حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك وه‌زاره‌ت راده‌سپێرێت بۆ باشتركردنی كاره‌با

27.04.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی نیسانی 2022 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌نجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و وزەو بازرگانی و پەروەردە و تەندروستی و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە خستەڕوو. ئاماژە‌ی بە‌وە‌دا کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بەریتانیا، ئامادە‌یی خۆیان دە‌ربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھە‌ماھە‌نگیكردن لە‌گە‌ڵ ھە‌رێمی كوردستان لە‌بوارە‌ جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمیە بۆ بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەرکرا و بۆ ئەم مەبەستەش، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگيی و بەدواداچوون ڕاسپێردران بۆ کاری هەماهەنگيی لە نێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریب کردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین وپشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و برەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێت و لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنج و تێبینیانەی خرانەڕوو ، ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح ، وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێک خرایەڕوو،کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا ڕوونکردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانەسروشتییەکان ، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی ڕاسپارد کە هەماهەنگيی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا.

زۆرترین خوێندراو