ژیاننامه‌ى دکتۆر فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق

7/24/2014 5:54:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

محه‌ممه‌د فوئاد مه‌عسووم هه‌ورامى . کوڕى ئامینه‌خانه‌ و ناسراوه‌ به‌ (د.فوئاد مه‌عسووم). هاوشاریى سه‌رده‌مى منداڵى و هاوڕێى سه‌رده‌مى گه‌نجى و هه‌ڤاڵى سه‌رده‌مى شارو شاخى مام جه‌لاله‌. له‌ساڵى 1938 له‌ شارى کۆیه‌ى باشوورى کوردستان له‌دایکبووه‌.

بنه‌ماڵه‌که‌ى خه‌ڵکى گوندى خه‌رپانین له‌ ناوچه‌ى هه‌ورامانى دیوى باشوورى کوردستان و باوکى له‌سه‌رده‌ستى مه‌لاى گه‌وره‌ى کۆیه‌ ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تى وه‌رده‌گرێت،   له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لالدا دوو بنه‌ماڵه‌ى گه‌وره‌ى ئایینیى کۆیه‌ بوون، له‌ منداڵییه‌وه‌ هاوڕێیه‌تى له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌.

د. فوئاد موعسووم تاوه‌کو ته‌مه‌نى هه‌ژده‌ ساڵى له‌ قوتابخانه‌ ئایینییه‌کانى کوردستان خوێندوویه‌تی، پاشان ساڵى 1958 ده‌چێته‌ قاهیره‌ و له‌ زانکۆى ئه‌زهه‌ر ده‌ست به‌ خوێندنى زاسته‌ ئیسلامییه‌کان ده‌کات و له‌وێ بڕوانامه‌ى به‌کالۆریۆس و ماسته‌ر له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌کاندا به‌ده‌ستده‌هێنێت و به‌دوایدا بڕوانامه‌ى دکتۆرا له‌ هه‌مان زانکۆ له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ وه‌رده‌گرێت.

د. فوئاد ئه‌ندامى حزبى شیوعى عیراق بووه‌، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى ده‌چێته‌ سووریا و چاوى به‌ خالید به‌گداش-ى سکرتێرى حزبى شیوعى سووریا ده‌که‌وێت و هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى کێشه‌ى کورده‌وه‌ ده‌زانێت ، واز له‌ شیوعیایه‌تى ده‌هێنێت و له‌دوایدا له‌ ساڵى 1964 ده‌بێته‌ ئه‌ندامى پارتى دیموکراتى کوردستان.
له‌ساڵى 1968 له‌ زانکۆى به‌سره‌ بووه‌ته‌ مامۆستاى زانکۆ و به‌رپرسى لیژنه‌ى ناوچه‌ى به‌سره‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان.

له‌ساڵى 1973 له‌ قاهیره‌ نوێنه‌رى بارزانى و شۆڕشى کوردستان بووه‌ و تاوه‌کو ساڵى 1975 له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ساڵى 1976 یه‌کێکبووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و تاوه‌کو ساڵى 1992 سکرتێرى یه‌کێتیى شۆڕشگێران بووه‌، یه‌کێتیى شۆڕشگێڕان، که‌ به‌ خه‌تى گشتیش ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ى ره‌نجده‌رانى کوردستان و بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى کوردستان یه‌کێتییان پێکده‌هێنا.

له‌ ساڵى 1992 بووه‌ سه‌رۆکى یه‌که‌مین کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان .

له‌ رۆژى دامه‌زراندنى یه‌کێتییه‌وه‌ له‌ساڵى 1976 به‌رده‌وام ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یان کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسیى ئه‌و حزبه‌ بووه‌.

له‌دواى رووخانى رژێمى سه‌دام له‌ساڵى 2003 دا چووه‌ته‌ به‌غدا و ئه‌ندامى شاندى نوێنه‌رایه‌تى باشوورى کوردستان بووه‌.

له‌ ساڵى 2004 سه‌رۆکى یه‌که‌مین په‌رله‌مانى کاتیى عیراق بووه‌ له‌دواى رووخانى رژێمى سه‌دام.

له‌ ساڵى 2005 ه‌وه‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عیراق بووه‌ .

بۆ دوو خول سه‌رۆکى فراکسیۆنى هاوپه‌یمانیى کوردستان بووه‌ له‌ په‌رله‌مانى عیراق.

له‌ کۆتاییدا ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین د. فوئاد مه‌عسووم له‌ کۆتایى شه‌سته‌کاندا له‌گه‌ڵ رووناک عه‌بدول واحید مسته‌فا هاوسه‌رگیریى کردووه‌ و پێنج کچى هه‌یه‌، باوکى کوڕێکیش بووه‌، به‌ڵام کوڕه‌که‌ له‌ ته‌مه‌نى هه‌رزه‌کاریدا گیانی له‌ده‌ستداوه‌.



سه‌رچاوه‌ : PUKmedia 


زۆرترین خوێندراو