاتێک یه‌که‌مین باره‌کانى نه‌وتى کوردى له‌ رێگاى بۆڕیه‌وه‌ بۆ به‌نده‌رى جیهانى تورکى به‌ڕێکرا ، که‌ له‌وێش خرانه‌ ناو که‌شتى بارهه‌لگرى نه‌وتى بۆ ئه‌وه‌ى بنێردرێنه‌ بازاڕه‌کانى جیهان.

له‌ کاتێک نه‌وتى کوردى ده‌بێته‌ مامه‌له‌یه‌کى گرنگ له‌ ئێستادا وه‌ به‌ نرخێکى نزم ده‌خرێته‌ ڕوو بۆ فرۆشتن ئه‌ویش بۆ یارمه‌تیدان و سه‌رنج ڕاکێًشانى کڕیاره‌کانه‌ که‌ جۆرێک له‌ نیگه‌رانیان پێوه‌ دیاره‌ به‌هۆى هه‌ڕه‌شه‌کانى به‌غدا به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى سکاڵا له‌دژى ئه‌م لایه‌نانه‌ى که‌ نه‌وتى عێراقى ده‌کڕن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ کۆمپانیاى نه‌وتى گشتى . وادیاره‌ یه‌کێک له‌ که‌شتیه‌ بارهه‌ڵگره‌ نه‌وتیه‌کان باره‌که‌ى له‌ به‌نده‌رى عه‌سقه‌لانى ئیسرائیلى به‌تاڵ کردووه‌ وه‌ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنى تورکى ڕایانگه‌یاندووه‌ که‌وا که‌شتیه‌کى تر له‌ناو ده‌ریایه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانیدایه‌ که‌ یه‌کێک نه‌وته‌که‌ى بکڕێت ، له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ دوو که‌شتى ترى پێ‌ نه‌وت ئێستا له‌ به‌نده‌رى جیهانه‌ .

به‌م شێوه‌یه‌ تاکو ئێستا فرۆشه‌کانى نه‌وت نزیکه‌ى سه‌د ملیۆن دۆلارى ئه‌مریکى لێ به‌ده‌ست هاتووه‌ ، ده‌ڵێت " حکومه‌تى به‌غدا شه‌ش مانگه‌ بودجه‌ى بۆ نه‌ناردووین ، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌رپرسیارین له‌ به‌رامبه‌ر گه‌له‌که‌مان . ئێمه‌ ده‌بێت سه‌رچاوه‌ى داهات په‌یدا بکه‌ین بۆ گه‌له‌که‌مان . وه‌ نه‌وتمان به‌ ده‌ست هێنا ، که‌واته‌ چاوه‌روانى چى ده‌که‌ن؟

له‌ کاتێکدا که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌ندازه‌یه‌کى زۆرى له‌ سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ست هێنا له‌دواى رووخاندنى رژێمى سه‌دام له‌ سالى 2003 له‌لایه‌ن هێزه‌کانى ئه‌مریکا ، گوشار خرایه‌ سه‌ر حکومه‌تى به‌ڕێز بارزانى بۆ دواخستنى بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیى به‌هۆى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ دوو وولاتى هاوسێ تورکیا و ئێرانه‌وه‌ ده‌کران ، چونکه‌ ئه‌م دوو وولاته‌ له‌ ڕوودانى پشێوى ده‌ترسان له‌و ناوچانه‌ى که‌ دانیشتوانیان کوردن له‌ ناو خاکى ووڵاته‌کانیان . هه‌روه‌ها وا به‌دیار ده‌که‌وێت وولاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا پارێزه‌رى بنچینه‌یى کورده‌ وه‌ خۆیشى گوشارى خسته‌ سه‌ر هه‌ولێر به‌ ئامانجى هێشتنه‌وه‌ى کوردستان له‌ ناو سنوورى عێراقدا .

سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان  دانى به‌وه‌نا که‌ کارێکى قورسه‌ گوشار بخرێته‌ سه‌ر هێزه‌ هه‌رێمیه‌کان بۆ ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیى کوردستان وه‌ هه‌وره‌ها پلانى داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى واشنتۆن بکات له‌ ڕۆژى چوار شه‌ممه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌و هه‌ولانه‌ ، وه‌کو به‌شێک له‌ بیرهێنانه‌وه‌ى به‌رپرسانى وولاته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا له‌ سه‌ر جۆرى ئه‌و عێراقه‌ى که‌ ده‌بوایه‌ دروستى بکات له‌دواى جه‌نگى سالى 2003 ، ئه‌و جه‌نگه‌ى که‌ پێشمه‌رگه‌ش تێیدا به‌شداربوو .

وه‌ به‌ڕێز حوسێن ووتى " ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ هه‌مووان ڕوونبکه‌ینه‌وه‌ که‌وا ئه‌مه‌ ئه‌و عێراقه‌ نیه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌مانویست ، ئه‌مه‌ ئه‌م عێراقه‌ نیه‌ که‌ کورد له‌ پێناویدا خه‌باتى کردووه‌ ، ئێمه‌ ده‌جه‌نگاین له‌ پێناو عێراقێکى دیموکراسی، ده‌جه‌نگاین له‌ پێناو عێراقێکى فیدرالى ، ده‌جه‌نگاین له‌ پێناو عێراقێک که‌ ریز له‌ مافه‌کانى مرۆڤ و ئافره‌ت و که‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانى تر و هه‌موو گروپه‌کان بگیرێت وه‌ ئێستاش له‌ به‌دبه‌ختیه‌وه‌ له‌ لایه‌ک میلیشیا هه‌یه‌ که‌ بووته‌ هێزێکى باڵاده‌ست وه‌ له‌ لایه‌کى تره‌وه‌ تیرۆرستانیش هێزى باڵاده‌ستن وه‌ هه‌ردوو لایه‌نیش شه‌ێ‌ له‌ گه‌ل یه‌کترى ده‌که‌ن وه‌ ئێمه‌ش ناتوانین کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین .


زۆرترین خوێندراو