کوردستان داواکارییه‌کانی گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام داواى گه‌ره‌نتی له‌به‌غدا ده‌کان

8/29/2014 5:27:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز 
‌ 
کورد ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان داواکارییه‌کانى چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ رووى له‌به‌غدا کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ هه‌ڵکشانی ئاستی بێمتمانه‌ییه‌ که‌ وایکردووه‌ لایه‌نه‌ کورده‌کان داوای گه‌ره‌نتی‌و نێوه‌ندگیرى نێوده‌وڵه‌تى ب‌که‌ن، بێگومان‌ ئه‌مه‌ش ئاسان نابێت.
 
‌ساڵی 2010‌ له‌کاتی پێکهێنانی ‌حکومه‌تی به‌غدا، کورد به‌وه‌ره‌قه‌یه‌کی (19) خاڵیه‌وه‌ چووه‌ دانوستانه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌که‌ى مالیکییه‌وه‌‌، به‌ڵام نه‌ک هیچ خاڵێکیان وه‌ک خۆی جێبه‌جێنه‌کران، به‌ڵکو کۆتایی ئه‌م کابینه‌یه‌ به‌وه‌ هات که‌ وه‌زیره‌کانی کورد کشانه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێرو به‌غدا تا ئاستی پچڕان نزیکبۆوه‌و به‌شه‌ بودجه‌و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانی کوردستان به‌ته‌واوی بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ بڕدراوه‌‌.
 
ئه‌مجاره‌ش هێزه‌ کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ لیژنه‌یه‌کی باڵای دانوستانیان پێکهێناوه‌و روویان له‌به‌غدا کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ 62 کورسی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌شه‌ پشکی کورد له‌حکومه‌تی داهاتوو بپچڕن، به‌ڵام داواکارییه‌کان به‌نزیکه‌یی وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌و هیچ گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌.

 لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن داواکاریه‌کانیان ئاشکراو رونن، که‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌و نه‌وت‌و پێشمه‌رگه‌و ماده‌ی 140ن، ئه‌و خواستانه‌ش هه‌مان ئه‌وانه‌بون که‌ کورد 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر داوایده‌کرد، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێنه‌کران.

شرۆڤه‌کارانى سیاسى پێیانوایه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌رابردوو کورد سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌جێبه‌جێکردنى داواکارییه‌کانى له‌به‌غدا له‌ئاینده‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌په‌ند وه‌رگرتن له‌رابردوو، ئه‌مجاره‌ پێویسته‌ پێکهێنانی حکومه‌تی عێراق ببه‌ستێته‌وه‌ به‌دوو خاڵی سه‌ره‌کیه‌وه‌، یه‌که‌م واده‌یه‌کی دیاریکراو بۆ جێبه‌جێکردنی خواسته‌کانی،  دووه‌م بونی لایه‌نی سێیه‌م وه‌ک نێوه‌ندگیر، له‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان یاخود ئه‌مریکا.




زۆرترین خوێندراو