سه‌رۆکى هه‌رێم : سه‌رکه‌وتنى پڕۆسه‌ى سیاسى له‌عێراق ته‌نیا به‌ گۆڕینى ده‌موچاوه‌کان مسۆگه‌ر نابێت

7/26/2014 2:56:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌میانه‌ى کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سکرتێرى سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ سه‌رکه‌وتنى پڕۆسه‌ى سیاسى له‌عێراق  ته‌نیا به‌ گۆڕینى ده‌موچاوه‌کان مسۆگه‌ر نابێت به‌ڵکو پێویسته‌ به‌ جدى بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ شێوه‌ى کارکردن بگۆڕدرێ.
 
رۆژى  پێنجشه‌ممه‌ 24ى ته‌مموزى 2014 له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ بان کى مۆن سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌ت و وه‌زیرانى   ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌  پلاندانانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆکى هه‌رێم باسى گۆڕانکارییه‌ سیاسى و ئه‌منییه‌کانى عێراق و ڕووداوه‌کانى موسڵ و په‌ره‌سه‌ندنى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆر و ئاواره‌بوونى ژماره‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیانى عێراقى کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌و بارودۆخه‌ مه‌ترسیدار و ئاڵۆزه‌ى ئێستا له‌ ئارادایه‌ له‌ ئه‌نجامى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى ده‌سته‌ڵاتدارانى به‌غدا و گوێنه‌دانیان به‌ هۆشدارییه‌کان و تاکڕۆیى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ ماوه‌ى ده‌ ساڵه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌کمان گرته‌به‌ر که‌ پێکه‌وه‌ عێراقێکى سه‌قامگیر و دیموکراتى بنیات بنێین به‌ڵام جێگه‌ى داخه‌ که‌ هه‌وڵه‌کان سه‌رى نه‌گرت. 

 بارزانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌کى ترسناکه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و ناوچه‌که‌ و هه‌موو جیهان و له‌دواى ڕووداوه‌کانى موسڵ سێ له‌سه‌ر یه‌کى خاکى عێراق له‌ژێر کۆنتڕۆڵى تیرۆریستانه‌ و پێکهاته‌کانى موسڵ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌رکردن و پاکتاوى نه‌ژادى و ئایینى دان و له‌ ئه‌نجامى ئه‌م دۆخه‌ ترسناکه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێک ئاواره‌ ڕووى له‌ کوردستان کردووه‌ و حکومه‌تى عێراقیش هیچ هه‌نگاوى بۆ یارمه‌تیدانى ئاواره‌کان نه‌ناوه‌. 
سه‌رۆکى هه‌رێم له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا ڕایگه‌یاند که‌ هه‌رێمى کوردستان سنووره‌کانى به‌ڕووى په‌نابه‌ران کراوه‌یه‌ و به‌ هه‌موو توانایه‌ک یارمه‌تیان ده‌دات. جه‌ختیشى له‌ مافى بڕیاردانى چاه‌نووسى گه‌لى کوردستان کرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند که‌ له‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا گه‌لى کوردستان مافى خۆیه‌تى که‌ بیر له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسى خۆى بکاته‌وه‌ و چیدى چاوه‌ڕێى چاره‌نووسێکى نادیار نه‌بێت و له‌ هه‌مانکاتیشدا یارمه‌تیى خوشک و برایانى شیعه‌ و سووننه‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێک بۆ دۆخى ئێستاى عێراق بدۆزرێته‌وه‌.

له‌به‌رانبه‌ردا سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان خوشحاڵیى خۆى نیشاندا به‌وه‌ى که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا دووجار سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌ و سوپاسى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و حکوومه‌تى هه‌رێم و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کرد که‌ یارمه‌تیى ئاواره‌کانیان داوه‌ و کریستیان و پێکهاته‌کانى دیکه‌ى پارێزگاى نه‌ینه‌وایان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستان پاراستووه‌ و نیگه‌رانیى خۆیشى نیشاندا به‌رانبه‌ر ئه‌و بارودۆخ و قه‌یرانه‌ ئاڵۆز و ترسناکه‌ى که‌ عێراقى گرتووه‌ته‌وه‌ و وێڕاى ئاماژه‌کردن به‌وه‌ى که‌ بۆ نه‌هێشتنى قه‌یرانى عێراق پێویسته‌ به‌ر له‌ چاره‌سه‌رى سه‌ربازى چاره‌سه‌رێکى سیاسیى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ بگیرێته‌ به‌ر هیواى خواست که‌ پڕۆسه‌ى سیاسیى عێراق و سه‌رکه‌وتوو بێت و ڕایگه‌یاند که‌ بارودۆخ و قه‌یرانى ئێستا واده‌خوازێت که‌ لایه‌نه‌ شیعه‌ و سوننه‌ و کورده‌کان به‌یه‌که‌وه‌ کار بکه‌ن و هاوکارى یه‌کتر بن ئه‌ویش له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراق و له‌پێناو کۆتایهێنانى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ڕێى دیالۆگ هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وام بێت.

 له‌به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا سکرتێرى گشتیى ڕێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان خۆشحاڵیى خۆى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانى نیشاندا و هیواى چاکبوونه‌وه‌ى بۆ خواست.

له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا په‌یوه‌ست به‌ پڕۆسه‌ى سیاسیى عێراق سه‌رۆکى هه‌رێم  ئه‌وه‌ى بۆ شاندى میوان ڕوون کرده‌وه‌ که‌ به‌پێى ئه‌زموونى 10 ساڵى ڕابردوو سه‌رکه‌وتنى پڕۆسه‌ى سیاسى ته‌نیا به‌ گۆڕینى ده‌موچاوه‌کان مسۆگه‌ر نابێت به‌ڵکو پێویسته‌ به‌ جدى بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ شێوه‌ى کارکردن بگۆڕدرێ و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریش ئه‌وه‌ى دووپات کرده‌وه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆر زۆر جدییه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌وڵێکى هه‌مه‌لایه‌نه‌ و نێوده‌وڵه‌تیى پێویسته‌.

له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکى هه‌رێم  و سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ پرێسکۆنفڕانسێکدا ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌کانى سه‌ردانى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیان بۆ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.

شایانى باسه‌ ئێواره‌ى هه‌مان رۆژ  سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆتایى به‌ سه‌ردانه‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان هێنا و له‌رێگاى  فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێره‌وه‌ هه‌رێمى کوردستانى جێهێشت .
 


زۆرترین خوێندراو