ئاشتى هه‌ورامى له‌ سه‌ر زیادکردنى نرخى به‌نزین ده‌دوێت

9/2/2014 2:21:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز
SNN

وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کان له‌ دیدارێکى رۆژنامه‌وانیدا بۆ سایتى " SNN " رایگه‌یاند گومانى له‌و خۆپیشاندانانه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌سنورى پارێزگاى سلێمانیدا دژ به‌گرانبوونى نرخى به‌نزین ئه‌نجامده‌درێن، ده‌شڵێت:"له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گازدا، هیچ که‌سێک لارى نه‌بوو له‌زیادکردنى نرخى به‌نزین، به‌ڵام که‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌موویان ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت".
 
پێکه‌وه‌ بڕیارمان دا

ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم  ڕایگه‌یاند، ئه‌و به‌گومانه‌ له‌و خۆپیشاندانانه‌ى له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى ئه‌نجامده‌درێن، چونکه‌ بۆچى له‌که‌رکوک و هه‌ولێرو دهۆک به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، له‌کاتێکدا له‌که‌رکوک نرخى لیترێک به‌نزین ١٢٥٠ دیناره‌.
ده‌شڵێت:"هیچ حزب و لایه‌نێکى سیاسى له‌کوردستان خۆى به‌ده‌رنه‌کات له‌زیادکردنى نرخى به‌نزین، هه‌موومان پێکه‌وه‌ بڕیارمانداوه‌و هیچ ناڕه‌زاییه‌کیشمان نه‌بینی".
 
وروژاندنى سیاسی

ئاشتى هه‌ورامى جه‌خت له‌وه‌شده‌کاته‌وه‌، ئه‌و پێیوایه‌ ئه‌مه‌ى ئێستا له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى ڕووده‌دات به‌ناوى نیگه‌رانى و ناڕه‌زایى له‌به‌رامبه‌ر زیادکردنى نرخى به‌نزین، به‌شێکه‌ له‌ وروژاندنى سیاسی، وتیشی:"سوێند ده‌خۆم به‌خواى گه‌وره‌، ئه‌گه‌ر له‌ئێستادا ده‌رفه‌رتى هه‌رزانبوون هه‌بوایه‌، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م به‌بێ به‌رامبه‌ر به‌نزین به‌هاوڵاتیان بدرێت نه‌ک فشار بخه‌ینه‌سه‌ر میله‌تى خۆمان".
 
 
من نازانم درۆ بۆ که‌س بکه‌م

نیگه‌رانه‌ له‌و چه‌ندین شێوازى لێدوانانه‌ى بۆ که‌ناڵه‌کانى ڕاگه‌یاندن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسه‌ باڵاکانى حکومه‌ته‌وه‌ ده‌درێن، هه‌ورامى ده‌ڵێت:"من نازانم درۆ بۆ که‌س بکه‌م و هه‌رچیش ڕاستیه‌ ئه‌وه‌ ده‌ڵێم، به‌ڵێ له‌ئێستادا حکومه‌ت ناتوانێت نرخى به‌نزین هه‌رزان بکات، ئه‌مه‌ قسه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌یى و وه‌زیرى دارایى و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانیشه‌، به‌ڵام من به‌ڕاشکاوى ده‌یڵێم و ئه‌وان نایکه‌ن و بۆ خه‌ڵک به‌جۆرێکى تر ده‌دوێن، به‌ڕاستى من وه‌ک ئاشتى هه‌ورامى نامه‌وێت خه‌ڵک هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنم".
باسى له‌وه‌شکرد، به‌وپێیه‌ى ملیۆنێک و ٥٠٠ هه‌زار هاوڵاتى ئاواره‌ ڕوویان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌و هه‌رێمه‌که‌ش به‌درێژایى هه‌زاران کیلۆمه‌تر له‌شه‌ڕێکى قورسدایه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستانى داعش، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌رێمى کوردستان پێویستى به‌داهاتى زیاتر هه‌یه‌.

 
 
به‌١٢٥٠ ده‌یکرێن و ده‌یده‌ین به‌٩٠٠

ئه‌وه‌شى وت:"من ئه‌و قسانه‌ ڕه‌تده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن، ئه‌و بڕه‌ که‌مه‌ى داهاتى به‌نزین سودى نییه‌، نه‌خێر وانییه‌، گه‌وره‌ترین هاوکارى پێدانى موچه‌، ئه‌و زیادکردنه‌ى نرخى به‌نزینه‌، ئیتر بۆچى درۆ له‌گه‌ڵ میله‌تى خۆم بکه‌م".
ئاشتى هه‌ورامى ئه‌وه‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌، نرخى هه‌ر لیترێک به‌نزین که‌متربێت له‌ ٢٠٠ دینار، وه‌کو وتی:"هه‌رێمى کوردستان هه‌ر لیترێک به‌نزین به‌ ١٢٥٠ یان ١٣٠٠ دینار ده‌کڕێت، به‌ڵام به‌هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانى ده‌ده‌ینه‌وه‌ به‌ ٩٠٠ دینار، ئه‌مه‌ ڕاستیه‌، به‌ڵام لێره‌و له‌وێ بۆ وروژاندنى سیاسى باسى نرخى به‌نزین ده‌کرێت".
 
 
پاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌

ئه‌گه‌رچى بڕى پاره‌که‌ى ئاشکرانه‌کرد که‌ ئاخۆ له‌ساته‌وه‌ختى هه‌نارده‌ى نه‌وته‌وه‌ تائێستا بڕى چه‌ند پاره‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ڕوونکرده‌وه‌، ته‌نها دینارێک له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌ماوه‌و هه‌مووى گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى و هه‌ر له‌وپاره‌یه‌شه‌ تائێستا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دراوه‌.
له‌گه‌ڵ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌وه‌ى که‌ ئه‌مساڵ ئه‌گه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نه‌نێردرێت، کێشه‌ى نرخى به‌نزین چاره‌سه‌ر ناکرێت، به‌ڵام دڵنیایى ئه‌وه‌شى به‌هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستاندا که‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا کێشه‌ى موچه‌و به‌نزین چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، چونکه‌ ئه‌وان وه‌کو وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان هه‌وڵده‌ده‌ن ڕۆژانه‌ بڕى یه‌ک ملیۆن به‌رمیل هه‌نارده‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانى تورکى بکه‌ن.
 
 
ساڵى داهاتوو هه‌رزانى ده‌که‌ین

وتیشی:"به‌ڵێن به‌هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ده‌م، له‌سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا نرخى به‌نزین به‌شێوه‌یه‌ک هه‌رزان بکه‌ین که‌ زۆر که‌متره‌ له‌وه‌ى هاوڵاتیان داواى ده‌که‌ن، به‌ڵام جه‌ختده‌که‌مه‌وه‌، له‌ئێستادا ناتوانین ئه‌و داواکارییه‌ جێبه‌جێ بکه‌ین".
ئاشتى هه‌ورامى جه‌ختده‌کاته‌وه‌:"به‌له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و ڕاستیانه‌، پێموایه‌ ده‌ستێکى سیاسى له‌پشت جوڵاندنى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ با هه‌موو خه‌ڵک ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن، دواى گفتوگۆکانمان هه‌رچى په‌رله‌مانتارو نوێنه‌رانى حکومه‌ت هه‌یه‌، وتیان ناتوانین نرخ هه‌رزان بکه‌ین، که‌چى له‌ده‌ره‌وه‌ شتێکى تر ده‌ڵێن و به‌شێکیان هانى خه‌ڵک ده‌ده‌ن".
 
ئه‌گه‌ر هه‌رزان بێت ئه‌وا ده‌دزرێت

هه‌ورامى ئاماژه‌ به‌وته‌ى به‌رپرسانى باڵاى حکومه‌ت ده‌کات له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌مان و حکومه‌تدا و ده‌ڵێت:"قوباد تاڵه‌بانى ڕایگه‌یاندووه‌، له‌که‌رکوک نرخى لیترێک به‌نزین ١٢٥٠ دیناره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ له‌شاره‌کانى ترى هه‌رێمى کوردستانیش بکرێته‌ ١٢٥٠ دینار، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رزان بێت ئه‌وا ده‌دزرێت، نێچیرڤان بارزانیش به‌هه‌مانشێوه‌، وه‌زیرى داراییش ڕایگه‌یاند، ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ پاره‌یه‌ى نییه‌ بیدات به‌ئاشتى هه‌ورامى تاوه‌کو بچێت به‌نزینى به‌گران پێ بکڕێت"، هه‌ورامى وتی:"ئه‌مه‌ به‌شێکى که‌مه‌ له‌قسه‌کانى به‌رپرسانى باڵا".
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ زیادکردنى نرخى به‌نزین، ئاشتى هه‌ورامى وتی:"ئه‌ندامانى لیژنه‌کانى په‌رله‌مان وتیان ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕاستیانه‌مان لابێت، ئێمه‌ش پشتیوانیتان ده‌که‌ین".
 
 
وه‌ڵاهى ئه‌وه‌ ته‌نها بڕیارى من نییه‌

ڕه‌تیکرده‌وه‌ ئه‌و بیه‌وێت زیان به‌میله‌ت بگه‌یه‌نێت، وتیشی:"ئاشتى هه‌ورامى ئه‌ندامێکى حکومه‌ته‌و هه‌موویان وه‌کو من داواى زیادکردنى نرخى به‌نزینیان کردووه‌، تێناگه‌م بۆچى هه‌رناوى من له‌ناو ناواندایه‌، وه‌ڵاهى ئه‌وه‌ ته‌نها بڕیارى من نییه‌، به‌ڵکو بڕیارى حکومه‌ته‌، به‌ڵام ده‌ستێک هه‌یه‌ ده‌وێت ناوى من لاى هاوڵاتیانى کوردستان بزڕێنێت".
ده‌شڵێت:"ئه‌و لایه‌نه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌دات، ناوێرێت به‌رامبه‌ر نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى ته‌نها وشه‌یه‌کیش بڵێت، چونکه‌ ئه‌وان هێزیان هه‌یه‌و ئاشتى هه‌ورامى که‌سێکى ناحزبیه‌و هیچ هێزێکى نییه‌، من دوباره‌ى ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى به‌رپرسانى حکومه‌تن و حکومه‌ته‌که‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ئه‌وانه‌ نرخى به‌نزینیان زیادکردووه‌، ئیتر بۆچى هه‌رده‌تانه‌وێت ناوى من بزڕێنن".
له‌کۆتایى لێدوانه‌که‌شدا وتی:"به‌داخه‌وه‌ له‌ناو کۆبوونه‌وه‌که‌ هیچ ده‌نگێک نه‌بوو، به‌ڵام دواى کۆتاییهاتنى کۆبوونه‌وه‌که‌ شته‌کان گۆڕان و له‌و نێوه‌نده‌شدا ته‌نها ناوى ئاشتى هه‌ورامى ده‌هێندرێت، له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ بڕیارى حکومه‌ته‌ نه‌ک من به‌ته‌نها".

چاوپێکه‌وتن : هێرش ئه‌حمه‌د


زۆرترین خوێندراو