4
7 نێچیرڤان بارزانی: تاوه‌کو ئێستا هیچ بڕیارێک نییه‌ بۆ دواخستنى پرۆسه‌ىریفراندۆم
18/9/2017


Increase text size Decrease text size

جه‌ماوه‌رنیوز







نێچیرڤان بارزانی, سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستانى له‌میانه‌ى دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ که‌ناڵى ڕووسیا رایگه‌یاند تاوه‌کو ئێستا هیچ بڕیارێک نییه‌ بۆ دواخستنى پرۆسه‌ى ریفراندۆم له‌ هه‌رێمى کوردستان، لیژنه‌ى باڵاى ریفراندۆم درووستکراوه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌، ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن.

ده‌قى دیمانه‌ى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ که‌ناڵى ڕووسیا...

نێچیرڤان بارزانی, سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌ریمى کوردستانى عێراق، به‌خێربێیت بۆ به‌رنامه‌که‌مان، زۆر خۆشحاڵین که‌ له‌گه‌ڵمانیت، سه‌رۆکوه‌زیران، گوێم له‌ هه‌ندێک راپۆرتى ته‌له‌ڤیزیۆنى کوردى بوو که‌ ده‌ڵێن گشتپرسى بۆ سه‌ربه‌خۆیى دواده‌خرێت به‌هۆى گوشاره‌کانى ئێران و ئه‌مریکا، ئه‌وه‌ راسته‌؟

نێچیرڤان بارزانی: تاوه‌کو ئێستا هیچ بڕیارێک نییه‌ بۆ دواخستنى پرۆسه‌ى گشتپرسى له‌ هه‌رێمى کوردستان، لیژنه‌ى باڵاى گشتپرسیى درووستکراوه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیکردنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌، ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ن و بڕیاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ گشتپرسییه‌که‌ له‌ 25ى ئه‌یلوول ئه‌نجامده‌درێت.

که‌واته‌ سه‌رۆکوه‌زیران، سه‌ردانه‌که‌ى برێت مه‌کگۆرک هیچ گۆڕانکارییه‌کى به‌سه‌ر کاتى ئه‌نجامدانى گشتپرسییه‌که‌ نه‌هێناوه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا هه‌ڵوێستى ئه‌مریکا پێشتر راگه‌یێندرابوو، هاوکات سه‌ردانه‌که‌ى به‌ڕێز مه‌کگۆرگیش بۆ راگه‌یاندنى هه‌ڵوێسته‌که‌بوو که‌ کاتى گشتپرسییه‌که‌ کاتێکى باش و هه‌روه‌ها گونجاونییه‌، جه‌ختکردنه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى که‌ پێشتر رایانگه‌یاندبوو، ئێمه‌ش به‌ڕاشکاوى گوتمان که‌ کاته‌که‌ بۆ ئه‌نجامدانى گشتپرسیى گونجاوه‌. بۆیه‌ش هه‌ردوولا گفتوگۆ و روانینى جیاوازیان له‌وباره‌وه‌ هه‌بووه‌.

که‌واته‌ ئه‌گه‌ر کورد گوتیان به‌ڵێ، ئێوه‌ سه‌ربه‌خۆیى راناگه‌یێنن دواى ئه‌وه‌؟ بۆچی؟

نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێت پرسیار له‌وه‌ بکرێت  که‌ بۆچى ئێمه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و بڕیاره‌ى گشتپرسى ئه‌نجامبده‌ین. له‌ راستیدا هۆکاره‌که‌ى ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ زۆره‌بوو که‌ ئێمه‌ له‌ عێراقى نوێمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ چه‌ندین ساڵ خه‌بات و هه‌موو ئه‌و وێرانکارى و تووندوتیژییه‌ که‌ بووه‌ هۆى ئازارو ناره‌حه‌تى بۆ خه‌ڵکى کوردستان. به‌تایبه‌تیش له‌ ساڵى 2003 کاتێک ئێمه‌ باوه‌ڕمان وابوو ده‌ستپێکه‌ بۆ عێراق، بۆ عێراقێکى نوێ. عێراقێکى دیموکراتى و فیدراڵییه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌موومان له‌سه‌ر بنچینه‌ى هاوبه‌ش تێیدا ده‌ژین، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ دواى 12 بۆ 13 ساڵ، دواى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌ستوور له‌لایه‌ن زۆربه‌ى عێراقییه‌کان ده‌نگى بۆدرا،  ده‌ستوره‌که‌ جێبه‌جێنه‌ده‌کراو هاوکات بۆ چه‌ندین جار پێشێلکارى به‌رامبه‌ر کرا. بۆیه‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ى که‌ ئێمه‌ هه‌مان بوو بۆ عێراقى نوێ، به‌دى نه‌هات و هه‌روه‌ها بێهیواییه‌کى زۆرى لاى خه‌ڵکى کوردستان درووستکرد. له‌م هه‌لومه‌رج و که‌شه‌ سیاسییه‌ى ئێستا له‌ عێراق هه‌یه‌، ناره‌حه‌تییه‌کان به‌رده‌وامن، بۆیه‌ش ئه‌مه‌ هۆکارى ئه‌وه‌بوو که‌ ئێمه‌ بڕیارماندا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لاى خه‌ڵکه‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان بریار له‌باره‌ى داهاتوویان له‌ عێراق بده‌ن.

شه‌ڕى دژ به‌ داعش وادێته‌ به‌رچاو که‌ به‌ره‌و کۆتایى بچێت، حکومه‌تى عێراق ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى ده‌بێت ده‌ست به‌ ریفۆرمى ئابوورى و سیاسى بکات، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانیش به‌رێوه‌ببات،  کوردیش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ده‌بێت قسه‌ى خۆیان له‌باره‌ى عێراقى یه‌کگرتوو بکه‌ن، ئه‌وه‌ بژارده‌یه‌کى ئاشتیانه‌تر نییه‌ له‌وه‌ى ئێستا گشتپرسى ئه‌نجامبده‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا کاتێک ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر گشتپرسى له‌ 25ى (ئه‌یلوول) ده‌که‌ین، ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ رۆژى دواتر ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆیى خۆمان راده‌گه‌یێنین.  به‌شێوه‌یه‌کى بنچینه‌یى کۆى بیرۆکه‌ى ئه‌نجامدانى ئه‌م گشتپرسییه‌ بۆ ده‌ڕبڕینى خواستى خه‌ڵک و  هه‌روه‌ها نه‌ته‌وه‌که‌یه‌ به‌گشتی، که‌ دواتر ده‌بێته‌ راسپارده‌یه‌ک بۆ سه‌رکردایه‌تى سیاسى بۆئه‌وه‌ى دواتر له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ و دایه‌لۆگى زیاترى له‌سه‌ر بکه‌ن. شه‌ڕى ئێمه‌ له‌ دژى داعش، ئێمه‌ سه‌رکه‌وتووبووین له‌و شه‌ڕه‌ و هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌و هاوئاهه‌نگییه‌کانمان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى دیکه‌ى عێراق و هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ شه‌ێ‌ له‌ دژى داعش له‌ هه‌رکوێیه‌ک بێت. ئێمه‌ له‌ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ سوپاى فه‌رمى عێراق به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو سه‌رکه‌وتووبووین. بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتوو و هه‌روه‌ها گۆڕانکارییه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌کان، به‌داخه‌وا ئه‌مه‌ واناکات ئێمه‌ هیچ گۆڕانێک ببینین. ئێمه‌ رووبه‌روو له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى داوامانلێکرا گشتپرسییه‌که‌ دوابخه‌ین. به‌ڵام به‌دیلێکى به‌هێز نه‌بوو که‌ قه‌ناعه‌تمان پێبکات به‌رده‌وامبین له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق. هه‌موو ئه‌وشته‌ى به‌ ئێمه‌ گوترا ئه‌وه‌بوو گشتپرسییه‌که‌ دوابخه‌ین به‌بێ بوونى به‌دیلێک که‌ جێگه‌ى ئه‌و دۆخه‌ بگرێته‌وه‌ که‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌.

سه‌رۆک بارزانى رایگه‌یاندووه‌ که‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌غدا شکستیهێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى ده‌چن، که‌واته‌ چۆن ئێوه‌ ده‌توانن ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ شکستخواردووه‌ راستبکه‌نه‌وه‌ کاتێک گشتپرسى سه‌رکه‌وتوو بوو؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا، کاتى گشتپرسى و دواى گشتپرسیش پرۆسه‌یه‌ک ده‌بێت که‌ واده‌کات ئێمه‌ بتوانین گفتوگۆى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامبده‌ین و، هه‌وڵبده‌ین به‌شێک له‌و هه‌ڵانه‌ى که‌ له‌ رابردووکراون راستبکه‌ینه‌وه‌ و ئێمه‌ش ده‌باته‌ پێگه‌یه‌کى باشتر. ئه‌گه‌ر باسیش له‌ هاوبه‌شى یانیش درووستبوونى عێراقێکى نوێ له‌سه‌ر ئه‌م هاوبه‌شییه‌ بکه‌ین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هاوبه‌شییه‌ چیدیکه‌ بوونى نییه‌، یاخود له‌ راستیدا هه‌ربوونى نه‌بووه‌.
 له‌ 2005ه‌وه‌ کاتێک ده‌ستوور په‌سندکرا به‌داخه‌وه‌ رووبه‌رووى چه‌ندین سه‌ختى بووینه‌وه‌. چه‌ندین نموونه‌ش هه‌ن، ده‌توانین بیانخه‌ینه‌ڕوو که‌ له‌ کوێ پێشلکارى له‌و هاوبه‌شییه‌دا یانیش ده‌ستووردا کراوه‌.  یه‌کێکیش له‌و نموونانه‌ى که‌ ده‌مه‌وێ بیخه‌مه‌ڕوو، له‌م دواییانه‌دا کاتێک هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، هێزه‌کانى میلیشیاى شیعه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراق به‌ یاساییکرا، هه‌موو پێداویستییه‌کیان بۆ دابینکرا، له‌گه‌ڵ هه‌موو رێزێکم بۆ حه‌شدى شه‌عبى و ئه‌و قوربانییه‌ى که‌ له‌ شه‌ڕى داعش داویانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى که‌ بۆیان دابینکراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا کاتێک هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌مان دۆخدابوون و هه‌مان قوربانیاندا، به‌غدا هیچ کات ئاماده‌نه‌بوو هیچ جۆره‌ پشتیوانییه‌ک یانیش هاندانێک بۆ ئه‌م پرسه‌ پێشکه‌ش به‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ بکات. ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ نموونه‌ هه‌ره‌ به‌رچاوه‌کان که‌ وه‌ک هاوبه‌شێکى هاوسه‌نگ نه‌بیندراوه‌.
دووه‌م، کاتێک IMF و به‌نکى جیهانى هاوکارى داراییان پێشکه‌ش به‌ بودجه‌ى عێراق و پرۆژه‌کانى په‌ره‌پێدانى عێراق کرد، به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌کێک له‌و هاوکارییانه‌ به‌ هه‌رێمى کوردستان نه‌دران ئه‌مه‌ش یه‌کێکى دیکه‌یه‌ له‌و نموونه‌ زیندووانه‌ى که‌ هاوبه‌شى تێدا نابیندرێت. چه‌ندین نموونه‌ى دیکه‌ هه‌ن. ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ دواى گشتپرسى ئێمه‌ ده‌توانین چه‌ندین گفتوگۆى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌نجامبده‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ چۆن بنچینه‌یه‌کى پته‌و له‌باره‌ى چۆن به‌یه‌که‌وه‌ کاربکه‌ین و هاوئاهه‌نگبین.

که‌واته‌ کاردانه‌وه‌ى ئێوه‌ چى ده‌بێت کاتێک به‌غدا ره‌تیکرده‌وه‌ ئه‌نجامى گشتپرسیه‌که‌ قبووڵ بکات، چونکه‌ پێشتر ئه‌وه‌ى راگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌و گشتپرسییه‌ ناده‌ستوورییه‌؟"

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وان ده‌ستیانپێکردووه‌، به‌غدا له‌ ئێستاوه‌ ئه‌نجامه‌که‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه‌، ئه‌نجامه‌که‌ى هه‌رچۆنێک بێت، په‌رله‌مانى به‌غدا ده‌نگى له‌و باره‌وه‌داوه‌، به‌ڵام من ده‌توانم به‌ روونى بڵێم ئه‌مه‌ هیچ کاریگه‌رییه‌کى له‌سه‌ر پرۆسه‌که‌ نابێت.

نا، من دڵنیام که‌ گشتپرسییه‌که‌ ئه‌نجامده‌درێت، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ کاردانه‌وه‌ى ئێوه‌ چى ده‌بێت و پلانتان چییه‌ کاتێک که‌ ئه‌وان ئه‌نجامى گشتپرسییه‌که‌یان ره‌تکرده‌وه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: چاوه‌ڕوانییه‌کانى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌نجامى گشتپرسییه‌که‌ نه‌کرێته‌ بنه‌مایه‌ک بۆ زیاتر شێواندنى دۆخه‌که‌. خواست و ئامانجى ئه‌وه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌یه‌کتێگه‌یشتنمان له‌گه‌ڵ به‌‌غدا هه‌بێت، بۆ بوونى گفتوگۆى جددى که‌ بۆ ئه‌وان چاوه‌ڕوانکراوبێت و بۆ ئێمه‌ش چاوه‌ڕوانکراوبێت بۆ ئه‌وه‌ى دیبه‌یتى زیاترى جددیمان هه‌بێت له‌باره‌ى چاوه‌ڕوانییه‌کانى داهاتوو"

سه‌رۆک بارزانى ده‌ڵێت، کوردى عێراق خۆیان سنووره‌کانى خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌، به‌ڵام کاتێک که‌ به‌غدا ره‌تیده‌کاته‌وه‌ دان به‌ ئه‌نجامى ئه‌و گشتپرسییه‌ دابنێت، ئایا ئێوه‌ تاوه‌کو پێکدادانى سه‌ربازیش ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا برۆن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سنوورانه‌ بپارێزن؟ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پرسیاره‌که‌ لێره‌دا زیاتر له‌سه‌ر که‌رکووکه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: گشتپرسییه‌که‌ سنووره‌کانى هه‌رێمى کوردستان دیارناکات، ئه‌مه‌ ته‌نیا ده‌تواندرێت له‌ رێگه‌ى گفتوگۆى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ده‌ستبهێندرێت. له‌ راستیدا ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، خه‌ڵکى کوردستان و به‌تایبه‌تیش کورد نامانه‌وێت خواستى خۆمان به‌سه‌ر خه‌ڵک و هه‌روه‌ها پێکهاته‌کانى دیکه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ بسه‌پێنێن، وه‌ک عه‌ره‌ب و تورکمان و مه‌سیحییه‌کان و هه‌موو پێکهاته‌ جیاوازه‌کانى دیکه‌ که‌ له‌ ناوچه‌که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م سنوورانه‌دا ده‌ژین. ئه‌وان ده‌توانن به‌پێى خواست و هاوسۆزى خۆیان ده‌نگبده‌ن، ئایه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شێکبن له‌ ئیداره‌ى هه‌رێم یانیش نا. شته‌که‌ ته‌واو پرۆسه‌یه‌کى دیموکراسییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وان بڕیاربده‌ن. دیارکردنى سنووره‌کانیش ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و گفتوگۆ و دایه‌لۆگانه‌ى له‌ دواتر  له‌گه‌ڵ به‌‌غدا ده‌کرێن.

تۆ وه‌ڵامى به‌شێکى پرسیاره‌که‌ى منت دایه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێداگرییه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بزانین له‌باره‌ى که‌رکووک، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکى که‌رکووک ده‌نگیان بۆ مانه‌وه‌ له‌ نێو عێراقدا، به‌ڵام زۆربه‌ى به‌شه‌کانى کوردستان ده‌نگیان بۆ جیابوونه‌وه‌ دا، چى رووده‌دات؟ چونکه‌ ئه‌وه‌ لێکچوونى له‌گه‌ڵ بریکزیت هه‌یه‌ که‌ له‌ سکۆتله‌ندا روویدا؟

نێچیرڤان بارزانی: سه‌رباره‌ت به‌ که‌رکووک ده‌یڵێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ پرسێکه‌ به‌ته‌واوه‌تى بۆ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ جێهێڵدراوه‌، ئێمه‌ هیچ چاره‌سه‌رێک به‌سه‌ر که‌رکوودا ناسه‌پێنین. تایبه‌تمه‌ندى که‌رکووک و پێکهاته‌کانى کۆمه‌ڵگه‌که‌ى وه‌ک عه‌ره‌ب و تورکمان و مه‌سیحى و هه‌روه‌ها به‌دڵنیاییه‌وه‌ کوردیش، شتێکه‌ که‌ ده‌بێت به‌ گرنگییه‌وه‌ به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێت. له‌ چوارچێوه‌ى ئیداره‌ى کوردستان بێت، که‌رکووک ده‌توانێت وه‌کو هه‌رێمێکى خۆبه‌ڕێوه‌به‌ربێت و تایبه‌تمه‌نییه‌کى تایبه‌تى هه‌بێت و هه‌روه‌ها پێکهاته‌کانیشى پارێزراو دڵنیابکرێنه‌وه‌. ئێمه‌ پلانمان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى تاکلایه‌نانه‌ به‌سه‌ر که‌رکووکدا بسه‌پێنین. به‌ڵکو به‌ته‌واوه‌تى ئه‌م پرسه‌ ده‌ده‌ینه‌ ده‌ست خه‌ڵکى که‌رکووک خۆى و ده‌بێت له‌ داهاتووشدا تایبه‌تمه‌ندى تایبه‌ت بدرێت به‌ ئیداره‌ى داهاتووى که‌رکووک.

من له‌وه‌ تێده‌گه‌م که‌ ئێوه‌ ناتانه‌وێت ویستى خۆتان به‌سه‌ر که‌س دابسه‌پێنن، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ رۆڵێکى گرنگى گێڕا له‌ شه‌ڕى داعش بۆ ده‌رکردنى له‌ موسڵ، ئایا ئێوه‌ سوود له‌و ده‌رفه‌ته‌ وه‌رده‌گرن که‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌ به‌ده‌ستتانهێناوه‌ و ناوچه‌ى زیاترتان له‌ژێر ده‌ستدایه‌ که‌ پێشتر له‌ ژێر ده‌ستى جیهادییه‌کاندا بوو، ئایا ئێوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌خه‌نه‌ نێو ده‌وڵه‌تى کوردستانه‌وه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا، ئێمه‌ نه‌ خواستمانه‌و نه‌ ده‌شمانه‌وێت له‌و هه‌لومه‌رجه‌ى ئێستا ئه‌م جۆره‌ دیفاکتۆیانه‌ بسه‌پێنین. به‌ڵام کۆمه‌ڵێک راستیش هه‌ن که‌ ده‌بێت به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێن، به‌ر له‌ که‌وتنى موسڵ ئێمه‌ داوامان له‌ سه‌رۆکوه‌زیرانى ئه‌و کاته‌ى عێراقکرد پێشمه‌رگه‌ به‌شداربێت له‌ پارێزگاریکردن له‌ موسڵ، به‌ڵام به‌داخه‌وا وه‌ڵامى به‌غدا نه‌رێنى بوو بۆ ئه‌م پێشنیازه‌ى ئێمه‌، بۆیه‌ش ئه‌وه‌ى روویدا که‌وتنى موسڵى بوو. به‌خێرایى دواى ئه‌مه‌، له‌سه‌ر داواى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ ئاسایشى که‌رکوویان پاراست و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کى خێرابوو بۆ پارێزگاریکردن له‌ ناوچه‌که‌ له‌وه‌ى نه‌که‌وێته‌ به‌ر هێرشى دڕندانه‌ى داعش. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌مان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ نه‌ناردبا، ره‌نگه‌ چاره‌نووسى که‌رکووکیش خراپترببا له‌وه‌ى که‌ له‌ موسڵ روویدا. بوونى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ بۆ پارێزگاریکردن بوو له‌ ناوچه‌که‌و هه‌روه‌ها پێکهاته‌کانى که‌رکووک. بۆ دیارکردنه‌وه‌ى سنووره‌کان ئێمه‌ پێویستمان به‌ گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، سنوورى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان ناسه‌پێندرێت، ئێمه‌ واهه‌ستده‌که‌ین، ئه‌م پرسه‌ ده‌کرێت له‌سه‌ر لێکتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش و کارى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا کۆتایى پێبهێندرێت"

ئێستا، که‌ نرخى نه‌وت به‌ نزمى ماوه‌ته‌وه‌، ئایا مه‌ترسى ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ کوردستانى سه‌ربه‌خۆ که‌ پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێت پاره‌ى پێویستى ده‌ستنه‌که‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى خۆى به‌رێوه‌ببات؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا، دۆخى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا دۆخێکى نموونه‌یى نه‌بووه‌. قه‌یرانه‌ داراییه‌که‌ هه‌مووى به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وه‌ته‌وه‌ نه‌بووه‌. به‌ڵێ، راسته‌ نرخى نه‌وت کاریگه‌ى له‌سه‌ر هه‌بوو، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتدا ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیربێت، له‌ سه‌ره‌تاى 2014، پێش شه‌ڕى داعش، به‌غدا تاکلایه‌نه‌ بودجه‌ى کوردستانى بڕی. بۆ سێ ساڵ، ئێمه‌ رووبه‌رووى زه‌حمه‌تى بووینه‌وه‌، به‌هۆى بڕینى بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌. دووه‌میش، ئێمه‌ به‌ درێژایى 1100 کیلۆمه‌تر رووبه‌رووى شه‌ڕى مه‌ترسیدارترین رێکخراوى تیرۆرستى "داعش" بووینه‌وه‌. ئه‌مه‌ش گوشارێکى دیکه‌ى گه‌وره‌ى خسته‌ سه‌ر ئێمه‌. شه‌ڕى دژ به‌ داعش و کۆنترۆڵکردنى چه‌ندین ناوچه‌ له‌لایه‌ن داعش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى 1.8 ملیۆن ئاواره‌ روو له‌ کوردستان بکه‌ن، ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌تییه‌کى دیکه‌ى ئابوورى درووستکرد، ئه‌م ساڵ چه‌ند ئاماژه‌یه‌کى روونى پێشکه‌وتنى ئابوورییه‌که‌مان هه‌ن و، چاوه‌ڕوانیشده‌که‌ین پێشکه‌وتنى زیاتریش هه‌بێت، هاوکات هه‌وڵێکى جددى ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى چاکسازیبکرێت و بۆئه‌وه‌ى به‌ته‌نیا پشت به‌ داهاتى نه‌وت نه‌به‌ستین، به‌ڵکو  ئابوورییه‌که‌مان هه‌مه‌جۆر بکه‌ین.

پێتوایه‌ که‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌کان ده‌ترسێنێت؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا وه‌ک پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، دواى ئه‌وه‌ى گشتپرسى ئه‌نجامدرا، ماناى ئه‌وه‌نییه‌ به‌خێرایى  سه‌ربه‌خۆیى راده‌گه‌یێندرێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت بیکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ بچینه‌ نێو گفتوگۆیه‌کى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌وڵبده‌ین هه‌موو کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان که‌ ده‌تواندرێت له‌ رێگه‌ى گفتوگۆ و کارى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌رده‌کرێت، چاره‌سه‌ریان بکه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا، له‌ دوو ده‌یه‌ى رابردوودا  ئێمه‌ سه‌لماندوومانه‌ که‌ فاکته‌رى سه‌قامگیرین له‌ ناوچه‌که‌دا، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه‌دا به‌رده‌وامده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى فاکته‌رى سه‌قامگیرى بین له‌ناوچه‌که‌.

کاتێک که‌ کورد ئۆتۆنۆمییه‌کیان کرده‌ دیفاکتۆ له‌ سه‌ره‌تایى نه‌وه‌ده‌کان، له‌دواى شه‌ڕى که‌نداو، هه‌رزوو له‌نێوخۆتاندا وه‌ستانه‌وه‌ و شه‌ڕى نێوخۆیتان ده‌ستپێکرد، که‌ ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێکى خایاند، ئێستا سه‌رۆک بارزانى ده‌ڵێت، ده‌ست له‌ پۆسته‌که‌ى ده‌کێشێته‌وه‌ کاتێک کورد کورد سه‌ربه‌خۆیى به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیش له‌ مانگى تشرینى دووه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئایا مه‌ترسى له‌سه‌ر دروستبوونى ناسه‌قامگیرى له‌ ده‌وڵه‌تى کوردستان ده‌کرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا، ئه‌وه‌ى وه‌ک ململانێى نێوخۆیى روویدا، لاپه‌ره‌یه‌کى خه‌مگینه‌ له‌ مێژووى ئێمه‌دا، به‌ڵام له‌ هه‌مانکاتیشدا لاپه‌ڕه‌یه‌که‌ که‌ داخراوه‌ و، پێموانییه‌ بارودۆخه‌که‌ رێگه‌ به‌وه‌بدات جارێکى دیکه‌ ئه‌م ململانێیه‌ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆک بارزانیش، له‌چه‌ندین بۆنه‌دا ئه‌و به‌ ئاشکرا رایگه‌یاندووه‌ که‌خۆى هه‌ڵنابژێرێته‌وه‌، یانیش خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى کاندید ناکاته‌وه‌. ئه‌و رێز له‌مه‌ ده‌گرێت، هه‌روه‌ها رێز له‌ یاساکانى هه‌رێمى کوردستان ده‌گرێت، ئه‌مه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه‌ که‌ ئه‌و به‌ ئاشکرا و به‌ڕوونى رایگه‌یاندووه‌.

ئێستا سه‌رۆکوه‌زیران.. یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانى هاتنى داعش به‌ره‌و عێراق، بوونى ناکۆکى سیاسى و تایفى بوو له‌و وڵاته‌دا، ئایا ئێوه‌ بیرتان له‌وه‌ کردووه‌ته‌وه‌؟ چۆن ده‌توانن دڵنیابن که‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان نابێته‌ هۆى قووڵبوونه‌وه‌ى ئه‌و دابه‌شبوونه‌ و بارودۆخى ناوچه‌که‌ به‌ره‌و خراپتر نابات؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌ راستیدا، ئه‌گه‌ر تۆ به‌راستى له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى هاوکارییه‌کانى سه‌رکردایه‌تى کوردبیت، له‌ 2003ه‌وه‌ تاوه‌کو ئێستا ، هه‌ردوو به‌ڕێز بارزانى و تاڵه‌بانى هاوکارێکى گه‌وره‌بوونه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ى عێراق له‌سه‌ر بنچینه‌ى به‌ڵێنێک (که‌ عێراق)، عێراقێکى نوێ ده‌بێت بۆ هه‌موومان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌کى درووستدا نه‌ڕۆیشت، له‌ماوه‌ى 12 ساڵى رابردووشدا، یانیش دواى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ عێراقمان بنایادنایه‌وه‌، عێراقى نوێ، لاپه‌ره‌یه‌کى نوێمان هه‌ڵدایه‌وه‌، پرسیارێک ده‌که‌ین- ئێمه‌ له‌ کوێین؟ بۆ هه‌موو ئه‌و زه‌حمه‌تیانه‌ش که‌ ئێمه‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕووى ده‌بینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و شته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌توانین بیکه‌ین، ئه‌وه‌ى تاوه‌کو ئێستا کردوومانه‌، ناتوانیت چیدیکه‌ بیکه‌ین. ناتوانین زیاتر په‌ره‌یپێبده‌ین. ئه‌وه‌ى له‌باره‌ى سه‌قامگیرى و یه‌کگرتوویى عێراقیش ده‌گوترێت و که‌ هه‌میشه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش جه‌ختى لێده‌کاته‌وه‌ له‌باره‌ى عێراق، یاخود یه‌کگرتووى عێراق، ئه‌مه‌ ته‌نیا درووشمێکه‌، یانیش تێگه‌یشتنێکى سیاسیانه‌ بێت. به‌ڵام له‌ راستیدا عێراق یه‌ک نییه‌ و عێراق یه‌کگرتوونییه‌، ئێمه‌ش وه‌ک کورد نابێ سه‌رزه‌نشت بکرێین بۆ ئه‌وه‌ئ له‌ ته‌واوى ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق رووده‌دات و ئه‌و ئاراسته‌ هه‌ڵه‌یه‌ى عێراق پێیدا ده‌ڕوات.  ئه‌وه‌ى ئێمه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ین، کاتێک له‌باره‌ى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان قسه‌ده‌که‌ین، بۆ ئاڵۆزکردنى دۆخه‌که‌ نییه‌، بۆ قووڵکردنه‌وه‌ى ئه‌و کێشانه‌ نین که‌ ئێستا له‌ وڵاته‌که‌دا هه‌یه‌. به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌ستده‌که‌ین سه‌ربه‌خۆیى ده‌بێته‌ فاکته‌رى سه‌قامگیری. ئه‌و کاره‌ هه‌ڵانه‌ و هه‌روه‌ها ناسه‌قامگریش که‌ له‌ناوچه‌که‌دا هه‌یه‌، به‌هۆى خه‌ڵکى کورده‌وه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ى ئێمه‌ نییه‌ که‌ عێراق به‌م ئاراسته‌یه‌دا رۆیشتووه‌.

سه‌رۆک بارزانى ده‌ڵێت، سه‌رده‌مى کۆلۆنیالى و دروستکردنى سنووره‌کان له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست به‌تایبه‌تى په‌یماننامه‌ى سایکس پیکۆ، کۆتایى هاتووه‌ و ناوجه‌که‌ پێویستى به‌ فۆرمێکى نوێ هه‌یه‌ که‌ کوردستانى سه‌ربه‌خۆ له‌خۆى بگرێت، چى فۆرمێکى دیکه‌ ئێوه‌ هیواى بۆ ده‌خوازن، ئایا پێتوایه‌ که‌ عێراق و سووریا وه‌کو خۆیان ده‌مێنه‌وه‌ له‌و بارودۆخه‌ى ئێستایاندا؟

نێچیرڤان بارزانی: کاتێک که‌ پرسى سه‌ربه‌خۆیى خرایه‌ڕوو  و گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا، ئێمه‌ به‌بێ پێچوپه‌نا ته‌نها باسمان له‌وه‌ کرد که‌ ئێمه‌ چیمان له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق هه‌یه‌و هه‌روه‌ها چیمان له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌. ئه‌و بابه‌تانه‌ى که‌ ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوورى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌وانه‌ بابه‌تێکن که‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ده‌ستتێوه‌ردانیان تێدا بکه‌ین. هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ حه‌ز ده‌که‌ین پرسى گه‌لى کورد له‌ سووریا به‌شێوه‌یه‌کى دیموکراسیى و ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت. به‌ڵام به‌رپرسیاریه‌تى ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌کى سه‌ره‌کى و ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق.

له‌ کاتى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى نێوان ریکس تیله‌رسن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا و بارزانیدا که‌ مانگى رابردوو ئه‌نجامدرا، سه‌رۆکى ئێوه‌ داواى گره‌نتى و به‌دیلى له‌ ئه‌مریکا کردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى گشتپرسیدا، ئه‌وه‌ى من تێیبگه‌م گه‌ره‌نتى زۆر نه‌دراوه‌ به‌ ئێوه‌، ده‌کرێت پێمان بڵێیت ده‌بێت ئه‌و گره‌نتییه‌ چى بێت؟ ئایا به‌بێ ئه‌و گره‌نتییه‌ ئێوه‌ گشتپرسى هه‌ر ئه‌نجامده‌ده‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئێمه‌، پرسیارى گرنگ که‌ به‌رده‌وام له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌مریکاشمان کردووه‌، ئه‌گه‌ر گشتپرسیى ئه‌نجامنه‌درێت یان دوابخرێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کاته‌که‌ى گونجاو نییه‌، پرسیارى ئێمه‌ بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر گشتپرسى هێنده‌ شتێکى خراپه‌، باشه‌ جێگره‌وه‌ى چییه‌ ؟  ئه‌گه‌ر کاته‌که‌ى گونجاو نییه‌، باشه‌ ئێوه‌ ده‌توانن پێمان بڵێن ئه‌و کاته‌ شیاوه‌ که‌یه‌ ؟ تاوه‌کو ئێستاش وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌مان وه‌رنه‌گرتووه‌.

حکومه‌تى ئێستاى تورکیا له‌ شه‌ێ‌ دایه‌ له‌گه‌ڵ کورد له‌نێو خۆیدا و له‌گه‌ڵ کوردى سووریاش، به‌ڵام ئێوه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشتان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى تورکیادا هه‌یه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ ده‌بێت، پێتوایه‌ زیان به‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌که‌وێت له‌ ئه‌نجامى گشتپرسییه‌که‌دا؟

نێچیرڤان بارزانی: له‌راستیدا، پرسى گشتپرسییه‌که‌، پێمان وایه‌، له‌جیهاندا زیاتر له‌ قه‌باره‌ى خۆى گه‌وره‌تر کرا، پێویسته‌ وه‌ک خۆى ته‌ماشا بکرێت، که‌ چییه‌ و بۆ چ ئامانجێکه‌. دووباره‌ ده‌ڵێم: ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌وه‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ یه‌ک رۆژ له‌دواى ئه‌نجامدانى گشتپرسییه‌که‌ به‌و واتایه‌ نایه‌ت که‌ سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نرێت. ئێمه‌ په‌یوه‌ندى باشمان له‌گه‌ڵ تورکیادا هه‌یه‌، له‌ڕووى سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تى  وئابووریشیه‌وه‌ و بێگومان ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌وه‌ تێک بده‌ین، ئێمه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌مان له‌گه‌ڵ تورکیا به‌رز ده‌نرخێنین و نامانه‌وێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى که‌ ئێمه‌ ده‌ستمان پێکردووه‌ ببێته‌ هۆى تێکدانى په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ تورکیا و هیواداریشین له‌یه‌ک تێگه‌یشتنى زیاتر و په‌یوه‌ندى زیاتر له‌گه‌ڵ تورکیا دابمه‌زرێنین، ئاماده‌شین له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گفتوگۆى زیاتر ئه‌نجامبده‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێت کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه‌ بزانێت که‌ رۆژى دواى گشتپرسییه‌که‌ به‌واتاى راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى کوردستان نییه‌ و نابێت زیاده‌ڕه‌وى له‌و بابه‌ته‌ بکرێت.

سه‌رۆکوه‌زیران ده‌مه‌وێت تێروانینى تۆ سه‌باره‌ت به‌و گشتپرسییه‌ بزانم ئه‌گه‌ر پرسیار ئه‌وه‌ت لێبکه‌م که‌ ئایا سه‌ربه‌خۆیى کوردستان له‌ داهاتوو ناوچه‌کانى وه‌ک عه‌فرین و رۆژئاواى کوردستانیش له‌خۆى ده‌گرێت و ده‌بێت به‌ ده‌وڵه‌تى کوردستانى گه‌وره‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ئه‌جیندا و تێڕوانینێکى له‌و جۆره‌مان نییه‌، که‌ بمانه‌وێت سنوورى خۆمان ببه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و سنووره‌ى که‌ ئێمه‌ ئێستا تێداین. سنووره‌کانى ئێمه‌ دیاریکراون و له‌گه‌ڵ عێراقیش دیارییان ده‌که‌ین، ته‌واو.

ده‌مه‌وێت هه‌ڤپه‌یڤینه‌که‌ به‌ پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندى نێوان کوردستان و رووسیا کۆتایپێبهێنم، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا، ئێوه‌ له‌ کۆڕبه‌ندى ئابوورى جیهانى له‌ سانت پیته‌رسبۆرگ ریککه‌وتنێکتان به‌ گوژمه‌ى یه‌ک ملیار دۆلار له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى رۆزنه‌فت واژۆکرد، به‌مه‌به‌ستى وه‌به‌رهێنانى ئه‌و کۆمپانیا رووسیه‌ له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى کوردستاندا بۆ ماوه‌ى ٢٠ ساڵ، ئایا ئێوه‌ پشتیوانى رووسیا له‌ سه‌ربه‌خۆیى  کوردستان ده‌بینن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ یان ئه‌وه‌ ته‌نها وه‌به‌رهێنانه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: هاوشێوه‌ى هه‌موو کۆمپانیایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى که‌ وه‌به‌رهێنانى له‌ که‌رتى نه‌وتى کوردستاندا کردووه‌، رۆزنه‌فتیش به‌هه‌مان شێوه‌ پێشوازى لێکراوه‌ و ئێستا چالاکه‌ و به‌رده‌وامده‌بێت له‌ چالاکییه‌کانى وه‌ک وه‌به‌رهێنه‌رێک، ناشبێت ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ به‌ هه‌ڵوێستى فه‌رمى حکومه‌تى رووسیا ته‌ماشا بکرێت وه‌ک پشتگیرى راسته‌وخۆى رووسیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی. ئه‌مه‌ ره‌هه‌ندێکى بازرگانى و ئابوورییه‌.

وه‌رگێڕان: ڕووداو

‌ 386 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ناو
کۆمێنت



hizb
5
ئایا کورد ده‌توانێ سود له‌بارودۆخى دواى داعش وه‌ربگرێ ؟


ئه‌مریکا قه‌ت له‌ عێراق تێنه‌گه‌یشت
که‌رکوک و ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى دێنه‌وه‌ سه‌رهه‌رێمى کوردستان
بۆچى گرنگه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌کاتى خۆیدا ئه‌نجام بدرێت
هه‌رێمى کوردستان سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ى له‌ پێشینه‌ى کاره‌کانى داناوه‌
هه‌نگاوه‌ نوێیه‌کانى ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست
ئاواره‌کانى جه‌رف ئه‌لسه‌خر گه‌ڕانه‌وه‌یان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ‌
Created by AVESTA Group