سه‌رۆکى هه‌رێم هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌رى که‌رکووک به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌

7/28/2014 8:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ى  ته‌مموزى  2014 له‌ یه‌که‌م ڕۆژى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆزدا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى له‌ میحوه‌رى که‌رکووک به‌سه‌ر کرده‌وه‌. 

له‌سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانى له‌ میحوه‌رى که‌رکووک سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌ردانى یه‌کێک له‌ باره‌گاکانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى له‌ ناوچه‌ى دوبز کرد و له‌ لایه‌ن به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌رپرسى میحوه‌رى که‌رکوکى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و مسته‌فاى سه‌ید قادر وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا و ژماره‌یه‌ک به‌رپرسى سیاسیى باڵاى کوردستان و به‌رپرس و فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌رى سه‌ربازى پێشوازى لێ کرا .

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند که‌ به‌ ئه‌رکى خۆم زانیوه‌ له‌ یه‌که‌م ڕۆژى جه‌ژنى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا سه‌ردانتان بکه‌م و سوپاستان بکه‌م و له‌جیاتى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان جه‌ژنه‌پیرۆزه‌تان لێ بکه‌م. بارزانى باسى ڕۆڵى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ ئێستا مێژوو دروست ده‌کات و ئایینده‌یش بۆ گه‌له‌که‌ى بنیات ده‌نێت و ئه‌وه‌یش شه‌رفێکى گه‌وره‌یه‌، ووتی: " ئێوه‌ خۆتان فیدا ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى کوردستان به‌ ئازادى و سه‌ربه‌ستى بژیێت". 

بارزانى له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا سوپاسى ماندووبوون و قاره‌مانێتیى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کرد که‌ ئه‌و زه‌حمه‌ت و قاره‌مانییه‌تییه‌ واده‌کات نه‌وه‌کانى داهاتوو به‌ ئازادى و سه‌ربه‌ستى بژیین و ڕایگه‌یاند که‌ پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌ له‌پێناو دۆزێکى ڕه‌وادا ڕووبه‌ڕووى مه‌رگ ببێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ شکست و فه‌شه‌لهێنانه‌ به‌ هه‌موو هه‌وڵێک که‌ پێیوایه‌ کورد بڕواى به‌خۆى نییه‌. ئه‌رکى پێشمه‌رگه‌ ئه‌رکێکى پیرۆزه‌ و گه‌لى کوردستانیش گه‌ییشتووه‌ته‌ قۆناغێکى زۆر باش و سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کیش نزیکه‌. 

سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ حه‌زى ده‌کرد سه‌ردانى هه‌موو میحوه‌ره‌کان و سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌رى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کردبا و دووپاتى ئه‌وه‌یشى کرده‌وه‌ که‌ به‌هه‌موو توانایه‌ک پاڵپشتى پێشمه‌رگه‌ن و ئه‌وه‌ى له‌ توانایان بێت بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان ده‌یکه‌ن.

هه‌ر له‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌دا فه‌رمانده‌ و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ سه‌رۆکى هه‌رێمیانیان له‌ دۆخى مه‌یدانیى به‌ره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و بارودۆخ و گوزه‌رانى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ میحوه‌رى که‌رکووک ئاگادار کرده‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو