یه‌کێتى زانایانى ئایینى : دین گۆڕین گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه‌

8/28/2014 10:17:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا که‌وێنه‌یه‌کى بۆ جه‌ماوه‌رنیوز نێردراوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ دین گۆڕین له‌لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه‌ ،هه‌نگاوێکى مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ها  تێیداهاتووه‌ که‌ سوکایه‌تیکردنیشه‌  به‌ سه‌رجه‌م ئایینه‌کان، چونکه‌ ئایین بۆ ره‌مز‌و کاتى نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو ئایین په‌یوه‌ندى به‌ باوه‌ڕى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌ .

ئه‌مه‌ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یه‌: 

به‌ناوى خواى گه‌وره‌ى میهره‌بان

کۆمه‌ڵه‌ که‌سێکى (ئه‌کادیمیست‌و نووسه‌ر‌و چالاکوان‌و رۆشنبیر) راگه‌یاندنێک بڵاوده‌که‌نه‌وه‌، تێیدا بڕیاریانداوه‌ تا رزگارکردنى شه‌نگال‌و بۆ ماوه‌یه‌کى کاتیو به‌شێوه‌یه‌کى ره‌مزى دینى خۆیان بکه‌نه‌ ئێزدى تا پشتیوانى له‌ ئێزدیه‌کانى شه‌نگال بکه‌ن.

یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان وێڕاى نیگه‌رانى له‌م هه‌ڵوێسته‌ نابه‌رپرسانه‌یه‌، له‌ هه‌مان کاتدا سه‌رکۆنه‌ى ئه‌م هه‌وڵه‌ ده‌کات‌و، به‌ هه‌نگاوێکى مه‌ترسیدارى ده‌زانێت بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ له‌لایه‌که‌وه‌ هه‌نگاوێکى سوکایه‌تیکردنه‌ به‌ سه‌رجه‌م ئایینه‌کان، چونکه‌ ئایین بۆ ره‌مز‌و کاتى نه‌هاتووه‌، به‌ڵکو ئایین په‌یوه‌ندى به‌ باوه‌ڕى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌‌و، کاریگه‌رى به‌سه‌ر ئه‌خلاق‌و ره‌وشتى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌که‌مجار بێرێزییه‌ به‌رامبه‌ر ئێزدیه‌کان، چونکه‌ ئێزدیاتى ئایینێکى داخراوه‌‌و، ئه‌م کاره‌ پێچه‌وانه‌ى پره‌نسیپه‌که‌یه‌، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌کردن بۆ بوونه‌ ئێزدى بۆ ماوه‌یه‌کى کاتیو به‌شێوه‌یه‌کى ره‌مزى جگه‌ له‌ گاڵته‌کردن به‌م ئایینه‌ هیچ ماناى تر هه‌ڵناگرێت.

ئه‌وه‌ى له‌ کۆى راگه‌یاندراوه‌که‌ وه‌رده‌گیرێت به‌ که‌م پیشاندانى ئایین‌و بێرێزکردنى سه‌رجه‌م ئایینه‌کانه‌، به‌تایبه‌تى که‌ سه‌رجه‌م ئایین‌و مه‌زه‌به‌کان بوونه‌ته‌ ئامانجى تیرۆریستان، ئه‌مه‌ش سه‌رلمێنه‌رى ئه‌وه‌یه‌، که‌ راگه‌یاندنه‌که‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى قودسیه‌ت‌و رێزى ئایینه‌کانه‌، به‌تایبه‌تى هه‌ندێک له‌ به‌شداربووه‌کان رابردوویان پڕه‌ له‌م جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌.

پێشمان وایه‌ ئه‌م کاره‌ نه‌ک پشتیوانى ئێزدیه‌کان‌و دژایه‌تى تیرۆریستان نییه‌، به‌ڵکو چاکترین به‌ڵگه‌یه‌ ده‌یده‌نه‌ ده‌ست تیرۆریستان تا که‌سانێکى ساده‌‌و ساکار له‌ کاره‌کانیان دڵنیا بکه‌نه‌وه‌‌و، به‌ره‌ى دژه‌ کورد‌و کوردستان‌و بردنى گه‌نجان فراوانتر بکات.

ئه‌گینا ئه‌وانیش ده‌یانتوانى وه‌ک خه‌ڵکى موسڵمانى کوردستان‌و مامۆستایانى ئایینى ئیسلام پشتیوانى سه‌رجه‌م سته‌ملێکراوان بوونایه‌ به‌ ئێزدیو مه‌سیحیو موسڵمانه‌وه‌، که‌ له‌ یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامى به‌رپرسیارێتى ئایینیو نیشتیمانیو مرۆییانه‌وه‌ هه‌موو پشتیوانێکى ئه‌م خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماوه‌یان کرد‌و، زانایانى ئایینى له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆک یه‌که‌مین که‌س بوون ده‌ستیان به‌ کۆکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ک کرد‌و، ماڵ‌و شوێنه‌کانیان به‌ رووى ئاواره‌کان کرده‌وه‌‌و، له‌ وتاره‌کانى هه‌ینیدا پشتیوانیان بۆ ده‌ربڕین‌و، پارێزگاریکردن له‌ کوردستانیان به‌ پیرۆز‌و قوربانیه‌کانیان به‌ شه‌هید دانان، یه‌کێتى زانایان سه‌ردانى لالش‌و مه‌سیحیه‌کانیان کرد‌و، له‌ رێگه‌ى به‌یاننامه‌‌و مینبه‌ره‌کانى مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ بۆ موسڵمانانیان روونکرده‌وه‌ تا هاوکارى ئاواره‌ مه‌سیحیو ئێزدیو موسڵمانه‌کانه‌وه‌ بکه‌ن، چونکه‌ له‌ ئیسلامه‌وه‌ فێربووینه‌ سته‌م له‌ هیچ که‌سێک قبوڵ نه‌که‌ین له‌لایه‌ن هه‌ر که‌سێک‌و له‌ژێر هه‌ر ناوێکه‌وه‌ بێت، هه‌روه‌ها هاوکارى هه‌موو لێقه‌وماوان بکه‌ین له‌سه‌ر هه‌ر ئایین‌و مه‌زه‌بێکه‌وه‌‌و له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه‌ بێت، جوانى مێژووى پێکه‌وه‌ژیانى ئایینى هه‌رێمى کوردستانیش هه‌میشه‌ له‌وه‌دا بووه‌ هه‌موو ئایین‌و مه‌زه‌به‌ جیاوازه‌کان به‌ پیر یه‌که‌وه‌ چوونه‌‌و، هاوکارى یه‌ک بوونه‌ دژى هه‌ر سته‌م‌و ده‌ستدرێژییه‌ک، بۆیه‌ ئه‌م کاره‌ بزمارێکى گه‌وره‌ى مه‌ترسیداره‌ له‌ هه‌ست‌و رۆحى پێکه‌وه‌ژیان ده‌درێت.

له‌ کۆتاییدا هیوادارین که‌سانى رۆشنبیر‌و خوێنده‌وار نه‌که‌ونه‌ داوى جۆره‌ که‌سانێک، که‌ هه‌موو ئامانجیان فیکرى خۆیانه‌‌و، هه‌موو رووداوه‌کانیش ده‌قۆزنه‌وه‌ تا بره‌و به‌ بیرۆکه‌کانى خۆیان بده‌ن، باکیشیان به‌وه‌ نییه‌ چ شڵه‌ژانێکى کۆمه‌ڵایه‌تى دروست ده‌بێت، یان پێکه‌وه‌ژیان به‌ره‌و کوێ ده‌چێت، که‌ به‌م کارانه‌شیان له‌لایه‌ن خه‌ڵکى کوردستان به‌ سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانیانه‌وه‌ جوانتر ده‌ناسرێن.

دڵنیاشین به‌م کارانه‌ خه‌ڵکى کوردستان به‌تایبه‌تى مامۆستایانى ئایینى ئیسلام‌و پیاوانى ئایینى مه‌سیحیو ئێزدى زیاتر په‌ره‌ به‌ رۆحى پێکه‌وه‌ژیان ده‌ده‌ن‌و، ناهێڵن ئه‌م هه‌وڵانه‌ سه‌ربگرن، چونکه‌ ئه‌مرۆ کوردستان له‌ هه‌موو کاتێک زیاتر پێویستى به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى گیانى پێکه‌وه‌ژیانه‌ نه‌ک موزایه‌داتى فیکرى و سیاسى و ئایدۆلۆژی.

 

یه‌کێتى زانایانى ئایینى ئیسلامى کوردستان

28-8-2014


زۆرترین خوێندراو