عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : روداوه‌کانى ئه‌مدواییه‌ له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌کان سودیشى بۆ کورد هه‌بووه‌

10/20/2014 5:56:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود کارگێرى مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان و سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌دیدارێکى تایبه‌ت به‌جه‌ماوه‌رنیوز ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات له‌گه‌ڵ هاتنى داعش و نه‌هامه‌تیه‌کان چه‌ند سودێکى دیکه‌ بۆ گه‌لى کورد هاته‌ ئاراوه‌ .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا هاتۆته‌ ئاراواوه‌ تاچه‌ند کاریگه‌رى نه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان دروست کردووه‌ ؟

عه‌بدولا حاجى مه‌حمود : دواى ئه‌و کێشانه‌ى رووبه‌روى گه‌لى کوردستان بوونه‌وه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک، له‌ باشوور کێشه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام (داعش)و هه‌ندێ کێشه‌ى ناوخۆى حزبه‌کان و گرفتى نه‌بوونى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌کاتى دیاریکراوى خۆیدا و وه‌ستانى پرۆژه‌ خزمه‌ت گوزارییه‌کان و ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ى ماوه‌ى نزیکه‌ى ساڵێکه‌ رووبه‌رووى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان بووه‌ته‌وه‌ کاریگه‌رى نه‌رێنیان له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان  دروستکردووه‌.

جه‌ماوه‌رنیوز :ئایا  ره‌وشى سیاسى له‌عێراق و ناوچه‌که‌ گۆڕانى به‌سه‌ر هاتووه‌ ؟

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود :  دروستبوونى دراوسێکى نوێ به‌روبه‌رى 1100 کلیۆمه‌تر  که‌ ئێستا (داعش) ڕابه‌رایه‌تى ده‌کات و روبه‌روبونه‌وه‌ه‌ى پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌کان بۆ پارێزگارى له‌خاکى کوردستان و دابڕانى هه‌رێم و به‌غدا له‌یه‌کترى جیۆپۆلیتێکى نوێىخوڵقاندووه‌ ، که‌ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌مایه‌ى شه‌هیدبوونى سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌ بوونى هه‌زاران و کاره‌ساتى شه‌نگالى لێکه‌وته‌وه‌و له‌ رۆژئاواى کوردستانیش په‌لامارى کانتۆنه‌کانى ئه‌و پارچه‌یه‌ى کوردستان و گه‌مارۆدانى کۆبانى و هه‌وڵدان بۆ کاره‌سات و له‌ناو بردنى گه‌لى کوردستان له‌لایه‌ن داعش شێوازێکى نوێى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى گه‌لى کورده‌ .

جه‌ماوه‌رنیوز : ئه‌م روداوانه‌ نه‌بونه‌ مایه‌ى زیندوکردنه‌وه‌و پته‌و کردنى هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى له‌لاى گه‌لى کورد ؟

عه‌بدولا حاجى مه‌حمود : وه‌ک ده‌بینین له‌م کاته‌دا له‌ باکوورى کوردستان خۆپیشاندانى هه‌زاران هاوڵاتى کوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رفه‌تێک بۆ رزگاربوونى گه‌لى کوردستان و کۆبانى له‌ ده‌ستى داعـش به‌ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تى تورکیا سه‌رى هه‌ڵدا،  که‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان رۆََڵه‌ى کورد شه‌هید و برینداربوون، هاوکات پشتیوانى و پشتگیرى کوردانى رۆژهه‌ڵات و هه‌موو کوردستانیانى ده‌ره‌وه‌ى کوردستان به‌ کۆبوونه‌وه‌ى فراوان و خۆپیشاندان و هه‌وڵى پشتیوانى و پشتگیرى به‌شێوازى دیموکراسیانه‌ که‌ ئه‌مانه‌ یه‌کێتى و یه‌ک ریزى گه‌لى کوردستان ده‌رده‌خات له‌ هه‌ر شوێنێک بن .

جه‌ماوه‌رنیوز : به‌بۆچونى به‌رێزتان ئه‌م ره‌وشه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى کێ‌ ده‌بێت ؟


عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : به‌ راى من ئه‌م رووداوانه‌ ره‌هه‌ندى فراوانى سیاسى هه‌یه‌ و ململانێى زلهێزه‌کانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نى سه‌ربازى و هه‌ر یه‌ک له‌و زلهێزانه‌ بۆ خۆیان سوود له‌م ره‌وشه‌ وه‌رده‌گرن، به‌داخه‌وه‌ خاکى کوردستانیش تا راده‌یه‌ک بووه‌ته‌ مه‌یدانـى ئه‌و یارییه‌ و ململانێکه‌، به‌جۆرێک که‌ زۆر جار مه‌ترسى دووباره‌بوونه‌وه‌ى کاره‌ساته‌ مێژووییه‌کانى شۆرش و گه‌لى کوردستانى ده‌خسته‌وه‌ بیر.

جه‌ماوه‌رنیوز : تاچه‌ند ئه‌م ره‌وشه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى کورد ده‌بێت ؟
 
عه‌بدولا حاجى مه‌حمود : له‌دواى هێرشى داعش بۆ سه‌ر کوردستان، هاوپه‌یمانییه‌کى فراوانى نێوده‌وڵه‌تى و کۆمارى ئیسلامى ئێران پشتیوانیان ده‌ربرى بۆ کوردستانى باشوور و ده‌سه‌ڵاتدارانى حکومه‌تى عێراق (شیعه‌کان) تێگه‌یشتن که‌ کارێکى باشیان نه‌کرد به‌رامبه‌ر هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ بڕى دۆستایه‌تى دژایه‌تى سه‌رسه‌ختى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان کرد به‌ بڕینى مووچه‌ى هاوڵاتیانى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى که‌وتن و لاواز کردنى حکومه‌تى هه‌رێم.

جه‌ماوه‌رنیوز : سه‌رکردایه‌تى کورد توانى سود له‌م بارودۆخه‌ وه‌ربگرێت ؟

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : سه‌ره‌ڕاى ره‌وشێکى ئاڵۆزى تاراده‌یه‌ک سه‌خت، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا ئاسۆى سه‌رکه‌وتن روونتر بووه‌وه‌و به‌ به‌شداریکردن له‌ حکومه‌تى نوێى عێراق کێشه‌ى مووچه‌ى کوردستان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌م دواییه‌ى ( ى.ن.ک و پ.د.ک ) و جه‌خت کردنه‌وه‌ى هه‌مووان له‌سه‌ر پاراستنى یه‌کڕیزى گه‌ل و لایه‌نه‌کانى کوردستان، جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکى کوردستانى خۆشحاڵ کردو له‌ ڕۆژاوا به‌رگریى قاره‌مانانه‌ى یه‌کینه‌کانى پاراستنى گه‌لى کوردستان (یه‌په‌گه‌) هه‌موو جیهانى سه‌رسام کرد و ئومێدى به‌خشییه‌ جیهانى ئازاد له‌ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر هێزى شه‌رو تیرۆردا، ئه‌مه‌ش ده‌ستکه‌وتێکى مێژوویه‌ بۆ گه‌لى کورد.

جه‌ماوه‌رنیوز : تاچه‌ند هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت هاوکارى رۆژئاوا بکات ؟ 

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : هاتنى ساڵح موسلیم بۆ هه‌رێمى کوردستان دڵنیایه‌کى باش ده‌دات که‌ کۆبانى تاراده‌ییه‌ک له‌ که‌وتن رزگارى ده‌بێت، دیاره‌ ئه‌م هاتنه‌ و ئه‌و دیدارانه‌ هه‌ولێکى له‌ راده‌به‌ده‌رى هه‌رێمى کوردستانى له‌ پشته‌وه‌ بوه‌ که‌ به‌راى من گه‌وره‌ترین و دره‌وشاوه‌ ترین سه‌رکه‌وتن ده‌بیت بۆ یه‌کخستنى ته‌واوى هێزه‌ کاریگه‌ره‌کانى رۆژاواو ڕێکخستنى به‌ره‌ى به‌رگرى له‌ خه‌باتى گه‌لى رۆژاواو سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان لایه‌نێکى گرنگى ئه‌و هه‌نگاوه‌ سیاسى و دبلۆماسییه‌یه‌.

که‌وتن و نه‌که‌وتنى کۆبانى ته‌نها شارێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک نیه‌ هاوسه‌نگى ته‌واوى ناوچه‌که‌ى پێوه‌ به‌نده‌، بۆ گه‌لى کوردستان مانه‌وه‌ى ده‌مانباته‌ قۆناغێکى نوێ و ئاسووده‌یى خه‌ڵکى کوردستان له‌ هه‌موو لایه‌ک، بۆیه‌ من به‌هیوایه‌کى زۆره‌وه‌ ده‌روانمه‌ ئاینده‌و ئاسووده‌م به‌گۆڕانکاریه‌کان .


 


زۆرترین خوێندراو