به‌یاننامه‌ى مه‌ڵبه‌ندى قه‌ڵادزێى ( حسدک ) له‌ یادى 40 ساڵه‌ى بۆردومانى شاره‌که‌دا

4/24/2014 4:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

مه‌ڵبه‌ندى قه‌ڵادوێى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌یادى 40 ساڵى بۆردومانکردنى شارى قه‌ڵادزێ به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاو کرده‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى : 

  جه‌ماوه‌رى به‌ شه‌ره‌فى کوردستان
  بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان

40 ساڵ له‌مه‌وبه‌رو له‌ 24-4-1974 رژێمى به‌عسى له‌ناوچوو، له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کى بێوێنه‌دا له‌رێگه‌ى چه‌کى قورسه‌وه‌ تاوانێکى گه‌وره‌ى ده‌رهه‌ق به‌ دانیشتوانى شارى قه‌ڵادزێ ئه‌نجامداو 168 هاوڵاتى شه‌هید و بریندار کردو شاره‌که‌ى خه‌ڵاتانى خوێن کرد،و زانکۆى سلێمانى که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ قه‌ڵادزه‌ بوو له‌گه‌ڵ زه‌ویدا یه‌کسان کردن و ماڵ و حاڵى له‌ هه‌زاران هاوڵاتى نیشته‌جێى ئه‌و شاره‌ تێکداو بێ لانه‌ى کردن.

هه‌رچه‌نده‌ رژێمى به‌عس  نیازى بوو له‌رێگه‌ى ئاگرو ئاسن نه‌ته‌وه‌ى کورد بتوێنێته‌وه‌و ئامانجى ئه‌و هێرشه‌شى بۆ راگرتنى بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى کوردو راگرتنى بوو له‌ زانست و پێشکه‌وتن، به‌ڵام نه‌ک ئامانجه‌که‌ى به‌دى نه‌هات، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و فیداکارى و خولیاى زانست و ڕۆشنبیرى له‌م شاره‌و لاى گه‌لى کورد پته‌وتر و فراوانتر بوو، ئه‌وه‌بوو جارێکى تر له‌ له‌ساڵى 1982  دا خه‌ڵکى قه‌ڵادزێى سه‌ربه‌رز له‌ یادى کاره‌ساته‌که‌دا له‌سه‌ر مه‌زارى شه‌هیدانه‌وه‌ ڕاپه‌ڕینێکى پرشنگدار و به‌رفراوانیان دژى ڕژێمى گۆڕبه‌گۆڕى به‌عس به‌ڕێخست، وه‌ک به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى کاره‌ دڕندانه‌کانى به‌عس و هێما بۆ ئه‌وه‌ى که‌ سته‌م و زۆردارى چۆک به‌ خه‌ڵکه‌که‌ى دا نادات، که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى و نائارامى دوژمنان و به‌رزبوونه‌وه‌ى هه‌ستى شۆڕشگێڕانه‌ى خه‌ڵکى شاره‌که‌، حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ڕۆڵێکى به‌رچاوى هه‌بوو له‌و ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌ریه‌داو خوێندکاران و ڕێکخستنه‌کانى سۆسیالیست هه‌ر وه‌ک پیشه‌ى هه‌میشه‌ییان پێشه‌نگ و سه‌رمه‌شق بوون.

له‌ ئێستاشدا که‌ 40 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئه‌و یادو کۆمه‌ڵکوژییه‌دا حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان خۆى به‌ هاوخه‌م و هاوسۆزى که‌سوکارى و شه‌هیدانى ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ ده‌زانێت و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گشت شه‌هیدان سه‌ربه‌رزى کوردستان داده‌نه‌وێنێت، جارێکى تریش به‌ڵێنى وه‌فا و به‌ ئه‌مه‌کى به‌رامبه‌ر شه‌هیدان و که‌سو کاریان دووپات ده‌کاته‌وه‌و ده‌نگى خۆمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگى خه‌ڵکى شارى قه‌ڵادزێ بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى زیان لێکه‌وتوان و به‌ جینۆساید ناساندنى ئه‌و کاره‌ساته‌ قێزه‌ونه‌ نامرۆڤانه‌یه‌، داواکاریشین له‌ حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ربارى ئه‌و کارانه‌ى که‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ کراوه‌ له‌ خزمه‌تگوزارى و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، کارى باشتر و زیاتر بکرێت بۆ خزمه‌تى خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ و له‌ یادى بۆردومانى زانکۆى سلێمانى له‌ قه‌ڵادزێدا به‌ردى بناغه‌ى چه‌ندین زانکۆو ناوه‌ندى توێژینه‌وه‌و فێرکردن و زانستخوازى دابنرێت و ئه‌م یاده‌ بکرێته‌ قۆناغ و ویستگه‌یه‌کى نوێ بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و زیاتر گه‌شه‌پێدانى شارى قه‌لادزێ له‌گشت لایه‌نه‌کانه‌وه‌.

جارێکى تر سه‌رى رێزو وه‌فا بۆ شه‌هیدانى ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ داده‌نه‌وێنین 


                                                                                                    
مه‌ڵبه‌ندى قه‌ڵادزێ 
حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
    24-4-2014


زۆرترین خوێندراو