پێنجوێن کۆبونه‌وه‌ى فراوان بۆ پشگیرى له‌لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى و کاندیه‌کانى حزبى سۆسیالیست

4/24/2014 5:49:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 

سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆبه‌ڕێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود کارگێرى مه‌کته‌بى سیاسى وبه‌رپرسى که‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور و هه‌ورامان  وهه‌ردووکاندیدى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان مامۆستا فه‌رهاد تۆفیق ژماره‌ یه‌کى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ژماره‌ 80بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و شادومان ڕۆسته‌م به‌گ ژماره‌ دووى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ژماره‌ 212 بۆ ئه‌نجومه‌نى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق  سه‌ردانى مه‌ڵبه‌ندى پینجوێنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانیان کردوله‌لایه‌ن به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى پێنجوێن وکادروئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ به‌گه‌رمى پێشوازى کران  .

پاشان له‌هۆڵى شین له‌گه‌ڵ ستافى مه‌ڵبه‌ندى پێنجوێن و ئه‌ندام وکادرو لایه‌نگرانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ده‌ڤه‌رى پێنجوێن کۆبونه‌وه‌ .

سه‌ره‌تاى کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ساتێک وه‌ستان بۆ گیانى پاکى شه‌هیدانى حزب و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان  ده‌ستى پێکردو له‌لایه‌ن هه‌ڤاڵ سه‌ڵاح محمود به‌رپرسى مه‌ڵبه‌نده‌وه‌  ووته‌ى به‌خێرهاتن  پێشکه‌ش کرا  .

پاشان به‌رێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود به‌رپرسى که‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور و هه‌ورامانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  له‌وته‌یه‌کدا تیشکى خسته‌ سه‌ر رۆڵى حزبى سۆسیالیست له‌ کاروانى سیاسى هه‌رێمى کوردستان وله‌سه‌رجه‌م قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا هه‌رله‌سه‌ده‌مى شۆرشى نوێ و خه‌باتى چه‌کدارى که‌چه‌ندین قوربانى له‌پێناو مافه‌کانى میلله‌ته‌که‌یدا به‌خشیوه‌ ،ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌له‌و قوربانى وگیانفیدایه‌ى حزبى سۆسیالیست رۆڵه‌کانى ده‌ڤه‌رى پێنجوێنین پشکیان به‌رکه‌وتووه‌و خوێنیان به‌خشیوه‌ و قاره‌مانانه‌ داکۆکیکارى مافه‌کانى گه‌لى کوردبوون ، هه‌روه‌ها رۆڵى حزبى  سۆسیالیستى له‌ به‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى میلله‌تى کورد به‌رز نرخاند، 


به‌رپرسى که‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور و هه‌ورامان  ئاماژه‌یدا به‌کێشه‌و گرفته‌کانى  نێوان به‌غداو هه‌رێمى کوردستان که‌تائێستا چاره‌سه‌رنه‌کراون ،به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ نه‌کراوه‌ که‌قه‌یرانێکى ئابورى وره‌وشێکى نه‌خوازراوى دروستکردووه‌و کاریگه‌رى نێگه‌تیفیشى کردۆته‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ،به‌پێویستیشى زانى له‌ئێستاداپێگه‌ى کورد له‌ به‌غدا به‌هێزتر بکرێت له‌پێناو ململانێ سیاسیه‌کان و فشارکردن بۆ جێبه‌جێکردنى ماده‌ى 140 وگه‌راندنه‌وه‌ى ناوچه‌ دابرێندراوه‌کان بۆ سه‌رهه‌رێمى کوردستان و جێبه‌جێکردنى سه‌رجه‌م ماده‌و برگه‌کانى ده‌ستورو ئه‌و یاسایانه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى جه‌ماوه‌رى کوردستاندایه‌که‌تا ئێستا جێبه‌جێنه‌کراون  .


له‌به‌شێکى ترى وته‌کانیدا به‌رێز عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود ، تیشکخستنه‌سه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان  به‌تایبه‌تیش سه‌رخستنى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى ژماره‌ 80 بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى هه‌رێم و ژماره‌ 212 بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و سه‌رخستنى کاندیده‌کانى حزبى سۆسیالیست له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى پێکه‌وه‌ژیان له‌عێراقى فیدراڵ وزیاتر قایم کردنى پێگه‌ى کورد له‌به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رجه‌م مافه‌کانى میلله‌ته‌که‌مان  وه‌ ئاوه‌دانى خۆشگوزه‌رانى بۆ پارێزگاکانى هه‌رێم و دابینکردنى ژیانێکى ئاسوده‌ بۆ سه‌رجه‌م قه‌رزاو ناحیه‌کان  ،جه‌ختیشى له‌سه‌رئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌هه‌موولایه‌ک پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ سه‌رخستنى ئه‌ولیسته‌وکاندیده‌کانى .


به‌رپرسى که‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌کانى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور و هه‌ورامان  ئه‌وه‌شى بۆ ئاماده‌بوان خسته‌روکه‌حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌نێو  لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات ،وتیشى  سۆسیالیست هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ڵقوڵاوى نێو جه‌ماوه‌ره‌وئامانجى پته‌وکردنى یه‌کریزى ماڵى کوردو لایه‌نه‌سیاسیه‌کان بووه‌و هه‌میشه‌ ئاشته‌واى نیشتمانى دروشمى سه‌ره‌کى بووه‌ ،لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى له‌پێناو به‌هه‌ده‌ر نه‌چونى ده‌نگى کوردله‌ که‌رکوک و ناوچه‌ دابرێندراوه‌کان و خزمه‌تکردن به‌دۆزى ره‌واى گه‌له‌که‌مان وبه‌ده‌ستهێنانى ئه‌و مافانه‌ى تائێستا بۆ میلله‌ته‌که‌مان به‌دینه‌هاتووه‌ له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستورو یاسادا له‌ئه‌نجومه‌نى ونێنه‌رانى عێراق و داکۆکیکردن له‌ جێبه‌جێکردنى ماده‌و بڕگه‌ یاساییه‌کانى تایبه‌ت به‌کورد له‌عێراقى فیدراڵدا دروستبووه‌،هه‌روه‌ها  لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان  کارده‌کات له‌پێناو ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و به‌مه‌ده‌نى کردنى  کۆمه‌ڵگه‌ى کورده‌وارى و زیاتر به‌ره‌وپێشبردنى ره‌وشى زانست وزانیارى و دابینکردنى خۆشگوزه‌رانى بۆ گه‌نجان ولاوان و ئافره‌تان وسه‌رجه‌م چین وتوێژه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ و سود وه‌رگرتن له‌تواناولێهاتوویى هونه‌رمه‌ندان که‌سانى خاوه‌ن به‌هره‌و داهێنه‌ر به‌شێوه‌یه‌ک له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى دابێت .


ووتیشى "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌  گرنگ و هه‌ڵبژاردنێکى چاره‌نووسسازه‌ بۆ هه‌رێم و پێویسته‌ هه‌موو تاکێکى کوردستان  به‌ ناڕازییه‌کانیشه‌وه‌ بچن به‌ره‌و سندوقى ده‌نگدان وکاندیانى حزبى سۆسیالیست له‌نێو لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى هه‌ڵبژێرن.هاوکات ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد به‌ده‌ستهێنانى کورسییه‌کى زیاتر له‌ په‌رله‌مانى عێراق پێگه‌ى کورد له‌ ناوه‌ندا به‌هێزتر ده‌کات".


له‌ته‌وه‌رێکى ترى کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ مامۆستا فه‌رهاد تۆفیق کاندیدى ژماره‌ (1) ى  حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ لیستى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى کوردستانى بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ژماره‌ 80 و شادمان شه‌هید رۆسته‌م به‌گ کاندیدى ژماره‌ (2) ى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌  لیستى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى کوردستانى بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ژماره‌ 212 له‌ بازنه‌ى سلێمانى    کارنامه‌ى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى کوردستانییان بۆ ئاماده‌بوان  روونکرده‌وه‌، که‌ به‌رنامه‌ى لیستى هاوپه‌یمانى کوردستانی، به‌رنامه‌یه‌که‌ سه‌رجه‌م چین وتوێژه‌کانى کوردستانى له‌خۆ گرتووه‌ ،هاوکات یه‌کێک له‌ هه‌وڵه‌کانى  لیستى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى کوردستانى بۆ  ته‌واوى که‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاران و کرێنشینانه‌، کاندیدانى لیستى هاوپه‌یمانى نیشتیمانى کوردستانى ده‌یه‌وێت به‌بێ جیاوازى کار بۆ ته‌واوى جه‌ماوه‌رى کوردستان بکات  وکار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى بێکارى  خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتیان و به‌هێزکردنى پێگه‌ى کورد له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌پێشینه‌ى کاره‌کانییه‌تی.

پاشان گۆران سه‌مه‌د جێگرى به‌رپرسى مه‌کته‌بى ئامارو هه‌ڵبژاردنه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  به‌شێوه‌یه‌کى پراکیتکى چۆنیه‌تى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنى کاندیدان و لیستى هاوپه‌یمانى نیشتمانى کوردستانى بۆ ئاماده‌بوان رونکرده‌وه‌و تیشکى خسته‌سه‌ر  پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان و گرنگى  پرۆسه‌که‌ له‌به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى جه‌ماوه‌رو به‌هێز کردنى پێگه‌ى حزب ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یدا به‌ چۆنیه‌تى چاودێریکردنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌رێگاى دانانى چاودێرى تایبه‌تى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  له‌سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و دابه‌شکردنیان به‌شێوه‌ى بازنه‌یى بۆ چاودێرى کردنى ووردى پرۆسه‌که‌.

دواشی له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندام دۆست و لایه‌نگرانى حزبى سۆسیالیست کرد که‌به‌گروتینه‌وه‌ به‌ره‌و سندوقه‌کانى ده‌نگدان بچن و کاندیدانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌نێو لیستى هاوپه‌یمانى هه‌ڵبژێرن  وبه‌شدارى له‌پرۆسه‌ى ده‌نگدان بکه‌ن وپارێزگارى له‌کارتى ئه‌لکترۆنى ده‌گدان بکه‌ن و هانى جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ش بده‌ن بۆ به‌شداریکردن له‌پرۆسه‌که‌دا وه‌ک ئه‌رکێکى نیشتیمانى و به‌رپرسیاریه‌تى نه‌ته‌وه‌یى له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان وعێراقدا .

  له‌کۆتایى کۆبونه‌وه‌که‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامى هه‌وڵه‌کان کرایه‌وه‌ بۆ سه‌رخستنى لیستى هاوپه‌یمانى کوردستانى ژماره‌ 212 بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ژماره‌ 80 بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى هه‌رێم و کاندیده‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان  له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان .




 

    


زۆرترین خوێندراو