په‌رله‌مان یاساى پێدانى بودجه‌ى حزبه‌کان په‌سند ده‌کات

7/24/2014 7:18:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز

کاتژمێر10ى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 24 ى ته‌مموزى 2014 له‌په‌رله‌مانى کوردستان، دانیشتنى ژماره‌ (19)ى ئاسایى خولى گرێدانى دووه‌م ساڵى یه‌که‌م له‌خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو. 

سه‌ره‌تا سه‌رۆکى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ خستنه‌روو ‌و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى پێدانى بودجه‌ى حزبه‌کانى هه‌رێمى کوردستان-عیراق ‌و راپۆرتى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساکه‌ به‌پێى ماده‌کانى (72،74،77) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق، خاڵى دووه‌م ‌و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ راگه‌یاندنى کۆتاییهاتنى خولى گرێدانى دووه‌م ساڵى یه‌که‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌پێى بڕگه‌ى (2) له‌ ماده‌ى (17)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى هه‌موارکراوى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق. 

به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ لیژنه‌کانى (کاروبارى یاسایى ‌و ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌ن خۆجێیه‌کان ‌و دارایى ‌و ئابوورى ‌و وه‌به‌رهێنان) کرد بێنه‌ شوێنى تایبه‌ت بۆ خوێندنه‌وه‌ ‌و خستنه‌رووى ماده‌ ‌و بڕگه‌کانى پڕۆژه‌ یاساى پێدانى بودجه‌ى حزبه‌کان ‌و راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کانى خۆیانى له‌باره‌یه‌وه‌ بخه‌نه‌روو.

دواى خوێندنه‌وه‌ى راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌ش به‌ هه‌ردوو زمانى کوردى ‌و عه‌ره‌بى سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاساکه‌، له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌که‌وه‌ پێشنیازکرا که‌ ئه‌و راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌ بکرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆکردنى، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ى یه‌که‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى که‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو که‌ تیایدا داواى دابینکردنى بودجه‌یه‌کى ساڵانه‌ بۆ حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان کراوه‌ له‌ بودجه‌ى گشتیدا، له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆکردنیدا پێشنیازکرا که‌ وشه‌ى (قه‌واره‌) له‌ دواى ده‌سته‌واژه‌ى (حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌کان) زیادبکرێت ‌و به‌وشێوه‌یه‌ى لێبێت (حزب ‌و قه‌واره‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌کان)، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌نگى پێویستى نه‌هێنا ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تکرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها پێشنیازکرا که‌ بڕى ئه‌و بودجه‌یه‌ رێژه‌که‌ى بۆ 0.5% که‌مبکرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه‌ ده‌نگى پێویستى نه‌هێنا ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ ره‌تکرایه‌وه‌.
پاشان کۆى ماده‌که‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ کۆى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى دووه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ پێوه‌ره‌کانى دابه‌شکردنى بودجه‌ى ته‌رخانکراو بۆ حزبه‌ مۆڵه‌تدراوه‌کان، تیایدا هاتووه‌: (یه‌که‌م: کورسیى په‌رله‌مان ده‌کرێته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى هه‌ر کورسییه‌ک مانگانه‌ بڕى (60) ملیۆن دینارى بۆ دیاریکراوه‌.  دووه‌م:  ژماره‌ى کورسییه‌کانى دواین دوو خولى په‌رله‌مان بۆ هه‌ر حزبێک کۆده‌کرێته‌وه‌ ‌و هه‌ر حزبێکى کوردستانى له‌ یه‌که‌م خولى په‌رله‌مان کورسییه‌ک بۆ کۆى کورسییه‌کانى زیاد ده‌کرێت به‌ مه‌رجێک له‌ هه‌ر خولێکدا ژماره‌ى کورسییه‌کانى له‌ 4 کورسى که‌متر نه‌بێ، سێیه‌م: هه‌ر حزبێک به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى کوردستانى کردبێت ‌و کورسیى به‌ده‌ست نه‌هێنابێ به‌ڵام رێژه‌ى (40%) یان زیاترى ده‌نگى پێویستى کورسیى به‌ده‌ست هێنابێ به‌هاى دوو کورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، چواره‌م: هه‌ر حزبێک به‌شداریى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى کردبێت ‌و کورسیى به‌ده‌ست نه‌هێنابێ به‌ڵام رێژه‌ى (20% - 39%)ى ده‌نگى پێویستى کورسیى به‌ده‌ست هێنابێ به‌هاى یه‌ک کورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، پێنجه‌م: هه‌ر حزبێکى به‌شداربوو له‌ خه‌باتى رزگاریخوازیى کوردستان به‌ هه‌مان ناو که‌ خاوه‌نى یه‌ک کورسى بێت له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانى کوردستاندا دواى کۆکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى کورسییه‌کانى خولى پێشوو به‌ به‌هاى دوو کورسى کۆمه‌ک ده‌کرێت، شه‌شه‌م: هه‌ر حزبێک پێش راپه‌ڕین به‌شداریى خه‌باتى رزگاریخوازى کوردستانى کردبێت ‌و له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌ماندا کورسیى هه‌بێت، تابێت له‌ (300) ملیۆن دینار که‌متر وه‌ربگرێت، حه‌وته‌م ‌وکۆتایی: هه‌ر حزبێک یان قه‌واره‌یه‌کى سیاسى که‌ خاوه‌نى کورسییه‌ کۆتاکانى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانه‌، ته‌نها یه‌ک کورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌هاى ئه‌و کورسییه‌ش مانگانه‌ (80) ملیۆن دیناره‌، به‌ده‌ر له‌ حوکمى بڕگه‌ى یه‌که‌مى ئه‌و ماده‌یه‌)، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ گفتوگۆیه‌کى تێروته‌سه‌لى له‌باره‌وه‌ کرا.

به‌هۆى بوونى بۆچوونى جیاواز سه‌باره‌ت به‌و پێوه‌رانه‌ى که‌ کراونه‌ته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى کورسى و له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ ته‌وافوقى نێوان فراکسیۆنه‌کان له‌باره‌یه‌وه‌، سه‌رۆکى په‌رله‌مان کۆبوونه‌وه‌که‌ى بۆ سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆ دواخست، پاشان دانیشتنه‌که‌ ده‌ستیپێکرده‌وه‌ ‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ دواداڕشتنه‌وه‌ى ماده‌که‌ به‌ ره‌چاوکردنى سه‌رنج ‌و تێبینى ‌و پێشنیازه‌کانى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان ‌و ته‌وافوقى فراکسیۆنه‌کان خوێندرایه‌وه‌ که‌ تیایدا ماده‌که‌ گۆڕانکاریى به‌سه‌ردا هات ‌و  به‌مشێوه‌یه‌: 

(بودجه‌ى ته‌رخانکراو بۆ حزبه‌ سیاسییه‌ مۆڵه‌تدراوه‌کان بریتى ده‌بێت له‌ 1%ى بودجه‌ى گشتیى هه‌رێمى کوردستان ‌و به‌و پێوه‌رانه‌ دابه‌ش ده‌کرێت:
 یه‌که‌م:  کورسیى په‌رله‌مان ده‌کرێته‌ بنه‌ما ‌و به‌هاى هه‌ر کورسییه‌ک مانگانه‌ (0.000375%) ده‌بێت، برگه‌کانى دووه‌م ‌و سێیه‌م ‌و چواره‌م ‌و پێنجه‌م وه‌ک خۆیان مانه‌وه‌، بڕگه‌ى شه‌شه‌م ‌و حه‌وته‌میش به‌مشێوه‌یه‌ داڕێژرانه‌وه‌: (شه‌شه‌م: هه‌ر حزبێک پێش راپه‌ڕین به‌شداریى خه‌باتى رزگاریخوازى کوردستانى کردبێت ‌و له‌ خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌ماندا کورسیى هه‌بێت، تابێت له‌ (0.00185%) که‌متر وه‌ربگرێت، حه‌وته‌م: هه‌ر حزبێک یان قه‌واره‌یه‌کى سیاسى که‌ خاوه‌نى کورسییه‌ کۆتاکانى خولى به‌رده‌وامى په‌رله‌مانه‌، ته‌نها یه‌ک کورسیى بۆ هه‌ژمار ده‌کرێت، به‌هاى ئه‌و کورسییه‌ش مانگانه‌ (0.0005%) ده‌بێت،به‌ده‌ر له‌ حوکمى بڕگه‌ى یه‌که‌مى ئه‌و ماده‌یه‌)، به‌مشێوه‌یه‌ کۆى ماده‌که‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى سێیه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ بێبه‌شکردنى ئه‌و حزبانه‌ى که‌ ئه‌و یاسایه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌ له‌ بودجه‌ى ساڵانه‌ له‌ حاڵه‌تى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یان سه‌رپێچیکردن له‌ حوکمه‌کانى یاساى ژماره‌ (17)ى ساڵى 1993ى هه‌موارکراوى حزبه‌کان، وه‌ک ئه‌وه‌ى که‌ له‌ راپۆرتى لیژنه‌ى هاوبه‌شدا هاتبوو خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى چواره‌میش که‌ تیایدا هاتبوو به‌پێى سیسته‌مى ژمێریاریى کارپێکراو له‌ هه‌رێمدا پاکسازیى بودجه‌ى حزبه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت که‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر چاودێریى دیوانى چاودێریى دارایى، وه‌ک خۆى درایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

پاشان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازکرا که‌ ماده‌یه‌کى تر به‌ ریزبه‌ندیى ماده‌ى پێنجه‌م بۆ یاساکه‌ زیاد بکرێت به‌مشێوه‌یه‌: پێویسته‌ له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى دارایى ‌و ئابوورى رێنمایى پێویست ده‌ربکات بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌م یاسایه‌، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.
ماده‌ى پێنجه‌مى پڕۆژه‌ یاساکه‌ش که‌ دواى زیادکردنى ماده‌ى پێشوو بوو به‌ ماده‌ى شه‌شه‌م که‌ تایبه‌ت بوو به‌ پابه‌ندکردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌م یاسایه‌، وه‌کو خۆى خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

ماده‌ى حه‌وته‌میش که‌ تایبه‌ت بوو به‌ کارکردن به‌یاساکه‌ له‌ ڕۆژى بڵاوکردنه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمیى وه‌قایعى کوردستاندا، له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆکردنیدا دوو بۆچوون هه‌بوو که‌ یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌وادابوو که‌ ماده‌که‌ وه‌کو خۆى بمێنێته‌وه‌، بۆچوونه‌که‌ى تریشیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون که‌ ئه‌م یاسایه‌ له‌ رۆژى 1-1-2014 ه‌وه‌ جێبه‌جێبکرێت، سه‌ره‌تا بۆچوونى یه‌که‌م خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

 پاشان هۆکاره‌کانى ده‌رچوواندنى یاساکه‌ که‌ تیایدا هاتبوو له‌ پێناو گه‌شه‌کردن ‌و په‌ره‌دان به‌ پرۆسه‌ى سیاسى ‌و فره‌ییى حزبى له‌ هه‌رێمدا ‌و چه‌سپاندنى دیموکراسییه‌ت ‌و به‌شداریى چالاکییان له‌ ژیانى سیاسیدا، هه‌روه‌ها رێکخستنى بودجه‌ى حزبه‌ مۆڵه‌ت پێدراوه‌کانى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌کى شه‌فاف ‌و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ بودجه‌ى گشتیدا، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیى له‌ ماندووبوونى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان کرد ‌و پیرۆزبایشى له‌ خه‌ڵکى کوردستان ‌و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان کرد به‌بۆنه‌ى ده‌رچوواندنى ئه‌م یاسایه‌.

پێش ده‌ستپێکردن به‌خاڵى دووه‌مى به‌رنامه‌ى کار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ به‌پێى پیره‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان چه‌ند بیرۆکه‌یه‌ک خرایه‌روو که‌ تیایدا کێشه‌و گرفته‌کانى بوارى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و کێشه‌ى سوته‌مه‌نى و گرفته‌کانى ره‌وه‌ندى کوردى له‌ده‌ره‌وه‌ى ولات و هه‌روه‌ها کرێى سه‌فه‌رى حاجیانى هه‌رێمى کوردستان و پرسى  ئاماده‌کارى بۆ ریفراندۆم له‌هه‌رێمى کوردستانى کۆکردنه‌وه‌ى هه‌موو  ئه‌و به‌ڵگه‌و یاسا نێوده‌وله‌تیانه‌ى ته‌ئکید له‌مافى گه‌لان ده‌کاته‌و ه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم.

پاشان به‌پێ خالى دووه‌مى  به‌رنامه‌ى کار که‌ بریتى بوو له‌ راگه‌یاندنى کۆتاییهاتنى خولى گرێدانى دووه‌م ساڵى یه‌که‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان به‌پێى بڕگه‌ى (2) له‌ ماده‌ى (17)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان ژماره‌ (1)ى هه‌موارکراوى ساڵى 1992ى په‌رله‌مانى کوردستان-عیراق.  سه‌رۆکى په‌رله‌مان وتارێکى پێشکه‌ش کردوو رایگه‌یاند: به‌بۆنه‌ى کۆتایى  هاتنى خولى گرێدانى دووه‌مى ســـاڵى یه‌که‌م، له‌ خولى هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مانى کوردستان ـ عیراق، به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌، ده‌ستخۆشى له‌سه‌رجه‌م لیژنه‌و فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م   په‌رله‌مانتاران ده‌که‌ین، که‌ له‌ ماوه‌ى رابردودا پشوودرێژانه‌ توانیتان ئه‌رکه‌کانى سه‌رشانتان راپه‌ڕێنن و نمونه‌یه‌کى جوان له‌ کارى په‌رله‌مانى پێشکه‌شبکه‌ن.

د. یوسف محمدصادق روونیشکرده‌وه‌  سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى که‌ بوونه‌ هۆى دواکه‌وتنى پێکهاتنى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى ئه‌و(٣)مانگه‌ى خولى هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ستبه‌کاربووه‌، توانیویه‌تى سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆمه‌ڵێک له‌و ئه‌رکانه‌ى که‌ له‌سه‌ر شانى بووه‌، جێبه‌جێبکات. و وتیشی: له‌ سه‌رووى هه‌موشیانه‌وه‌ متمانه‌دان به‌ کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ده‌ستکردن به‌هه‌نگاوه‌کانى هه‌موار کردنه‌وه‌ى په‌یره‌ى ناوخۆى په‌رله‌مان، که‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ توانرا چه‌ند لیژنه‌یه‌کى پێویست و گرنگ بۆ په‌رله‌مان زیاد بکرێت و  بۆ جارى سێیه‌م، یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستانى به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موارکردوه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ پره‌نسیپه‌ دیموکراسیه‌کاندا بگونجێ و سه‌ره‌تایه‌ک بۆ بنبڕکردنى ئاسه‌وارى دوو ئیداره‌ى له‌ هه‌رێمى کوردستان . سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌میانى وتاره‌که‌یدا ررونیکرده‌وه‌  له‌م خوله‌دا سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان توانیوویه‌تى هاوسه‌نگى وهه‌ماهه‌نگى  درووست بکات له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن (سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان) بۆ راپه‌راندنى کاروباره‌کان. له‌کۆتاى وته‌که‌شیدا د. یوسف محمد سادق  داوا له‌ په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان کرد، کۆشش بکه‌ن بۆ ئاماده‌کردنى زۆرترین ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ى که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستاندایه‌ و به‌رده‌وام بن له‌ چوونه‌ ناو خه‌ڵک و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ کێشه‌و گرفته‌کانییان وبه‌دواداچوون بۆ کارو پڕۆژه‌کانى حکومه‌ت.


زۆرترین خوێندراو