به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى ریسایکلینى خۆڵ و خاشاکى سلێمانى دانرا

4/24/2014 12:45:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مرۆ24ى نیسانى 2014، له‌ مه‌راسیمێکدا به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى ریسایکلینى خۆڵ و خاشاکى سلێمانى دانرا، به‌رێوه‌به‌رى کۆمپانیا جێ به‌جێ کارى پرۆژه‌که‌ش  ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ پێشکه‌وتووتین سیستمى ریسایکلنى خاشاک له‌سه‌ر ئاستى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست وه‌سف ده‌کات.

له‌ مه‌راسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌ى ریسایکلینى خاشاکى سلێمانى، جگه‌له‌ ژماره‌یه‌که‌یه‌کى زۆر له‌ به‌رێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌ سلێمانى و سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ران، هه‌ر یه‌که‌ له‌ به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح پارێزگارى سلێمانى و خه‌سره‌و که‌مال بریکارى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و حاکم سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ژینگه‌ى هه‌رێم و فاروق مه‌لا مسته‌فا به‌رێوه‌به‌رى گروپى کۆمپانیاکانى  فاروق و به‌رێوه‌به‌رى کۆمپانیاى لافارچى فه‌ره‌نسى له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست ئاماده‌ بوون.

له‌ مه‌راسیمه‌دا هه‌ر یه‌ک له‌ پارێزگارى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رى گروپى کۆمپانیاکانى فاروق و به‌رێوه‌به‌رى لافارچ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راست وتاریان له‌باره‌ى پرۆژه‌که‌و گرنگییه‌که‌ى بۆ سلێمانى پێشکه‌ش کرد.

پارێزگارى سلێمانى له‌ وتاره‌که‌یدا تیشکى خسته‌ سه‌ر قۆناغه‌کانى گرێبه‌ست و به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى پرۆژه‌که‌ و وتى: هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى داتا و ئاماره‌کان ، سلێمانى خاوێن ترین شارى عێراقه‌ ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ پاراستنى ژینگه‌ى کوردستان،  بیرمان له‌وه‌ کرده‌وه‌ له‌رێگه‌ى میکانیزمه‌ مۆدێرنه‌کانه‌وه‌، کار بکه‌ین بۆ پاراستنى  زیاترى ژینگه‌ى شاره‌که‌مان له‌ پیسبوون ، به‌تایبه‌ت  چاره‌سه‌کردنى خۆڵ و خاشاک که‌ گرفتێکى گه‌وره‌ى ژینگه‌ییه‌ له‌ کوردستان و عێراقدا.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ مانگى نیسانى 2012دا لیژنیه‌کى پسپۆرمان له‌ نوێنه‌ری پارێزگا وشاره‌وانى و شاره‌وانییه‌کانى سلێمانى پێکهێنا بۆ ئاماده‌کردنى (T.O.R) و ته‌نده‌رى پرۆژه‌ى ریسایکلین. 

 پاش ئاماده‌کردنى(T.O.R) و بانگه‌وازى پرۆژه‌که‌ له‌ میدیاکانه‌وه‌ 23 کۆمپانیاى ده‌ره‌کى و ناوخۆى هاتنه‌پێشه‌وه‌ بۆ جێ‌ به‌جێ‌ کردنى پرۆژه‌که‌.
دواتر هه‌ر یه‌ک له‌و کۆمپانیاکان به‌ جیا چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا کرا و پاش هه‌ڵسه‌نگاندنیان له‌ لایه‌ن  لیژنه‌که‌وه‌  15 کۆمپانیایان هه‌ڵبژێردران و ته‌نده‌رى پرۆژه‌که‌یان بۆ نێردرا.

وتیشى: له‌سه‌ر بنه‌ماى چوار خاڵ   هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ کۆمپانیاکان کران که‌  
سه‌رنجام به‌پێى ئه‌و خاڵانه‌ى هه‌ردوو لیژنه‌که‌ کاریان له‌سه‌ر ده‌کرد، کۆمپانیاکانى ((لافارج))ى فه‌ره‌نسى و ((گروپى فاروق)) زۆرترین نمره‌یان به‌ده‌ست هێنا و مانگى نۆڤه‌مبه‌رى ساڵى رابردوو گرێبه‌ستى پرۆژه‌که‌ ئیمزا کراو ئه‌مڕۆش به‌ردى بناغه‌ى پرۆژه‌که‌ داده‌نێین.

له‌باره‌ى چۆنێتى کارکردنى پرۆژه‌که‌شه‌وه‌  پارێزگارى سلێمانى له‌ وتاره‌که‌یدا کۆمه‌ڵێک ورده‌کارى خسته‌روو رایگه‌یاند: ..
پرۆژه‌که‌ بۆ ماوه‌ى 20 ساڵ دراوه‌ به‌و دوو کۆمپانیایه‌، مه‌رجیشمان بۆ به‌رهه‌م(انتاج)ى ریسایکلینه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ پێى ستانداردى جیهانى بێت و کۆمپانیاکانیش ئازادن به‌رهه‌مه‌کانیان چۆن ساغ ده‌که‌نه‌وه‌
پرۆژه‌ى ریسایکلینى سلێمانى، له‌رووى گرێبه‌ست و شێوازى جێ‌ به‌جێ کردنیه‌وه‌ ئه‌زموونێکى تازه‌یه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان و پێشتر گرێبه‌ستى له‌و جۆره‌ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ . 

به‌پێى گرێبه‌سته‌که‌ هه‌ردوو کۆمپانیا له‌ماوه‌ى ساڵ و نیوێکدا کارگه‌کانى ریسایکلن و به‌رهه‌مهێنان له‌ ناوچه‌ى تانجه‌رۆى سلێمانى داده‌مه‌زرێنن و له‌ رێى کۆمپانیاکانى کۆکردنه‌وه‌ى خۆڵ  و خاشاکه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ریسایکلینى خۆڵ و خاشاکى سلێمانى ، له‌به‌رامبه‌ردا بۆ ریسایکلینى هه‌ر ته‌نێک له‌ خاشاک حکومه‌تى هه‌رێم بڕى 18.8 دۆلار ده‌دات به‌ کۆمپانیاکه‌.

ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى به‌شێوه‌ی تازه‌ترین زانست و ته‌کنه‌لۆجیاى سه‌رده‌م و له‌ ئه‌نجامى جیاکردنه‌وه‌ى ماده‌کانى نێو خۆڵ و خاشاکه‌که‌ له‌ سه‌دا بیستى  لاند فێڵد ده‌کرێت و پاشان ده‌کرێته‌ ناوچه‌ى سه‌وزاى و له‌ سه‌دا هه‌شتاى مه‌اده‌کانى دى به‌چه‌ند قۆناغێک ده‌کرێته‌ (RDF) و به‌ ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ کارگه‌ى چیمه‌نتۆى بازیان و له‌ جیاتى نه‌وتى ره‌ش به‌کار ده‌هێنرێت بۆ وه‌گه‌رخستنى کارگه‌که‌ و ئه‌مه‌ش رۆڵێکى گرنگى له‌ پاک راگرتنى ژینه‌گه‌ى ناوچه‌ى بازیان ده‌بێت .


له‌به‌شێکى ترى وتاره‌که‌یدا گرنگى پرۆژه‌که‌ى له‌ رووى پاراستنى ژینگه‌و کاریگه‌رییه‌کانى بۆ سه‌ر ته‌ندروستى هاووڵاتیان خسته‌ روو  وتى: ئه‌م پرۆژه‌ى ریسایکلینه‌، جگه‌له‌وه‌ى شێوازى ته‌قلیدى رزگاربوون له‌ خۆڵ و خاشاکى سلێمانى به‌ ته‌واوتى  ده‌گۆڕێت به‌ میکانیزمێکى سه‌رده‌میانه‌ و دۆستى ژینگه‌، هاوکات کاریگه‌رى زۆرى ده‌بێت له‌ خاوێن راگرتنى هه‌واى سلێمانى و  چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و گرفته‌ ژینگه‌یانه‌ى  له‌ ناوچه‌ى تانجه‌رۆ دروست بووه‌ به‌هۆى خراپى میکانیزمى له‌ ناوبردنى خۆڵ و خاشاک له‌ رابردوودا و کاریگه‌رى گه‌وره‌شى ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاووڵاتیان.

هه‌روه‌ک پارێزگارى سلێمانى باسى گه‌شه‌کردنه‌کانى سلێمانى کرد له‌ رووى ژینگه‌و ته‌ندروستیه‌وه‌  له‌و رووه‌شه‌وه‌ به‌ پشت به‌ ستن به‌ داتاکانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عیراق چه‌ند ئامارێکى خسته‌روو  رایگه‌یاند: سلێمانى له‌ رووى ته‌ندروستى و پاکوخاوێنیه‌وه‌ به‌ باشترین پارێزگاى عیراق له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کى رونى گرنگى پێدانى حکومه‌تى هه‌رێمه‌ به‌ بوارى ژینگه‌ و به‌پێى داتاکانى یونسێف ، سلێمانى له‌رووى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستیه‌وه‌ باشترین پارێزگاى عێراقه‌.




زۆرترین خوێندراو